ئیبراهیم ئەحمەد

له‌لایه‌ن: - شنۆ نەوزاد شنۆ نەوزاد - به‌روار: 2024-01-04-07:47:00 - کۆدی بابەت: 3265
ئیبراهیم ئەحمەد

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

ئیبراهیم ئەحمەد (بە ئینگلیزی: Ibrahim Ahmed، بە عەرەبی: إبراهيم أحمد) سیاسەتمەدار، ڕۆژنامەنووس، چیرۆک نووس، شاعیر و ماف ناسێکی نەتەوەی کورد بوو. بەهاری ساڵی ١٩١٤ لە شاری سلێمانی لە دایکبووە. باوکی ناوی ئەحمەد بەگی فەتاح زادە و یەکێک لە دۆستانی نزیکی  شێخ مەحموودی حەفید بووە. 

ڕەمزی فەتاحی مامی ئەفسەری سوپای عوسمانی بووە، لەکاتی دامەزراندنی حکوومەتی کوردستان، بە ڕابەری شێخ مەحموود، گەڕاوەتەوە شاری سلێمانی وەک ئەفسەرێک بەشداری لە حکومەتەکەدا کردووە، ڕەمزی فەتاح زیاتر لە هەر کەسێک کاری کردووەتە سەر ئیبراهیم ئەحمەد و هانی داوە بخوێنێت.

خوێندنی

سەرەتا لە یەکێک لە حوجرەکانی شاری سلێمانیدا خوێندوویەتی و هەر زوو خراوەتە قوتابخانە و هەتاکو پۆلی دووی ناوەندی خوێندووە پاشان چووەتە شاری بەغدا و لەوێش چەندێک ساڵ خوێندوویەتی. ساڵی ١٩٣٤ لە زانکۆی بەغدا - کۆلیژی حقوق وەرگیراوە. ساڵی ١٩٣٧ خوێندنی تەواو کردووە و بووە بە پارێزەر. 

بەرهەمە بڵاوکراوەکانی

نامیلکەی "الاکراد و العرب"

هەر لە ساڵی ١٩٣٧دا نامیلکەی "الاکراد و العرب"ـی نووسیوە و مامۆستا هەمزە عەبدوڵڵا کە یەکێک لە خوێندکارە هەرە نزیکەکانی زانکۆی بووە، بۆی چاپ کردووە. ئەو نامیلکەیە لەو رۆژگارەدا دەنگی دایەوە و ڕووناکبیرانی کورد و عەرەب زۆر بەرز نرخاندیان کە تا ئەمڕۆ نرخی خۆی وەکو پڕۆگرامێک بۆ ڕێکخستنی پەیوەندی نێوان کورد و  عەرەب ون نەکردووە، حکوومەتی ئەو دەمەی عێراق نامیلکەکەی قەدەغە کرد و پۆلیس کەوتە کۆکردنەوەی. ئیبراهیم و هەمزەش دران بە دادگا و زیندانی کران. 

گۆڤاری گەلاوێژ

پاش خوێندنی زانکۆ بیری لە دەرکردنی گۆڤارێکی ڕۆشنبیری کوردی کردەوە. لەگەڵ چەند نووسەرێک کە یەکێک لەوانە محەمەد باشقە بەڕێوەبەری چاپ بڵاوکردنەوەی حکوومەتی عێراق بوو، کە کوردێکی فەیلی بوو، توانی ڕەزامەندی دەرکردنی گۆڤاری گەلاوێژ وەربگرێت. یەکەم ژمارەی گەلاوێژ لە مانگی کانوونی یەکەم ١٩٣٩ دەرچوو. لەبەرئەوەی ئیبراهیم ئەحمەد هاوکات بە کاری دادوەریشەوە خەریک بوو، پێویستی بە کەسێک هەبوو کە سەرپەرشتی چاپ و بڵاوبوونەوەی گۆڤارەکە بکات. عەلائەدینی سەججادی ئەو ئەرکەی خستە ئەستۆی خۆی و پاشان بووە نووسەرێکی چالاکی گۆڤارەکە و هەتا دوا ژمارەی لەگەڵی خەریک بوو، گەلاوێژ بەسەر یەکەوە ١١٦ ژمارەی لێ دەرچوو.  دوا ژمارەی لە مانگی ئابی ١٩٤٩دا دەرکرا.  بە بیانووی ئەوە کە خاوەنی گۆڤارەکە ئیبراهیم ئەحمەد لە زینداندا بوو گۆڤارەکەش لە دەرکردن خرا.  

لەساڵی ١٩٤٩ بەولاوە چەند شیعر و چیرۆکێکی تری نوسیووە کە بەشی زۆریان تا ئێستا بڵاو نەکراوەتەوە.

بەشێک لە بەرهەمەکانی ئیبراهیم ئەحمەد

  • یادگار و هیوا
  • بەرەو ڕووناکی
  • خەبات
  • کوێرەوەری
  • ژانی گەل
  • چریکەی کوردستان

ئەزموونی ئیبراهیم ئەحمەد لە هەولێر

ئیبراهیم ئەحمەد لە مانگی شوباتی ١٩٤٢ لە شاری هەولێر وەک دادوەر دادەمەزرێت.  هەوەها لە نزیکەوە زۆر لە ڕووناکبیرانی شاری هەولێر دەناسێ و پەیوەندییەکی توند و تۆڵیان لەگەڵ دەبەستێت. ئەوەندەی پێناچێت دەگوازرێتەوە بۆ شارۆچکەی هەڵەبجە، لە مانگی ئابی ١٩٤٤دا واز لە دادوەری دێنێت و دەگەڕێتەوە سلێمانی و دەبێت بە پارێزەر. 

