وەهمی چارەسەرکردن بە وزە و چاکراکان

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان ئیسرا بورهان - به‌روار: 2024-06-23-21:00:00 - کۆدی بابەت: 13262
وەهمی چارەسەرکردن بە وزە و چاکراکان

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

چارەسەرکردن بە وزە و چاکراکان یان چارەسەرییەکانی ڕیکی (بە عەرەبی: علاج بالطاقة و الشاكرات، بە ئینگلیزی: Energy and chakras therapy) جۆرە چارەسەرێکن کە لە سەردەمی هاوچەرخدا بانگەشەی بۆ دەکرێت و گرنگی زۆری پێدەدرێت و هەندێک زۆر گەورەیان کردووە، بە چارەسەری ڕۆحی یان چارەسەر و پزیشکی ڕۆژهەڵاتی یان بە چارەسەرە جێگرەوەکانیش ناسراوە.

چارەسەرکردن بە زانستی وزە بریتییە لە پراکتیزەکردن و بەکارهێنانی ڕێوڕەسم و ڕێگای ناباو و نامۆ بۆ چارەسەرکردنی کەسی نەخۆش، لایەنگرانی بانگەشەی ئەوە دەکەن کە دەتوانن جەستەی مرۆڤ بە وزەی ڕۆحی یان زیندەیی بارگاوی بکەنەوە و بەمجۆرە لە نەخۆشییە جەستەیی و دەروونییەکان چارەسەر دەکرێن، لایەنگرانی ئەم چەمکە دژ بە چارەسەرە پزیشکییە باو و بڵاوەکانن و چارەسەرە پزیشکییە مۆدێرنەکان ڕەت دەکەنەوە، بە تایبەت لە بواری دەروونناسی و دەرووننشیکاری.

چارەسەرییەکان بە زانستی وزە لەسەر بنەمای تێگەیشتنە دەروونییەکان و بیروباوەڕە ئایینەکانی ڕۆژهەڵاتی ئاسیا وەک ئایینی هیندۆسی و بودایی وەرگیراوە و دانراوە، کە لە بنەڕەتدا مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ کارکردن بە وزەی خۆر و گەرمی، ژاپۆنییەکان یەکەم گەل بوونە لە سەرەتای سەدەی بیستەم ئەم چارەسەرییەیان بە شێوازی جیاواز بەکارهێناوە.

لەم سەردەمەدا ئەوانەی خۆیان به پسپۆڕانی چارەسەرییەکانی وزە و مامۆستای ئەو بوارە و دادەنێن بەرگێکی زانستییان بۆ ئەم بابەتە داناوە و بەشێکیان بە لاڕێیان بردووە، خول و دیبەیت و سیمینار و ناوەندی بۆ ئەکەنەوە و بانگەشەی بۆ دەکرێت، ئامانجەکەشی زیاتر  بۆ قازانجی ماددی و خۆدەرخستنە و ئەنجامی کارا و ڕاستەقینەی دیار و ڕوون نییە. 

زۆرێک لە بابەتەکانیان پەیوەستە بە بابەتە دەروونی و سۆزدارییە هەستیارەکانی وەک خۆشەویستی و ئەوینداری، بەدەستهێنانی پارە بە کاتێکی کەم یان دەوڵەمەندبوون بە خێرایی، کێشە و ناکۆییەکانی تەمەنی منداڵی و ڕابردوو، گەشبینبوونی کاتی و چەندان بابەتی هەستیاری تر، هەندێکی تریان قوڵتر دەبنەوە و بانگەشەی ئەوە دەکەن کە چارەسەری یەکجارەکی نەخۆشییە درێژخایەنەکانی وەک شێرپەنجە و خەمۆکی و شەکرە دەکەن بە بێ دەرمان.

چارەسەرکردن بە وزە و چاکراکان لە تێڕوانینی زانستەوە

زانست و توێژینەوەکان بە تایبەت پسپۆڕەکانی دەروونناسی ئەم بابەتەیان پشتڕاست نەکرووەتەوە، چارەسەرییەکانی وزە و چاکراکان لەڕووی زانسییەوە نەسەلمێنراوان و بەهیچ جۆرێک پشتی پێنابەسترێت، ڕاستە وزە و چەمکەکانی وزە لە زۆر بواری فیزیا و بابەتەکانی فیزیادا بوونیان هەیە و سوودیان لێدەبینرێت، بەڵام بەم جۆرەی کە لەم سەردەمە باوە و بانگەشەی بۆ دەکرێت کە دەکرێت چارەسەرییەکانی وزە و چاکراکان ببنە هۆی دروستبوونی دەرئاسا و مرۆڤ لە نەخۆشی درێژخایەن یان کوشندە ڕزگار بکەن، هیچ تیۆرییەکی زانستی ئەم تێڕوانین و بانگەشانەی نەسەلماندووە، بە پێچەوانەوە هەندێک لە توێژینەوە و تیۆرییە زانستییەکان بە تایبەت ئەوانەی بواری دەروونناسی لەڕووی ئەم بانگەشانە لەڕووی زانستییەوە ڕەت دەکەنەوە و بەهیچ جۆرێک بە ڕاستی دانانێن و نایسەلمێنن و تەنانەت دژی ئەم بابەتەن.

