دەریا چۆن کۆنترۆڵی کەش و هەوا دەکات

له‌لایه‌ن: - ئاکار قطب الدین - به‌روار: 2021-01-02-23:18:00 - کۆدی بابەت: 1057
دەریا چۆن کۆنترۆڵی کەش و هەوا دەکات

ناوه‌ڕۆك

دەریا چۆن کۆنتڕۆڵی کەش و هەوا دەکات

لە وەرزی ھاویندا بە ملیۆنەها کەس ڕوودەکەنە کەنارەکانی دەریا، حەز دەکەن ئارەزووەکانیان لە مەلەکردن و ڕاوکردنی ماسی و ئەنجامدانی گەشت بە بەلەم تێر بکەن، هەروەها حەزیان لەوەیە ئەو هەوا فێنکەی کە لە دەریاوە بەرەو کەنارە گەرمەکان هەڵدەکات فێنکیان بکاتەوە، چونکە دەریا تا ئاستێکی زۆر توانای کۆنتڕۆڵکردنی کەش و هەوای هەیە.
یەکەم جار دەبێت بزانین کەسێ یەکی زەوی داپۆشراوە بە ئاو، هەروەها هەوا کاریگەرییەکی باشی هەیە لەسەر وشکایی، چونکە ناهێڵێت هەوا نە زۆر گەرم بێت نە زۆر سارد بێت یان وشک بێت، لە هەموو وڵاتاندا ئامێری تایبەت بەکار دەهێنرێت بۆ گەرمکردنەوەی ماڵان لە وەرزی زستان و ساردکردنەوەی لە وەرزی هاویندا، کاری دەریاش هاوشێوەی ئەو ئامێرانەیە، بۆ نموونە: جاری وا هەیە پلەکانی گەرما لە هەندێک شوێنی وشکایی دادەبەزێت بۆ (٩٤) پلەی فهرنایت لە ژێر سفر، بەڵام لە بیابانەکانی ئەفریقا لەوانەیە بەرز بێتەوە بۆ (١٣٦) پلەی فهرنایت لە سەرووی سفرەوە، کەواتە جیاوازییەکە (٢٣٠) پلەیە، بەڵام وەکو ئەم جیاوازییە لە پلەی گەرمای زەریادا نییە، گەرمترین ئاوی دەریا ئاوی کەنداوی فارسە کە دەگاتە (٩٦) پلەی فهرنایت لە سەرووی سفرەوەو ساردترینیان لە بنی دەریاییە کە نزم ئەبێتەوە بۆ (٢٧) پلەی فهرنایت، واتە بە جیاوازی کەمتر لە (٧٠) پلە، گەرمی ئاو لە سەر ڕووی دەریا هەندێک جار بە چەند پلەیەک جیاوازی هەیە، بەڵام لە ژێر دەریا ئەتوانین بڵێین نەگوڕە، چونکە ئاو زۆر لە سەرخۆ گەرم دەبێت، هەروەها لە سەرخۆ سارد دەبێتەوە، بەڵام هەوا پێچەوانەی ئاوە خێرا گەرم دەبێت و خێرا سارد دەبێتەوە، بۆ نموونە: گەرم کردنی یەک لیتر ئاوو یەک لیتر هەوا (٣٠٠٠) جار جیاوازییان هەیە، چونکە وەک وتمان ئاو درەنگ گەرم دەبێت، بەڵام هەوا بە بەراوردکردن لەگەڵ ئاودا بە (٣٠٠٠) جار زووتر گەرم دەبێت، خۆری بەهار کاتێکی زۆری دەوێت بۆ گەرمکردنەوەی ئاوی دەریاکان لە زستاندا، هەروەها سەرما و سۆڵەی پایز کاتێک زۆری پێویستە بۆ ساردکردنەوەی دەریاکانی هاوین، جا لەبەر ئەم هۆیە وەرزی بەهار و پایز لە کەناری دەریاکان دوا دەکەوێت و ئەگەر بەراورد بکرێت لەگەڵ ئەو ناوچانەی کە لە کەنارەکانەوە دوورن، ئەوا هاوینی ساردە و زستانیشی گەرمە، جگە لەمە کاریگەری دەریا لەسەر کەش و هەوا هۆکاری تری هەیە، لەوانە ئەو ڕووبارە مەزنانەی لە دەریادا هەن و پێیان دەڵێن: تەوژمەکانی زەریا، ئەم تەوژمانە دەتوانین گەرمی دەریاکان هەڵگرن و لەگەڵ خۆیان بیبەن بۆ باکوور و باشوور، هەروەها ساردی دەریا جەمسەرییەکان بۆ ئاراستەی کەمەری زەوی دەبات، لە باشووری ئینگلتەرا بەهۆی تەوژمە گەرمەکانی زەریاوە لە زستاندا گوڵە نێرگز زۆر دەبێت.
هەروەها کاریگەری هەیە بەسەر بەرهەمی گوڵ لە شاری ئۆریگۆن لە ئەمەریکادا، تەوژمە ساردەکانی زەریا هۆکارێکە بۆ ساردکردنی ناوچەی (لیبرادۆر) و (ماین) و کانەرەکانی پیرۆی کردۆتە بیابان، تەوژمەکانی زەریا کۆنتڕۆڵی کەش و ھەوای زۆر لە وڵاتانی جیهان دەکات، گرنگترین ئەم هۆکارانە ئەو هەورەیە کە با لە دەریاوە بەروەو وشکایی دەیبات، تا دابارێتە سەر ئەو زەویانەی کە تووشی وشکە ساڵی هاتوون، دەبێت ئەوە بزانین کە دەریا سەرچاوەی ئەو ئاوەیە کە بووەتە هۆی مانەوەی ژیان لەسەر زەویدا .. (وەکو خوای گەورە لە قورئانی پیرۆزدا دەفەرموێت: (وجعلنا من الماء کا شيء حي)، واتە ئێمە لە ڕێگەی ئاوەوە گیانمان خستووەتە بەر هەموو زیندەوەرێک---وەرگێڕ).

