جیهانگیریی نیۆلیبراڵ

له‌لایه‌ن: - ئیسماعیل عەبدوڵڵا ئیسماعیل عەبدوڵڵا - به‌روار: 2024-04-22-21:01:00 - کۆدی بابەت: 12645
جیهانگیریی نیۆلیبراڵ

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

جیهانگیریی نیۆلیبراڵ (بە ئینگلیزی: Neolibral Globalization، بە عەرەبی: العولمة النيوليبرالية)، ڕێبازێکە بۆ جیهانگیری ئابووری یان یەکخستنی ئابوورییەکانیی جیهان لەسەر بنەمای نیۆلیبرالیزم کە مۆدێلێکی ئایدۆلۆژیا و سیاسەتە، جەخت لەسەر بەها و تایبەتمەندییەکانی کێبڕکێی بازاڕی ئازاد دەکاتەوە. نیۆلیبرالیزم بە باوەڕبوون بە گەشەی ئابووری بەردەوام وەک باشترین ئامراز بۆ بەدەستهێنانی پێشکەوتنی مرۆیی، بە متمانەکردن بە بازاڕە ئازادەکان وەک کارامەترین ئامرازی تەرخانکردنی سەرچاوەکان، بە جەختکردنەوە لەسەر کەمترین دەستێوەردانی دەوڵەت لە کاروباری ئابووری و کۆمەڵایەتیدا و بە پابەندبوون بە ئازادی بازرگانی و سەرمایە. چەمکی نیۆلیبرالیزم کە لە کۆتایی هەشتایەکانی سەدەی ڕابردووەوە سەریهەڵداوە (لەلایەن هەندێک لە ئابووریناسەکانەوە بە 'جیهانگیریی سێیەم' ناوبراوە، کە لە دوای بڵاوبوونەوەی تەکنەلۆژیای نوێی گواستنەوە و پەیوەندیکردن لە کۆتایی سەدەی نۆزدەهەم و بە پەسەندکردنی سیستەمێکی دراویی نێودەوڵەتی لە ناوەڕاستی سەدەی بیستەم سەریهەڵداوە) شێوە و ڕێکخستنەکەی لە مۆدێلی نیۆلیبراڵەوە وەرگرتووە تا ئەو ڕێژەیەی کە سیاسەتە ئابوورییە نیشتمانی و نێودەوڵەتییەکان ڕەنگدانەوەی بیروباوەڕ و بەها نیۆلیبراڵەکانن.

رەخنەگرانی نیۆلیبرالیزم باسیان لەوە کردووە کە سیاسەتە نیۆلیبرالیزمەکان بە شێوەیەکی کاریگەر ئامانجیان بەرزکردنەوەی قازانجی کۆمپانیا تایبەتەکانە لە ڕێگەی کەمکردنەوەی تێچووی وەبەرهێنان و کەمکردنەوە یان نەهێشتنی بەرنامەکانی چاودێری کۆمەڵایەتی و جەختکردنەوە لەسەر تاکگەرایی ئابووری. ئەوان دەڵێن لەگەڵ سەرهەڵدانی نیۆلیبرالیزمدا، هەموو کۆمەڵگا زیاتر لەلایەن لۆژیکێکی سەرمایەدارییەوە زاڵ دەبێت و بڵاودەبێتەوە کە هەموو لایەنەکانی ژیان دەگۆڕێت بۆ کاڵایەک و دەبێتە هۆی پەیوەندییە ناهاوسەنگەکانی دەسەڵات، چ لە ئاستی نێودەوڵەتی و چ لە ئاستی ناوخۆییدا. لە ڕوانگەی نەیارەکانییەوە، جیهانگیری نیۆلیبراڵ کاریگەری خراپی لەسەر ئابووریی نەتەوەیی و پەیوەندییە ئابوورییەکانی نێوان وڵاتان لە کۆمەڵێک ڕووەوە هەبووە.

لە دەرئەنجامە نەرێنییەکانی پەیوەست بە جیهانگیری نیۆلیبراڵ یان خودی نیۆلیبرالیزمەوە

١. دەوڵەت خواستی کشانەوەی لە هەموو بوارەکانی ژیانیی کۆمەڵایەتی هەیە.

٢. دەوڵەتی خۆشگوزەران (Welfare State) و ئایدیاڵی بەرپرسیاریەتی بە کۆمەڵ سنووردارە یان نامێنێت.

٣. یارمەتیدانی خود و هەستی بەرپرسیاریەتی تاکەکان لە بەرانبەر کێشەکانیان و توانای بازاڕ بۆ ڕێکخستنی خۆکارانە بەبێ دەستێوەردان جەختی لەسەر دەکرێتەوە.

