ئاوە کیشوەریەکان

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2020-12-26-10:30:00 - کۆدی بابەت: 870
ئاوە کیشوەریەکان

ناوه‌ڕۆك

ئاوە کیشوەریەکان

دوای تێپەڕبوونی ئاو بە سوڕی گشتی هایدرۆلۆجیدا، ئاوی باران بەسەر ڕووی زەویدا دەڕواد و کۆدەبێتەوە و دەریاچە و ڕوبار و زۆنگاوەکان دروست دەبێت.

دەریاچەکان

دەریاچەکان بریتین لە ناوچە نزمانەی ڕووی زەوی یان بریتیە لەو بەرزونیزمیە نزمە داخراوانەی کە بەڕووبەڕووی جیاواز پڕبوون لە ئاو، بەهۆی ئەوەی کە ناوچەکە نزمە یان شوێنی دەرچونی ئاوەکەی نییە یان بنکەی نزمی لە بەرز و نزمی ناوچەکە دەکەوێتە ژێر ئاستی ئاوی ناوەکی و لەم کاتەدا تەنها شوێنێک پێویستە بۆ دەرچوونی ئاوەکە و ئاوەکە دێتە دەرەوە و کۆدەبێتەوە، وە ڕووبەری گشتی دەریاچەکاندەگاتە ٢،٧ ملیۆن کیلۆمەتر دوجا یان ١،٨ لە ڕوبەری وشکانی دەریاچەکان بەپێی دروست بون و گەشەکردنیان دابەش دەبن بۆ ئەم جۆرانە:

دەریاچە تەکتۆنیەکان 

کردارە تەکتۆنیەکان(جوڵەکانی توێکڵی زەوی) بونەتە هۆی پێکهاتنی بەرز و نزمی لەو ناوچانەی کە تووشی ئەم جوڵە تەکتۆنیانە (هەڵتەک و داتەک) بوون، یان لەسەر پشتێنەکان کە جوڵە بەهێزەکانی زەوی تیایدا ڕووی داوە، ئەم کردارانەش بۆتە هۆی نزم بونەوەی زەوی و دروست بونی دەریاچە، لە کاتێکدا ئەگەر بە بەردەوامی سەرچاوەی ئاویان هەبوبێت، نمونەش بۆ ئەم جۆرە دەریاچانە، وەک: دەریاچەی نیاسا و تانجیقا لە ئەفریقا و دەریای مردوو لە ئەردەن و دەریاچەی بایکا لە رووسیا.

دەریاچە گڕکانیەکان

ئەم دەریاچانە بەهۆی چالاکی گڕکانیەوە دروست دەبن، بەڵام ئەگەر سەرچاوەی بەردەوامی ئاویان هەبوبێت، ئەوا دەریاجە لە دەمی گڕکانەکەدا دروس بووە،  وەک: دەریاچەی تانا لە حەبەشە و دەریاچەی توبا لە سۆمەترە.

دەریاچە سەهۆڵیەکان

لە ئەنجامی پڕۆسەکانی داتاشین و نیشتنەوەی سەهۆڵەوە بەرزونزمی لەو زەویانەدا دروست بوو کە بەردەکانیان لاوازە، ئەم نزمیانەش لە دوایدا گۆراون بۆ دەریاچە، بەتایبەت ئەو دەریاچانەی کە دەکەونە باکووری کیشوەرەکان، بەهۆی ئەوەی کە بەهەڵم بوونیان کەمە و بارانیان بە درێژایی ساڵ لێ دەبارێت، ئەمەش دەبێتە هۆی بوونی سەرچاوەیەکی هەمیشەییە ئاو بۆ ئەم دەریاچانە، هەزاران دەریاچە لە ناوچەکانی ئەسکەندەنافیا دروست بووە، بەتایبەت لە فنلندا و باکووری ڕوسیا.

