سووتان بە خۆر

له‌لایه‌ن: - مەبەست کوردە مەبەست کوردە - به‌روار: 2020-12-27-23:41:00 - کۆدی بابەت: 899
سووتان بە خۆر

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

سووتان بە خۆر یان بەخۆربردن (بە ئینگلیزی: Sunburn، بە عەرەبی: حرق الشمس) بریتییە لە جۆرێکی سووتانی تیشکدان، بەهۆی زۆربەرکەوتنی پێست بە تیشکی سەرووبنەوشەییی (UV) خۆرەوە دروست دەبێت. ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی دی‌ئێن‌ئەی ڕاستەوخۆ زیانی پێ بگات و دەبێتە هۆی هاندانی وەڵامدانەوەی بەرگری کە تێیدا لەش خانە زیانپێگەیشتووەکان لەنێو دەبات لە میانەی پڕۆسەیەکدا کە پێی دەوترێت مردنی بەرنامە بۆدانراوی خانەکان (Apoptosis). کاتێکیش چینەکانی ئەو شانە مردووانەی پێست دەست بە توێژفڕێدان دەکەن، لەش دەست دەکات بە چاککردنەوەی دی‌ئێن‌ئەی زیانپێگەیشتوو بۆئەوەی خانەی نوێ جێگەی خانە کۆنەکان بگرنەوە. 

هەروەها ئەم سووتانە دەبێتە هۆی زیاد بەرهەمهێنانی میلانین کە جۆرێکی بۆیەیە و تیشکی (UV) هەڵدەمژێت بۆئەوەی ڕێگری لە زیانی زیاتر بکات. کەواتە میلانین وەک دژەخۆرێکی سروشتی لە پێستدا کار دەکات، کاتێک جەستە هەست بە سووتانی پێست دەکات میلانینێکی زۆر بۆ پێست دەنێردرێت کە ئەویش تیشکەکان هەڵدەمژێت و بەشێوەی گەرمی دەیانداتەوە بۆیە هەست بە گەرمیی پێست دەکرێت. ئەو کەسانەی سپی پێستن زووتر پێستیان بە خۆر دەسووتێت لەوانەی کە ڕەنگی پێستیان تۆخترە، چونکە ڕێژەی میلانینی سپی پێستەکان کەمترە.

سووتان بەخۆر دەبێتە هۆی ئازار و سووتانەوەی پێست، هەروەها بەپێی کۆششێکی ساڵی ٢٠٠٥ دەتوانێت ببێتە هۆی شێرپەنجەی پێست، چرچبوونی پێست، پەڵەی قاوەییی پێست و خاڵ. کاتێک پێستێکی سپی بە خۆر دەسووتێت ئەوا پەمەیی یان سوور دەبێت، بەڵام پێستێکی تۆختر ڕەنگی تۆخ و قاوەیی دەبێت. سووتان بە خۆر دەبێتە هۆی هەوکردن کە سووربوونەوە و هەڵاوسانی پێست دروست دەکات، هەروەها بەهۆی کەمکردنەوەی خانەکانی (Mast cells) کاریگەریی لەسەر کۆئەندامی بەرگری دەبێت.

سووتان بەخۆر دەکرێت لەماوەی تەنیا ١٠ بۆ ١٥ خولەک لەبەر خۆر بوون ڕووبدات بەپێی جۆری پێست و وەرزەکە، هەروەها هەندێک دەرمانی هەستیارکەری تیشکی دەتوانن مەترسیی سووتان بە خۆر زیاد بکەن، کە بەکارهێنانیان وا لە پێست دەکات زیاتر هەستیار ببێت بە تیشکی سەرووبنەوشەییی خۆر یان هەر سەرچاوەیەکی تیشکی دەستکرد، وەکوو مۆبایل و کۆمپیوتەر.

نیشانەکان

ئەگەر بەرکەوتن بە تیشکی (UV) زۆر بێت ئەوا دوای ٣٠ خولەک بۆ ٦ کاتژمێر پێست دەست بە سووربوونەوە دەکات و لەماوەی ٦ بۆ ٤٨ کاتژمێریش ئازار و نیشانەکانی سووتانەکە دەگاتە ئەوپەڕی. هەروەها  لەدوای هەشت ڕۆژ دەکرێت پێستەکە توێژ فڕێ بدات و تا ماوەی چەند هەفتەیەکیش بەردەوام ببێت.

بەپێی هەستیاریی سووتانەکە ئەم نیشانانە بۆ ماوەی ڕۆژێک تا سێ ڕۆژ بەردەوام دەبن:

ئەگەر سووتانەکە توند و سەخت بێت، ئەوا ئەم نیشانانەشی لەگەڵدا دەبێت:

لە حاڵەتە زۆر سەخت و مەترسیدارەکاندا ئەم نیشانانە دروست دەبن:

بە خۆر سووتانی پلە دوو

سووتان بە خۆر بەدەگمەن بۆ سووتانی پلە سێ پەرەدەسێنێت، بەڵام سووتانی پلە یەک و سووتانی پلە دوو زۆر باون. بە خۆر سووتانی پلە دوو بە دروستبوونی تلۆق یان بڵق جیادەکرێتەوە و هاوشێوەی سووتان بە ئاگر یان بە ماددە کیمیایییەکان سەخت و توندە. 

