دەوڵەتی فاتیمی

له‌لایه‌ن: - مەزن ڕێبوار مەزن ڕێبوار - به‌روار: 2024-03-29-15:45:00 - کۆدی بابەت: 12370
دەوڵەتی فاتیمی

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

دەوڵەتی فاتیمی (بە عەرەبی: الدولة الفاطمية، بە ئینگلیزی: Fatimid Caliphate) بریتیبوون لە دەوڵەتێکی ئیسلامی شیعە مەزهەب کە لەسەر ڕەوتی نیزاری ئیسماعیلی بوون و لە میسڕ حووکمیان کردووە لە نێوان ساڵانی ٩٠٩-١١٧١ حووکمییان کردووە. بوونی ئەم دەوڵەتەیە هێشتا هەڵگری چەندین پرسیاری وەڵام نەدراوەیە، کە هاوپەیوەندە بە هێرشی خاچ پارێزان و بوونی کێشە ناوخۆییەکانی وڵاتانی موسڵمانان. کە دەوترێت دروستبوونی فاتیمییەکان بۆ ئەوەبوو تا دەسەڵاتی سوننە مەزهەبەکان کەم ببێتەوە و دەسەڵاتی شیعەکان و بەتایبەتیش نیزاری ئیسماعیلییەکان دەسەڵات بگرنە دەست. کە ئەمە ڕوونتر باسی لێوە دەکەین.

سەرەتای دامەزراندن

دەوڵەتی فاتیمی دەوڵەتێکی ئیسلامی شیعە مەزهەبی ڕەوتی نیزاری ئیسماعیلی بوو کە بەشێوازێکی لەناکاو و کتوپڕ دەسەڵاتیان گرتە دەست لە باکووری ئەفریقا و دواتریش بەشی زۆری خۆرهەڵاتی ناوەڕاستی گرتەوە. سەبارەت بە دەرکەوتنیان وەکو قەوارەیەکی سەربەخۆ و خاوەنی هێزی سیاسی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ٩٠٨-٩٠٩ زایینی. کە ڕەوتی نیزاری ئیسماعیلییان کردە پڕۆگرامی خۆیان بۆ بەڕێوەبردنی دەوڵەت. 

ئەم دەوڵەتە هەر لە سەرەتای دامەزراندنەوە ئەوەندەی ئامانجی لێدان بوو لە ئایدۆلۆژیا و ناو و ناوبانگی دەوڵەتی عەباسی هێندە ئامانجی خزمەتکردن نەبوو بە ئایینی ئیسلام و فراوانکردنی دەسەڵاتی ئایینی ئیسلام، کە وەک دەوترێت لە توانانیاندا هەبوو ئایینی ئیسلام لە هەموو کیشوەری ئەفریقادا بڵاوبکەنەوە بەڵام بەم کارە هەڵنەستاون، لە بری ئەوە چەند زانینگەیەکیان دروستکرد کە خانەی پێگەیاندنی کەسانی توندڕەو و دەروون نەخۆش بوو وەک زانینگەی "ماڵی دانایی" کە ئەم زانینگەیە بە بڕوای مێژوونووسان لێدان بوو لە زانگەکانی شارەکانی عێراق کە لە بەغدا و سامەڕا و بەسڕە بوونیان هەبوو وەک زانینگەی ڕەشید کە لەلایەن هاروون ڕەشیدی خەلیفەی عەباسی دروستکرا و ماڵی پێگەیاندنی زانا و دانایان بوو. 

ئینسایکلۆپیدیای بریتانکا بە ڕوونی لە بارەی ئەم خاڵەوە دەدوێت: دەوڵەتی فاتیمی دەیویست هەژموونی دەوڵەتی عەباسی کەم بکاتەوە لە ناوچەکەدا و جێگیرکردنی دەسەڵاتیان لە میسڕ هۆکارێک بوو کە نەهێڵن عەباسییەکان زیاتر فراوانخوازی بکەن بە ئاڕاستەی ڕۆژاوا. چونکە دەبووە هۆی هەڵگیرسانی جەنگێکی مەزهەبی لە نێوان عەباسییەکان و فاتیمییەکان. 