دەریاچە نیشتەنیەکان

دەریاچە نیشتەنیەکان لە ئەنجامی خزانی بەردی شکاو و خاک یان هەڵدانی لاڤەی گڕکانەکانەوە دروس دەبێت، کە نیشتەنیەکان لە دۆڵەکاندا کۆدەبنەوە و دەبنە بەربەست لە بەردەم ئاوەکەدا و ئاوەکە لە پشتی ئەم بەربەستەوە کۆدەبێتەوە و دەریاچە پێکدێنێت.

ئەو دەریاچانەی کە بەهۆی ڕووبارەوە دروست دەبن

کاریگەری خولی داتاشین بەتایبەت لە قۆناغەکانی کۆتایدا گۆڕانکاری زۆر بەسەر ڕێڕەوی ڕوباردا دێنێت، بەم هۆیەوە پێچاوپێچی لە ڕێڕەوی ڕوبارەکەدا دروست دەبێت و دەبێتە هۆی پێکهاتنی دەریاچەی دابڕاو(هیلالی)، ئەمەش بەهۆی ئەوەی کە کردارەکانی داتاشین لایە چەماوەکانی روبارەکەی داتاشیوە وە ڕێڕەوی ڕووبارەکەی گۆڕیوە، بەم شێوەیە بەشێکی دابڕاو لە ڕێڕەوی ڕووبارەکە دروست دەبێت، کە بریتیە لە ناوچەیەکی نزم، ئەمەش دەبێتە دەریاچە، بەهۆی ئەوەی کە لەلایەن ڕوبارەکەوە ئاوی بۆ دیت و پڕدەبێت یان بەهۆی ئاوی بارانەوە یان بەهۆی ئاوی ژێر زەویەوە.

ئەو دەریاچانەی کە بەهۆی بەرزی ئاستی ئاوی ژێر زەویەوە دروست دەبن

ئاوی ژێر زەوی کاریگەری هەیە لە دروست بونی دەریاچەکاندا، ئەگەر بەرز بێتەوە و بگاتە ئاستی ڕوی زەوی، بەمەش ئاوەکە دادەچۆڕێتە هەندێ ناوچەی نزمی داخراو و ناوچەکە پڕدەبێت لە ئاو و دەریاچە دروست دەبێت، کە لەوانەیە دەریاچەکە هەمیشەیی یان کاتی بێت، ئەمەش بەپێی بەرزی و نزمی ئاستی ئاوی ژێر زەوی دەگۆڕێت.

دەریاچەی دەستکرد

مرۆڤ هەستاوە بە دروسکردنی بەنداو لەسەر ڕێڕەوی ڕوبارەکان، کە ئەمەش بۆتە بەربەست بۆ ئاوەکەی پشتەوە و دەریاچە دروست بووە، کەناو دەبرێت بە بەنداو یان دەریاچەی دەسکرد، مرۆڤ ئەم بەنداوانەی دروسکردووە بە ئامانجی دەست گرتن بەسەر ئاوی لافاودا و بەکارهێنانی ئاوە کۆکراوەکە بۆ کردارەکانی ئاودێری لە کاتی وشکیدا (لە وەرزی وشکی و کەم ئاویدا)، وە چەندین ئاماجی دیکەش هەیە وەک کەشتیەوانی و خۆشگوزەرانی و گەشت و گوزارو ... هتد

زۆنگاوەکان

دروستبوونی زۆنگاوەکان بەهۆی بونی زەویەکی قوڵەوەیە کە لێژایی نیە یان بەهۆی بونی لێژیەکی کەم کە نابێتە هۆکاری خێرابوونی جوڵەکردنی ئاو، بەڵام لەو زەویانەی کە تەخت و نزمن بەهۆی ئاوی لافاوی ڕوبارەکان یان ناوچەکە دەکەوێتە سنوری هەرێمە شێدارەکانەوە، وەکس ناوچەکانی یەکسانی و باکووری کیشوەرەکان، ئەوا زۆنگاوی هەمیشەیی دروست دەبێت، لە ئەنجامی ئەم هۆکارانەی خوارەوە:

کرداری نیشتەنی

بەهۆی ئەو نیشتەنیەی کە لە سەردەمە جیۆلۆجیەکانی پێشوودا لە دەریاچەکاندا نیشتووە، دەریاچەکان پڕبونەتەوە و گۆڕانکاریان بەسەردا هاتووە.

