یەکەم سەرهەڵدانی ژیان لەسەر زەوی

له‌لایه‌ن: - ئەلەند ئەکرەم - به‌روار: 2020-12-22-15:36:00 - کۆدی بابەت: 807
یەکەم سەرهەڵدانی ژیان لەسەر زەوی

ناوه‌ڕۆك

یەکەم سەرهەڵدانی ژیان لە دونیادا

سەردەمانێک هیچ جۆرێکی ژیان لەسەر زەوی نەبوو، نە ئاژەڵ، نە هیچ جۆرێکی ڕووەک، هەموو شتێک ماددەیەکی بێگیان بوو، لەوانەیە بەلاتەوە سەیر بێت کە سەرەتای ژیان لە دەریاوە بووە.
سەبارەت بە چەخماخەی لاوازی ژیان لەناو ئەو ماددە بێگیانانە هیچ لە بەردەستدا نین و هیچیش نازانین، بەڵام دەزانین کە هەموو فاکتەرە پێویستیەکانی ژیان بە هێمنی لەناو دەریادا کۆبونەتەوە، لە کەنداوێکیشدا بە یارمەتی خۆر و پلەی گەرمی گونجاو بۆ یەکەم جار گیان کەوتۆتە نێو ئەو ماددانە.
دەتوانین بڵێین کە ژیان بەهۆی خالقێکی بەهێز و مەزنەوە هاتووەتە ئاراوە، هەمووانیش کۆکن لەسەر ئەوەی کە هێزێکی باڵا هەیە و هەموو شتێکی دونیا لە بچوکترینیانەوە تا گەورەترینیان لە خانەوە تا ئەستێرەکان لە ژێر ڕکێفدان.
لە ڕۆژگاری ئەمڕۆماندا تێبینی ئەوە دەکەین کە چەندان ماددەی سەیر یەک دەگرن بۆ دروستکردی ئەو شتە سەیرانەی کە پێیان دەڵێن: ڤایرۆسەکان، ئەم ڤایرۆسانە بەڕادەیەک وردن، کە بە چاوی ئاسایی نابینرێن، تەنها لە ڕێگەی وردبینە بەهێزەکانی گەورە کردنەوەوە نەبێت، تا ئێستا زاناکان نازانن ئایا ڤایرۆسەکان بە ڕاستی زیندوون یان ئەو پەڵەیەی ماددەیە کە لە ئانوساتدایە بۆ ئەوەی ژیانی تیادا بکەوێت، ئەم ڤایرۆسانە لەوانەیە ببنە هۆی نەخۆشی وەک تای قرمزی یان هەوکردنی سییەکان، هەندێکیان زیان بە ڕووەک دەگەیەنن، هەروەها دەرکەوتووە کە زۆریان زیانبەخش نین.
زۆر شتی ورد هەیە، کە گومان لەوە ناکرێت کە زیندوون، ئەمانە لە ڤایرۆسەکان گەورەترن، لەگەڵ ئەمەشدا هەندێکیان ئەوەندە بچووکن کە ئەگەر هەزارانیان بخرێنە پاڵ یەکتری ئەوا درێژیان ناگاتە یەک سانتیمەتر، هەندێک لەو شتانە وردترن لە ڕووەک، هەندێ تریان لە گچکەترین ئاژەڵ وردترن، هەندێکی تریش دەتوانین بە ڕووەک یان ئاژەڵ ناوی ببەین، وەک ئەوە وایە کە تاکو ئێستا سروشت دوا بڕیاری خۆی لە بارەیانەوە نەدابێت، ئایا ڕووەکن یان ئاژەڵ.
گچکەترین ئەم زیندەوەرانە دابەش دەبێت بۆ دوو بەش، هەروەها هەر بەشێک لەو بەشانە دابەش دەبن بۆ دوو بەشی تر، ئەم دابەشبوونە بەردەوام دەبێت تا دەگەینە ئەو بەشەی کە پێی دەڵێن: خانە، ئەمیش پێک دێت لە چەند بەشێک، بەڵام کۆبوونەوەی ژمارەیەکی زۆریان لەگەڵ یەکتری وەکو شانەی هەنگ زیندەوەری گەورە دروست دەکەن، لە ماوەیەکی زۆر درێژدا، هەموو زیندەوەرەکان تەنها یەک خانە بوون، دوواتر وا ڕێکەوت کە زۆرێک لەو خانانە لەبری ئەوەی لە یەکتر دوور گەونەوە، لەگەڵ یەکتر بەرە بەرە کۆبوونەوە، بوونە ڕووەکێک یان ئاژەڵێکی گەورەتر، پاشان هەنگاو دوای هەنگاو شێوە باڵاکانی تریان وەرگرتووە، لە کۆتایشدا مرۆڤ دروست بوو کە لەشی لە ملیۆنەها خانە پێک ھاتووە.
دەتوانین وایتێفکرین کە ئەمە پەیژەیەک بووەو ژیان بەرە بەرە بە سەریدا سەرکەوتووە، ئەو شتە وردەی کە لە یەک خانە پێکھاتووە توانیویەتی یەک پێ سەرکەوێت، دواتر زیندەوەرە گەورەکان بەرە بەرە بەرەو سەروتر سەرکەوتووە، مرۆڤیش لە هەمووان زیاتر بەسەر ئەو پەیژەیەدا سەرکەوتوو بەردەوامە لە سەرکەوتن بۆ سەرەوە، چونکە مرۆڤ لە هەموو زیندەوەرەکانی تر پەرەسەندووترە.