فراوانخوازی فاتیمییەکان

لە سەدەی نۆیەمی زایینیدا، هەر لەگەڵ دامەزراندنی دەوڵەتەکەیان ڕاستەوخۆ دەستیان کرد بە فراوانخوازیکردن و چەندین وڵات و هەرێمیان داگیرکرد کە بە شێوەیەکی گشتی باکووری ئەفریقا و بەشێک لە خاکی شامیان لە ژێر دەستدابوو و مەڵبەندی دەسەڵاتیان شاری قاهیرە بووە، بەر لەویش شاری مەنسوڕییە پایتەخت بووە. 

لە نیوەی یەکەمی سەدەی نۆیەمدا دەسەڵاتییان گەیشتە یەمەن و نیمچە دوورگەی سیسیلیا لە ئیتاڵیا. ئەم ڕێگای فراوانخوازییە مایەی نسکۆ بوو بۆ هێڵی بازرگانی عەباسییەکان چونکە هەر کاروانێکی بازرگانی عەباسییەکان بیویستبایە بچێتە ئەورووپا دەبوو ڕێگەی باکووری کوردستان و ئەنادۆڵ بگرێتە بەر لە بری ڕێگەی ئاوریشمی کە بەشێکی بە شامدا دەڕۆیشت. کاروانی سوننە مەزهەبەکان بە ئەستەم دەیتوانی خاکی فاتیمی ببڕێت. هەندێک جار کاروانێک تێپەڕ دەبوو کاروانێکی تر بیانوی پێدەگیرا و بارەکانی دادەگیرا. 

جەنگ و ڕووبەڕوو بوونەوەکان

دەوڵەتی فاتیمی بە بڕوای نووسەرانی ئینسایکلۆپیدیای بریتانکا جۆرە شێوازێکی شەڕکردنی بەکارهێناوە کە بەخێرایی پێشڕەوی کردووە و توانیویەتی دەست بەسەر زۆرترین شوێن بگرێت یاخود زۆرترین ناوچە ملکەچ بکەن و بە زەبری هێز خەڵکەکە بخەنە سەر ڕەوتی ئیسماعیلی. 

یەکەم هەنگاوی جەنگەکانیان داگیرکردنی میسڕ بوو لەلایەن فەرماندەیەکیان بەناوی ئەلمەهدی و پاش سەرکەوتنی و داگیرکردنی مەنسووڕییە شارەکەی کردە پایتەختی یەکەمی فاتیمییەکان. تا ساڵی ٩٦٩ توانیان بەشی زۆری باکووری ئەفریقایان کۆنتڕۆڵ کرد. پاشان بەرەو خاکی شام و وڵاتی فەڵەستین و سوریا هەنگاویان نا. 

پەیوەندی فاتیمییەکان بە هێزەکانی هاوسەردەمی خۆیان

کاتێک ناوی فاتیمی دێت بە دوایدا ناوی حەشاشییەکانیش دێت پێشتر لە بابەتێکدا مێژووی حەشاشییەکانمان ڕوون کردووەتەوە لەبەر ئەمە سەر لەنوێ باسی ناکەینەوە بەڵام چەند شتێکی نوێ دەخەینە ڕوو لەبری ئەوە. 

یەکەم: هەر لە حەسەن سەباحی دامەزرێنەر تاوەکو دوایین جێنشینی حەشاشییەکان، گشتییان دەرچووی زانینگەکانی میسڕن و قۆناغێک لە قۆناغەکانی ژیانیان لە میسڕ بەسەر بردووە تا باشتر لە پەیامی نیزاری ئیسماعیلی تێبگەن کە لە ئیمامەکانی شیعەیە یاخود لقێکی مەزهەبەکەیە.

