ناوهڕۆك
نەخۆشی کۆئەندامی هەرس لە مانگی ڕەمەزاندا
بەڕاستی مانگی ڕەمەزان، مانگی پشوودانی کۆئەندامی هەرسە، بەڵام بەداخەوە زۆربەمان خۆی ئەجەڕێنێ لەکاتی بەربانگدا بە جۆرەها خواردن و خواردنەوە، وە خۆشحاڵی گەدە و ڕیخۆڵەکانی دەکاتە مایەی بارگرانی و ئاوساوی، ئێستاش چەند نەخۆشییەکی گرنگ دەخەینە ڕوو کە پەیوەندییان بە ڕۆژووگرتنەوە هەیە:
برینی گەدە یان دوانزە گرێ
ئەو کەسەی برینی توندی هەبێت دەناڵێنێ بەدەس ئازاری گەدەوە لەکاتی برسێتیدا، یان ئازارەکە لە خەودا بە ئاگای دەهێنێت، ئەگەر چی برینی دوانزە گرێ سووکتر دەبێت بە نانخواردن، بەڵام دوای چەند کاتژمێرێک ئازارەکە دەگەڕێتەوە، وە پێویستە لەسەر نەخۆشی تووشبوو بە یەکێک لەم حاڵەتانەی خوارەوە، ڕۆژوو بشکێنێت (یان بەڕۆژوو نەبێت):
أ- برینی توند: ئەو کاتەی نەخۆش نیشانەکانی برینی لێ دەردەکەوێت، وەکو ئازار لەکاتی برسێتیدا، یان بەئاگا هاتنەوە بەهۆی ئازارەوە.
ب- لە کاتی هەڵگەڕانەوەی توند لە برینی درێژخایەندا وەکو لە برینی تونددا ڕوودەدات، بە هەمان شێوە لەو کەسانەدا کە نیشانەکانی ئەم نەخۆشییە تیایاندا بەردەوامە لەگەڵ بەکارهێنانی دەرماندا بە ڕێکوپێکی.
ج- لەکاتی ڕوودانی دەرهاویشتەکانی برینی گەدە و دوانزەگرێ، وەکو خوێن بەربوونی کۆئەندامی هەرس، یان چاکنەبوونەوەی برینەکە لەگەڵ ئەوەشدا کە بەردەوام چارەسەری دەرمانی بۆ ئەنجام بدرێت.
گران هەرس کردن
کۆمەڵە نیشانەیەکن لەدوای نانخواردنەوە دەردەکەون، لەوانە ژانەسک، هەوا و گازی ناوسک، قرقێنە، دڵتێکهەڵاتن، هەستکردن بە ناڕەحەتی لە سەرووی سکەوە، بەتایبەتی لەدوای خواردنی ژەمێکی قورس، یان دوای بەپەلە نانخواردن، یان دوای خواردنی چەور و پڕ لە بەهارات.
خۆشبەختانە زۆربەی ئەم حاڵەتانەی سەرەوە بە ڕۆژوو گرتن چاک دەبنەوە بە مەرجێک کەسەکە برینی گەدە و دوانزە گرێی توند، یان هەوکردنی سورێنچکی نەبێت، هەروەها بەو مەرجەی زیادەڕەوی نەکات لە خواردن و خواردنەوە لەکاتی بەربانگ و پارشێوکردندا.
هەڵدڕینی گەدە
ئەمیش بەتایبەتی لە قەڵەوەکاندا ڕوودەدات بەتایبەتیتر لە ئافرەتانی تەمەن ناوەنددا، وە ئەم حاڵەتەیش لە زۆربەی تووشبواندا هیچ نیشانەیەکی نییە جگە لە هەندێک کەس کە هەست بە سووتانەوە ترشی دەکەن لە گەدەیاندا، بە تایبەتی لەکاتی پڕبوونی گەدەدا، یان چەمینەوەی کەسەکە بۆ پێشەوە، یان ڕاکشانی لەسەر پشت، لەو كاتەدا بەشێک لەوەی لەناو گەدەدا هەیە دەگەڕێتەوە بۆ سورێنچک.
پێویستە لەسەر قەڵەوەکان چەندیان لە توانادایە کێشی خۆیان کەم بکەنەوە، چونکە باشترین چارەسەرە بۆ حاڵەتەکەیان وە ئامۆژگاری ئەم نەخۆشانە دەکرێت کە لەکاتی بەربانگ و پارشێودا بڕی کەم بخۆن، لەگەڵ بەکارهێنانی دەرمانەکانیاندا، هەروەها چەوری کەم بکەنەوە و جگەرە بەهیچ شێوەیەک نەخۆن، وە پێویستە ماوەی نێوان ژەمێکی خواردن و نووستیاندا (چوار) کاتژمێرێک بێت.
بەڵام ئەگەر ڕۆژووگرتن سەغڵەتی بۆ ئەم جۆرە نەخۆشانە درووستکرد یان نیشانەکانی نەخۆشییەکەیانی قورستر دەکرد ئەوا دروستە بەڕۆژوو نەبن.
سکچوون
ئەو کەسەی سکچوونی هەیە ئامۆژگاری دەکرێت بەوەی کە بەڕۆژوو نەبێت بەتایبەتی لەکاتی سکچوونی قورسدا، چونکە نەخۆشەکە توانای ڕۆژووگرتنی نامێنێت، بەهۆی جێنەگرتنەوەی ئەو شلە و خوێیانەی لە سکچوونەکەدا لە دەستی دەدات، وە ئەگەر ئەم تووشبووە بەڕۆژوو بێت ئەوا تووشی وشکبوونەوە و دابەزینی فشاری خوێن دەبێت یان تووشی لەکارکەوتنی گورچیلە دەبێت.
نەخۆشیەکانی جگەر
وەکو بە مۆمبوونی جگەر (تشمع الکبد) و گرێکانی جگەر (اورام الکبر)، ئەمانیش ئامۆژگاری دەکرێن بە ڕۆژوونەگرتن، هەروەها ئەوانەی هەوکردنی جگەری ڤایرۆسیان هەیە لە جۆری توند (التهاب الکبد الفایروسي الحاد)، وە ئەوانەی ئاوبەندی سکیان هەیە (الحبن او الاستقاء في البطن).
نەشتەرگەرییەکانی لێکردنەوەی گەدە
هەندێک نەخۆش هەیە نەشتەرگەری بڕین و لێکردنەوەی بەشێک لە گەدەی بۆ ئەنجام دراوە بەهۆی برینی گەدە (قرحة المعیدة)وە پێویستی بەوە هەیە کەم خۆری بەردەوام خۆربێت لەبەر ئەوە ناتوانێت بەڕۆژووبێت.