مۆڵەت

له‌لایه‌ن: - سومەیە بێستون سومەیە بێستون - به‌روار: 2024-04-12-14:35:00 - کۆدی بابەت: 12486
مۆڵەت

ناوه‌ڕۆك

ناساندن 

مۆڵەت (بە عەرەبی: إجازة، بە ئینگلیزی: license)، مۆڵەت بە فەرمانبەر دەدرێت کاتێک کە داوای دەکات یاخود پێویستی پێەتی و هەموو مۆڵەتێک لەکاتی پێویستیدا دەدرێت و ئەگەر فەرمانبەرێک داوای مۆڵەت نەکات ئەوا مۆڵەتەکانی کۆدەبێتەوە و لەکاتی پێویستدا پێی دەدرێتەوە و دەتوانێت بەکاریبهێنێت.

جۆرەکانی مۆڵەت

چەندین جۆری جیاواز مۆڵەتمان هەیە لەناو دامەزراوە حکوومییەکاندا، کە بەشێوازی جیاواز و ڕێکاری جیاواز دەدرێت بە فەرمانبەران.

مۆڵەتی ئاسایی

فەرمانبەر بەبێ هیچ پاساوێک دەتوانێت داوای مۆڵەت بکات هەموو فەرمانبەرێک دەتوانێت مۆڵەتی ئاسایی بە مووچەی تەواوی یەک ڕۆژ لە بەرامبەر هەموو ١٠ ڕۆژێک خزمەتکردن وەربگرێت لەماوەی خزمەتەکەیدا، واتە لە مانگێکدا ٣ ڕۆژ لەم جۆرە مۆڵەتەی بۆ هەیە کەواتە. بڕی مافی فەرمانبەر بۆ ئەم مۆڵەتە پەیوەستە بە خزمەتی فەرمانبەر.

ئەم مۆڵەتە بە نووسراو داوادەکرێت لەلایەن فەرمانبەر دەستەی کارگێری دەسەڵاتی هەیە ئەم مۆڵەتە دوابخات بۆ ماوەیەک کە لە ٦مانگ زیاتر نەبێت لە ڕۆژی داواکردنەووە. کاتێک فەرمانبەرێک داوای مۆڵەتی ئاسایی دەکات بەنووسراو، بۆ نموونە فەرمانبەرەکە ١٨٠ ڕۆژ مۆڵەتی کۆکراووەی هەیە و ئەتوانێت وەریبگرێت بەڵام ناتوانیت هەمووی بەسەریەکەوە وەربگرێت، بەڵکوو ئەتوانێت ١٢٠ ڕۆژ وەربگرێت و پاشان مەرجە ڕۆژێک لە دوای ئەو ١٢٠ ڕۆژە بڕواتەوە و دەوام بکات پاشان ئەو ٦٠ ڕۆژەی تری کە ماوە وەریبگرێت بەسەریەکەووە. ئەگەر هاتوو فەرمانبەر لەکاتی وەرگرتنی ئەم مۆڵەتە ویستی بەجێهێشتنی عێراقی هەبێت واتە چووە دەرەوەی وڵات ئەوا دەبێت بە ڕەزامەندی وەزیر بێت.

ڕێکارەکانی پێدانی مۆڵەتی ئاسایی

١- فەرمانبەر بە نووسراو داوای ئەم مۆڵەتە دەکات و فەرمانگەکە دەبێت بە ڕاشکاوانە وەڵام بداتەوە، ئەگەر فەرمانگەکە بێدەنگ بوو لە وەڵامدانەوە ئەوا بە پەسەند نەبوو هەژمار دەکرێت.
٢- لە ناو داواکارییەکە ماوەی مۆڵەت بنووسرێت بەمەرجێک لە ١٢٠ ڕۆژ تێپەر نەکات هەروەک چۆن دەستەی کارگێری پابەندنییە بە بەخشینی ئەو ماوەیەی کە فەرمانبەر داوای دەکات، بەڵکوو دەتوانێت کەمی بکاتەوە ئەگەر بە پێویستی بزانێت یان دەتوانێت بۆ ماوەی ٦ مانگ ئەو مۆڵەتە نەدات. 
٣- ئەم مۆڵەتە بۆ جاری دووەم نادرێت هەتا فەرمانبەر دەست بەکارنەبێتەووە، کەواتە ئەم مۆڵەتە درێژناکرێتەووە.
٤- ڕۆژانی پشوو لەکاتی مۆڵەتدا لەسەر مۆڵەتەکە هەژمار دەکرێت، ئەگەر ڕۆژی دەستبەکاربوونەوە کەوتە پشوو یەکەم ڕۆژی دەوامی دوای پشووەکە فەرمانبەرەکە دەست بەکاردەبێت و ئەو ڕۆژەی بە مۆڵەت لەسەر هەژمار نییە.

مۆڵەتی نەخۆشی

ئەم مۆڵەتە بۆ نەخۆشی و لەکاتی نەخۆشیدا وەردەگیرێت، هەموو فەرمانبەرێک مافی وەرگرتنی مۆڵەتی نەخۆشی هەیە، لەبەرانبەر ١ ساڵی خزمەتدا فەرمانبەر ٣٠ڕۆژ مۆڵەتی هەیە بە مووچەی تەواو و ٤٥ڕۆژ مۆڵەتی هەیە بە نیو مووچە.
١ساڵ خزمەت = ٣٠ڕۆژ مووچەی تەواو 
                 = ٤٥ڕۆژ نیو مووچە
ئەم مۆڵەتە لەکاتی بەکارنەهێنانیدا کۆدەکرێتەوە.

