حکومەتی سێبەر

له‌لایه‌ن: - ژیوار صلاح ژیوار صلاح - به‌روار: 2024-03-22-00:00:00 - کۆدی بابەت: 12208
حکومەتی سێبەر

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

حکومەتی سێبەر (بە عەرەبی: الحکومة الظل، بە ئينگلیزی: Shadow government)، بریتییە لە جۆرە حکومەتەی کە پێکدەهێنرێت لەلایەن کۆمەڵێک ئەندام کە سەر بە پارتە ئۆپۆزسیۆنەکانن لە سیستەمی سیاسی وڵاتێکدا، حکومەتی  سێبەر بەزۆری لە لایەن پارتێکی سیاسی یان فراکسیۆنێکەوە پێکدێت کە لە حکومەتی جێبەجێکردندا بەشدار نین، هەروەها ئەندامانی پارتەکانی دژبەری پارتی دەسەڵاتدار لەخۆدەگرێت. پارتی ئۆپۆزسیۆن یان هەر لایەنێکی دیکە بە پێکهێنانی حکومەتی سێبەر هەوڵدەدات مۆدێلێکی بەدیل لە حوکمڕانی بخاتەڕوو و دیدگای سیاسی خۆی و ئەو سیاسەتە جۆراوجۆرانەی کە وڵات بەرەوپێش دەبات بخاتەڕوو، حکومەتی سێبەر حکومەتێکی فەرمی نییە و دەسەڵاتی جێبەجێکردنی لە وڵاتدا نییە.

بەڵام ڕۆڵێکی گرنگ لە ژیانی سیاسیدا دەبینێت لە ڕێگەی کۆمەڵێک ئەرک و کارەوە، هەرچەندە ڕێکخستن و ئەرکەکانی حکومەتی سێبەر لە وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکی تر جیاوازە، و پەیوەستە بە سیستەمی سیاسی و دەستووری هەر وڵاتێک، بۆ نمونە لە بەریتانیا سەرۆکی ئۆپۆزسیۆن بە سەرۆکی حکومەتی سێبەر دادەنرێت و ئەندامەکانی بە پشتبەستن بە پێکهاتەی حزب و ئەنجامی هەڵبژاردنەکان دیاری دەکرێن، لەم حاڵەتەدا حکومەتی سێبەر بە دامەزراوەیەکی دەستووری پەرلەمانی دادەنرێت و لە بودجەی حکومەتەوە پارەی بۆ دابین دەکرێت، لەهەندێک وڵاتی دیکەدا سەرۆکی پارتی ئۆپۆزسیۆن ئەندامانی حکومەتی سێبەر هەڵدەبژێرێت، ئەمەش پێگەی سەرۆک لە ڕیزەکانی پارتەکەی خۆیدا بەهێزتر دەکات.

مێژووی سەرهەڵدانی حکومەتی سێبەر

حکومەتی سێبەر لە مێژوودا لە کۆتایی سەدەی نۆزدەهەمدا لە بەریتانیا دەرکەوت، لەسەر بنەمای یاسای وەزیرانی تەخت لە ساڵی ١٩٣٧ دروست بووە لە ڕێگەی کۆبوونەوەی ئەندامانی حکومەت کە لە هەڵبژاردنەکاندا شکستیان هێناوە لەگەڵ سەرکردایەتی ئۆپۆزسیۆن لە دژی حکومەتی نوێ، هەروەوها لە ساڵانی ١٩٥٠ لەگەڵ سەرهەڵدانی دیموکراسی لە ئینگلتەرا بەهۆی ئەوەی  شێوازی ئۆپۆزسیۆن پەرەی سەند حکومەتی سێبەر بوو بە بەشێکی سەرەکی لە پرۆسەیی سیاسیدا، حکومەتی سێبەر لە بەریتانیا و کەنەدا و ئوسترالیا بە "ئۆپۆزیسیۆنی دڵسۆز بۆ جەنابی شا" ناودەبرێت، بە ئاماژەدان بە (شاژن ئەلیزابێس).

