قۆناغەکانی بەروپێشچوونی ژیانی زیندەگی

له‌لایه‌ن: - کارێز ڕەسووڵ نەبی کارێز ڕەسووڵ نەبی - به‌روار: 2024-07-25-14:27:00 - کۆدی بابەت: 13693
قۆناغەکانی بەروپێشچوونی ژیانی زیندەگی

ناوه‌ڕۆك

ناساندن 

قۆناغەکانی بەروپێشچوونی ژیانی زیندەگی (بە عەرەبی: مراحل تطور الحياة البيولوجية، بە ئینگلیزی: Stages of the development of biological life). سەرھەڵدانی ژیان لەسەر زەوی بیرو بۆچوونی جیاواز لە بارەی خراونەتە ڕوو، بەڵام ئەوەی کە ڕوونە ژیان لەسەر زەویدا بۆ یەکەمین جار لە ئاوەوە  سەریھەڵداوە لە ژینگەییەکی سروشتی دواتر گوازراوەتەوە بۆ ژینگەی وشکانی، ھەروەکوو خودا لە قورئانی پیرۆز لە (سوڕەتی الأنبیاء، ئایەتی ٣٠) فەرموویەتی ﴿وَجَعَلْنَا مِنَ الْمَاءِ كُلَّ شَيْءٍ حَيٍّ﴾ واتە ئێمە ھەموو شتێکی زیندوومان لە ئاوەوە دروستکردووە.

ئەگەر چی زۆرێک لە زانایان و پسپۆڕان لەم بوارەدا سەرەتای سەرھەڵدانی ژیان دەگەڕێنەوە بۆ ٢٧٠٠ ملیۆن ساڵ بەر لە ئێستا، بەڵام بە گوێرەی ئەو زانیاریانەی کە لەبەر دەستدانە لە بارەی زیندەوەر زیندووەکان بەر لە چاخی کامبری کە بە ٥٠٠ ملیۆن ساڵ مەزندە دەکرێت. ھەربۆیە بە گوێرەی ئەو لێکۆڵینەوە مێژووی و جوگرافی و جیۆلۆجی و ژینگەییانەی کە ھەنە، هەر لە سەرەتای سەرھەڵدانی ژیان لە ئاو تاکوو سەردەمی ئێستا بە سێ زەمەن تێپەڕیووە، ھەر زەمەنێکیش لە چەند چاخێک پێکھاتووە و ھەر چاخێکیش کۆمەڵێک تایبەتمەندی ھەبووە.

زەمەنی یەکەم

ئەم زەمەنە ناسراوە بە (Paleozoic) چاخی ژیانی کۆن، کە ڕوواڵەتەکانی ژیانی ڕووەکی و ئاژەڵی بە تەواوەتی لەم چاخەدا بەرجەستەبوونە لە ڕێگای ئەو پاشماوانەی بە جێماون بە وێنەی جیاجیا بە تایبەتی لە ناوەڕاستی زەمەنی یەکەم. ئەم زەمەنە پێکھاتووە لە چاخەکانی: 

  • چاخی کامبر
  • چاخی ئەردۆفیشی
  • چاخی سیلۆری
  • چاخی دیفۆنی 
  • چاخی کاربۆنی
  • چاخی برمی

بە شێوەیەکی گشتی ھەریەک لە چاخەکانی (کامبری و ئەردۆفیشی و سیلۆری) بە چاخی سەرھەڵدان و بڵاوبوونەوەی قەوزەکان دادەنرێن، ھەر بۆیە ئەم ماوەیە بە (چاخی قەوزەکان) ناودەبرێت. سەبارەت بە چاخەکانی (دیفۆنی و کاربۆنی و برمی) سەرھەڵدان و بەرەوپێشچوونی ڕووەکی وشکانی ڕاستەقینەی بە خۆیەوە بینیووە، بە تایبەتی ڕووەکە (عائییەکان و سەرخەسییەکان)، دواتر ئەم ڕووەکانە گەشەیانکردووە تاکوو گەیشتوون بە قەبارەی درەختەکان، لە کۆتایی چاخی دیفۆنی بە نزیکەی ٣٥٠ ملیۆن ساڵ بەر لە ئێستا دارە تۆ دارەکان سەریانھەڵداوە.

