ئابلۆقەدانی موسڵمانان

له‌لایه‌ن: - نھاد جلال - به‌روار: 2019-09-04-21:17:00 - کۆدی بابەت: 56
ئابلۆقەدانی موسڵمانان

ناوه‌ڕۆك

ئابڵۆقەدان

بێ‌ باوەڕان هەردەم وازیان نەدەهێنا لە هەوڵی ئازاردان و لە ناوبردنی موسڵمانان، سەرەتا ڕێگەی قسەكردنیان گرتەبەر تا بە قسە پەشیمانیان بكەنەوە، پاشان كەوتنە گاڵتە پێكردنیان تا وایان لێ‌ بكەن واز بهێنن، دواتر ڕێگەی ئازاردانیان گرتەبەر و بە هەموو شێوەیەك ئازاری موسڵمانیان دەدا.
ئەمجارەیان بێیاوەڕان كەوتنە دانانی پلانێكی تر بۆ موسڵمانان تا بتوانن لەم ڕێگەیەوە سەربكەون بە سەریاندا ئەویش بریتی بوو لە گەمارۆدانی ئابووری و كۆمەڵایەتی، بێ‌ باوەڕان لە نێوان خۆیاندا كۆبوونەوە و بڕیاریاندا كە نابێت هیچ كەس كڕین و فرۆشتن بكات لەگەڵ موسڵماناندا و نابێت كەسیش تێكەڵیان بكات، بۆ ئەمەش هەموویان ئیمزای ئەم بڕیارەیان كرد و پێی ڕازی بوون، موسڵمانەكان بە ناچاری چوونە شیوێك كە پێی دەڵێن شیوی ئەبو تالیب). 


بارودۆخی موسڵمانەكان لەو ناوچەیەدا چی بوو

موسڵمانەكان لە وێ‌ زۆر بە ستەم لێكراوی و هەژاری دەژیان، ئەوان نانیان نەبوو بیخۆن، لە گەرما و سەرمادا لەوێ‌  بۆ خۆیان دادەنیشتن و كەس تێكەڵی نە دەكردن، بەڵێ‌ منداڵان و جگەرگۆشە ئازیزەكان، بڕوانن  بێ‌  باوەڕان چەند خراپ  و ستەمكارن، ئامادەن لەماڵی خۆیان بژین و هەموجۆرە خۆراك  و نانێك بخۆن و جلی جوان بكەنە بەری خۆیان و، بە دڵی خۆیان بگەڕێن و خۆیان بپارێزن لە سەرما و گەرما كەچی دەبێت موسڵمانان برسی بن و منداڵی بچووكی موسڵمانەكان نان نەبێت بخوات و هەموویان دووچاری گەرما و سەرما بن و تا سێ‌ ساڵی تەواو لەو بارودۆخەدا بژین. 
موسڵمانەكان هێندە برسیان بوو هیچ نەبوو تا بیخۆن، بە ناچاری گەڵای دار و درەختیان دەخوارد هەندێ‌ جار پێست و شكی ئاژەڵیان دەخوارد كە لەوێدا كەوتبوو،  بێ‌ باوەڕان ڕێگەیان نەدەدا كە هیچ كەس تێكەڵیان بێت، ژنیان لێ‌ نەهێنن و ڕێگەش نەدەن كەس بچێت بۆ لایان هەر كەسیش بچێت بۆ لایان یان یارمەتیان بدات یان تەنانەت قسەیان لەگەڵدا بكات ئەوا سزا دەدرێت و لەگەڵ ئەویشدا تێكەڵی ناكەن،  ئەبو تالیبیش لەو ماوەیەدا بە نهێنی یارمەتی موسڵمانانی دەدا بەوەی كەسانێكی دانا تا بەشەودا و بە نهێنی شت بەرن بۆ موسڵمانان، هەرچەندە خۆراكەكە زۆر كەم بوو، بەم جۆرە هەندێ‌ كەس بە نهێنی و بەبێ‌ ئەوەی بێ‌ باوەڕەكان بزانن كەوتنە یارمەتی دانی موسڵمانەكان و كەمێك شتیان بۆ بردن، بەڵام بەشی نەدەكردن. 
موسڵمانەكان زۆرجار بێ‌ ئومێد و بێ‌ تاقەت دەبوون و دەچوون بۆ لای پێغەمبەر(د.خ)و داوایان لێدەكرد یان دوعایان بۆ بكات یان شتێكیان بۆ بكات كە ڕزگاریان ببێت چونكە ئیتر توانا و خۆڕاگریان نەماوە و تەواو بێزار بوون، بەڵام پێغەمبەر(د.خ) پێی فەرموون دەبێت ئێوە خۆڕاگر بن و واز نەهێنن چونكە پاداشتی ئێوە بەهەشتە، مەگەر نازانن موسڵمانەكانی زوو و سەردەمی پێغەمبەرەكانی تر لە ئێوە خۆڕاگرتر بوون، ئەوان بە مشار لەت دەكران كەچی وازیان نەدەهێنا، ئێوە بۆچی هێندە پەلە دەكەن و بێزار بوون.
خوای گەورە چارەسەر دەنێرێت
لەو كاتەدا موسڵمانان بێ‌ هیوا بوون و وایان دەزانی ئیتر ڕزگاریان نابێت، خوای گەورە دڵی چەند كەسێك لە بێ‌ باوەڕەكانی گۆڕی تا قبووڵی ئەو كارە نەكەن و پێكەوە ڕێككەون تا موسڵمانەكان لەو بارودۆخە سەختە ڕزگار بكەن، چونكە ئەوان هەستی مرۆڤایەتیان لە لا پەیدا بووبوو، خۆ موسڵمانیش نەبوون، هەموویان بە شەودا پێكەوە كۆبوونەوە و بڕیاریاندا یەك بگرن بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەو بڕیارە و ڕێگە نەدەن كەس و كارە موسڵمانەكانیان لەبەر چاویاندا لە برسێتیدا بمرن، كاتێك بەیانی هات یەكێك لەوانە ناوی(زوهەیر) بوو چوو بە دەوری كەعبەدا سوڕایەوە و دوایی هاواری كرد خەڵكینە چۆن دەبێت ئێمە نان بخۆین و جل و بەرگی جوان لەبەر بكەین، كەچی ئەوان هیچیان نەبێت و لە برسێتیدا بمرن و كەس نەچێت بۆ لایان، ئینجا وتی سوێند بە خوا من ئەمە قبووڵ ناكەم، ئەبو جەهلیش وتی: تۆ درۆزنی و دەبێت قبووڵی بكەیت، بەڵام ئەوانی تریش وتیان زوهەیر ڕاست دەكات و تۆ درۆ دەكەیت، ئەی ئەبو جەهل ئێمە ڕازی نین بەو ڕێككەوتننامە و قبووڵمان نیە، كاتێك چوون سەیری نووسینی ڕێككەوتنەكە بكەن دەبینن هەمووی لە ناو چووە و مێروولە خواردوویەتی جگە لە ناوی (الله) نەبێت كە تیایدا بوو، بەمە موسڵمانەكان ڕزگاریان بوو و چوونەوە بۆ مەككە و لە ماڵ و شوێنی خۆیان دانیشتن. 


