بازرگانی لە باشووری کوردستان لە سەدەی بیستەم

له‌لایه‌ن: - حمد تاریخ حمد تاریخ - به‌روار: 2024-06-22-14:37:00 - کۆدی بابەت: 13244
بازرگانی لە باشووری کوردستان لە سەدەی بیستەم

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

بازرگانی یەکێکە لە چالاکییە ئابوورییەکان مروڤ دەتوانێت پێداویستییەکانی خۆى لە كەلوپەل و خزمەتگوزاری دەستەبەر بکات، خاڵی بەیەکگەیشتنی بەرهەمهێن و بەکاربەرە، تا بازرگانی گەشە بکات کەلوپەل و خزمەتگوزارییەکان بە ئاسانی و تێچووی کەمتر دەکەوێتە دەستی بەکاربەر، بازرگانی دابەش دەبێت بۆ دوو بەش ناوخۆ و دەرەکی، ئەرکی بازرگانی ناوخۆ گەیاندن و دابینکردنی کاڵا و خزمەتگوزارییە بۆ بەكاربەر لە سنووری جوگرافیای دەوڵەت، هەرچی بازگانی دەرەکییە ئاڵوگۆڕی کەل و پەلی ئابووری نیشتیمانییە لە دەرەوەی سنووری جوگرافیای دەوڵەت و پرۆسەی گواستنەوەی خاوەنداریەتى كاڵایە لە لايەنێكەوە بۆ لایەنێکی تر کە هاوردە و هەناردەیە.

بازرگانی لە هەرێمی کوردستان لە سەدەی بیستەم

چالاکی بازرگانی بە یەکێک لە سێکتەرە دواکەوتووەکانی باشووری کوردستان دادەنرێت لە سەدەی بیستەم، ڕێژەی ئەو کەسانەی بە کاری بازرگانی خەریک بوونە لە یەک لە سەدی دانیشتووان تێپەڕی نەکردوە، کوردستان بەشێک بوە لە عێراق، ئابووری عێراقیش تا ساڵی ١٩٥٠ زیاتر پشتی بە کشتوکاڵکردن دەبەست، لە ساڵانی دواتر ئابووری نەوت بەدیار کەوت بە تایبەت لە دوای ساڵی ١٩٧٥ بە دواوە بەهۆی خۆماڵی کردنی نەوت و بەرزبونەوەی نرخی نەوت داهاتی بە ڕیژەیەکی زۆر بەرز بوەوە، بەڵام ئەمە نەبووە هۆی گەشەکردنی بازرگانی لە باشووری کوردستان، بەشێکی زۆری پەیوەندی بە خراپی دۆخی سیاسی کوردستان هەبوو کە بەهۆی ململانێی نەتەوەی و خاک لەگەڵ حکوومەتە یەک لەدوای یەکەکانی عێراق و ناکۆکی حیزبە سیاسییەکانی کوردستان لەلایەک و سیاسەتی ئابووری عێڕاق کە نەیدەویست ئابووری کوردستان گەشەبکات لەلایەکی تر، ئەمە وایکردبوو بازرگانی لە کوردستان گەشە نەکات.

ئەو بازرگانییەی کە هەبووە بۆ نموونە بازرگانی دەرەوە بەهۆی نەبوونی سەربەخۆیی سیاسی کوردستان تاکو نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوو، دەبوایە لە ڕێگەی ئێران و تورکیا و سووریا و عێراق ئەنجام بدرێت بەبێ ڕەچاوکردنی بەرژەوەندی ئابووری و سیاسی کوردستان.

هۆکارەکانی پەرەسەندن و بەرەوپێشچوونی بازرگانی

سەرەڕای دواکەتوویی بازرگانی لە باشووری کوردستان لەو سەردەمە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا کۆمەلێک هۆکار یارمەتیدەربوون بۆ گەشەکردنی بازرگانی و بەهێزکردنی ژێرخانی ئابووری، لەوانە: 

  • پردی پەیوەندی لە نێوان بەرهەمهێنەر و بەکاربەران لە ناوخۆ و دەرەوە بەتایبەت لە دوای ساڵی ١٩٩١.
  • هەڵکەوتەی شوێنی جوگرافیای کوردستان کە هاوسنوورە لەگەڵ چەند وڵاتێک ئەمە یارمەتیدەرەبووە بۆ دروست بونی پەیوەندی بازرگانی.
  • گەشەی دانیشتووان هۆکارێکی ترە کاردەکاتە سەر گەشەکردنی کەرتی ئابووری بە گشتی و کەرتی بازرگانی بە تایبەتی، چونکە دانیشتووان بەشدارن لە بەرهەمهێنان و بەکاربردنی بەرهەمەکان.
  • ڕێگاکانی گواستنەوە و گەیاندن ڕۆلێکی گرنگیان هەیە لە بەهێزکردنی پەیکەربەندی ئابووری نیشتیمان لە کوردستان بە دیاریکراوی لە پارێزگای هەولێر لە دوای ساڵی ١٩٧٥ تۆڕی بەستنەوەی ڕێگاکانی گواستنەوەی پارێزگای هەولێر بە شارە ناوخۆیەکان و دەرەوە گەشەی زۆری بەخۆوە بینی.
  • کەرتی گەشتیاری و دامەزراوە خزمەتگوزارییەکان هۆکارێکی ترن کار دەکەنە سەر گەشەی بازرگانی و بەدەستهێنانی دراوی بیانی و دابینکردنی هەلی کار و سەرچاوەی داهات بۆ دانیشتووان.

گرنگترین بەرهەمەکانی بازرگانیکردن

ئەو بەرهەمانەی دەچوونە قاڵبی بازرگانیکردن بریتی بوون لە توتن، گەنم، بەرهەمە شیرییەکان، شوشەوات، ئاژەڵی زیندوو، هێلکە، پێستەی ئاژەڵ و چەندانی تر، ئەو بەرهەمانە بەشێکیان لە ناوخۆ و بەشێکیان لەگەڵ دەرەوە بازرگانیان پیوە دەکرا.


سەرچاوەکان



159 بینین