چۆنێتی خۆپارێزی لە لاوازی

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان ئیسرا بورهان - به‌روار: 2024-04-23-00:19:00 - کۆدی بابەت: 12659
چۆنێتی خۆپارێزی لە لاوازی

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

چۆنێتی خۆپارێزی لە لاوازی (بە عەرەبی: كيفية الوقاية من النحافة، بە ئینگلیزی: How to prevent thinness) لاوازی کێشەیەکی تەندروستییە و پێویستە وەکوو قەڵەوی و نەخۆشییەکانی تر گرنگی پێبدرێت و چارەسەری پزیشکی بکرێت، چونکە پشتگوێ خستنی لێکەوتەی زۆری لێدەکەوێتەوە و زیانی تەندروستی لە کەسەکە دەدات.

چۆنیەتی خۆپارێزی لە لاوازی و چارەسەری لاوازی

پەیڕەوکردنی سیستمی خواردنی تەندروست

خواردنی تەندروست و کوالێتی بەرز بە باشترین ڕێگاکانی خۆپارێزی دادەنرێت لە لاوازی، دابەشکردنی ژەمەکانی خواردن بۆ چوار بۆ شەش ژەمی بچووک و گرنگیدان بە ژەمی بەیانیان زۆر هاوکارن لە ڕێکخستنی کێش و کرداری هەرس و هەڵمژینی خۆراک ئاسانتر دەکەن. تام خۆشکردن و هەمەجۆری لە خواردن لە ڕێگەی بەکارهێنانی بەهارات و ڕووەکی سروشتی بۆندار و دروستکردنی خواردنی جۆراوجۆر یارمەتیدەرن لە زیادکردنی ئارەزووی خواردن.

گرنگیدان بەو خواردنانەی کە ماددەی خۆراکیان بەرزە و دەوڵەمەندن بە پڕۆتین نموونەی گۆشت، هێلکە، چەرەز، گوێز، پاقلەمەنییەکان. هەروەها کاربۆهیدراتی تەندروست نموونەی برنج و دانەوێڵە یارمەتیدەرن بۆ کێش زیاد کردن و وزە دەبەخشن. بایەخدان بە سەوزە و میوە چونکە ماددەی ڕیشاڵیان تێدایە و هاوکاری کرداری هەرس دەکەن، هاوکات بەرهەمی شیرەمەنییەکان نموونەی ماست و شیر و پەنیر زۆر گرنگن چونکە ڤیتامین d و ماددەی کالسیۆمیان تێدایە.

وەرزش کردن

ڕاهێنان و وەرزشکردنی ڕۆژانە ڕۆڵێکی کاریگەری هەیە لە زیادبوونی کێش و چارەسەرکردنی لاوازی لەڕادەبەدەر، بە تایبەت ڕاهێنانەکانی بەرگری وەک ڕاهێنانی پاڵنان و ڕاهێنانی شانەکان بۆ دروستکردنی ماسولکەکانی دەست و شان، بەرزکردنەوەی قورسایی، یۆگا و تێڕامانی قووڵ، مەلەوانی، پەتپەتێن، هەموو ئەم ڕاهێنانە وەرزشیانە کاریگەر و یارمەتیدەرن بۆ دروستکردنی ماسولکە و زیادبوونی کێش بە شێوەیەکی تەندروست.

شێوازی ژیانێکی تەندروست

ڕۆتینی دووبارەی ڕۆژانە هاوکارە لە بەرەوپێشبردنی تەندروستی کەسەکان، خواردنی ژەمی بەیانیان، خەوتن بە ڕێژەی پێویست و لە کاتی دیاریکراودا، دانانی سیستمی خۆراکی تەندروست، دوورکەوتنەوە لە خواردنی خێرا و ناتەندروست، وەرزشکردن و جووڵەی پێویست، گرنگیدان بە تەندروستی دەروونی و کەمکردنەوە و کۆنتڕۆڵکردنی دڵەڕاوکێ و ڕاڕایی و فشاری دەروونی ڕۆژانە، دوورکەوتنەوە لە جگەرەکێشان و مەی، هەموو ئەمانە کاریگەر و یارمەتیدەرن لە خۆپارێزی  و چارەسەری لاوازی.

