ڕێکارەکانی دامەزراندن

له‌لایه‌ن: - سومەیە بێستون سومەیە بێستون - به‌روار: 2024-04-22-21:33:00 - کۆدی بابەت: 12650
ڕێکارەکانی دامەزراندن

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

ڕێکارەکانی دامەزراندن (بە عەرەبی: إجراءات التعیین، بە ئینگلیزی: Installation Procedures)، لەکاتێکدا کە دەمانەوێت فەرمانبەرێک دابمەزرێنین هەروا بە ئاسانی و بێ یاسا ناتواندرێت کەسێک بهێندرێت و دابمەزرێندرێت و لە جێگەیەکی حکوومیدا کاری پێبکرێ و  بەرپرسیارێتی و ئەرکی پێبسپێردرێت، بەڵکو لەگەڵ دامەزراندنی کەسێک و پێویست بوونمان بە فەرمانبەر لە ڕێگەی کۆمەڵێک ڕێکارەوە دەبێت و وەزارەتی دارایی عێراق لە ساڵی ١٩٧٩ کۆمەڵێک ڕێکاری دیاری کرد کە بەنزیکەیی تا ئێستا هەر ئەو ڕێکارانەیە بەکاردەهێندرێت بۆ دامەزراندنی کەسێک لە پیشەیەکدا.

گرنگترین ڕێکارەکانی دامەزراندن

لیژنەی دامەزراندن

لیژنەیەک یان زیاتر پێکدێت بە فەرمانی وەزیر، ئەم لیژنەیەش پێکدێت لە وەزیر کە لە سەرۆکی لیژنە و لە یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتی کەمتر نەبێت لەگەڵ دوو ئەندام کە لە بەڕێوەبەر کەمتر نەبێت و ئیشیان بینینی دامەزراندن یان دووبارە دامەزراندنە.

بانگەواز

بانگەوازکردنە بۆ  ئەو پیشە بەتاڵەی کە هەیە لە ڕۆژنامەیەکی ڕۆژانە یان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە وەزارەتەکەی و ئەو دامەزراوەی کە دەمانەوێت فەرمانبەر دابمەزرێنین لێی و دەبێت ئەم زانیاریانەش هەبێت لەم بانگەوازەدا:
١- ناونیشانی پیشەیی
٢- مووچە
٣- ئەو فەرمانگەیەی کە پیشەکەی تێدایە
٤- ئەو بەڵگەنامانەی پێویستە پێشکەش بکرێت
٥- ئەو لێهاتووانەی کە پێویستە هەبێت بۆ ئەوەی ئەو پیشەیە بتوانێت ببات بەڕێوە.

بۆ ئەوەی زیاتر لای هاوڵاتیان ڕوون بێت و زیاتر مافی هاوڵاتیان بپارێزێت هەندێک کات ئەم دوو خاڵەش هەیە لە بانگەوازەکاندا:

  • شوێنی پێشکەشکردنی داواکارییەکان.
  • کات، مەبەست لێی کاتی چاوپێکەوتن و کاتی تاقیکردنەوە یاخود لایەنی کەم ئاماژە بکرێت کە لە داهاتوودا ئاگادارتان دەکەن کاتەکە کەیە. هەر ئەم ڕینماییە ماوەی ١٥ ڕۆژی بۆ دیاریکردووی لە ڕۆژی بڵاوکردنەوی بانگەوازەکەوە بۆ پێشکەشکردن و دەکرێت ئەم ماوەیە درێژبکرێتەووە ئەگەر پێویستی کرد.

تاقیکردنەوە و چاوپێکەوتن

سەرەتا ئەو بەڵگەنامانەی کە بەدەستهێنراوە فلتەر دەکرێت و پاشان کۆمەڵێک بەڵگەنامەی داواکراومان بۆ دەمێنێتەوە و دواتر ئەوانەی کە ماوەتەوە و هەموو ئەو خاڵانەیان تێدایە کە داواکراوە بۆ پیشەکە،  تاقیکردنەوە و چاوپێکەتنیان دەکرێن و ئەمەش لە دوو حەڵەتدا دەبێت:
١- کاتێک ژمارەی ئەو کەسانەی کە بەڵگەنامەکانیان پێشکەشکردووە زۆر زیاترە لەو جێگەی کە هەیە.
٢- گەر ویستمان دڵنیابینەوە لە لێهاتوویی و کارامەیی ئەو کەسەی کە دەمانەوێت هەڵێبژێرین بۆ پیشەکە.

بانگەوازکردن بۆ کاندیدان

پێویستە لەسەر لیژنەکە کە بانگەواز بکات بە:
١- ناوی پێشکەشکاران
٢- ئاستی خوێندن
٣- ساڵی دەرچوون
٤- نمرەی دەرچوون
٥- ئەو نمرەیەی کە بەدەستی هێناوە لە تاقیکردنەوە و چاوپێکەوتنەکەدا.

