هۆکارەکانی قژ هەڵوەرین

له‌لایه‌ن: - شارا نەوزاد شارا نەوزاد - به‌روار: 2024-05-30-22:28:00 - کۆدی بابەت: 13078
هۆکارەکانی قژ هەڵوەرین

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

هۆکارەکانی قژ هەڵوەرین (بە ئینگلیزی; The causes of hair loss، بە عەرەبی; أسباب تساقط الشعر) هەڵوەرینی قژ کۆمەڵێک هۆکاری هەیە. ئەوەی دەبێتە هۆی لەدەستدانی قژ و هۆکارەکەیەتی دەتوانێت دیاری بکات کە ئایا قژ:

  • بەرە بەرە یان لەناکاو دەوەرێت
  • چەنێک تەنکدەبێتەوە
  • دەتوانێت گەشبکاتەوە
  • پێویستی بە چارەسەر هەیە بۆ گەشەکردن
  • پێویستی بە چاودێری دەستبەجێ هەیە بۆ ڕێگریکردن لە لەدەستدانی هەمیشەیی قژ

دیاریکردنی هەموو ئەمانەش دەتوانێت یارمەتیدەربێت لە دووبارە گەشەکردنەوەی قژ و ڕێگریکردن لە هەڵوەرینی زیاتری قژ.

هۆکارەکان

هۆکاری بۆماوەیی

هەردوو ژن و پیاو دووچاری ئەم جۆرە قژ هەڵوەرینە دەبنەوە، کە باوترین هۆکاری هەڵوەرینی قژە لە جیهاندا. لە پیاواندا پێی دەوترێت قژ هەڵوەرینی بەستراو بە پیاو هەروەها لە ژناندا پێی دەوترێت قژ هەڵوەرینی بەستراو بە ژن. هەروەها لە زمانی پزیشکی و بەشێوەیەکی گشتی، بەبێ گوێدانە ئەوەی کە لە ژن یان پیاودا گەشە دەکات پێی دەوترێت ڕووتانەوەی ئەندرۆجینی (androgenic alopecia). گرنگ نییە چ زاراوەیەک بەکاردەهێنرێت، بەگشتی واتای ئەوەیە کە بۆهێڵێک بە میرات لە باوانەوە وەردەگیرێت و دەبێتە هۆی ئەوەی کە سەلکی موو (کە هەر قژێک لێی گەشە دەکات) بچووک ببێتەوە و لە کۆتاییدا واز لە گەشەکردنی قژ بهێنیت. بچوکبوونەوەی سەلکی موو لەوانەیە زووتر لە تەمەنی هەرزەکاریدا دەست پێبکات، بەڵام زۆرجار دواتر و بە درێژایی ژیان دەست پێدەکات. لە ئافرەتاندا، یەکەم نیشانەی بەرچاوی هەڵوەرینی قژی بۆماوەیی بە گشتی تەنکبوونەوەیە یان لە بەشێکی فراوانی سەر تەنکبوونەوەی قژ دروستدەبێت. لە پیاواندا کاتێک بە هۆکاری بۆماوەتی قژییان دەوەرێت، یەکەم نیشانە زۆرجار هێڵێک یان خاڵێکی کەچەڵییە لە بەشی سەرەوەی سەردا.

خۆشبەختانە ئەگەری گەشەکردنەوەی قژ لەم حاڵەتەدا هەیە ئەویش بە چارەسەر وەرگرتن کە دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە ڕاگرتن یان خاوکردنەوەی هەڵوەرینی قژ. هەروەها لەوانەیە یارمەتی قژ نوێکردنەوە بدات. چارەسەرێک زوو دەست پێبکات، باشتر کار دەکات. بەبێ چارەسەر، قژ هەڵوەرین بەردەوام دەبێت.

تەمەن

لەگەڵ تەمەندا، زۆربەی خەڵک تێبینی ئەوەدەکەن بەشێک لە قژیان لەدەستدەدەن چونکە گەشەی قژ خاو دەبێتەوە. لە هەندێک خاڵدا، سەلکی موو واز لە گەشەکردنی قژ دەهێنێت، کە ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی قژ لەسەر پێستی سەرمان تەنک بێتەوە، هەروەها قژ ڕەنگی خۆی لەدەست دەدات. قژی ژن بە شێوەیەکی سروشتی دەست دەکات بە کەمبوونەوە. زوو چارەسەرکردن دەکرێت یارمەتی هەندێک کەس بدات قژیان گەشە بکاتەوە.

