سەردەمی ڕۆشنگەری

له‌لایه‌ن: - مەزن ڕێبوار مەزن ڕێبوار - به‌روار: 2024-04-27-15:26:00 - کۆدی بابەت: 12700
سەردەمی ڕۆشنگەری

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

سەردەمی ڕۆشنگەری (بە عەرەبی؛ عصر النهضة، بە ئینگلیزی؛ Renaissance) ڕێنیسانس لە بنەڕەتدا وشەیەکی فەڕەنسییە بەکاردێت بۆ گوزارشت کردن لە سەردەمێکی تایبەت لە مێژووی ئەورووپا ئەویش سەردەمی بووژانەوە، بەتایبەتیش بووژانەوەی (کولتوور، زانست، ئەدەب، هونەر) لەگەڵیدا جیاکردنەوەی ئایین لە سیستمی حووکمڕانیدا. 

ئەم سەردەمە گرنگی زۆری هەیە، پاش تێپەڕبوونی چەندین سەدە لە تاریکی، ئەورووپا بووە شوێنی زانست و داهێنان لە هەموو بوارێک نموونە لایەنی هونەر، ئەو تابلۆ و پەیکەرانەی لە ڕێنیسانسدا دروست دەکران کتومت وەک ڕاستی وابوون نیگارساز و پەیکەرسازان گرنگیان بە هەموو وردەکارییەک دەدا بەڵام هونەرمەندانی پێشتر وانەبوون. 

مێژووی شۆڕشی ڕۆشنگەری 

دەستپێکی شۆڕشەکە کۆتایی سەدەی تاریکی و دەستپێکی سەدەی مۆدێرنە لە ئەورووپادا کە بە دیاریکراوی دەکاتە سەدەکانی ١٥ و ١٦. شوێنی شۆڕشەکە هەر دوو وڵاتی فەڕەنسا و ئیتاڵیا بوون. تایبەتمەندی ئەم شۆڕشە بە بەراورد بە شۆڕشەکانی تر ئەوە بوو بە خەباتی چەکداری ڕووی نەدا بەڵکو بەهۆی ڕۆڵ و کاریگەری بیرمەندانی ئەو سەردەمە هەڵگیرسا، کە بە نووسینەکانیان ڕەخنەیان لە مۆدێل و شکڵی حووکمڕانی دەگرت، داوای گۆڕانکاریان دەکرد لە کایەکانی ژیان و حکوومەتدا. 

مێژوونووسان دەڵێن شۆڕشی ڕێنیسانس یان ڕۆشنگەری دەستپێکەکەی سەدەی ١٤ یە و کۆتاییەکەشی سەدەی ١٧ یە. بەڵام Hot period یان ئەو ماوەی بە زەقی و بە گەرمی لە ڕووداندا بووە و گۆڕانکارییەکان ڕوویان داوە سەدەی ١٥ و ١٦ یەم بووە. 

دابەشبوونی ماوەی شۆڕشەکە بە گوێرەی ڕووداوەکان

مێژوونووسان بە گوێرەی گرنگی ڕووداوەکان، شۆڕشی ڕێنیسانس دەکەنە دوو بەش، یەکەمیان "پرۆتۆ ڕێنیسانس" ساڵانی ١٢٥٠-١٣٠٠ دەگرێتەوە کە وشەی پرۆتۆ لە زمانی ئینگلیزیدا بەکاردەهێنرێت بۆ شتێک کە تەنها نەخشەی کێشرابێت ڕوونتر تەنها مۆدێلێکە و نەخراوەتە بواری جێبەجێ کردن. بەشی دووەم "کۆتاییەکانی سەدەی ناوەڕاست" ساڵانی ١٢٥٠-١٥٠٠. ئەم سەردەمەش گرنگترین بەشی شۆڕشەکەیە کە هەموو گۆڕانکارییە کولتووری و ئایینی و هونەری و زانستییەکان لەم ماوەیەدا بە کرداری ڕوویاندا. 

