ڕوبارە مەزنەکانی ناو دەریا

له‌لایه‌ن: - ئەلەند ئەکرەم - به‌روار: 2020-12-16-20:05:00 - کۆدی بابەت: 731
ڕوبارە مەزنەکانی ناو دەریا

ناوه‌ڕۆك

ڕووبارە مەزنەکانی ناو دەریا

مەزنترین ڕووبارەکان لەناو دەریا دان، هەر یەک لە ڕووبارەکانی میسیسیپی و نیل و ئەمازۆن لەچاوی ئەو ڕووبارانەی دەریا جۆگەلەن، زۆر سەیرە هەندێک شەپۆلی ئاو بۆ ئەو ماوە دوورودرێژە بێ ئەوەی تێکەڵی یەکتر بن دەجووڵێنەوە، ئەم جۆرە ڕووبارانە گوێ بە فێنکی و ساردی ئەو ئاوانە نادەن، کە لە هەموو لایەکەوە گەمارۆیان داوەو بە تەنها ملی ڕێیان گرتووەو بۆ ماوەی دوور ڕێ دەکەن، هەندێک جار هەردوو کەناری ئەم ڕووبارانەی ناو دەریا، وەک ئەوەی لە نێوان وشکایی ڕێ بکەن لەناو دەریاشدا کەنارەکانی لەگەڵ ئاوی دەورووبەری جیاوازە، جارێکیان کەشتییەکی پاسەوانی کەنارەکانی ئەمەریکا کەناوی (تمبا)یە، بۆ پێوانەکردنی پلەی گەرما لە کەناری یەکێک لەو ڕووبارە سەیرانەی ناو دەریا لەنگەری گرت، دوایی دەرکەوت کە پلەی گەرمای ئاوەکە لە پێشەوەی کەشتییەکە ٥٦ پلەی فەهرەنایتیەو لە پاشەوەی کەشتییەکەش پلەی گەرما تەنها ٣٤ پلەیەی فەهرەنایتە.
زۆر جار تەوژمە ئاوییە جوڵاوەکانی ئەم ڕووبارانە ڕەنگیان لە ڕەنگی ئاوی ناوچەی دەورووبەری جیاوازترە، هەروەها تێبینی دەکرێت کە جاروبار ئاوی ئەو ڕووبارانە جووڵەیان لە دەورووبەر زۆرترە، بگرە بە پێچەوانەی ئاوی دەریا، ئاسمانی سەر ڕووی ئاوەکە تەمەو هەژیوە.
مەزنترین ئەو ڕووبارانەی دەریا گرنگترینیان، تەوژمەکانی کەنداوە، کە لە کەنداوی مەکسیکەوە (دەکەوێتە نێوان کوبا و ویلایەتی فلۆریدای ئەمەریکا) بەرەو دەرەوەی کەنداوەکە ملی ڕێ دەگرن، لەم شوێنە خێرایی ڕۆشتنی تەوژمەکان پێنج کیلۆمەترە لە کاتژمێرێکدا، واتا خێرایی ڕێکردنی ئاسایی مرۆڤ، پانییەکەشی ١٤٥ کیلۆمەترە، قووڵییەکەی لە هەندێک شوێندا دەگاتە ٨٠٠ مەتر، هەروەها نزیکەی بلیۆنەها تەن ئاو لە یەک خولەکەدا بەرەو کەنارەکانی فلۆریدا دەپەڕێت.
ئەم تەوژمانەی کەنداو بە درێژی کەناری زەریای ئەتڵەسی بە دیوی وڵاتە یەکگرتووەکاندا دەجووڵێن، دوای ئەوەی بە (سەری کۆد) لە نزیک مساشۆستس گوزەر دەکەن، بەرەو ڕۆژهەڵات بە ناو زەریای ئەتڵەسی دەگوزەرێن، لەم کاتە زۆر بەرین دەبێتەوەو خێراییەکەی کەم دەبێت و بەشێکی زۆر لەو گەرمییەی کە لە ئاوی دەریا گەرمەکان هێنابووی لە ناوەڕاستی زەریا لە دەست دەدات.
ئەم تەوژمە، لقی مەزنی لێ دەبێتەوە، یەکێکیان بەرەو کەنارەکانی (ئایسلەندا) دەچێت و ئەوی تریان بەرەو گوێی ئاوەکانی بەریتانیا و نەرویج، ئەم لقە پاڵی بەستەڵەکەکانی جەمسەرەکان دەدات تا پاشەکشە بکەن بەرەو دواوە، هەروەها لقێکی گەورەی تر، بەرەو باشوور بە درێژایی گوێی ئاوەکانی ئەفریقا لار دەبێتەوە.