زۆنگاوە کەناریەکان

بە درێژایی کەناراوی دەریا و زەریاکان دروست دەبێت، ئەمەش لە ئەنجامی هەڵکشانی ئاو یان لافاوی ڕووبارەکانەوەیە.

زۆنگاوی ناوچە جەمسەریەکان

توانەوەی چینە سەهۆڵی سەرەوە و مانەوەی چینی خوارەوەی (ژێرەوەی) بە بەستوویی، بۆتە هۆی دروست بوونی زۆنگاو، چونکە چینە بەستووەکەی ژێرەوە ڕێگە نادات بە لەبەر ڕۆشتن و داچۆڕانی ئاو بۆ چینەکانی خوارەوە(ژێرەوە)، ئەمەش دەبێتە هۆی وەستانەوەی ئاو و دروست بونی زۆنگاو، بەتایبەت لە وەرزی هاویندا.
 ئەو زۆنگاوانەی بەهۆی دابارینی باران یان بەرزی ئاستی ئاوی ژێر زەویەوە دروست دەبن

بەردەوامی دابارین بەتایبەت لە ناوچەی یەکسانی بۆتە هۆی بەرزبونەوەی ئاستی ئاوی ژێر زەوی، لە ئەنجامدا ئاو لەسەر ڕووی زەویەوە دێتە دەرەوە بەهۆی کەمی یان نەبوونی لێژیەوە ئاوەکە دەوەستێتەوە و زۆنگاو دروست دەبێت.

پۆلێن کردنی ڕووبارەکان

 ڕوبارەکان بە پێی سەرچاوە خۆراکپێدەرە ئاویەکانیان دابەش دەبن بۆ ئەم بەشانە:

  ١- ئەو ڕوبارانەی کە سەرچاوەکانیان ئاوی بارانە.
  ٢- ئەو ڕوبارانەی کە سەرچاوەی خۆراکپێدەری بەردەوامیان بریتیە لە توانەوەی سەهۆڵ.
  ٣- ئەو ڕوبارانەی کە سەرچاوەکەیان ئاوی ژێر زەویەوە.
  ٤- ئەو ڕوبارانەی کە سەرچاوەکانیان تێکەڵە (هاوبەشە).

بەڵام پۆلێن کردنی ڕوبارەکان بە پێی هەرێمە ئاو و هەواییەکان، دەکرێت دابەشیان بکەین بۆ ئەم بەشانەی خوارەوە:

   ١- ڕوباری ناوچە شێدارەکان:
  بریتیە لەو ڕوبارانەی کە دەکەونە ناوچە شێدارەکانەوە، کە بڕێکی زۆر باران لەسەر ئاوەزێڵەکانین دەبارێت، لەگەڵ ئەوەشدا ئاوی ژێر زەوی و ئاوی تواوەی بەفری ئاو زێڵە بەرزەکان بەشدارن لە دروست بوونی ئەم ڕوبارانەدا، وەک ڕووبارەکانی ئەمازۆن و لینا لە ڕوسیا و هوانگ لە چین.

   ٢- ڕووباری ناوچە وشک و نیمچە وشکەکان:
  ئەو ڕووبارانەی دەگرێتەوە کە لە ناوچە شێدارەکانەوە سەرچاوە دەگرن و بە ناوچە وشکەکاندا تێدەپەڕن، وەک: ڕوباری نیل و دیجلە و فورات و ئەردەن.


سەرچاوەکان



1496 بینین