ڕووتانەوەی ئاریتا (Alopecia areata)

ئەم جۆرەی قژ ڕووتانەوە نەخۆشییەکە کە گەشە دەکات کاتێک کۆئەندامی بەرگری لەش هێرش دەکاتە سەر سەلکی موو، هەروەها دەبێتە هۆی هەڵوەرینی قژ. دەکرێت لە هەر شوێنێکی جەستە قژ بوەرێت، لەوانە پێستی سەر، تەنانەت لەناو لووت و گوێکان. هەروەها هەندێک کەس برژانگیان لە دەست دەدەن هەروەها هەنێکی تر لەوانەیە برۆشیان لەدەست بدەن. ئەگەر قژ خۆی نەتوانێت دەست بە گەشە بکاتەوە، چارەسەر دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ هاندانی گەشەکردنەوەی قژ.

وەرگرتنی چارەسەری شێرپەنجە

ئەو کەسانەی تووشبووی شێرپەنجەن و چارەسەری کیمیای یاخود تیشک بۆ ئەو مەبەستە وەردەگرن بە تایبەت بۆ سەر یان ملیان، دەکرێت دووچاری لەدەستدانی هەموو قژیان ببنەوە، بەلای کەمەوە زۆربەی قژیان و مووی جەستەیان لەدەست دەدەن. قژ بەزۆری دەست دەکاتەوە بە گەشەکردن لە ماوەی چەند مانگێک دوای تەواوکردنی چارەسەری کیمیایی یان چارەسەری تیشک بۆ سەر یان مل. هەروەها پزیشکانی پێست دەتوانن دەرمان پێشکەش بکەن بۆ ئەوەی قژ خێراتر گەشە بکاتەوە. دەکرێت بەکارهێنانی کڵاوێکی ساردکردنەوە لە پێش و لە کات هەروەها دوای هەر کۆبوونەوەیەکی چارەسەری کیمیایی یارمەتیدەر بێت لە ڕێگریکردن لە وەرینی قژ.

منداڵبوون، نەخۆشی، یان بوونی فشار

چەند مانگێک دوای منداڵبوون، چاکبوونەوە لە نەخۆشییەک، یان ئەنجامدانی نەشتەرکاری، لەوانەیە تێبینی قژی زۆر زیاتر بکەیت لەسەر شانەکەت یان لەسەر سەرینەکەت. هەروەها دەکرێت ئەمە لەکاتی بوونی فشاری دەروونی لە ژیانتدا ڕووبدات، وەک جیابوونەوە یان مردنی کەسێکی خۆشەویست. لەم دۆخەدا ئەگەر فشارەکە بوەستێت، جەستەت ڕێک دەبێتەوە و قژ وەرینی زیاد لە سروشتی دەوەستێت. کاتێک وەرینەکە دەوەستێت، قژی کەسەکە بە تەواوی ئاسایی دەبێتەوە لە ماوەی ٦ بۆ ٩ مانگدا.

شێوازی نادروستی چاودێری قژ

ئەگەر قژ ڕەنگ بکرێت، یان قژ نیگرۆ بکرێت، لەوانەیە ڕێگایەک بەکاربهێنرێت کە زیان بە قژ بگەیەنێت. بە تێپەڕبوونی کات، ئەم زیانانە دەبنە هۆی لەدەستدان و هەڵوەرینی قژ. دەتوانرێت شێوازی گرنگیدان بە قژ بگۆڕێت، بۆ ئەوەی ڕێگری لە هەڵوەرینی قژ بکرێت. کاتێک زیان بە سەلکی موو دەگات، قژ ناتوانێت لەو سەلکەوە گەشە بکات. هەبوونی چەندین سەلکی مووی زیانی پێگەیشتوو خاڵی ڕووتاوەی هەمیشەیی دروست دەکات.

شێوازی قژ دانانی نادروست

زۆر جار قژ بە توندی بەستنەوە زیان بە پێستی سەر دەگەیەنێت، چونکە ئەمە دەبێتە هۆی ڕاکێشانی بەردەوامی قژ و دەبێتە هۆی هەڵوەرینی هەمیشەیی قژ. ناوی پزیشکی بۆ ئەم نەخۆشییە بریتییە لە (traction alopecia) واتا قژ ڕووتانەوە بەهۆی ڕاکێشانەوە. تەنها بە وازهێنانی لەو شێوازانەی قژ دانان دەتوانرێت ڕێگری بکرێت لە هەڵوەرینی قژ لەم دۆخەدا.

