هەشت ڕێگا بۆ ئەوەی باشتر خەوت لێ بکەوێت

له‌لایه‌ن: - شارا نەوزاد شارا نەوزاد - به‌روار: 2024-04-21-22:50:00 - کۆدی بابەت: 12607
هەشت ڕێگا بۆ ئەوەی باشتر خەوت لێ بکەوێت

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

هەشت ڕێگا بۆ ئەوەی باشتر خەوت لێ بکەوێت (بە ئینگلیزی: eight ways to get better sleep، بە عەرەبی: ثماني طرق للحصول على نوم أفضلملیۆنان کەس لە جیهاندا کێشەی نووستنیان هەیە، بۆ ئەمەش کۆمەڵێک ڕێگا هەن دەکرێت یارمەتیدەربن. بە شێوەیەکی تیۆری، بیرۆکەی خەوتن ئاسان دیارە، پاڵدەکەویت پاشان چاوت دادەخەیت و پاش کەمێک خەو دەتباتەوە، هەروا بە ئاسانی. کە لە ڕاستیدا بەوجۆرە نییە بەداخەوە، ئەوەی تا ئێستا بەو جۆرە دەربارەی خەوتن زانیووتە دروست نییە. بۆ نموونە ئەگەر دوودڵییەکت هەبێت یاخود شەو پێش کاتی نووستن کافاینت خواردبێتەوە، ئەوە بە ئاسانی خەو ناتباتەوە و خەوت دەزڕێت.

خەڵکێکی زۆر کێشەی نووستنی هەیە لە ڕووی کاتی نووستن یاخود ماوەی نووستن، و گرفت و کێشەی نووستنیش دەکرێت ببنە هۆکاری کۆمەڵێک گرفتی تەندروستی وەک بەرزبوونی پەستانی خوێن، ماندوویەتی، بیر لاوازی و لاوازی بەرگرییە کۆئەندام. خۆشبەختانە و بە ئەنجامدانی ئەم هەشت ڕێگا دەتوانیت کێشەی خەوتنت چارەکەیت و لەگەڵ کوژاندنەوەی ڕووناکییەکان چاوت بچێتە خەو.

هەشت ڕێگا بۆ ئەوەی باشتر خەوت لێ بکەوێت

کاتەکانی خەوتن ڕێک بکە
جەستەی تۆ شێوازێکی ڕێکی بۆ نووستن پێویستە، کاتی دیاریکراو بۆ خەوتن و کاتی دیاریکراویش بۆ هەستانەوە لە خەو دیاریبکە. چونکە جەستەت خۆی لە توانایدا هەیە ئەو کاتە  دیاریکراوەی خۆی بناسێتەوە بەهۆی ڕووناکی یاخود کاتی ڕۆژەوە بێت. پەیڕەوکردنی ئەم ڕێگایە هۆکارێکی باش دەبێت بۆ باشترکردنی شێوازی نووستن، وادەکات جەستە هەموو ڕۆژێک لە هەمان کاتی ڕۆژدا خەو بیباتەوە و لەهەمان کاتیشدا بەخەبەربێتەوە.

سەرخەو شکاندنەکانت سنووردار بکە
کاتێک دەڵێیت بۆ ماوەیەکی کەم سەرخەوێک دەشکێنیت، لەوانەیە خەو بتباتەوە و درەنگ بەخەبەربێیتەوە، ئەمەش کاردەکاتە سەر کاتی خەوتنت و شێوازی نووستنت تێکدەدات. شارەزاییان دەڵێن ماوەی سەرخەو شکاندن دەبێت لە نێوانی دە بۆ بیست خولەک بێت. بەڵام زیاتر لەم ماوەیە نەک تەنها هاوسەنگی خەوتنت تێکدەدات، بەڵکو شەویش کاتی نووستن هات وادەکات هەست بە تێر خەوی بکەیت و خەو نەتباتەوە.

لە بەرکردنی جل و بەرگی ئاسودە
کاتێک جل و بەرگەکەت تەسک بوو یاخود ئارەقاوی بوو بیانگۆڕە ئەوجا بنوو. هەوڵبدە ئەو جل و بەرگەی کاتی نووستن لەبەری دەکەیت فراوان و ئاسودەبن و باشترە لە لۆکە دروستکرابن.