چی وای كرد لەو هێندە بێ‌ باوەڕە تا ڕازی نەبن بەو ستەمە؟

یەكەمجار خوای گەورە وای لێ‌ كردن و ویستی موسڵمانان ڕزگار بكات، پاشان هەستی مرۆڤایەتی وای لێ‌ كردن بەوە ڕازی نەبن چونكە هەر كەس مرۆڤ بێت ئەوە قبووڵ ناكات.

 

پەند و ئامۆژگاری

1- بێ‌ باوەڕان ناتوانن بە پارە و سامان و ژن و ژنخوازی و شتی تر موسڵمان پاشگەز بكەنەوە، بەڵكو موسڵمان ئامادەیە نان نەخوات بەڵام نەبێت بە بێ‌ باوەڕ.
2- دەبێت ئێمە ئەو دڵسۆزی و مەردایەتیەی (ئەبو تالیب)مان لە بیر نەچێت كە چەندە باش بوون لەگەڵ موسڵماناندا، واتا مەرج نیە هەر كەس بێ‌ باوەڕ و كافر بێت ئیتر خراپ بێت، بەڵكو هەندێ‌ بێ‌ باوەڕ هەن زیانیان نیە بۆ موسڵمانان و چاكن لەگەڵیاندا، بەڵام زۆربەی بێ‌ باوەڕان خراپن.
3- دەبێت ژیانی موسڵمانانی پێشوو و هاوەڵان بخوێنینەوە و بزانین چەندە خۆڕاگر بوون، تا ئێمەیش هێندەی ئەوان هەوڵ بدەین خۆڕاگر بین چونكە كاتێك موسڵمانەكان ماندوو بوون، پێغەمبەر(د.خ) فەرمووی: دەبێت وەك موسڵمانانی پێشوو خۆڕاگر بن.
4- هەندێ‌ شت هەیە ئێمە نایزانین و بەس خوا دەیزانێت، جا ئەگەر ئێمە لەگەڵ خوای گەورەدا ڕاست بكەین و خۆمان ڕابگرین، خوای گەورە ڕزگارمان دەكات، تەنانەت وا دەكات بێ‌ باوەڕ و دوژمنەكانمان ماندوو بن و واز بهێنن.
5- خوای گەورە موعجیزەیەكی تری نیشاندا كە بریتی بوو لەوەی هەموو لاپەڕەكە لەناو چووبوو جگە لە ناوەكەی خوای گەورە كە نووسرابوو (بەناوی خوا).
پرسیار: موعجیزە واتای چیە؟
وەڵام: موعجیزە واتا ئیشێك یان شتێك كە لە توانای مرۆڤێكدا نەبێت بیكات و تەنها خوا دەتوانێت بیكات.
بەڵێ‌ منداڵانی ئازیز، كاتێك ژیانی ئەم هاوەڵانە دەخوێنینەوە بۆمان دەركەوێت چەندە ڕاستگۆ بوون و لە هیچ كاتێكدا پێغەمبەر(د.خ)یان بەجێ‌ نەهێشتووە، خۆ ئەمڕۆ پێغەمبەر(د.خ) نەماوە، بەڵام فەرموودە شیرینەكانی نەماون و دەبێت فەرموودەكانی بەجێ‌ نەهێڵین و بیان خوێنینەوە.


سەرچاوەکان



1564 بینین