بەکارهێنانی تەواوکەری خۆراکی

زۆرجار چەند جۆرێکی دیاریکراوی تەواوکەری خۆراکی لەلایەن پزیشکەوە بۆ کەسی لاواز یان بۆ ئەو کەسەی مەترسی لاوازی لەسەرە دەنووسرێت، هەندێک جۆری تەواوکەری خۆراکیش پێویستی بە ڕەچەتەی پزیشکی نییە، نموونەی تەواوکەرە خۆراکییەکان:

  • تەواوکەری پڕۆتین یەکێکە لە دیارترین تەواوکەرە خۆراکییەکان بۆ زیادبوونی کێش، چونکە پڕۆتین پێکهاتەی سەرەکی ماسولکەیە.
  • تەواوکەری خۆراکی زنگ، زنگ پێکهاتەیەکی گرنگە و ڕۆڵی هەیە لە زیادکردنی ئارەزووی خواردن و زیادکردنی کێش.
  • زەیتی ماسی یەکێکە لە باوترین تەواوکەرە خۆراکییەکان چونکە ترشی چەوری ئۆمیگا سێی لەخۆگرتووە و بۆ لەش زۆر گرنگە.
  • تەواوکەری خۆراکی کانزا و ڤیتامینەکان هاوکار و چارەسەرن بۆ دابینکردنی ماددەی خۆراکی گرنگ بۆ لەش.

دوورکەوتنەوە لە جگەرەکێشان

جگەرە و نێرگەلە بە هۆکارێکی سەرەکی لاوازی دادەنرێن چونکە هەندێک جۆریان ئارەزووی خواردن کەم دەکەنەوە و یارمەتیدەرن بۆ لاوازی، بۆیە دوورکەوتنەوە لە جگەرەکێشان یان کەم کردنەوەر یەکێکە لە ڕێگا چارەسەرەکانی لاوازی و کەمی کێش.

کەمکردنەوە کافایین

ماددەی کافایین کە لە چای و قاوە و چەند جۆرێک لە خواردنەوە گازییەکان و خواردنەوە وزە بەخشەکان هەیە هۆکارێکی سەرەکییە بۆ نەمانی ئارەزووی خواردن و کەمکردنی کێش و هەڵمژینی ماددە خۆراکییە گرنگەکان لە لەشدا، بۆیە پێویستە ڕۆژانە بە ڕێژەیەکی دیاریکراو چا و قاوە بخورێتەوە و پێویستە ڕاستەوخۆ دوای ژەمەکان یان لەسەر گەدەی بەتاڵ چا و قاوە نەخورێنەوە.

بەکارهێنانی دەرمانی پزیشکی

دەرمانی قەڵەوی و چارەسەری لاوازی پێویستە لەلایەن پزیشکی پسپۆڕەوە بۆ کەسەکە بنووسرێت، نموونەی دەرمانەکانی قەڵەوی:

دەرمانی ئۆکساندرۆلۆن Oxandrolone

ئەو کەسانەی کە بەدەست کەمی کێش و لاوازی لە ڕادەبەدەرەوە دەناڵێنن ئەم دەرمانەیان لەلایەن پزیشکی پسپۆڕەوە بۆ دەنووسرێت.

دەرمانی میجیستڕۆڵ Megestrol

ئەم دەرمانە لەلایەن پزیشکی پسپۆڕوە بۆ ئەو کەسانە بەکاردەهێنرێت کە نەمانی ئارەزووی خواردن و بەدخۆراکی و لاوازی لەڕادەبەدەریان هەیە.


سەرچاوەکان



362 بینین