ڕۆڵ و ئەرکەکانی حکومەتی سێبەر چین؟

١-دژایەتیکردنی حکومەتی دەسەڵاتدار، حکومەتی سێبەر کاردەکات بۆ چاودێریکردنی ئەدای حکومەتی دەسەڵاتدار و پێشکەشکردنی ڕەخنە و ڕاستکردنەوەی هەڵە و سیاسەتەکانی.
٢- ڕوانگەیەکی ئەڵتەرناتیڤ و دیدێکی سیاسی جیاواز دەخاتە ڕوو کە گوزارشت لە هەڵوێستی لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان دەکات.
٣- دەربڕینی بۆچوون و ڕەخنە، ئەندامانی حکومەتی سێبەر سیاسەتەکانی حکومەتی دەسەڵاتدار پەیڕەو دەکەن و هەڵیدەسەنگێنن و ڕەخنە و پێشنیاری بەدیل لە بواری سیاسی جۆراوجۆردا دەخەنە ڕوو.
٤-ئاشکراکردنی کەموکوڕی و دابینکردنی چارەسەر، حکومەتی سێبەر کاردەکات بۆ ئاشکراکردنی کەموکوڕی لە سیاسەتەکانی حکومەتی دەسەڵاتدار و دابینکردنی چارەسەری بەدیل کە بەرژەوەندی گشتی باشتر بەرەوپێش دەبات. 
٥-بەشداریکردن لە پرۆسەی سیاسی و گفتوگۆی نیشتمانیدا. 
٦-وردبینیکردن بۆ ڕێککەوتن و پەیماننامە نێودەوڵەتیەکان و پشتڕاستکردنەوەی سەلامەتییەکەی.

شێوازی کارکردنی حکومەتی سێبەر

لەبەر ئەوەی حکومەتی سێبەر لە چوارچێوەی پەرلەماندا کاردەکات و بوونی لەژێر سایەی پەرلەماندا ڕۆڵێکی گەورەی پێدەبەخشێت لە گەرەنتی ئەو ئامڕازانەی لە بنیاتنانی پرۆسەی دیموکراسیدا بەکاریدەهێنن، گرنگترین ئەو ئامڕازانە بریتین لە:

١-پرسیار: کەمەبەست لێی پرسیار لە ئەندامانی پەرلەمان بکرێت دەربارەی ئەوەی کە نایزانێت یان پشتڕاستکردنەوەی ڕاستییەک و زانیاری لەسەرمەبەستی حکومەت و پێداچوونەوە بە پڕۆژەکانی حکومەت و فراوانکردنی گفتوگۆی ئەو پڕۆژانە.

٢-داواکاری بۆ زانیاری زیاتر: مەبەست لێی داوای ئەندامی پەرلەمانە بۆ ئاگادارکردنەوەی حکومەت لە بابەتێک کە ڕەنگە پێی بدات یان داوای لێبکات و ئاگاداری بکاتەوە بۆ زانینی شتێک کە ناڕوونە لێی و ئەم شێوازە بە پێشینەیەک لە لایەن خودی ئەندامەکەوە دادەنرێت، بۆ دەستنیشانکردنی عەیب و گەندەڵی لەناو وەزارەتەکانی حکومەتدا ئەم ئامڕازە پلەیەک لە کاریگەری بۆ ئەرکی حکومەتی سێبەر زیاد دەکات لە چاودێری  ڕووبەڕووبوونەوەی پرسی گەندەڵی.

٣- ئامرازی لێپرسینەوە لەلایەن ئەندامانی حکومەتی سێبەر و ئەندامەکانی تری پەرلەمانەوە بەرانبەر ئەندامانی دەسەڵات بەکاردەهێنرێت، کە یەکێکە لەو ئامڕازە گرنگانەی کە حکومەتی سێبەر لە دژی حکومەت هەڵیگرتووە و هەمیشە پاداشت یان سزای بەدوای خۆیدا دەهێنێت، چونکە هەڵسەنگاندنی کار و چالاکیی لەخۆدەگرێت و ڕادەی کەسی بەرپرسیار دیاری دەکات.


سەرچاوەکان



68 بینین