مەرج نییە هەموو چاویلکەیەک گونجاو بێت

له‌لایه‌ن: - ئاکام ئەکرەم - به‌روار: 2021-02-15-21:56:00 - کۆدی بابەت: 2284
مەرج نییە هەموو چاویلکەیەک گونجاو بێت

ناوه‌ڕۆك

مەرج نیە هەموو چاویلکەیەک گونجاو بێت

مەبەستمان لە چاویلکەی بەر هەتاوە، کە دەبێ بزانی چ جۆرێک هەڵدەبژێریت، بەڵام هەرگیز مەبەست لێی ئەوە نیە کە کام مارکەیە بێت، مەرجیش نییە ئەگەر چاویلکەیەک مارکەکەی هەرزان بێت، واتە خراپە و ئەگەر گران بێت واتە باشە، بەڵکو پێویستە بزانی چاوی چاویلکەکە ئەو مەرجانەی تێدایە کە قازانج بە چاو دەگەیەنێ!
ئایا چاویلکەی هەتاوی لە تیشکی سەرووی وەنەوشەیی خۆر دەمانپارێزێت؟ وا نەبێت کە تیشکی سەرووی وەنەوشەی تەنیا کاریگەری خراپ بکاتە سەر پێست، بەڵکو کارییگەری دەکاتە سەر پێڵو و چینی کۆرنیا و هاوێنە و بەشەکانی تری چاو، هەروەها هۆکارێکە بۆ پەیدا بوونی ئاوی سپی.
لە کاتی هەڵبژاردنی چاویلکەی دژە هەتاو، بە وردی سەرنج بدە و ئەو جۆرە هەڵبژێرە کە بە ڕێژەی ٪٩٩-١٠٠ ڕێگە لە تێپەڕبوونی هەدوو جۆری تیشکی سەرووی وەنەوشەی UVA و UVB بگرێت.
جگە لەمە، خاڵی تر هەیە بۆ هەڵبژاردنی چاویلکەی هەتاوی، بۆ نموونە هاوێنەی ڕێگر لە ڕەنگی شین Blue- blocking lenses کە وێنە دوورەکان ڕوونتر دەکات بە تایبەتی لە ڕووناکی کەمدا،
هاوێنەی پۆلەرایز Polarized lenses شەوق و ڕەونەقی ڕووناکی کەم دەکاتەوە.
هاوێنەی  فۆتۆکرۆم  Photochromic lenses کە ڕەنگەکانی لەگەڵ ڕووناکیدا دەگۆڕیت یان تاریک دەبێت بۆ قاوەی Potobrown یان بۆ ڕەنگی خۆڵەمێشی Photogrey، بەم شێوەیە وێنەکان ڕوونتر دەبینرێن و شەوقی ڕووناکیش کەمتر دەبێتەوە، لەگەڵ ئەمەشدا مەرج نییە کە هەموو چاویلکەکانی لەم جۆرە تیشکی سەرووی وەنەوشەیی بە تەواوی بلۆک بکەن
هاوێنەی بە ئاوێنە داپۆشراو Mirror.coated lenses زیاتر ڕێگە لە تێپەڕ بوونی تیشکی بینراو دەگرێت.
بە پێی ڕاپۆرتێکی نوێی بەریتانیاش . تیشکی خۆر، چاوی چاویلکەکان وردە وردە تێک دەدات و خانەکانی پێکهاتەی دەشێوێنێ، بەمەش لە جیاتی ئەوەی تیشکی سەرووی بنەوشەیی بگەڕێنێتەوە کە ئامانجی سەرەکی چاویلکەکانی بەر خۆرە، تیشکەکە زیاتر دەکات و دەینێرێت بۆ چاوت، 
توێژەرانی وڵاتی بەرازیل، ئێستە بە شوێن دۆزینەوەی داهێنانێکی نوێن، تا بتوانێ چاویلکەکان لە تێکچوون بپارێزێ، یان بتوانن فلتەر بۆ چاویلکە دابنێن، بۆ ئەوەی بەردەوام فلتەرەکەی بگۆرێ. 
ڕێژەی تیشکی سەرووی بنەوشەیی کە زیان بە چاو دەگەیەنێت لە ناوچەکانی زەوی بە پێی هێڵە تەریبە شاوڵییەکان، جیاوازی هەیە، بۆ نموونە ئەو خۆرەی لە ئەوروپا لە خەڵک دەدات، لەبەر ئەوەی تیشکی سەرووی بنەوشەیی زیاترە، زیانی زۆرترە لەو خۆرەی کە کوردستان و وڵاتانی ڕۆژهەڵات لە خەڵک دەدات، ئەگەرچی خۆری ئەم ناوچانە بە تین تریشە، بەڵام  زیانی کەمترە، بەڵکو بە پێچەوانەوە، سوودەکانی نەبڕاوەن.


سەرچاوەکان



835 بینین