دیارییە جوانەکانی دەریا

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-01-02-22:46:00 - کۆدی بابەت: 1049
دیارییە جوانەکانی دەریا

ناوه‌ڕۆك

دیارییە جوانەکانی دەریا

زۆر کەس لە ئێمە کە دەڕوات بۆ کەناری دەریاکان حەز دەکات هەندێ شتی جوانی دەریا کۆبکاتەوە، وەکو بەردی جۆراوجۆری دەریا و گوێچکە ماسی، هەروەها هەندێ شتی تری سەیر و دەگمەن بۆ ئەوەی وەکو یادگاری لای خۆی هەڵی بگرێت، هەندێ (سەدەف) هەیە لە ناو دەریادا کە لە بنەڕەتدا هی دەریای سوورە یان هی دەریای چین، یان هی ئەوپەڕی ڕۆژهەڵاتە، لە مۆزەخانەکاندا بە هەزارەها جۆر لەم (سەدەفانە) وازیان لە ژیانی دەریا هێناوەو ئێستا لەسەر ڕووی زەوی دەژین، سەدەفی ماڵی ئەو زیندەوەرەیە کە لەناویا دەژیت و زۆر بە جوانی دروستی کردووە، هەندێک لەوانەیە پێیان دەڵێن: (باڵی دەریا)، ئەم جۆرە ماڵێکی هەیە ژووری زۆری تێدایە، بەڵام ئەم تەنها لە یەکێک لەو ژوورانە دەژیت، هەر کاتێک زۆرتر گەورە بێت ئەو ژووری گەورەتر دروست دەکات و ژوورە کۆنەکەی دادەخات، ژوورەکانی زۆر بەجوانی بە چوار دەوری خۆیدا دروستکردووە، ناو ژوورەکانی بە ماددەیەک وەکو (لولو) بەجوانی دەڕازێنێتەوە، هەندێک جۆری تر لە سەدەف دڕکێکی زۆری پێوەیە تا ماسییە برسییەکان نەیخۆن، یەکێک لەم سەدەفانە ناسراوە بە (شانەی ڤینۆس) ئەمەیان شێوەی شانەی داهێنانی قژی هەیە و ئەگەر بتەوێت وەکو شانە بەکاری دەهێنێت، هەندێک (مەحاری) کە تەواو پێگەیشتووە کێشی دەگاتە (٢٥٠) کیلۆگرام، ئەم جۆرە مەحارانە ناسراون بە (مەحاری مرۆڤ خۆر)، بە زۆر لەناو ئاودا دەم دەکەنەوە، ئەو کەسانەی کە دەچنە ژێر دەریاوە بۆ گەڕان بە دوای (لولو) دەکەونە داوی ئەو مەحارەوە، کاتێک دەچنە ناو مەحارەکەوە بۆ گەڕان بەدوای لولودا مەحارەکە لە ترسی گیان خۆیدا دەمی دادەخات ئیتر ئەو کەسە گیر دەکات و دەخنکێت، سەدەف بۆ زۆر شتی جوان بەکار دەهێنرێت، وەکو قاپی شووشە یان بۆ تەپڵەی جگەرە یان وەکو گڵاس بۆ ئاو خواردنەوە، لە دوورگەکانی (باسفیک) وەکو گڵۆپ یان وەکو قۆری چا خواردنەوە بەکار دەهێنرێت، لە فلیپین بۆ دروست کردنی پەنجەرە بەکار دەهێنرێت، هەروەها وەکو بووی (ئامێرێکی میوزەکە/وەرگێڕ) بەکار دەهێنرێت.
لە ناوچەی (گریان بانکس) ڕاوچییەکان فوو دەکەنە بووقەکانیان، کە لە سەدەفێکی تایبەتی دروست کراوە بە ئاگادار کردنەوەی کەشتییەکان لە مەترسی تەم و مژی دەریا، لە هیندستان جۆرێک لە سەدەف وەکو ئامێرێکی میوزیکی تایبەت بە بۆنە ئایینییەکان لە پەرستگاکاندا بەکاردەھێنرێت، ئەم سەدەفانە شتێکی پیرۆزن لە ئایینی هندۆسیدا، هەندێک سەدەفی (مەحاری) زەبەلاح لە کڵێسەکاندا دادەنرێت و پڕ دەکرێت لە ئاوی پیرۆز، زۆر جار سەدەف بۆ جوانکاری بەکاردەھێنرێت،لولو گرانترین جۆری کەرەستەی خۆ ڕازاندنەوەیە کە سەدەف دروستی دەکات، ئەم لولووە ئەمەندە جوانە هەموو ڕەنگەکانی پەلکە زێڕینەی تێدا دەدرەوشێتەوە، لولو بە پێچەوانەی (ئەڵماس) یان (گەوهەری شەوچرا---عقیق) کە دەستکاری دەکرێن و ڕێک دەکرێن و گۆڕانکاری دێت بە سەریاندا تا ببنە کەرەستەیەکی جوان، بە سروشتی خۆی دروست بووەو هیچ دەستکارییەک ناکرێت، لە کۆندا سەدەف لە جیاتی پارە بەکارهێنراوە، هیندییە سوورەکانی ئەمەریکا دراوی تایبەتییان لە سەدەف دروست کردووە، تا ڕۆژگاری ئەمڕۆمان لە ئەفریقاو هەندێ شوێنی تری دونیا سەدەف وەکو دراو مامەڵەی پێوە دەکرێت، لە دوورگەکانی (ڤیجی) سەرۆک خێڵەکان جۆرێکی تایبەتیان لە سەدەف دەکردە خەڵات بۆ ئەو کەسانەی کە جێی ستایشی ئەوان بوون.
هەندێک لە سەدەفانە زۆر دەگمەنن، لە یەکێک لە مۆزەخانەکانی بەریتانیا سەدەفێک نمایش دەکرێت کە تاکو ئێستاش یەکێکی تری هاوشێوەی نەدۆزراوەتەوە، جۆرێکی تری سەدەف بە (شانازی دەریا) بەناوبانگە تاکو ئێستا (١٢) دانەیان لێ دۆزراوەتەوە، زۆرێک لە خەڵک ئەم سەدەفانە لەبەر سەیری ڕەنگەکەی یان شێوازی نەخش و نیگارەکەی کۆ دەکەنەوە.
لەوانەیە بە هیوای ئەوە بێت ئێستا لەگەڵ (کۆڵۆمبۆس)دا بوویتایە بۆ ئەوەی دونییایەکی تازە لە دەریادا بدۆزنەوە، بەڵام دەتوانیت بە خەیاڵ گەشتێکی فرەتر لەوەی (کۆڵۆمبس) بکەیت، هەروەها لە تواناتدایە شتی زۆرتر لەوەی (کۆڵۆمبس) لە بارەی دەریاو دونیای دەریاوانی دەیزانی فێر ببیت.


سەرچاوەکان



799 بینین