ناهاوسەنگی هۆڕمۆنی

یەکێک لە هۆکارە باوەکانی ئەم ناهاوسەنگییە بریتییە لە نەخۆشی هێلکەدان (PCOS). ئەم نەخۆشییە دەبێتە هۆی دروستبوونی کیس لەسەر هێلکەدانەکانی ئافرەتان، لەگەڵ نیشانەکانی تری، ئەم نەخۆشییە دەکرێت هەڵوەرینی قژیش نیشانەیەک بێت. هەروەها ڕاگرتنی هەندێک جۆری حەبی کۆنترۆڵی منداڵبوون دەبێتە هۆی ناهاوسەنگی هۆرمۆنی کاتی. ئەو ئافرەتانەی کە ناهاوسەنگی هۆرمۆنیان هەیە لەوانەیە قژیان تەنک بێتەوە لەسەر پێستی سەریان بەهۆی هەڵوەرینی زیاتر لە سروشتی قژیانەوە. لەم دۆخەدا چارەسەر لەوانەیە یارمەتیدەر بێت بۆ یارمەتیدانی گەشەی زیاتری قژ و گەڕانەوە بۆ شێوەی ئاسایی.

هەوکردنی پێستی سەر

هەوکردنی پێستی سەر لەوانەیە ببێتە هۆی کڕێشک و هەندێک جار هەوکردنی ناوچەی سەر لەوانەیە ببینرێت کە لە خاڵە ڕەشە بچووکەکان دەچێت لەسەر پێستی سەر کە لە ڕاستیدا ئەمانە قژی کورتن. هەندێک کەس بەهۆی هەوکردنی پێستی سەریانەوە دووچاری ڕووتانەوە لە بەشێکی پێستی سەریان دەبن. چارەسەر دەتوانێت نەخۆشییەکە ڕزگار بکات و کاتێک هەوکردنەکە پاک دەبێتەوە، قژ دووبارە گەشە دەکاتەوە.

دەرمان

یەکێک لە کاریگەرییە لاوەکییەکانی هەندێک دەرمان بریتییە لە هەڵوەرینی قژ. ئەگەر بەکارهێنانی دەرمانێک ببێتە هۆی هەڵوەرینی قژ، باشترە لەگەڵ پزیشک قسە بکرێت و واز بەکارهێنانی دەرمانەکە بهێنرێت. لەگەڵ ئەوەش ڕاگرتنی هەندێک دەرمان لەوانەیە ببێتە هۆی کێشەی تەندروستی بۆیە بەدڵنیاییەوە دەبێت بۆ ئەم بابەتە قسە لەگەڵ پزیشک بکرێت و ڕێنمایی پزیشک جێبەجێبکرێت بۆ ئەوەی بەشێوەیەک بێت کە نە قژ هەڵوەرین بەردەوام بێت نە زیانیش بە تەندروستی کەسەکان بگات.

بەڵەکی پێستی سەر

زۆرێک لەو کەسانەی کە بەڵەکی پێستی سەریان هەیە و لە هەندێک کاتدا تووشی شێرپەنجە دەبن لەسەر پێستی سەریان، لەوانەیە ئەم حاڵەتەیان ببێتە هۆی هەڵوەرینی قژ. لەم دۆخانەدا قژ دووبارە گەشە دەکاتەوە کاتێک پێستی سەر پاک دەبێتەوە، بەڵام ئەمە کاتی دەوێت. بە بەدواداچوونی ئامۆژگارییەکانی پزیشکی پێست، لەوانەیە بتوانرێت ڕێگری لە هەڵوەرینی قژ بکرێت.

ڕاکێشانی قژ

هەندێک کەس زۆر جار قژیان ڕادەکێشن بۆ کەمکردنەوەی فشاری دەروونی. لەوانەیە تەنانەت ئەوان نەزانن کە قژیان ڕادەکێشن و لە شڵەژاوی و پەشکۆییان دەست بۆ قژ و  سەریان دەبەن. زاراوەی پزیشکی بۆ ئەمە بریتییە لە ترایکوتیلۆمانیا (trichotillomania). ئەگەر سەلکی موو زیانی پێنەگەشتبێت ئەوا دەتوانرێت ڕێگە بە گەشەکردنەوەی قژ بدرێت بە وازهێنان لە ڕاکێشانی قژ.