چارەسەرە سروشتییەکان
ئەگەر لەدوای ئەو ڕێگایانەی سەریشەوە هێشتا بە ئاسانی نانوویت، یاخود لە نیوەی شەودا بەخەردێیتەوە. چارەسەرە سروشتییەکان جێبەجێ بکە وەک بەکارهێنانی چای گیایی، هەروەها بیرمان نەچێت کۆمەڵێک دەرمانی پزیشکیش هەن کە بۆ باشترکردنی خەو بەکاردێت.

فێنککەرەوەکەت پێبکە
کاتێک دەچیتە ژوورەکەت و دەتەوێت بنوویت هەوڵبدە هەوای ژوورەکەت فێنک بێت. پلەی گەرمی ژوورەکەت باشترە لە نێیوان 60 بۆ 67ی پلەی فەرەنهایت بێت، ئەم پلە گەرمیانە جێگیرنین و  بەپێی کەش و هەوای کەسەکە دەگۆڕێت. ئەگەر لە کاتی ڕۆژدا تیشکی خۆر لە ژوورەکەت دەدا و ژوورەکە گەرم دەکات دەتوانیت پەردەی پارێزەری بۆ بەکاربهێنیت.

مۆبایلەکەت پێش چوونە سەر جێگای نووستنەکەت بکوژێنەوە
ئەگەر کێشەی سەرەکیت لەوەدابوو خەو بە ئاسانی ناتباتەوە، لەوانەیە هۆکارەکەی بەهۆی ڕووناکی شینەوە بێت، یاخود ئامرازە ئەلکترۆنییەکانی وەک مۆبایل و تەلەفزیۆن کە درێژە شەپۆلی شینی ڕووناکی دەدەنەوە. ئەو ڕووناکییە شینە ڕێگە لە بەرهەمهێنانی میلاتۆنینی جەستە دەگرێت. میلاتۆنین ئەو هۆرمۆنەیە کە جەستەت بۆ خەوتن هاندەدات، و لە وڵامدانەوە بۆ تاریکی بەرهەمدەهێنرێت. بۆ ئەوەی کات بدەیت بە جەستەت بۆ دروستکردنی میلاتۆنین و خەوێکی باشتر، بەلای کەمەوە یەک کاتژمێر پێش چوونە سەر جێگای نووستنەکەت ئامرازە ئەلکترۆنییەکان بکوژێنەرەوە، لە ئەگەری ئەوەی بەکارهێنانیان پێویست بوو، ئەو کاتە چاویلەکەی ڕێگریکەری ڕووناکی شین بەکاربهێنە.

خواردن و خواردنەوەی پێش کاتی نووستنت ڕێکبخە
 ئەمە یەکێکی ترە لە ڕێگاکانی باشترکردنی خەو کە پەلدەهاوێتەوە دەرەوەی ژووری نووستن. چی دەخۆیت و چی دەخۆیتەوە لە کاتی ڕۆژدا کاردەکاتە سەر شێوازێکی باشی نووستنت لە شەودا، بە تایبەت ئەو خۆراکانەی پێش کاتی نووستن دەیانخۆیت. باشترە بەلای کەمە چەند کاتژمێر بەر لە خەوتن هیچ نەخۆیت، هەروەها ئەگەر لەو کەسانەی کێشەی خەوتنت هەیە شەش کاتژمێر پێش کاتی نووستن دووربکەوە لە خواردنەوە کافاینییەکان.

دڵنیابەرەوە لە جۆری سەرین و پێخەفەکەت
هەتا ئەو جێیە بۆ نووستن بەکاریدەهێنیت ئاسودەتر بێت ئاسانتر خەوت لێدەکەوێت. کاتێک هەوڵدەدەیت باشترین جۆری سەرین دابین بکەیت، ملت و وزەی جەستەت سوپاستدەکەن و ئاسودەییان بۆ دابینەکەیت.

ئەم هەشت ڕێگایە بۆ باشترکردنی خەو پێویستە بۆ ماوەیەکی درێژ پەیڕەو بکرێن تا کاریگەری لەسەر شێوازی نووستن دروست بکەن. ئەگەر هێشتاش دوای پەیڕەوکردنی ئەو هەشت ڕێگایە کێشەی نووستنت هەیە سەردانی دکتۆر بکە و هەوڵبدە بەزوویی چارەی بکەیت چونکە خەوتنێکی ڕێک هۆکاری ژیانێکی ئاسودەتر و پڕ بەرهەمترە، بە هەمان شێوەش ناڕێکی لە نووستندا دەکرێت نائاسودەیی و تەنانەت کێشە و گرفتی تەندروستی دروست بکات.


سەرچاوەکان



71 بینین