سەبارەت بە (چاخی کاربۆنی) بەڵگەی زۆر کۆکراونەتەوە لەسەر بەرەوپێشچوونی زیندەوەرە ڕووەکییە کێوییەکان بە تایبەتی ڕووەکە (سەرخەسییەکان و حەزازاتە مەزنەکان) لەگەڵ دارە سنۆبەرییە سەرەتاییەکان لە ناوچەی زۆنگاوە گەرمەکان گەشەیانکردووە، ھەر بۆیە ئەم چاخە بە چاخی کاربۆنی یان خەڵووزی ناسراوە. لە گرنگترین تایبەتمەندییەکانی چاخی سیلۆری و دیفۆنی زۆری (ماسییەکان) بووە کە ژمارەیان لە ھەموو زیندەوەر و ئاژەڵەکان زیاتر بووە، ھەربۆیە زانایانی بواری زیندەوەرزانی بە (چاخی ماسییەکان) ناساندوویانە، لە کۆتایی چاخی دیفۆنی ھەندێک لە زیندەوەرەکان لە شێوەی برمی (بڕبڕەدار) و خشۆکەکان سەریانھەڵدا و دەستیانکرد بە گەشەکردن.

لە گرنگترین تایبەتمەندییەکانی چاخی برمی ڕوودانی گۆڕانکارییە ئاو و ھەواییەکان بووە کە بووە ھۆی دروستبوونی ئاو و ھەوایەکی وشک و گەرم، بەم ھۆکارەشەوە زۆرێک لەو زیندەوەرانەی لە چاخەکانی پێشتر سەریانھەڵدابوو نەیانتوانی لەگەڵ ئەم ژینگەیە خۆیان بگونجێنن و مردن، ھەندێکی تریان تونای خۆگونجاندنیان ھەبوو لەگەڵ ئەم ژینگە گەرم و وشکە و مانەوە و گەشەیانکرد، جگە لە لەناوچوون و مانەوەی ھەندێک لە زیندەوەران لەم چاخەدا کۆمەڵێک ڕووەکی تازە لەم ئاو و ھەوایە گەرم و وشکە دروستبوون وەکوو بڵاوبوونەوەی ڕووکە سنۆبەرییەکان لە شوێنی ڕووەکە سەرخەسییەکان، ھەربۆیە ئەم چاخە بە چاخی برمی یان سنۆبەری ناودەبرێت.

زەمەنی دووەم

سەبارەت بەم زەمەنی دووەم (Mesozoic) ناسراو بە زەمەنی ژیانی ناوەڕاست، ئەم زەمەنە لە دوای زەمەنی یەکەم (زەمەنی ژیانی کۆن) دەستپێدەکات و پێکھاتووە لە سێ چاخ کە بریتین لە: 

  • چاخی تریاسی 
  • چاخی جۆراسی 
  • چاخی کتریاسی

ژیانی ڕووەک و زیندەوەر و ئاژەڵەکان لەم زەمەنەدا گۆڕانکاری و بەرەوپێشچوونی زۆری بەخۆیەوە بینیووە، بە تایبەتی ھەردوو چاخی (تریاسی و جۆراسی) لە دوای چاخی برمی دێن لە زەمەنی یەکەم زیادبوونێکی بەرچاویان بەخۆیانەوە بینیووە لە درەختەکانی (سیکاد و سەراخس و سنۆبەرەکان) لە بواری زیندەوەر و ئاژەڵەکان زۆرێک لە خشۆکە گەورەکان سەریانھەڵدا لە چاخی تریاسی لە گرنگترین و بەناوبانگترینیان (دایناسۆڕەکان) بوو.

سەبارەت بە چاخی جۆراسی ھەریەک لە خشۆکە وشکانییەکان و باڵندە ھەواییەکان بڵاوبوونەوە ھەربۆیە ئەم چاخە بە چاخی خشۆکەکان دەناسرێت، یەکەمین ئاژەڵی شیردەر سەریھەڵدا و بڵاوبوویەوە بە نزیکەی ٢٢٠ ملیۆن ساڵ بەر لە ئێستا. چاخی کتریاسی دوا چاخی زەمەنی دووەمە کە بەرەوپێشچوونێکی گەورەی بەخۆیەوە بینی لە بواری زیندەوەرە ڕووەکییەکان و ڕووەکە تۆ دارەکان، زۆرێک لە درەختەکانی ئەم چاخە لە بنەڕەتدا دەگەڕێنەوە بۆ داری بەڕوو و گوێز.

