پشکنینی هەستیاری

له‌لایه‌ن: - لەنیا بەختیار لەنیا بەختیار - به‌روار: 2024-05-27-14:35:00 - کۆدی بابەت: 13002
پشکنینی هەستیاری

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

پشکنینی هەستیاری (بە ئینگلیزی: Allergy test، بە عەرەبی: تحلیل الحساسیة) پزیشک پشکنینی هەستیاری ئەنجام دەدات، تاکوو بزانێت کۆئەندامی بەرگری لەشی نەخۆشەکەی بە شێوەیەکی نائاسایی کارلێک لەگەڵ چ جۆرە ماددەیەکدا دەکات. دەکرێت خەڵکی هەستییاریان بە شتەکانی ژینگە وەک کەڕووەکان، دەنکە هەڵاڵە و ئاژەڵە ماڵییەکان هەبێت. هەندێک لە خەڵکی هەستیارییان بە پێوەدانی هەنگ هە یە ئەو کەسانەی هەستیارییان بە خواردن هەیە سیستمی بەرگری لەشیان کاردانەوەیان بۆ شیر یان هەندێک خواردنی تر هەیە. پزیشک ئەم پشکنینە ئەنجام دەدات کاتێک نیشانەکانی هەستیاری کە دەبێتە هۆی بێزارکردنی نەخۆشەکە دەردەکەون. هەروەها کاتێک کەسێک نەخۆشیی تەنگەنەفەسیی هەیە ئەم پشکنینەی بۆ ئەنجام دەدرێت. لە ڕێگەی ئەم پشکنینەوە ئەو هۆکارانەی دەبنە هۆی تەنگەنەفەسی و هانی دەرکەوتنی نیشانەکان دەدەن، دیاری دەکرێت.

جۆرەکانی پشکنینی هەستیاری

ئەم پشکنینە بە چەند جۆرێک ئەنجام دەدرێت، بەڵام پزیشک بەپێی نیشانەکان و ئەو هۆکارانەی کە گومان دەکرێت بوبێتە هۆی ڕوودانی هەستییارییەکە جۆری پشکنینەکە دیاری دەکات.

لە ڕێگەی پێستەوە

دەرزییەکی بچووک لە پەنجە یان پشت دەدرێت لەگەڵ ١٠ بۆ ٥٠ هۆکاری ڕوودانی جیاوازی هەستیاری. یان دڵۆپی هۆکارەکانی هەستیاری لەسەر پێست دادەنرێت، لە ڕێگەی دەرزی لێدان یان ڕووشاندنی پێستەکەوە ئەم ماددانە دەچنە ناو لەشەوە. ئەگەر ئەم ماددانە هەستیاری لە لەشی کەسەکەدا دروست بکەن ئەوا نیشانەکانی هەستیاری کە بەزۆری سوربوونەوەیە لە ماوەی ١٥ خولەکدا دەردەکەون. ڕەنگە کاردانەوەکە لە شێوەی زیپکەی سووربووە و بەرزبووەوە دەربکەوێت. ئەم پشکنینە بۆ هەستیاری خواردن، هەندێک ماددە کە لە هەوادا هەیە و هەستیاری بە پەنسلین بەکاردێت.

پشکنینی ژێر پێست

کاتێک ئەنجامی پشکنین لە ڕێگەی پێستەوە نەرێنی یان ڕوون نەبێت پشکنینی ژێر پێست ئەنجام دەدرێت. لە ڕێگەی ئەم پشکنینەوە بڕێکی کەم لە هۆکارەکانی ڕوودانی هەستیاری دەکرێتە چینی ژێرەوەی پێست. ئەم جۆرەی پشکنینی هەستیاری بۆ دەستنیشانکردنی هەستیاری بە دەرمان، پێوەدانی مێرووەکان و پێکهاتەکانی ژینگە وەک خۆڵ یان گازدا هەیە بەکاردێت.

پشکنینی پاچ (patch test)

ئەم پشکنینە بۆ دیاریکردنی هۆکاری هەستیاری هەوکردنی پەیوەندیدار بە پێست (Contact dermatitis) بەکاردێت. بۆ ئەنجامدانی ئەم پشکنینە هۆکاری تووشبوون بە هەستیارییەکە لەسەر پێستی قۆڵ دادەنرێت و بە لەفاف دەپێچرێت. یان لەفافی تایبەت کە هۆکارەکانی تووشبوون بە هەستیاری لەسەر قۆڵ دادەنرێت، دوای دانانی لەفافەکە بۆ ماوەی ٤٨ یان ٩٨ سەعات لەفافەکە بە شوێنەکەی خۆیەوە بەجێ دەهێڵدرێت، دواتر لا دەبردرێت و سەیر دەکرێت بزانرێت سووربوونەوە ڕووی داوە یان نا.

پشکنینی خوێن Blood (IgE) test

دوای وەرگرتنی خوێن هۆکارەکانی تووشبوون بە هەستیاری بۆ خوێن زیاد دەکرێت، دواتر پشکنین بۆ دژەتەنی IgE  دەکرێت.

Challenge test

ئەم پشکنینە پشکنینێکی هەستیارە و پێویستی بە چاودێریکردنی زیاتر هەیە. ئەو کەسانەی هەستیاریان بە خۆراک یان بە دەرمان هەیە، بڕێک لە هۆکاری تووشبوون بە هەستیارییەکە دەخۆن. بەڵام ئەم پشکنینە لەلایەن ئەو کەسانەی کە شارەزایی تەواویان لە تووشبوون بە هەستیاری هەیە ئەنجام دەدرێت. چونکە ڕەنگە ئەو کەسانە بەهۆی خواردنی هۆکاری تووشبوون بە هەستیاری تووشیی هەستیاری ببن و پێویستییان بە چارەسەری بەپەلە دەبێت.

خۆ ئامادەکردن بۆ ئەنجامدانی پشکنینەکە

پێش ئەنجامدانی پشکنینەکە پزیشک ڕێنمایی بە نەخۆش دەدات لە وەستاندنی دەرمانەکانی هەستیاری وەک دژە هیستامین سێ بۆ حەوت ڕۆژ پێش ئەنجامدانی پشکنینەکە. ئەگەر دەرمانەکان نەوەستێنرێن ئەوە هەڵە لە ئەنجامی پشکنینەکەدا دروست دەبێت چونکە ڕێگری لە کاردانەوەی سیستمی بەرگری بۆ هۆکارەکانی تووشبوون بە هەستیاری دەکەن و هەڵە لە ئەنجامی پشکنینەکەدا دروست دەکەن.


سەرچاوەکان



1867 بینین