ڕووتانەوە بەهۆی برین

سەر ڕووتانەوە و هەڵوەرینی قژ بە هۆی برینەوە، دۆخێکە کاتێک گەشە دەکات کە هەوکردن سەلکی موو لەناودەبات. کاتێک لەناودەچێت، سەلکی موو ناتوانێت گەشە بە قژ بدات. هەلومەرجە جیاوازەکان دەتوانن ببنە هۆی ئەم حاڵەتە. ناوی پزیشکی ئەم کۆمەڵە نەخۆشییە بریتییە لە (cicatricial alopecia) واتا ڕووتانەوە بەهۆی برین. کاتێک سەلکی موو لەناودەچێت، ناتوانێت قژ گەشە بکات. زوو چارەسەرکردنی ئەم حاڵەتە دەتوانێت ڕێگری لە هەڵوەرینی قژ بکات.

هەوکردنە گوازراوە سێکسییەکان

هەوکردنی گوازراوەی سێکسی (STI) دەبێتە هۆی هەڵوەرینی قژ. بۆ نموونە نەخۆشی سیفیلیس بریتییە لەو هەوکردنانەی کە بە هۆی سێکسەوە دەگوێزرێتەوە. بەجێهێشتنی نەخۆشییەکە بەبێ چارەسەر دەتوانێت ببێتە هۆی هەڵورینی قژ لەسەر پێستی سەر، برۆکان، ڕیش و شوێنەکانی تر. هەروەها هەندێک جۆری دیکەی هەوکردنی گوازراوەی سێکسی هەن کە بەهەمان شێوە دەتوانن ببنە هۆی هەڵوەرینی قژ. دوای چارەسەرکردنی هەوکردنەکە، قژ زۆر جار دەست دەکاتەوە بە گەشەکردن.

نەخۆشی غودە

ئەو کەسانەی کێشەی غودەیان هەیە هەست بە تەنکبوونەوەی قژیان دەکەن، هەندێک کەس تێبینی ئەوە دەکەن کە قژیان لە کاتی شانەکردنیدا بە تۆپەڵ دێتەوە. چارەسەرکردنی نەخۆشی غودە دەتوانێت لەدەستدانی قژ پێچەوانە بکاتەوە و بیگەڕێنێتەوە بۆ شێوازی ئاسایی.

کەمی بایۆتین، ئاسن، پڕۆتین، یان زینک

ئەگەر بەشی پێویستی یەکێک یان زیاتر لەمانە بەدەست نەهێنرێت، قژ هەڵوەرین لەوانەیە دەربکەوێت. چونکە ئەمانە هەموو ماددەی خۆراکی گرنگن و ڕۆڵیان لە گەشەکردنی قژدا هەیە. کاتێک جەستە بە پێی پێویست لەم خۆراکانەی دەست دەکەوێت، قژ دەتوانێت دووبارە باشتر گەشە بکاتەوە.

لێکخشاندن

دەکرێت خەڵکی دووچاری قژ هەڵوەرین ببنەوە کاتێک کە کڵاوەکان، تەنانەت پێڵاوەکان، یان جلوبەرگی توند بە پێستیانەوە دەخشێنن. زاراوەی پزیشکی بۆ ئەمە بریتییە لە (frictional alopecia) ڕووتانەوەی لێکخشاندن یاخود ڕووتانەوەی قژ بەهۆی لێکخشاندنەوە. قژ لەم دۆخەدا دووبارە خۆی دەست بە گەشەکردنەوە دەکات کاتێک لێکخشانەکە دەوەستێنرێت.

ژەهراویبوون

ژەهراویبوون بە هێواشی دەبێتە هۆی هەڵوەرینی قژ. ئەو ژەهرانەی کە دەتوانن ببنە هۆی هەڵوەرینی قژ بریتین لە ئەرسینیک، تالیۆم، جیوە و لیثیۆم. ئەگەر بڕێکی زۆر لە وارفارین بخورێتەوە، کە لە ژەهری مشک و قرتێنەرەکاندا دەدۆزرێتەوە، لەوانەیە ببێتە هۆی هەڵوەرینی قژ. هەروەها بەکارهێنانی بڕێکی زۆر ڤیتامین A یان سێلینیۆم ژەهراوییە و دەبێتە هۆی لەدەستدانی قژ. هەروەها قژ دەتوانێت بە شێوەیەکی بەرچاو دەست بە گەشە بکاتەوە کاتێک چیتر بەرکەوتنی بە ماددە ژەهراوییەکان نامێنێت.


سەرچاوەکان



635 بینین