کاتێک لەسەر وشکایی ئاو هەڵدەقووڵێت ئیدی لە شێوەی کانییەک بێت یان هەر شێوەیەکی تر، دواتر دەڕژێتە ناو ڕووبارێکی گەورەتر یان زەریایەک، بۆ ئەمەی سەرەوە دەتوانین بە ئاسانی شوێنی دەست پێکردن و کۆتایی دەست نیشان بکەین، بەڵام ڕووبارە مەزنەکان لەناو زەریادا خاڵی دەست پێکردن و خاڵی کۆتاییان نییە.
ئەم ڕووبارانە هەر یەکەو لە ئاڕاستەیەکی دیاری خۆیەوە دێت، ئەمەشیان بەهۆی سێ هێزی مەزنەوە، کە درێژی کات کاریگەری هەیە بەسەر هەموویانەوە، یەکێک لەو هێزانە، هێزی سووڕانەوەی زەوییە بە دەوری تاوەری خۆیدا، هێزی دووەم بریتییە لە هێزی سێیەم ڕێگە گرتنە لە ڕێڕەوی ئەو ڕووبارانە لە ڕێگەی کیشوەرو دوورگەکانەوە، هەر وەک چۆن بەرد و لم ڕێڕەوی کانیلەیەکی بچووک دەگرن.
ئێمە باش دەزانین کە هەموو خولانەوەیەکی زەوی بەدەوری خۆیدا ٢٤ کاتژمێر دەخایەنێت، هەروەها ماوەی گۆی زەوی لە نزیک هێڵی پشتێنەی زەوی دەگاتە نزیکەی ٣٨,٦٠٠ کیلۆمەتر، بۆیە بەردە دیارەکان بە خێرایی ١٦٠٠ کیلۆمەتر دەجووڵێنەوە، لە ڕاستیدا ئەو بەردە دیارانە شوێنی خۆیان ناگۆڕن و جوڵانەوەکەیان پەیوەندی بە خولانەوەی زەوی هەیە بەدەوری خۆیدا، لەگەڵ ئەو خێراییەشدا، هەوا هەر لەو بەردانە سووکترە، بە ڕادەیەک ناتوانن هاوشانی خێرایی هەوا بجوڵێنەوە، بۆیە هەوا جووڵەی تیا دەکەوێت و با دروست دەبێت.
لە هەموو شوێنێک و بەهۆی هۆکاری زۆرەوە با ئاراستەی خۆی دەگۆڕێت، بەڵام لە هەردوو لای هێڵی پشتێنەی زەوی، کە خولانەوەی زەوی بە دەوری خۆیدا لە هەموو شوێنێکی تر زیاترە، ئەوا (با)کان بە بەردەوامی لە یەک ئاراستەوە هەڵدەکەن، ئەم (با)یانە بە بای بازرگانی دەناسرێن، چونکە لە کۆندا ڕۆڵی هەبووە لە ئەنجامدانی سەفەری بازرگانی دوورو درێژ لە ڕێگەی کەشتییەوە.
لەبەر ئەوەی زەوی لە ئاڕاستەی ڕوژهەڵاتەوە دەسووڕێتەوە، ئەوا بای بازرگانی لە ڕۆژهەڵاتەوە هەڵدەکات، بەڵام بەهۆی بە یەکچوون و قۆپان کەنارەکان لە لای هێڵی پشتێنەی زەوی،ئەوا کەمێک ئاراستەکەی گۆڕانی بەسەردا دێت، بەمەش لە باکووری پشتێنەی زەوی لار دەبێتەوە بۆ لای چەپ و لە باکووری ڕۆژهەڵاتەوە هەڵدەکات، هەروەها بەشەکەی تری لار دەبێتەوە بەرەو باشووری پشتێنەی زەوی و لە باشووری ڕۆژهەڵاتەوە هەڵدەکات، ئەم با جێگیرانە ئاوی سەر ڕووی دەریا لە ڕۆژهەڵاتەوە بەرەو ڕۆژئاوا بە دوای خۆیدا پەلکێش دەکات، بەمەش ئەو تەوژمانە دروست دەبن کە پێیان دەڵێن: (تەوژمە کەمەرەییەکان).
تەوژمە کەمەرەییەکانی باکوور، زەریای ئەتڵەسی دەبرێت و بەرەو ئاراستەی کەنداوی مەکسیک لار دەبێتەوە، لەوێشدا بەهۆی پەستانی ئاو ئاستی دەریا چەند سانتیمەترێک لە ئاستی ئاو لە ناوەڕاستی زەریا بەرزتر دەبێتەوە، بەمەش تەوژمەکانی کەنداو دروست دەبن، لێرەوە ئەوەمان بۆ دەردەکەوێت کە تەوژمەکانی کەنداو دروست دەبن، لێرەوە ئەوەمان بۆ دەردەکەوێت کە تەوژمەکانی کەنداو یەکەم جار لە ئاستێکی بەرزەوە دەکەوێتە ڕێ تا بەرەبەرە ئەو ئاستە نزم دەبێتەوە، دوای ئەوە تەوژمەکە زەریای ئەتڵەسی تێ دەپەڕێنێت، بەپلەی زیاتر لە سەد، بەرەو باشوور بە درێژی کەنارەکانی کیشوەری ئەفریقا لار دەبێتەوە تا جارێکی تر دەبێتەوە بە بەشێک لە تەوژمە کەمەرەییەکان.
