ئەو کەسانەی کە نابێت لەگەڵیان بڕۆیت بۆ گەشت

له‌لایه‌ن: - ئیلهام ئەنوەر ئیلهام ئەنوەر - به‌روار: 2024-03-22-23:16:00 - کۆدی بابەت: 12228
ئەو کەسانەی کە نابێت لەگەڵیان بڕۆیت بۆ گەشت

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

گەشت (بە عەرەبی: رحلة، بە ئینگلیزی: journey)، گەشتکردن یەکێکە لە سەرەکیترین و باشترین ڕێگاکان بۆ دوور کەوتنەوە لە جەنجاڵی ژیان و کێشەکان و ماندوویەتی. لەگەشتدا چەند ڕۆژ یان ماوەیەکی پڕ لە ئارامی و دوور لە کێشە بەڕێدەکرێت، هەڵبەت ئەگەر هاوڕێگاکەت واتا ئەو کەسەی لەگەڵت هاتووە بۆ گەشتەکە هاوڕێگایەکی باش بێت. گەشتکردن لەگەڵ کەسانی باش چێژێکی زۆری هەیە، بەڵام هاوڕێگایی خراپ گەشتەکەشت لێ خراپ دەکات بەشێوەیەک کە گەشتەکەت ببێتە مایەی بێزاری، تەنانەت ڕەنگە ئامادە نەبیت جارێکی تر گەشت بکەیت، لەبەرئەوە پێش گەشتکردن بزانە لەگەڵ کێ دەچیت بۆ گەشت و ئامادەکاری خۆت بکە.

ئەو کەسانە کێن کە نابێت لەگەڵیان بڕۆیت بۆ گەشت؟

١- کەسانی ڕەزیل
گەشتکردن پێویستی بە خەرجی جۆراوجۆر هەیە، وەکوو بینینی شوێنە مێژووییەکان و گەڕان، بازاڕیکردن و خواردن، ئەگەر لەگەڵ کەسێکی ڕەزیل گەشت بکەیت کە ئامادە نەبێت هیچ پارەیەک خەرج بکات، یان دەبێت خۆت تێچووی ئەویش لەئەستۆ بگریت یان دەبێت چاو لە زۆر خۆشی گەشتەکەت بپۆشیت. بۆئەوەی گەشتەکەت بەخۆشی بەسەربەریت، دەبێت لەگەڵ کەسێک گەشت بکەیت کە بەپێی پێویست خەرج بکات، ئەگەریش ناچار بوویت لەگەڵ کەسێکی ڕەزیلدا گەشت بکەیت، داوای لێ بکە پێش گەشتەکە بەشی خۆی جیا بکاتەوە.

٢- کەسانی زۆر ورد و ڕێک 
هەبوونی بەرنامە و وردی و ڕێکی دەبێتە هۆی پێشکەوتن لە ژیاندا، بەڵام هەندێک ڕووداوی چاوەڕواننەکراو لە گەشتدا ڕوودەدەن کە ناکرێت بەپێی بەرنامە بڕۆیت، بەشێک لە چێژی گەشت لە گۆڕینی کاتە هەمیشەیی نەگۆڕەکانی ژیان و گۆڕینی بارودۆخە. بۆ نموونە تۆ ناتوانیت لە گەشتدا وەکوو ئەوەی لە ماڵەوە بوویت بەیانیان کاتژمێر حەوت هەڵسیت، کاتژمێر ١٢ نانی نیوەڕۆ بخۆیت و کاتژمێر دە بخەویت، لەبەرئەوە گەشتکردن لەگەڵ ئەو کەسانەی کە زۆر وردن لە کات و بەرنامەدا و توڕە دەبن بە بچووکترین دواکەوتن، مەڕۆ بۆ گەشت.

٣- کەسانی ڕاڕا و قەلەق
کەسانی ڕاڕا لە گەشتدا بەبێ ویست خۆیان و کەسانی تر ئازار دەدەن، ئەوان ناتوانن هەموو جێگایەک هەڵبژێرن بۆ مانەوە، لە هەڵبژاردنی خواردنگەدا سەخت بڕیار دەدەن، تەنانەت لە هەڵبژرادنی خواردنێکی سادەشدا ناتوانن بڕیار بدەن.

٤- ئەو کەسانەی هەموو خواردنێک ناخۆن
خواردن لە گەشتدا وەکوو ماڵەوە نییە و دەبێت ڕێز لە ویستی زۆرینە بگریت، گەشتکردن لەگەڵ ئەوانەی کە بەردەوام ڕەخنە لە خواردن دەگرن و زۆر جۆری خواردن ناخۆن یان خواردنی نوێ تاقی ناکەنەوە، ئەزموونێکی باش نابێت. خواردنی هەر باوچەیەک ڕێگایەکە بۆ ناسینی کولتووری ئەو شوێنە، ئەگەر هاوڕێگاکەت نەیەوێت خواردنی نوێ تازە تاقی بکاتەوە، بێ بەش دەبیت لە تاقیکردنەوەی خواردنێکی نوێ. 