جیاوازی نێوان چارەسەرییەکانی وزە و گەشەپێدانی مرۆیی

زۆرێک پێیان وایە کە بابەتەکانی وزە و چارەسەرەییەکانی هاوشێوەی بابەتەکانی گەشەپێدانی مرۆیین، چونکە لەسەر هەمان چەمک کاردەکەن کە بریتییە لە ناخ و خودی مرۆڤ، بەڵام پسپۆڕان پێیان وایە کە لە ئێستادا چارەسەرییەکانی وزە دەبەسرێنەوە بە بابەتەکانی گەشەپێدانی مرۆیی تاکو کەسی زیاتر ڕاکێشن و زیاتر بناسرێن، بەڵام ئەو دوو چەمکە دوو بابەتی لێک جوودان، گەشەپێدانی مرۆیی پەیوەندی نییە بە لایەنی ڕۆحی یان لەسەر بنەمای ئایینەکانی تری وەک بوودایی و هیندۆسی دانەنراوە و بانگەشەی چارەسەری نەخۆشی درێژخایەن و دەروونی ناکات، یان بانگەشەی ئەوە ناکات کە دژی چارەسەرە پزیشکییەکانیسەردەم بێت، بەڵکو گەشەپێدانی مرۆیی زیاتر پەیوەستە بە هاندانی خوودی و بەهیچ جۆرێک بانگەشە بۆ چارەسەری نەخۆشییە جەستەیی و دەروونییەکان ناکات.

چارەسەرکردن بە وزە و چاکراکان لە تێڕوانینی ئایینییەوە

لە ئایینی ئیسلامدا زیادەڕۆییکردن و باوەڕهێنان بەوەی کە چارەسەرکردن بە وزە و چاکراکان تاکە ڕێگایەکی چارەسەرە بۆ کێشەکان و باوەڕهێنانی ڕەها پێی، دەچێتە بواری هاوەڵ پەیداکردن بۆ خوا و دروست نییە و زانایانی ئیسلامی ڕەتی دەکەنەوە، هەروەها زۆرێک لەم جۆرە چارەسەرییانە لە بنەماکانی ئایینی بوودایی و هیندۆسی و ئایینەکانی تری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا وەرگیراون و لەو ئایینانە بوونیان هەیە، هاوکات بەشێک لەم چارەسەرییانە و بە دیاریکراوی ئاستە باڵاکانی مامەڵەکردن لەگەڵ جنۆکە و شەیتانەکانی تێدایە و وەکو جادووگەر و سیحرباز دەرەکەون بەڵام بە ناوی ترەوەن، بۆیە زانایانی ئیسلامی ئەم بابەتەیان ڕەت کردووەتەوە و بە ناپەسەندی دادەنێن، کارکردن پێی و باوەڕهێنان پێی ناپەسەندە و دروست نییە و ڕێگەپێدراو نییە.

چۆن ئەم چارەسەرە ئەنجام دەدرێت؟

کەسی پسپۆڕ زۆرجار ناوەندی چارەسەرکردنی هەیە و پسپۆڕ بە "ماستەر" ناوزەد دەکرێت، چارەسەرییەکە بە چەند دانیشتنێک دەکرێت و هەر دانیشتنێک ماوەکەی ٣٠ بۆ ٤٠ خولەکە. کەسە چارەسەرخوازەکە لەسەر کورسییەکی تایبەت دادەنیشێت یان پاڵدەکەوێت، پاشان چارەسەرکەر دەست دەکات بە ئاڕاستەکردنی وزەی چاکراکان بەرەو جەستەی نەخۆشەکە، وزەی چاکراکان ئەو وزەیەیە کە لە حەوت ناوچەی جەستەدا چڕبووەتەوە، پاشان چارەسەرکەر دەست دەکات بە قسەکردن  لەگەڵ نەخۆشەکە دەکات.

کەسی چارەسەرخواز هەست بە ئارامییەکی زۆر دەکات و تەنانەت لە کۆتایی دانیشتنەکەدا زۆرجار دەخەوێت و ئەم کردارە تاڕادەیەک وەک خەواندنی موگناتیسی وایە. هاوکات تێچووی هەر دانیشتنێک لە ناوچەیەک بۆ ناوچەیەکی تر جیاوازە، تێچوو لە نێوان ٥٠ بۆ ١٠٠ دۆلارەوە دەست پێدەکات، هەروەها ڕەنگە لە کاتی دانیشتنی چارەسەرکردندا کریستاڵ و بەردی نامۆ و جیاواز بەکاربهێنرێن.


سەرچاوەکان



170 بینین