لێرەوە بۆمان دەردەکەوێت، کە کیشوەرەکان چۆن ئاراستەی ڕووبارەکانی دەریا دەگ i ۆڕێن، ئەگەر ئەمەریکای ناوەڕاست نەبوایە دەمانبینی چۆن تەوژمە کەمەرەییەکان بەناو زەریای ئارامدا گوزەریان دەکرد، بەڵام کیشوەری ئەمەریکای باکوور ئەو تەوژمانە بەرەو باکوور پاڵ دەنێت، تەوژمەکەش بە ناچاری بەرەو دواوە دەچێت و جارێکی تر ملی ڕێ دەگرێت.
تەوژمەکانی کەنداو کاتێک لە دەریا گەرمەکانەوە دەکەونە ڕێ ئاوی گەرم لەگەڵ خۆیان هەڵدەگرن، ئەم ئاوە دوای ئەوەی زەریای ئەتڵەسی دەبڕێت، گەرمییەکەی هەر دەمێنێت.
ئاوی باشووری پشتێنەی کەمەرەی زەوی هەمان جموجووڵی هەیە، بەڵام وەک ئەوەی باکوور سنوورو شێوەیەکی دیاریکراوی نییە، هەروەها ڕووباری مەزنیش لەناو زەریای ئارامدا هەیە، لە ڕاستیدا تەوژمێکی کەمەری تر هەیە کە بە درێژایی ١٤٥٠٠ کیلۆمەتر بەناو زەریای ئارامدا ڕێ دەکات.
دواتر ئەم تەوژمە بە درێژایی کەنارەکانی فلیپین لار دەبێتەوە بەرەو باکوور و جارێکی تر لە شێوەی تەوژمی ژاپۆنی بە زەریای ئارامدا تێ دەپەڕێت، وێڕای ئەوەی کە زەریای ئارام زۆر گەورەیە، دوورگەی زۆریشی تێدایە، بەمەش کار دەکەنە سەر ڕێڕەوی ئەم تەوژمە و پەلی تری لێ دەکەنەوە، ئەمەش وای لێی دەکات تەوژمەکان هەمان ڕوونی ڕێڕەوی تەوژمەکانی باکووری زەریای ئەتڵەسییان نەبێت.
بەهۆی ئەوەی کە زەریای هیندی بە کیشوەری ئەفریقا و ئاسیا و ئوستورالیا گەمارۆ دراوە، بۆیە تەوژمەکانی هەمان مەودای جووڵەیان نییە، تەوژمەکانی زەریای هیندی لە وەرزێکەوە بۆ وەرزێکی ترو بە گوێرەی با جووڵەیان دەگۆڕێت، لە هەندێک جاردا تەوژمەکانی زەریا پان دەبنەوەو بە خێرایی ٢ کیلۆمەتر لە یەک کاتژمێردا دەجووڵێنەوە، لە شوێنی تریش بەهۆی گەمارۆی زەوییەوە جووڵەی بەرتەسک دەبێتەوە و خێراییەکەی زیاد دەکات تا دەگاتە ٢٠ کیلۆ مەتر لە یەک کاتژمێر یان زیاتر، لێرەوە بۆمان دەردەکەوێت کە لەسەر ڕووی دەریاکان، ڕووباری مەزن هەیە کە بە ئاراستەی جیا جیا دەجووڵێنەوە، ئاوی هەندێک لەم ڕووبارانە گەرمە، هەندێکی تریان ئاوەکەی ساردە و بەرەو کۆتاییەکی نادیار دەڕوات، هەروەها ڕووبەرووی زۆر گەورە هەیە کە کەمترین جووڵەی تێدایە، وەکو ئەوەی کە کەمترین ڕێژەی ئاو بۆی بڕوات، بۆیە وا دەردەکەوێت کە ئاوی جۆگەلە سەرەکییەکان لە تەوژمە بڕاوە و دەیەوێ پشوویەکی بدات.