چالاکییەکانی ئیبراهیم ئەحمەد

هەر لە مانگی ئابی ١٩٤٤ ئیبراهیم ئەحمەد لەگەڵ چەند کەسایەتییەکی دیاری شارەکە وەک ئیسماعیل هەقی شاوەیس، بێکەسی شاعیر، بەهیە مەعروف، سدیق شاوەیس، عوسمان دانش، عەزیزی میرزا ساڵحی گورون و حەمەعەلی مەدهۆشی شاعیر و چەند کەسێکی دیکە، لقی چالاک و بە دیسیپلینی کۆمەڵەی ژیانەوەی کوردستان (کۆمەڵەی ژ.ک) لە باشووری کوردستان و شاری سلێمانی دادەمەزرێنن و ئیبراهیم ئەحمەد بە لێپرسراوی لقەکە هەڵدەبژێرن. کاتێکیش لەسەر بنەماکانی کۆمەڵەی ژ.ک حیزبی دیموکراتی کوردستان دامەزێنرا، ئەوانیش لقەکەی خۆیان کردە لقی حیزبی دیموکراتی کوردستان. دوای ڕووخانی کۆماری دیموکراتی کوردستان، ئەندامانی ئەم لقە چوونە نێو ڕیزی " پارتی دیموکراتی کورد - عێراقەوە" بەردەوام بوون. لە ساڵی ١٩٤٩دا لەسەر چالاکی سیاسی گیرا و نزیکەی دوو ساڵ لە زینداندا مایەوە.

کاتێک کە ئازاد کرا لە سەرەتای  ١٩٥١ دووەمین کۆنگرەی پارتی دیموکراتی کورد - عێراق لە بەغدا لە ماڵی عەلی حەمدی بەسترا و ئیبراهیم ئەحمەد وەک سکرتێری پارتی هەڵبژێردرا و ئەرکی دەرکردنی ئۆرگانی ئەو کاتەی پارتی کە ناوی "ڕزگاری" بوو خستە ئەستۆی خۆی. لە کۆنگرەکانی دواتریش بەشداری چالاکانەی هەبوو. هەر بە هەوڵی ئیبراهیم ئەحمەد ڕەزامەندی دەرکردنی ڕۆژنامەی "خەبات" وەرگیرا و یەکەم ژمارەی لە ١٩٥٩/٤/٤ دەرکرا. خۆی خاوەن ئیمتیاز و سەر نووسەری بوو زۆربەی جار خۆی سەر وتار و بابەتە سەرەکییەکانیشی دەنووسی.

ئەزموونی سیاسی ئیبراهیم ئەحمەد

لە ساڵی ١٩٤٧ وەکوو یەکێک لە سەرکردەکانی "پارتی دیموکراتی کوردستان" ناوی دەرکردووە، لە مانگی  ئەیلوولی ١٩٦١ پارتی دیموکراتی کوردستان، لە شارەوە گواستەوە بۆ شاخ و ڕێگای خەباتی چەکدارانەی گرتەبەر، لە ناوەڕاستی ساڵی ١٩٦٤ کێشە لە نێوان ئەندامانی سەرکردایەتی پارتیدا سەری هەڵدا و پارتەکە بووە دوو بەشەوە، ئیبراهیم ئەحمەد یەکێک بوو لە کەسە دیارەکانی باڵی مەکتەبی سیاسی پارتی.

ساڵی ١٩٧٤ بەشداری لە بزووتنەوەی چەکدارانەی گەلی کورد لە دژی حکوومەتی عێراق کرد و وەک ڕابەرێکی سیاسی و دیپلۆماسی نێو بزووتنەوەکە ناوبانگی دەرکرد. کاتێکیش ساڵی ١٩٧٥ بزووتنەوەکە شکستی هێنا چووە وڵاتی بەریتانیا و لە شاری لەندەن نیشتەجێ بوو.

کۆچی دوایی

لە ڕۆژی شەممە ٨ـی نیسانی ٢٠٠٠ لە شاری لەندەن ئیبراهیم ئەحمەد کۆچی دوایی کردووە، لە ڕۆژی سێ شەممە ١٨ـی نیسان تەرمەکەی لە لەندەنەوە بەرەو تاران بەڕێ کراوە و بەرەبەیانی ١٩ـی ٤ گەیشتە  فڕۆکەخانەی تاران، رۆژی پێنچ شەممە ٢٠ـی ٤ لە کرماشانەوە بەرەو سنووری کوردستانی باشوور بەڕێ کرا، بۆ کاتژمێر ٧ـی ئێوارە گەیشتە شاری سلێمانی، لە ڕۆژی ٢١ـی نیسانی ٢٠٠٠ لە ڕێوڕەسمێکدا لە گردی سەلیم بەگ کە دەکەوێتە ڕۆژهەڵاتی سلێمانییەوە بەڕێ کرا و لەوێ بە خاک سپێردرا.


سەرچاوەکان



2565 بینین