٤. گەشەکردن و بەرهەمهێنان و کێبڕکێ وەک تاکە ئامانجی کردارە بەکۆمەڵەکان دەخرێنەڕوو.

٥. بیرۆکە کۆنەکانی سەروو لیبراڵ وەک مۆدێرن و پێشکەوتنخوازانە دەخرێنەڕوو.

٦. بازاڕی پارە و دارایی لە ژێر هەژموونی چەند نەتەوەیەکدا یەکسان دەبن.

٧. داروینیزمێکی کۆمەڵایەتی نوێ ئەو پەیامە دەخاتە ڕوو کە تەنها کەسانی بەهێز و شایستە لە کۆمەڵگا و لە بازاڕدا دەمێننەوە.

٨. نادڵنیایی هەمیشەیی ئاسایش لە کرێ و بارودۆخی ژیان ("فڵێکسپلۆیتەیشن")، تاکگەرایی گرێبەستەکانی کار، یارمەتییەکانی دەوڵەت و هاریکارییەکانی دەوڵەت بۆ کۆمپانیا گەورەکان هەموویان لە چەمکی نیۆلیبراڵیزمدا جێگیر بوون و بە دامەزراوەیی کراون.

٩. جەخت لەوە دەکرێتەوە کە ئابووری سەربەخۆیە لە کۆمەڵگا، بازاڕ چاکترین ئامرازە بۆ ڕێکخستنی بەرهەمهێنان و دابەشکردن بە شێوەیەکی کارا و دادپەروەرانە و جیهانگیری پێویستی بە کەمکردنەوەی خەرجییەکانی دەوڵەت هەیە، بەتایبەتی بۆ ئاسایشی کۆمەڵایەتی.

١٠. ئەو نۆ بیرۆکەیەی خاڵەکانی پێشوو، وەک دەرئەنجامی ئاشکرا و بێ بەدیل خراونەتەڕوو.

١١. دەوڵەت چوارچێوەی یاسایی بۆ کرێی گونجاو لە بەرامبەر کاتی کارکردنی پێویست دەرەخسێنێت.

١٢. سیستەمی سەوداگەری بەکۆمەڵ زیاتر بە سیستەمەکان لەسەر ئاستی ناوچەیی، هەرێمی یان کۆمپانیادا جێگەی دەگرێتەوە.

١٣. دەوڵەت هەوڵدەدات ئاسانکاری بۆ وەبەرهێنانی سەرمایە و پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا بکات لە ڕێگەی یارمەتییەکانی کۆمپانیاکان و بەرنامەکانی توێژینەوە و پەرەپێدان (R&D).

١٤. دەوڵەت زیاتر هەوڵدەدات بیرکردنەوەی کارگێڕی چالاک بکات بە دروستکردنی فۆڕمی نوێی وابەستەیی و خۆبەخشی، کەمکردنەوەی بێکاری و یارمەتییەکانی چاودێری کۆمەڵایەتی، تووندکردنەوەی پێوەرەکانی شایستەیی بۆ ئەو جۆرە بەرنامانە و سەپاندنی سزا و سیاسەتی چالاککردنی زۆرەملێ کە بۆ لابردنی هەژاران یان بێکاران داڕێژراون لە بەرنامەکانی چاودێری کۆمەڵایەتییەوە.

١٥. بڕینی مووچەی خانەنشینی ڕوو لە هەڵکشانە، تەمەنی خانەنشینیش بەرزدەکرێتەوە؛ هەروەها هانی سندووقەکانی خانەنشینی تایبەت دەدرێت.

١٦. زانکۆکان وەک پڕۆژەی ئابووری مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت، هەروەها هانی هاوکاری لە نێوان زانکۆ و کۆمپانیاکان دەدرێت.

١٧. پڕۆژە ئابووری و خزمەتگوزارییە گشتیەکان تادێت بەرەو بەتایبەت و بەبازرگانی هەنگاو دەنێن.

١٨. دەوڵەتی نەتەوەیی دەگۆڕێت بۆ دەوڵەتێکی کێبڕکێکار: کێبڕکێ لەسەر بارودۆخی باشی وەبەرهێنانی ئابووری لە نێوان دەوڵەتە نەتەوەییەکاندا هەیە، لێرەوە زۆر جار دەوڵەتە نەتەوەییەکان ناچارن ئاسانکاری بکەن بۆ بەتایبەتکردن، ڕێکخستنەوە و تێکچوونی کرێیەکان، یاسای کار، هەروەها سیاسەتی خۆشگوزەرانی بۆ ڕاکێشانی بەرژەوەندی سەرمایەی نێودەوڵەتی.


سەرچاوەکان



331 بینین