هەندێک جموجووڵی دەریا هەیە کە زۆر مەزنتر لە تەوژمەکانی سەر ڕووی ئاو دەردەکەون، ئەمەش بەهۆی سەرکەوتنی ئاوە گەرم و سووکەکەو ژێر کەوتنی ئاوە سارد و قورسەکە، لە دەریا جەمسەرییەکاندا ئاوی سارد بەرەو بنی دەریا دەچێت و لەوێ دەنیشێتەوە، هەروەک چۆن لە ناوچە گەرمەکاندا ئاوی گەرم بەرەبەرە بەرەو سەرەوە دێت و پاشان بەرەو جەمسەرەکان دەچێت.
ئەم جووڵانە هەموو پێداویستیەکی زیندەوەرە دەریاییەکان دابین دەکەن، چونکە ئۆکسجین هەڵدەگرێت و دەیبات بەرەو بنی زەریا، هەر وەک چۆن جوتیار سەمادی کیمیایی لە ناو زەوییە کشتوکاڵییەکەی دابەش دەکات، ئەو جووڵانەش دەبنە هۆی دابەشکردنی خوێ و ماددە کانزاییەکانی تر لەناو ئاو، ئەو ماددە کانزاییانەش زۆر گرنگن بۆ ڕووەکەکانی دەریا و ئەو ڕووەکانەش خۆراکی زیندەوەرەکانی تری دەریان.
لە هەندێ وەرزەکانی ساڵدا تەوژمە ساردەکانی (لیبرادۆ) پاڵ بە تەوژمەکانی کەنداوەوە دەنێت تا تۆزێک بەرەو باشوور بچێت، لەگەڵ ئەمەشدا زۆرێک لە ڕووبارە مەزنەکانی ناو دەریا بە ڕادەیەکی کەم نەبێت ئاراستەی خۆیان ناگۆڕن.
زانایان، پێیانوایە تەوژمەکانی کەنداو ماوەی ٦٠ میلیۆن ساڵە بە بەردەوامی دەجووڵێنەوە، هەروەها بەر لەوەی ئەمەریکای ناوەڕاست دەربکەوێت و ببێتە ئەڵقەی پێکەوە گرێدانی هەردوو ئەمەریکا، ئەو تەوژمانە لە زەریای ئارامەوە بەرەو کەنارەکانی ئاسیا ڕۆشتوون.
ئەمانە هەموو دیمەنێکی زۆر جوانن، وەکو جووڵەی خوێنە لەناو خوێنبەرەکانی لەشی مرۆڤ، چۆن ئەو خوێنبەرانە خوێن لە دڵەوە دەگەیەنن خانەکان و پاشان لە ڕێگەی خوێن هێنەرەکان دەگەڕێنەوە بۆ دڵ بە بەردەوام ئەم کردەیە دووبارە دەبێتەوە و پزیشکەکان بە سووڕی خوێن ناوی دەبەن و ژیانی مرۆڤ پەیوەستە بە بەردەوامی ئەم سووڕە، ئەوا سووڕی ئاویش هەمان دیمەن و بایەخی هەیە بۆ ژیان لەسەر گۆی زەوی.
تەوژمەکانی سەر ڕووی دەریا و سەرکەوتن و ژێر کەوتنی ئاوو ڕێ کردنی لەسەر خۆی بەدرێژایی بنی زەریا، ڕۆڵی هەیە لە پاککردنەوەو خاوێنکردنی دەریا، ئەم جیهانی ئاو دەپارێزێت لەوەی کۆن بێت، هەروەک چۆن ئاوی مەنگ کۆن دەبێت و قەوزە دەیگرێت، هەندێک شوێنی کەم هەیە لە زەریادا تووشی ئەم حاڵەتە بوون، وەکو ئاوی زۆر قووڵی دەریای ڕەش، کە سووڕی ئاوی تێدا نییە، بۆیە چەندین ماددەی ژەهراوی لەوێ کۆبوونەتەوەو وایکردووە چەندان ماسی توانای ژیانیان لە دەریای ڕەشدا نەمێنێت.
زانایان پێیانوایە کە ئاوی زەریای جەمسەری باکوور هەموو ١٦٥ ساڵێک وەک چۆن ئاوی حەوزی مەلەوانی دەگۆڕدرێت ئەمیش دەگۆڕێت، ئەم دیاردەیە لە هەموو شوێنێکی زەریا و زۆربەی کەنداو و تەنگەبەرە زۆر بچووکەکانیش ڕوو دەدات، بۆیە ئەو کاتەی کە لە کەناری دەریا دەوەستێت و ئاو بەر پێکانت دەکەوێت، لەوانەیە ئەو ئاوە پێش ماوەیەک لە کەنارەکانی دوورگەیەکی مەرجانییەوە لە باشووری زەریای ئارامەوە هاتبێت یان لە کەنارە بەستەڵەکەکانی گرینلاندەوە ڕووی کردبێتە ئەو شوێنە.


سەرچاوەکان



1748 بینین