زەمەنی سێیەم

ئەم زەمەنە ناسراوە بە (Cainozoic) زەمەنی ژیانی نوێ، بەر لە ٦٥ ملیۆن ساڵ بەر لە ئێستا ڕووەکە تۆ دارە (کاسییەکان) بڵاوبوونەوە شوێنی ڕووەکە تۆ دارەکانیان گرتەوە، ئەم زەمەنە لە سێ چاخ پێکھاتووە کە بریتین لە: 

  • چاخی پەلیۆجینی
  • چاخی نیۆجینی
  • چاخی کواتیرنیری

چاخی (میوسین) یەکێکە لە چاخەکانی نیۆجینی گژووگیا لە ڕووبەرێکی فراونی وشکانی بە خێرایی بڵاوبوونەوە، لەسەر حیسابی دارستانەکان، کۆمەڵەی ڕووەکە سەرەکییەکانی بریتیبوونە لە (دار و درەخت و ڕووەکە بیابانییەکان)، سەبارەت بە زیندەوەرە ئاژەڵییەکان لە زەمەنی سێیەم، کە ناسراوە بە زەمەنی شیردەرەکان، بەم شێوەیەش زیندەوەرە ڕووەکی و ئاژەڵییەکان سەریانھەڵدا لە سێ زەمەنی جیاواز، دوای تێپەڕبوونیان بە ١٢ چاخی جیاواز بە بەردەوامی لە گەشەکردن و گۆڕانکاری دابوونە تاکوو بەم ڕۆژگارەی ئێستا گەیشتوون، شایەنی باسە کە ھەندێک لە زیندەوەرە ئاژەڵییەکانی ئەو کات تاکوو ئێستاش ھەر ماون نموونەی ئەم جۆرانەش وەکوو (زەڕافە و تیمساح و فیل) لەگەڵ زیندەوەرە ڕووەکییەکانی وەکوو (سنۆبەر و داری بەڕوو و چنار).

بایەخی ئابووری زەمەنە جیۆلۆجییەکان

١- بەر لە چاخی کامبری: 
ئەم چاخە مەزندە دەکرێت بە (٤,٥ ملیۆن ساڵ تاکوو ٥٧٠ ملیۆن ساڵ) بەر لە ئێستا کە پێکھاتەی کانزا بەھادارەکانی وەکوو (زێڕ، زیو، مس، ئاسن، کڕۆم، نیکل و قورقشم و قسدری) ھەندێک لە کانزا تیشکدەرەکان لەگەڵ بەردی (مەرمەر و گرانیت) لە خۆگرتووە.
٢- زەمەنی یەکەم: 
ئەم زەمەنە پیکھاتەی خاوی کانزایی (ئاسن و مەنگەنیز و نیشتەنییە خەڵووزییەکانی) لە خۆگرتووە، لە کانەکانی ئەرووپا و چین و وڵاتانی یەکێتی سۆڤیەتی پێشوو و باشووری ئەفریقا و یەمەن و سعودیە بڵاوبوونەتەوە.
٣- زەمەنی دووەم: 
بە زەمەنی سەرھەڵدانی (نەوت) دادەنرێت، کە مێژووی سەرھەڵدانی دەگەڕێتەوە بۆ پێکھاتەکانی کریتاسی (تەباشیری) کە لە ئێستادا بە یەکەمین سەرچاوەی وزە دادەنرێت لە جیھاندا کە ھەریەک لە پێکھاتەکانی (فۆسفات و گۆکرد و کبریتی) لە خۆگرتووە. 
٤- زەمەنی سێیەم: 
بایەخی ئابووری ئەم زەمەنە سەرچاوەی گرتووە لە پێکھاتنی بەردی (جیری و قوری) کە بەکاردێن لە بواری پیشەسازی دروستکردنی چیمەنتۆ و بەردی بازڵت لە بوای جوانکاری نێوماڵ و بوارەکانی تر، بایەخی ئەم بەردانە دەگەڕێتەوە بۆ پێکھاتەکانی خاوی کبریت و قورقشم و نەوت.
٥- زەمەنی چوارەم: 
بایەخی ئابووری ئەم زەمەنە خۆی دەبینێتەوە لە (بەرد و چەو لم و قوڕ) کە بەکاردێن بۆ ڕەسیفکردنی شۆستە و ڕێگا و بانەکان و دروستکردنی خشت و بلۆک لە نیشتەنییە ڕووبارییەکان و دروستکردنی خاکێکی بە پیت بۆ ئەنجامدانی چالاکییە کشتوکاڵییەکان.


سەرچاوەکان



80 بینین