ئەبو حەمزەی کەفشگەر کە یەکێکە لە بانگهێشتکارە گەورەکانی حەشاشییەکان و سەرپەرشتیاری قەڵای ئەرجان بووە لە ئێران. بڕوانامەی تایبەتی پێ بەخشراوە لەلایەن فاتیمییەکان تا پەیامی نیزای ئیسماعیلی بگەیەنێتە گەلانی ئێران. ئەم قوتابخانە زانستییانەی میسڕ کە لە سەردەمی فاتیمییەکاندا کرانەوە بۆ پێگەیاندنی زانایان، جگە لە فێرکردنی وانەی توندڕەوی و بردنیان بە ئاراستەی بۆچوونی توندوتیژی هیچی تریان لێ بەرهەم نەهات. نموونەی زیندوو حەشاشییەکان کە بەر لە کرانەوەی نیزامیەی نەیشاپوور باتنییەکان لە میسڕ دەیان خوێند. 

سەبارەت بە عەباسییەکانیش پەیوەندییەکی توند و تۆڵ و بەهێزیان نەبوو لەگەڵ فاتیمییەکاندا بەڵام هەمیشە خۆشیان لە ئاگری شەڕ لاداوە بۆ بازرگانیکردن پەنایان بۆ هێڵی ئەنادۆڵ دەبرد. بەڵام فاتیمییەکان باڵا دەستی خۆیان دەرخستبوو چەندین خەلیفەی عەباسییەکان لەلایەن حەشاشییەکان و فاتیمییەکان تیرۆر کراون، سەردەمانێک عەباسییەکانیان توشی دۆخی گەندەڵی و کێشەی ناوخۆیی کردەوە. 

شکست هێنانی فاتیمییەکان لە بوونیان بە تاکە هێزی ئیسلامی

دیارە گەر لێکۆڵینەوەیەکی ورد و بەپێز بکەین لەم بارەیەوە بە ڕاشکاوانە دەتوانین بڵێین ئەو هەلەی بۆ فاتیمییەکان ڕەخسا ببن بە تاکە هێزی ئیسلامی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە درێژایی مێژوو بۆ هیچ هێزێک نەڕەخساوە، چونکە ئەم هێزە بناغەیەکی پتەوی هەبوو. زۆربەی ڕێگا ئاوییەکانیش لەلایەن فاتیمییەکان بەڕێوەدەبران، و جگە لە هێزی حەشاشییەکان هێزی بەربەرییەکانی دەریاش کاریان دەکرد بۆ فاتیمییەکان. کە لە هێزی ئەو سەردەمە کۆنتڕۆڵی زەوی و دەریایان کردبوو (دەریای سوور) بەتایبەتی. جگە لەمەش خوارووی ئەورووپا بەدەست فاتیمییەکانەوە بوو واتا نیمچە دوورگەی سیسیلیا. بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا نەبوونە تاکە دەوڵەتی ئیسلامی بەهێز و کاریگەر و هەر عەباسییەکان و ئەیوبییەکان سەرکەوتوو بوون. هۆکاری ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەو جۆرە ئازادییەی لە نێو دەوڵەتی عەباسی و ئەیوبی بوونی هەبوو کە هیچ کەس ستەمی لێ نەدەکرا چ موسڵمان یان پەیڕەوانی ئایینەکانی تر. و ئەو خاکەی کۆنتڕۆڵیان کردبوو لەسەردەمی فتوحاتی ئیسلامیدا بەتایبەتی خەلیفەکانی ڕاشیدین ئەنجامیاندا زۆینە سوننە مەزهەب بوون لەبری شیعە مەزهەب. کە ئەم جیاوازی مەزهەبییە وای کردبوو موسڵمانان هەرگیز لە دڵەوە نەبن بە شوێن کەوتەی فاتیمییەکان بەڵکو لەبەر پاراستنی خێزانەکانیان بە ڕووکەش وا دەریان دەخست شیعەبن. 

کۆتایی هاتنی فاتیمییەکان

لە ساڵی ١١٧١ کۆتایی بە حووکمڕانی فاتیمییەکان هات کاتێک سوڵتان سەڵاحەدینی ئەیووبی هێرشی کردە سەر میسڕ و گەلی میسڕی ڕزگارکرد لە فاتیمییەکان و شاری قاهیرەشی کردە پایتەختی دەوڵەتەکەی (دەوڵەتی ئەیوبی).


سەرچاوەکان



71 بینین