بۆچی ساڵانە زەوی گەرمتر دەبێت

جاری وا هەیە گوێمان لە پیاو و ژنە پیرەکان دەبێت کە دەڵێن: بە ڕاستی دونیا تا دێت لە هاویندا گەرم دەبێت و زستانیش هەمان سەرمایەکی جارانی نەماوە، وەکو لە سەردەمی مناڵانی خۆماندا بینیومانە، لە ڕاستیدا ئەوان ڕاست دەڵێن، چونکە ئەو شاخە بەستەڵەکاویانەی کە خۆمان پێیان دەڵێن: شاخە بەفراوییەکان کەمە کەمە دەتوێنەوە، زاناکان ئەوەیان بۆ ڕوون بووەتەوە کە دونیا لە پێشدا زۆر گەرم و زۆر سارد بووە بە بەراوردکردنی لەگەڵ کەش و هەوای ئێستادا، ئەوان دەزانن ئەم گەرمبوونی بەهۆی سەوزبوون و گەشەکردنی داری (هەنجیر) و (مانۆلیا)وە بوو، لە ناوچەکانی گرینلاند، هەروەها ئەو هەموو خەڵوزەی کە لەسەر ڕووی کیشوەری جەمسەردا بوو، ئێستا جگە لە شوێنەواری نەبێت هیچی تری نەماوە، ئەوان دەزانن سەردەمانێک دونیا ساردتر بووە، لەبەر ئەوەی باشووری کەنەدا تا پشتی ڕووباری (ئۆهایۆ) هەموو بە بەفر داپۆشراوە بووەو درێژایی ماسی هەندێک شوێنە بەفراوییەکان گەیشتووەتە (٣) مەتر، ناوچەی بەفری لە ئەورووپا و ئاسیاشدا بوونی هەبوو، ئەم ناوچەی بەستەڵەکاوییانە بۆ ماوەی (٢٠,٠٠٠) ساڵە هەر لێی دەتوێتەوە بەفرەکەی کەم دەکات، لەگەڵ ئەمەشدا هەر لێی ماوە، تاکو ئێستاش لە هەندێ شوێنی (گرینلاند) دیواری بەفری وا هەیە پانییەکەی دەگاتە (٢٥٠٠) مەتر، تاکو ئێستاش زۆرێک لە ڕووبارەکانی زەوی لە ژێر بەفرو بەستەڵەک دان.
ئەمەی کە باسی دەکەین چیرۆک نییە، چونکە هەر لە کۆنەوە تاکو ئێستاش چەندەها جاربەفر ئەم ناوچەی بەستەڵەکاوییانەی بە هۆی چەندین هۆکارەوە زیاد و کەمیان کردووە، هەتاکو ئێستاش شوێنەواری توانەوەی بەفر بەسەر زەوییەوە، کە چەند دۆڵ و ئەشکەوت و ڕووبارو دەریاچەی دروستکردووە، بەڵام چ هۆکارێک ئەم گۆڕانکارییە گەورەیەی بەسەر کەش و هەوای زەویدا دەهێنێت، وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە هەموو زاناکانی سەرسام کردووە، هەر کۆمەڵێکیان بیروبۆچوونی جیاوازی هەیە لەبارەی ئەم گۆڕانکارییەی بەسەر کەش و هەوای زەویدا هاتووە، بەڵام بە هەر هۆکارێک بێت، کەش و هەوا کاریگەری خۆی بەسەر زەویدا جێ دەهێڵێت چ لەسەر دەریا بێت، چ لەسەر زەوی.
ئەگەر هاتوو لە ناکاوە هەموو بەفری کیشوەری جەمسەری باشوور و گرینلاند توایەوە، ئەوا دەریا بە ئەندازەی (٣٠) مەتر زیاتر بەرز دەبێتەوە، لەو کاتەدا نیویۆرک و لەندەن و هەموو بەندەرەکانی جیهان ئاو دەیان بات و ژێر ئاو دەکەون و دەخنکێن، هەروەها دۆڵی (میسیسیپی) جارێکی تر دەبێتەوە بە کەنداو، ئەگەر خەیاڵ بکەین و بەڵێین چاخێکی تری بەفرین هەر وەک ئەوەی کە پێش (٢٠,٠٠٠) ساڵ هەبووە بەڕێوەیە، ئەوا دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی ئاوی دەریا لە هەموو شوێنێکدا لەبەر ئەوە بێت کە ئەو ئاوە دەبێتەوە بە بەفر، پاشان هەردوو کیشوەری ئاسیا و ئەمەریکای باکوور جارێکی تر یەک دەگرنەوە، دوورگەکانی بەریتانیا سەر لەنوێ دەبنەوە بە بەشێک لە ئەورووپا.
دەبێت خۆمان ڕەشبین نەکەین ئەم ئەگەرانە کە بێ تاقەتمان دەکات، لەبەر ئەوەی زۆر لە سەرخۆ ڕوو دەدات، لەوانەیە هەزار ساڵیتر بێت یان زیاتر لە یەک ملیۆن ساڵ بخایەنێت.


سەرچاوەکان



1575 بینین