ڕێکارەکانی پێدانی مۆڵەتی نەخۆشی

١- وەرگرتنی ئەم مۆڵەتە بۆ یەک نەخۆشی دەبێت و بەسەریەکەوە وەردەگیرێت بەبێ بچڕان.
٢- کۆی مۆڵەتی نەخۆشی فەرمانبەر لە ماوەی پێنج ساڵدا کە تێپەڕیووە، ساڵانە مۆڵەتەکەی بەم شێوازە بۆ هەژمار دەکرێت، کە ١٨٠ ڕۆژ بە مووچەی تەواو و ١٨٠ ڕۆژ بە نیو مووچە.
٣- ئەگەر فەرمانبەر لە دوای تەواوبوونی مۆڵەتی نەخۆشی بەڵام هەر چاک نەبووەوە دەتوانرێت مۆڵەتی ئاسایی پێبدرێت ئەگەر پێویستی کرد ١٨٠ ڕۆژ بەبێ مووچە مۆڵەتی پێبدرێت، و ئەگەر هاتوو هەرچاک نەبووەوە لەم کاتەدا خانەنیشین دەکرێت.
٤- نەخۆشی سیل ئەتوانێت ٢ ساڵ مۆڵەت وەربگرێت بە مووچەی تەواوەوە.

لە مۆڵەتی نەخۆشیدا پێویستە ئەمانە هەبێت

١- فەرمانبەر ڕاپۆڕتی پزیشکی پسپۆڕ پێشکەش بکات یان لەلایەن فەرمانبەری تەندروستییەوە ئەو ڕاپۆرتە بکرێت ئەگەر هاتوو لە شوێنی فەرمانبەرەکە نەخۆشخانە نەبێت.
٢- پێویستە لە ڕاپۆرتەکەدا ئەمانە هەبێت (جۆری نەخۆشی، ماوەی پشووی پێویست).
٣- ئەگەر هاتوو ماوەی پشووەکە ١٠ ڕۆژ زیاتر بوو دەبێت ڕاپۆرتەکە لەلایەن لیژنەی پزیشکیەوە ئامادەکرابێت.

مۆڵەتی منداڵبوون و دایکایەتی

مۆڵەتی منداڵبوون

هەموو فەرمانبەرێک لەکاتی منداڵبوون مافی مۆڵەتی هەیە بە بڕی ٧٢ ڕۆژ بە مووچەی تەواو، بە شێوەیەک کە ٢١ ڕۆژ لەو مۆڵەتە بکەوێتە پێش منداڵبوون و ٥١ڕۆژ بکەوێتە دوای منداڵبوون، ئەم مۆڵەتە دەکرێت چەندجار دووبارە بکرێتەوە لە ژیانی پیشەیدا فەرمانبەرەکە بە نووسراو داوای ئەم مۆڵەتە دەکات، لە نووسراوەکەدا ڕۆژی دەست لە کارهەڵگرتن دیاری دەکرێت کە یەکەم ڕۆژی ٢١ڕۆژەکە دەکات بە پشت بەستن بە ڕاپۆرتی پزیشکی کە تێیدا دەیسەلمێنێت کە دووگیانە و بە نزیکەیی ڕۆژی لەدایکبوون دیاری دەکات. سێ ئەگەرمان هەیە لە دوای پێدانی ئەم مۆڵەتە:

  • ڕاستەوخۆ دوای ٢١ ڕۆژەکە منداڵەکە ببێت و ٥١ڕۆژەکە وەربگرێت.
  • ئەگەر هاتوو پێش تەواوبوونی ٢١ ڕۆژەکە منداڵەکە بوو، بۆ نموونە لە ١٧هەمین ڕۆژدا منداڵەکە دەبێت ئەوا ئەو چەند ڕۆژەی کە دەیمێنێت ڕەت دەکرێتەوە و ٥١ ڕۆژەکە دەست پێ دەکات.
  • ئەگەر لە دوای ٢١ ڕۆژەکە منداڵە نەبوو واتە ٢١ ڕۆژەکەش تەواو بوو منداڵەکە نەبوو، ئەوا دەستەی کارگێری ئەو چەند ڕۆژە زیادەیەی بە مۆڵەتی نەخۆشی بۆ دەنووسێت یان بە مۆڵەتی ئاسایی بۆی هەژمار دەکات و دوای لە دایکبوونیش ٥١ ڕۆژەکە هەژمار دەکرێت.
  • ئەم مۆڵەتە دەکرێت دووبارە بکرێتەوە.

مۆڵەتی دایکایەتی

ئەدرێت بە فەرمانبەری دایک کە منداڵەکەی تەمەنی لە ساڵێک کەمتر بێت، بە مەبەستی چاودێری کردنی منداڵەکەی بۆ ماوەی ١ ساڵ بە مووچەی تەواوو. مۆڵەتی دایکایەتی فەرمانبەر لە ژیانی پیشەیدا دەتوانێت تا ٤ جار ئەم مۆڵەتە وەربگرێت.


سەرچاوەکان



138 بینین