لەم سەردەمەدا ئەورووپا لە ڕووی فەلسەفە و ئەدەبدا گۆڕانی زۆری بەخۆوە بینی، چەندین فەیلەسووف لە چەمی هیومانیزم "مرۆڤبوون"یان دەکۆڵیەوە یاخود دەیان نووسی، جگە لە فەلسەفە بیرمەندی تر لە بواری ڕامیاری دەرکەوتن وەک "نیکلۆ ماکیاڤێلی" کە بە گرنگترین بیرمەندی چاخی ڕێنیسانس دادەنرێت، ماکیاڤێلی لە ئەنجامی کاریگەربوون بە فەلسەفەی ئیسلامی و کتێبەکانی ئیبن خەلدون و فەلسەفەی یۆنانی ڕژێمی بەڕێوەبردنی بۆ میرەکانی هەرێمی فلۆرەنس دانا بە ژمارەیەک کتێب و تێبینی و پەیف و هەندێک جار بە گوتار قسەی دەکرد. لەم سەردەمەدا ئاستی تەلارسازی لە ئەورووپادا گۆڕانی بەسەردا هات، باڵەخانەکان بە شێوازێکی نوێ نەخشەیان بۆ کێشرا.

نەخشەسازی تەلار و باڵەخانەکان لە ڕێنیسانسدا

باڵای مرۆڤێکی پێگەیشتوو بە گشتی ناگاتە دوو مەتر بەڵام گەر بێتو سەردانێکی ئەو کۆشکانە بکەیت کە لە ڕێنیسانس دروستکراون لە شارەکانی ئیتاڵیا وەک فلۆرەنس، میلان، ڕۆما، ڤێنیسیا، توسکانس و چەندین شاری تر. تێبینی ئەم خاڵانە دەکەیت. 

  • سەقفی باڵەخانەکان زۆر بەرزن بە جۆرێک ١٠-٢٠ مەتر بەرزن. 
  • ترۆپکی باڵەخانەکان کەوانەیی یان نیمچە کەوانەیین، بە تایبەتی کڵێساکان. 

سوودی ئەم جۆرە تەلارسازییە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی لەو کاتەدا بڵندگۆ بوونی نەبووە و هەمیشەش لەم کۆشکانەدا کۆبوونەوە و ئاهەنگ گێڕدراوە، بۆ ئەوەی دەنگ بگوازرێتەوە بە جۆرێک هەمووان بە یەکسانی ببیستن سەقفی باڵەخانەکان بەرز کراوەتەوە و لە ترۆپکدا کەوانەیی یان نیمچە کەوانەیی بووە، ئەم جۆرە نەخشەسازییە لە بنەڕەتدا هی موسڵمانەکانی ئەندەلووس بوو کە لە دروستکردنی مزگەوتدا ئەم داهێنانەیان کرد کە گومەزی مزگەوتەکانیان بە کەوانەیی دروست دەکرد تا شەپۆلەکانی دەنگ بە لەرەلەرێکی زۆر بگوازرێتەوە و هەموو ئەو نوێژخوێنانەی لە مزگەوتدان بە یەکسانی ببیستن. 

شێوازی نیگارسازی و پەیکەرسازی لە ڕێنیسانسدا

گەر سەرنج بدەینە کۆنترین تابلۆکانی مێژوو ئەوا دەبینن نیگارساز شێوازی دوو دووری "2D" بەکارهێناوە، ئەم شێوازە لە پەیکەرسازیشدا وابووە تا سەردەمی یۆنانییەکان، پەیکەرەکانی نێو ئەشکەوتەکان بەتایبەتی لە سەردەمی نەتەوە دێرینەکانی میزۆپۆتامیادا تەنها یەک ڕوویان دەردەکەوت. 

لە سەردەمی شارستانی یۆنانییەکاندا پەیکەرەکان زۆر گەورە نیشان دەدران وەک پەیکەری خواوەند ئەسینا و زیوس و خواوەندی شەڕ و خواوەندی ئۆقیانوسەکان. بەڵام شێوازێکی گاڵتەجاڕی دەبەخشرا بە پەیکەرەکان و هیچ وەکو ڕاستی نەبوون، نموونە پەیکەری خواوەندەکان نیوە مرۆڤ و نیوە ئاژەڵ بوون. یاخود مرۆڤی تەواو بەڵام ئەندامی زاوزێیان بە شێوازێکی گاڵتەجاڕی دروست دەکرا کە ئەو شێوازە سیمبولی ڕێز بوو بۆیان.