٥- ئەو کەسانەی هەموو شتێک دەزانن
ئەگەر ناتەوێت لە گەشتەکەت پەشیمان بیتەوە، لەگەڵ ئەو کەسانە مەڕۆ گەشت کە پێیان وایە هەموو شتێک دەزانن، جیاوازی نییە دەربارەی هەرچی قسە بکەیت، ئەو کەسە ڕێنماییت دەکات و وای نیشان دەدات کە هەموو شتێک دەزانێت، کەواتە لەگەڵ ئەو کەسە مەڕۆ گەشت کە قسە تەنیا قسەی خۆیەتی.

٦- کەسانی نازدار و ناسک
گەشتکردن لەگەڵ دڵناسک و نازدار، دەبێتە هۆی ئەوەی تەواوی گەشتەکە ناچار بیت ئاگاداری بیت، چونکە ڕەنگە بە پیاسەیەکی سادە ماندوو ببێت، یان دوای خواردنی خواردنێکی سەر شەقام حاڵی تێک بچێت.

٧- ئەو کەسانەی خاوەن بەڵێنی خۆیان نین
ئەو کەسانەی خاوەن بەڵێنی خۆیان نین، هەلی بەسەربردنی کاتێکی خۆشت لێ زەوت دەکەن و کاتت دەگرن، چونکە بەدرێژایی ڕۆژ دەبێت چەندین کاتژمێر چاوەڕێی ئەو بکەیت. 

٨- کەسانی تەمەڵ
کەسانی تەمەڵ لە خراپترین هاوڕێگاکانی گەشتن، چونکە تاقەتی ئەنجامدانی هیچ چالاکییەکیان نییە. گەشتکردن لەگەڵ ئەو کەسانە نەک تەنیا گەشتەکەتان تێک دەدات، بەڵکوو دەبێت هەموو کارەکان خۆت بیکەیت و ناتوانیت پشت بەو ببەستیت.

٩- کەسانی لەخۆبایی
لەکاتی گەشتکردن بیر لەو هاوڕێیانە بکەنەوە کە دڵێکی گەورەیان هەیە و لەگەڵ ڕای زۆرینە هاوڕا دەبن، باشترە لەگەڵ کەسانی لووت بەرز و لەخۆبایی نەڕۆنە گەشت، چونکە ئەگەر هاوڕێگاکەتان لەخۆبایی بێت، دەبێت لە هەموو شتێکدا بەگوێی ئەو بکرێت ئەگەر وانەکەن، لەگەڵتان بەشدار نابێت. 

١٠- ئەو کەسانەی کە زۆر ئالوودەی کارن
ئەو کەسانەی کە ناتوانن بابەتی خێزانی و کارکردن لەیەک جیا بکەنەوە، لە خراپترین ئەو کەسانەن کە دەکرێت لەگەڵیان بڕۆیتە گەشت، ئەم کەسانە لەبری چێژ وەرگرتن لە گەشتەکە، بەردەوام بیریان لای کارە و پشتگوێی ناخەن، تەنانەت لە گەشتەکە خەریکی تەلەفۆن کردن و لاپتۆپ دەبن.

١١- ئەو کەسانەی کە ئالوودەی مۆبایلن
گەشتکردن لەگەڵ ئەو کەسانەی کە بە مۆبایل و تابلێتەوە ئالوودەن، چێژبەخش نییە. ئەم کەسانە لەبری قسەکردن بەیەکەوە و کات بەسەربردن، بەردەوام خەریکی وێنەگرتن و بڵاوکردنەوەیان یان چاتکردن و گەڕان بەناو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانن.

١٢- ئەو کەسانەی شتی زۆر لەگەڵ خۆیان هەڵدەگرن

هەندێک کەس بۆ گەشتێکی چەند ڕۆژە، جلی زۆر و کەلوپەلی زۆر لەگەڵ خۆیان دەبەن، هەڵگرتن و گواستنەوەی بەردەوامی ئەو هەموو شتانە دەبێتە هۆی خەرجکردنی تێچوویەکی زیاتر و و ماندوویەتی. 

١٣- کەسانی لە خۆت پارەدارتر
لەگەڵ کەسێک بڕۆ بۆ گەشت کە ئاستی ماددی لەگەڵ ئاستی ماددی خۆت یەکسان بێت، ئەگەر لەگەڵ کەسێکی دەست کراوە و سەروەتمەند گەشت بکەیت و نەتوانیت چاکەی ئەو قەرەبوو بکەیتەوە ئەگەر پارەت بۆ خەرج بکات لای هاوڕێ و خێزانەکەت شەرمەزار دەبیت. یان ڕەنگە بە هەڵبژداردنی هۆتێل و شوێنی زۆر گرانبەها تێچووی زۆر بدات بە دەستتەوە، لە گەشت لەگەڵ ئەم کەسانە یان دەبێت بە ویستی ئەوان بکەیت یان نەبیت بە هاوڕێگایان.

ئەگەر دەتەوێت چێژ لە گەشتەکەر وەربگریت

  • لەگەڵ ئەو کەسانە بڕۆنە سەفەر کە ئامادە و گورجوگۆڵن.
  • لەگەڵ کەسێک بڕۆ بۆ گەشت کە شێوازی بیرکردنەوەی لە تۆ نزیکە.


سەرچاوەکان



76 بینین