دوو جۆر کاندیدمان هەیە

١- کاندیدی سەرەکی: ئەوانەن کە دامەزراوەکە پێویستی پێیەتی و دەیەوێت دایبمەزرێنێت.
٢- کاندیدی یەدەگ: ئەمانە تاساڵێک ئەگەری دامەزراندنیان دەبێت بەم مەرجانە:
أ/ لە کاتێکدا ئەگەر کاندیدە سەرەکییەکان نەهاتن بەدەم بانگەوازەکەوە ئەوا کاندیدە یەدەگەکان دەتوانێت جێگەی بگرێتەوە.
ب/ ئەگەر هاتوو لە ماووەی ئەو ساڵەدا پیشەی ترمان هەبوو و پێویستمان بە کارمەندی تر بوو بۆ دامەزراندن ئەو کاندیدە یەدەگەکان دەتوانێت بێنە ئەو جێگایە.

بەرزکردنەوەی ڕاسپاردەکان بۆ وەزیری تایبەتمەند

بە لیستێک ناوی ئەو کارمەندانەی کە دیاریکراوە دەنێردرێت بۆ وەزیری تایبەتمەند واتە وەزیری ئەو وەزارەتەی کە پیشەکەی پێویستی بە فەرمانبەرە یان ئەو کەسەی کە وەزیر دەسەڵاتەکەی داوەتێ.

دەرکردنی فەرمانی دامەزراندن

فەرمانی دامەزراندن پێویستە ئەم زانیارییانەی تێدابێت ئەگەر تێیدا نەبوو فەرمانەکە قابیلی هەڵوەشاندنەوەیە:
١- ناوی فەرمانبەر
٢- ناونیشانی ئەو پیشەیەی کە بۆی دادەمەزرێت.
٣- بڕی موچەکەی (واتە موچەی بنەڕەتی).
٤- ئاماژە دەدرێت کە ئەم فەرمانبەرە بۆ ماوەیەک لە ژێر تاقیکردنەوەدایە.
ئەم فەرمانە لەلایەن ئەو کەسەوە واژوو دەکرێت کە دەسەڵاتی دامەزراندنی هەیە.
*فەرمانی دامەزراندن/ کارێکی یاساییە یەکلایەنەیە کە لەلایەن دەسەڵاتی کارگێڕییەوە دەرچووە.

دەسەڵاتی تایبەتمەندی دامەزراندن

دوای ئەوەی هەموو ڕێکارەکانی دامەزراندن جێبەجێکرا و کار گەشتە دەرکردنی فەرمانی دامەزراندن ئەو کاتە بەو کەسە دەوترێت فەرمانبەر، بەڵام بە فەرمانبەر هەژمار ناکرێت ئەگەر:
١- کەسێک ئەرکە پیشەییەکانه بەجێگەیاند لە پێس دەرچوونی فەرمانی دامەزراندنەکەیەوە.
٢- ئەو کەسەی کە خۆی ئەسەپێنێت بەسەر ئیش و کاری فەرمانگەیەکدا بەبێ ئەوەی فەرمانی دامەزراندنی بۆ دەرچوو بێت.

شوێنەوارەکانی دەرچوونی فەرمانی دامەزراندن

لە دەرچوونی فەرمانی دامەزراندنەوە پەیوەندی پیشەیی دروست دەبێت و فەرمانبەر ملکەچ دەبێت بۆ دەقە یاساییەکان و ڕێنماییەکانی پەیوەست بە پیشەکەوە، لە بەرواری دەرچوونی فەرمانی دامەزراندنەکەیەوە فەرمانبەر مافی پایەبەرزکردنەوە و لە پێشینەبوونی بۆ هەژمار دەکرێت. ئەگەر هاتوو فەرمانی دامەزراندنەکە شکستی هێنا بەهۆی یەکێک لە کێشە یاساییەکان دەسەڵاتی دامەزراندن دەتوانێت فەرمانەکە بکێشێتەوە بۆ ئەوەی فەرمانێکی دروست لە جێگای دروست دەربکات. 

دەستبەکاربوونی فەرمانبەر

دوو بەروارمان هەیە یەکێکیان بەرواری دەرچوونی دامەزراوەکەیە و بەرواری دووەم؛ بەرواری ئاگاداربوونی دامەزراوەکەیە لەسەر دامەزراندنی فەرمانبەرەکە. لە دوای دەرچوونی فەرمانی دامەزراندن فەرمانبەرەکە ئاگادار دەکرێتەوە بە دەرچوونی فەرمانەکە،  بەرواری ئەو ئاگاداربوونە جێگیر دەکرێت بە واژووی فەرمانبەرەکە لەسەر دەفتەری ئەستۆ یاخود وێنەی فەرمانەکە لەناو فەرمانگەکەدا.

شێوازەکانی ئاگادارکردنەوەی فەرمانبەر لە فەرمانی دامەزراندنەکەی

  • لە ڕێگەی پۆستەوە
  • لە ڕێگەی بڵاوکردنەوەوە (بانگەوازکردن).
  • گەیاندنی نووسراوەکە بە شوێنی نیشتەجێبوونی کەسەکەوە و دەبێت واژووش بکات.


سەرچاوەکان



385 بینین