بەڵام لە کاتی شۆڕشی ڕێنیسانسدا ئەم شتانە گۆڕانیان بەسەردا هات، نموونە تابلۆی کێشراو بوو بە سێ دووری یاخود perspective کە زانستی ئەندازە تێکەڵ بە تابلۆکان کرا، لەم شێوازی نیگارسازییەدا گرنگی بە قووڵی Depth دەدرا، وا هەستت دەکرد ئەم تابلۆیە ڕاستییە، یاخود وردەکاری Detail کە ئەگەر وێنەی خانمێک یان پیاوێک بایە گەر لێی ورد بیتەوە لوولەکانی خوێنیان بۆ کێشراوە تەنانەت ئەگەر کەسێک لە جەستەدا کەموکورتی هەبووبێت وەک خۆی کێشراوەتەوە. 

دیارترین نموونەی هونەرمەندانی ڕێنیسانس "لیۆناردۆ داڤێنچی"یە ئەم هونەرمەندە بە ٢٥ تابلۆ بە گرنگترین نیگارسازی چاخی ڕێنیسانس یان شۆڕشی ڕۆشنگەری دادەنرێت، تابلۆکانی داڤێنچی بە بۆیەی زەیتی لەسەر خام کێشاویەتی. ناوبانگترین تابلۆشی بریتییە لە خانمی مەرگ ناسراو بە "مۆنالیزا" کە شکڵی خۆی لە وێنەی خانمێکدا بەرجەستە کردووە. ئەم تابلۆیە لە ژێر تیشکی فلۆرەنسیدا توانراوە سەدان کۆدی لێ دەربهێنرێت کە بە چاوی ئاسایی نابینرێت، چاوەکانی لە هەر گۆشەیەک سەیری بکەیت سەیرت دەکاتەوە بە شێوەی سترۆتسکۆبی "زنجیرەی جووڵە"

خوێندنەوەیەک بۆ ڕێنیسانس لە زاری نووسەران

ئۆلیڤەر بۆودن نووسەر لە دامەزراوەی Ubisoft publication لە کتێبی ڕێبازی بکوژان: ڕێنیسانس باسی ئەو سەردەمە دەکات کەوا ئیتاڵیا لە لوتکەی گۆڕانکارییەکاندا بوو، بە شێوەیەکی گشتی ئایین لەسەر دەستی بنەماڵەی بۆرجیا بەتایبەتی "ڕۆدریگۆ بۆرجیا"ی خاچ پارێز "Templar" لە دەسەڵات جیاکرایەوە. ڕۆدریگۆ لە هەمان کاتدا پاپای کڵێسای کاسۆلیک بوو کە بە پاپا ئەلیکساندەری شەشەم ناسراوە. 

بۆودن لە کتێبەکەیدا باسی دەستەی دزەکان "شۆڕشگێڕە ئازادی خوازەکان" دەکات کە کەسێک بە ناوی خوازراو Onion eater "پیازخۆر" و بنەماڵەیەکی پارێزەر بە ناوی دافێرێزی بە یارمەتی نیکۆلۆ ماکیاڤێلی ڕووبەڕووی گەندەڵی و دزیکردن دەبنەوە. ئۆلیڤەر لە گێڕانەوەی ئەم چیرۆکەدا دەڵێت: جیهان لایەنە جوانەکەی ڕێنیسانس دەبینێت کە جیاکردنەوەی ئایین بوو لە دەسەڵات، بەڵام من لایەنی گەندەڵی و زۆر بوونی کوشتن دەبینم لەسەر دەستی ئەنجامدەرانی شۆڕشەکە. 

مەبەستی بۆودن لەوە چەند بابەتێکە کە یەک یەک تیشکی دەخەینە سەر. 

یەکەم: پێشتر زاناکان تاقیکردنەوەیان لەسەر مردوو دەکرد بۆ زانستی توێکاری، بەڵام هەندێک زانا پەیدابوون ئەم ڕێچکەیان شکاند و لەسەر مرۆڤی زیندوو توێکاریان دەکرد، نموونە لیۆناردۆ داڤێنچی بۆ ئەوەی توێکاری کۆرپەلە لە نێو سکی دایکدا بکات لەسەر ئافرەتی سکپڕ توێکاری دەکرد گەرچی چەندین جار شکستی هێنا دایک و کۆرپەلەکەی دەکوشت بەڵام بەردەوام بوو تا نهێنی ژیانی کۆرپەلە و توێکارییەکەی کێشا و زیادی کرد بۆ زانستی توێکاری "Anatomy"