سووتانی پلە دوو بە خۆر جێی نیگەرانییە چونکە جگە لە ڕووخسار بەشێکی زۆرتری جەستە دەگرێتەوە، کاتێک تلۆقەکان زیاتر لە ٪٢٠ـی پێستی جەستە دەگرنەوە یاخوود نیشانەکان دوای دوو ڕۆژ بەرەو باشبوون ناڕۆن، پێویستە سەردانی پزیشک بکرێت و چارەسەری دەستبەجێ وەربگیرێت.

چارەسەر

  • لەماوەی چاکبوونە لە سووتان بە خۆر، پێویستە دوور بیت لە بەرکەوتن بە خۆر، هەروەها جلی تەنک و نەرم لەبەر بکەیت.
  • زوو زوو خۆت بە ئاوی سارد بشۆ، بۆ ئەوەی ئازارەکە کەم ببێتەوە، هەروەها ئەو شوێنەی لێی دەمێنیتەوە با سارد و فێنک بێت.
  • دوای هەر گەرماو کردنێک شێدارکەرەوە بەکاربهێنە، بەتایبەت شێدارکەرەوەی وەک کرێمی ئەلۆڤێرا، ئەمە یارمەتیی کەمکردنەوەی خورشتی پێست و ئازار دەدات.
  • کرێمی هایدرۆکۆرتیزۆن ٪١ بەکار بهێنە بۆ کەمکردنەوەی هەوکردن، هەستیاری و سووتانەوەی پێست.
  • تلۆقی پێست دەبێتە هۆی لەدەستدانی ئاو، ئاوی زۆر بخۆرەوە، بۆ ئەوەی لەشت بە شێداری بمنێتەوە، هەروەها یارمەتیی چاکبوونەوەی برین بدات.
  • گەر ئازارەکە زۆر بوو، دەرمانە بێڕەچەتەکانی وەک ئەسپرین و ئایبۆپڕۆفین بەکاربهێنە.
  • دەستکاری تلۆقەکان مەکە و مەیان تەقێنە، بەڵکوو بهێڵە بە شێوەیەکی سروشتی چاک ببنەوە، ئەگەریش لەکاتی وشکبوونی تلۆقەکاندا خورشتی پێستت بۆ دروست بوو، لەجێی ڕووشاندنی برینەکە شێدارکەرەوە بەکاربهێنە.
  • لەکاتی سووتانی سەخت و پلە دوو پێویستە سەردانی پزیشک بکرێت کە دەرمانەکانی ستیرۆیدی دەمی بۆ هەوکردن ڕەچەتە دەکرێت و لە حاڵەتی وشکبوونەوەی توند یان گەرمییەکی زۆریشدا پێشنیازی وەرگرتنی ژیناو یان گیراوەی خۆراکدەر لەڕێی خوێنهێنەرەوە دەکرێت.
  • دووربە لە بەکارهێنانی کەرە، سەهۆڵ و جێڵی پێتڕۆڵیەم (ڤازەلین) چونکە زیانیان هەیە.

کێن ئەوانەی مەترسیی سووتانیان بە خۆر زیاترە؟

  • ئەوانەی بەڵەکن
  • ئەوانەی کەچەڵن
  • ڕەنگ سپییەکان، ئەوانەی قژ و پێستیان هەمووی سپییە 
  • ئەوانەی هەستیاریان بە تیشک هەیە 

سووتان بە خۆر بەزۆی لەم کاتانەدا ڕوو دەدات:

  • ئەو شوێنانەی لە هێڵی یەکسانبوون نزیکن
  • لە شوێنە بەرزەکان
  • کاتێک خۆر بەدەرەوەیە و ئاسمان ڕوونە
  • کاتێک تیشکەکانی سەرووبنەوشەیی دەدرێنەوە، بۆ نموونە لەسەر ئاو یان بەفر

خۆپاراستن

  • هەوڵبدە کە لە دەرەوە بوویت زیاتر لەو شوێنانە بمێنەوە کە سێبەرن.
  • جلێک لەبەر بکە کە هەموو جەستەت دابپۆشێت.
  • کڵاوێکی گەورە لەسەر بکە.
  • چاویلکەی پارێزەری خۆر لەچاو بکە.
  • چەتری بەر خۆر بەکاربهێنە.
  • هەوڵبدە لە کاتە زۆر گەرمەکانی ڕۆژ نەچیتە دەرەوە، بە گشتنی لە ١١ی بەیانی تا چواری ئێوارە.
  • هەمیشە دژەخۆرێکی مەودا فراوانی ئیس‌پی‌ئێف ٣٠ـی دژەئاو بۆ هەموو جەستەت بەکاربهێنە و زوو زووش نوێی بکەرەوە.


سەرچاوەکان

1020 بینین