ئەو شتە زیندووانە پێش ئەوەی لەسەر وشکایی بژێن، سەردەمانێکی دوورو درێژ لەناو دەریادا ژیاون، کیشوەرەکان لە سەرەتای دەرکەوتنیان پێکهاتبوون لە بەرد و وشکاییەکی ڕووت، بێ ئەوەی ڕووەکێک لەسەر شاخەکان یان لەناو دۆڵەکان ڕوابێت، ڕووی زەوی یەک بیابانی پان و بەرین بوو، هەموو ژیان لەناو دەریادا بوو، ئەم ماوەیە دەیان ملیۆن ساڵی خایاندووە.
لەگەڵ تێپەڕبوونی کاتدا بەرە بەرە ئەو شتە زیندووانە لە قووڵاییەکانی دەریاوە بەرەو ڕووبارەکان چونە و ڕاهاتن لەگەڵ گوزەران لەناو ئاوی شیرین، قوڕی ڕووبارو زۆنگاوەکانیان کردۆتە لانەی خۆیان، دواتر هەندێکیان لەناو ئاوەوە سەرکەوتن بۆ وشکایی و هەوای ئازادیان هەڵمژی و ڕاهاتن لەگەڵ تیشکی خۆردا.
لەوانەیە تۆ بپرسیت: کەی ژیان دەستی پێکرد؟ دەتوانین هەندێک لەو چیرۆکانە لە ڕێگەی بەردەکانەوە بخوێنینەوە، لەبەر ئەوە لێکۆڵینەوە شیکارییەکان لەو بەردانە ئەوە دەخەنەڕوو کە پاشماوەی ئەو ڕووەک و زیندەوەرانە لەناو ئەو بەردانەدا ماونەتەوەو تەمەنیان دەگاتە نیو ملیۆن ساڵ، ئەو پاشماوانە هەموو شێوەیەکن لە ژیانی دەریایی و دواتر لەسەر زەوی دەرنەکەوتوون، هەروەها لێکۆڵینەوەکان ئەوە ڕوون دەکەنەوە کە ئەو زیندەوەرانە بە ژمارەی زۆر و بۆ ماوەیەکی زۆر لەناو ئاودا ژیاون، ئێمەش پاشماوەی ئەو زیندەوەرانە لە کۆنترین ئەو بەردانەدا دەبینین کە تەمەنیان بۆ یەک ملیۆن ساڵ دەگەڕێتەوە.
چەند ڕێگەیەکی تر هەیە کە لێیەوە بۆمان دەردەکەوێت ئەمە چەند قەرزاری دەریاین، خوێنی تۆ سوێرە، لەوانەیە بەلای هەندێکەوە خوێ شتێکی بێ کەڵک بێت، بەڵام ڕۆڵێکی لاوەکی دەگێڕێت لە دروستبوونی گۆشت و ئێسقان، هەر بۆیە بوونی لە خوێندا زۆر پێویستە، تۆ لە ڕۆژێکی گەرمدا کاتێک ئارەق دەکەیت، ئەوا خوێنت بەشێک لەو خوێیە لە دەست دەدات، ئەگەر لەشتڕێژەیەکی خوێ بە یەک جار لە دەست بدات ئەوا تووشی زیان دەبێت.
ئەو خوێنەی لە لەشتە بەقەد ئەو ڕێژەیەیە کە لەو ئاودا هەیە، کاتی خۆی یەکەم زیندەوەر لێیەوە پەیدا بووە، خوێ ئەو سەردەمە کۆنانە دێنێتەوە یادمان کە تیایدا زیندەوەرانی خوار پەیژەی پەرەسەندن یەکەم پێیان هەڵناوە بەرەو سەرەوە، هەروەها ئەوە دەخاتە یادت کەوا تۆ لە دروستبوونتا قەرزاری دەریای، دەریاش سەرچاوەی هەموو ژیانە.
تەنها ژیان لە دەریاوە دروست نەبووە، بگرە هەموو شێوەکانی سەر زەوی پشت بە دەریا دەبەستین، چونکە سەرچاوەی ئەو ئاوەیە کە هەموو شتێکی زیندوو پێویستی پێیەتی، تەنانەت ڕووەکێکی وەک (سەبار---صبار) کە لە بیاباندا دەڕوێت، پێویستی بە ڕێژەیەکی کەمی شێ هەیە تا هەڵ بکات، ئەگەر دەریا وشک بکات، کیشوەرەکانیش وشک دەبنەوەو هەموو زیندەوەرەکان لەناو دەچن.
ئەوەی دەیەوێ شتێک بزانێت با سەیری مانگ بکات، مانگ نە دەریای هەیەو نە ئاوی لەسەر هەیە، بۆیە دونییایەکی مردووە.
دەریا تەنها سەرچاوەی ژیان نییە، بگرە پارێزگاری لە هەموو شێوەکانی ژیانیش دەکات، چونکە بەبێ ئاو هیچ زیندەوەرێک ناتوانێت زۆر بژێت.


سەرچاوەکان



1759 بینین