دووەم: بەشێک لە پیشەوەرانی کەرەستە جەنگییەکان کە دووبارە داڤێچی سەرمەشق و پێشەوایان بوو، بۆ ئەوەی کاریگەری چەکەکانی بزانێت کە نەخشەی دەکێشان لەسەر مرۆڤی زیندوو تاقیدەکردەوە. وەک تیرهاوێژی ئۆتۆماتیکی، تانک، تۆپ هاوێژ، چەقۆی هاویشتن، تیری ژەهراوی کە شێوازێکی جیاوازی هاویشتنی هەیە. هەموو ئەمانەی لەسەر مرۆڤی زیندوو تاقیکردەوە تا بزانێت ڕاستەوخۆ ئامانجەکە دەکوژێت یاخود تا چەند لە ژیاندا دەمێننەوە پاش ئەوەی دەپێکرێن. 

ماکیاڤێلی نووسەرێکی ترە، کە لە بارەی ڕێنیسانسەوە چەندین کتێب و گوتاری هەیە، لە بارەی ڕێنیسانس دەڵێت "سەردەمێکی نوێی ژیان" لە کتێبی لیڤیدا دەڵێت " ڕێنیسانس سەردەمێکی گرنگی مێژووی مرۆڤایەتی و مرۆڤ بوونە، لەم سەردەمەدا ئەورووپا لە تاریکی هاتە دەرەوە و بەرەو ڕووناکی هەنگاو دەنێت" 

لەم سەردەمەدا لایەنی ئەدەب پێشکەوتنی بەخۆوە بینی، نووسەران خوێندنەوەی خۆیان بۆ چاخەکە لە مۆدێلی چیرۆک و هۆنراوە و کتێبی فەلسەفیدا دەنووسی لە ژێر کاریگەریان بە فەلسەفەی لاتینی "یۆنان و ڕۆم" وەک "جیۆڤانی پیکۆ دێلا میراندۆلا" لە بارەی هەنگاونان بۆ چەمکی مرۆڤبوون بە شێوەی فەلسەفی دەنووسی کتێبێکی لە ساڵی ١٤٨٦ نووسی بەناوی " ئاراستەکردنی مرۆڤ بە خەسڵەتەکان و تایبەتمەندییەکانی مرۆڤ بوون" جگە لە نووسین گرنگی درا بە وەرگێڕانی بەرهەمی ئەدەبی و زانستی وڵاتانی تر بەتایبەتی شارستانیەتی ئیسلامی. بەرهەمی زاناکانی ئیسلام وەک ئیبن سینا و جابری کوڕی حیان ناسراو بە باوکی کیمیا و خوارزمی و فەیلەسووفەکانی وەک ئیبن ڕوشد، فارابی

ئەم وەرگێڕانە ئەورووپای کردەوە بە ڕووی فێربوون و کرانەوەدا هەر ئەمەش پەیامی ڕێنیسانس بوو "کرانەوە، ڕۆشنگەری، نوێبوونەوە، لەدایکبوونەوە" چونکە پێشتر ئەورووپا پێی دەوترا کیشوەری تاریک بەواتای ئەوەنا ڕووناکی تێدانییە بەڵکو لە ڕووی پێشکەوتندا چەق بەستوو بوو، هەمیشە جەنگ و کوشتار تیایدا ڕووی دەدا. بەڵام کاتێک ڕێنیسانس ڕوویدا ئیدی جەنگ کۆتایی هات بەرگێکی نوێ کرا بە ڕووی ئەورووپادا ئەویش هەنگاونان بوو بە ڕووی زانست و زانیاری و فێربوون.

لە ئیتاڵیادا ئەوەی وای کرد هەموو گۆڕانکارییەکان بەدی بکرێت و بە چەقی ڕووداوەکان دانرێت بوونی خێزانی فەرمانڕەوای فلۆرەنس "مێدچییەکان" بوون کە کەسانی نوێگەری خواز و زانست خواز بوون چەندین کاری گرنگیان ئەنجامدا بۆ هاونیشتمانیان وەک کردنەوەی ستۆدیۆی هونەری پێشکەوتوو بۆ هونەرمەندان، کردنەوەی یانەی تایبەت بۆ ئاوازدانەر و موزیک ژەنەکان، کردنەوەی قوتابخانە کە تیایدا فەلسە و ئەدەب و زانست بابەتی سەرەکی خوێندن بوون، پاڵپشتی کردنی داهێنەرەکان بۆ پێشخستنی کۆمەڵگە و مرۆڤایەتی.


سەرچاوەکان



86 بینین