خولانەوەی هەسارەکان بە دەوری خۆیان و خۆر

له‌لایه‌ن: - ئاکام ئەکرەم - به‌روار: 2021-01-20-23:30:00 - کۆدی بابەت: 1448
خولانەوەی هەسارەکان بە دەوری خۆیان و خۆر

ناوه‌ڕۆك

خولانەوەی هەسارەکان بە دەوری خۆیان و خۆر

هەموو کۆمەڵەی خۆر بەر لە پتر لە ٤٦٠٠ ملیۆن ساڵ لە چڕ بوونەوەی تەنە گازێکی هایدرۆجینی گەورە Nebula دروستبووە کە تیرەکەی پتر لە ٣ ساڵی تیشکی بووە، ئەو تەمە گازیە دەستی بە سوڕانەوە کرد بە هۆی کاریگەری تەقینەوەیەکی سوپەر نۆڤا لە نزیک تەمەکە بە پێی یاسای Moment.of.Inertia کە کاتێک لە بارستەیەکدا گەردیلەکان لە یەکتر نزیک دەبنەوە دەست بە خولانەوە دەکەن بە دەوری یەکتر، لە ئەنجامدا بە هۆی هێزی کێشکردن بەشی زۆری تەمەکە لە ناوەڕاستەکەی چڕ بۆوە و خۆر لە چەقەکەی دروست بوو، بەشەکانی دەوریشی تۆپەڵ تۆپەڵ چڕبوونەوە و بوون بە هەسارەکان و بە هەمان شێوەی تەمە گەورەکە بە دەوری خۆیان و بە دەوری خۆر دەستیان بە سوڕانەوە کرد.
بە هۆی یاسای بەردەوامی لەبەر ئەوەی هیچ هێزێک نیە ئەو خولانەوانە بوەستێنێت ئەوا بەردەوام دەبن لە سوڕانەوە بە دەوری خۆیان، لەوانەیە بە هۆی هێزی کێشکردنی تەنە نزیکەکان یان هەر بەریەک کەوتنێک کە ڕوودەدات خولانەوەکان بە تێپەڕبوونی کات خاو ببنەوە، بۆ نموونە کاریگەری هێزی کێشکردنی مانگ لەسە زەوی خولانەوەی زەوی بە تێپەڕبونی کات خاو دەکاتەوە بە ڕێژەیەکی زۆر کەم بەهەمان شێوە هێزی کێشکردنی زەوی کاریگەری دەبێت خولانەوەی مانگ بە تێپەڕبوونی کات بە ڕێژەیەکی زۆر کەم.
هەموو هەسارەکان بەدەوری خۆیاندا دەسوڕێنەوە، هەر یەکەو بە خێراییەک، زەوی بە ٢٤ کاتژمێر جارێک بە دەوری خۆیدا دەسوڕیتەوە، خێراییەکەی نزیکەی ١٦٦٧ کیلۆمەترە لە کاتژمێرێکدا کە هێڵی ناوەڕاستی گۆی زەوی، هەسارەی عەتارد بە ٥٩ ڕۆژ جارێك خولێک بە دەوری خۆیدا تەواو دەکات، زوهرە لە ٢٤٣ رۆژدا، مەریخ بە ٢٤ کاتژمێر و ٤٠ خولەک، موشتەریش بە نزیکەی ١٠ کاتژمێر جارێك بە دەوری خۆیدا دەسوڕێتەوە. 
لێرەدا دەمەوێت ئاماژە بە خولانەوەی خۆریش بکەم بە دەوری خۆی لە ئەویش لە ٢٧ ڕۆژدا جارێك ڕوودەدات چونکە زۆر کەم باس لەم خولانەوەی خۆر دەکرێت.

زەوی و هەموو هەسارەکانی تریش بە دەوری خۆردا دەسوڕێنەوە، خێرای زەوی بە دەوری خۆر نزیکەی ٣٠ کیلۆمەتر دەبێت لە چرکەیەکدا.
زەوی جوڵانەوەیەکی تریشی هەیە ئەویش لە چوارچێوەی سوڕانەوەی هەموو کۆمەڵەی خۆرە بە دەوری چەقی گەلە ئەستێرەی ڕێی کاکێشان. ڕێی کاکێشان بە نزیکەی ٢٥٠ ملیۆن ساڵ جارێك بە دەوری چەقەکەی خۆی دەخولێتەوە کە کونە ڕەشێكی زەبەلاحی لێیە و پێی دەووترێت Sagitarius.A بارستاییەکەی پترە لە ٤ ملیۆن ئەوەندەی بارستەی خۆر.


سەرچاوەکان



2348 بینین