هەوری هاوێنەیی

له‌لایه‌ن: - محەمەد تاهیر - به‌روار: 2021-05-26-15:25:00 - کۆدی بابەت: 5555
هەوری هاوێنەیی

ناوه‌ڕۆك

هەوری هاوێنەیی چییە؟

هەوری هاوێنەیی تۆپەڵە هەورێكی جێگیرن كە زیاتر لە چینی ترۆپۆسفێردا دروستدەبن، كە زیاتر بە ئاڕاستەی هەوادان دەڕۆن، هۆكاری ناونانەكەی دەگەڕێتەوە بۆ شێوەكەی چونكە ڕیزبوونی هەورەكە لە شێوەی هاوێنەدایە (Lens).
هەوری هاوێنەیی سێ جۆری هەیە كە بریتین لە (ACSL)، (SCSL)، (CCSL)، خەڵك زۆرجار دەركەوتنی ئەم جۆرە هەورانەی لێ تێكدەچێت و وادەزانن كە تەنە فڕیوە نەناسراوەكانە (UFO).

دروستبوون و دەركەوتن

كاتێك هەوا بەسەر ڕووی زەویدا دەڕوات ئەوا تووشی بەربەست دەبێتەوە، بەربەستەكان دەكرێت سروشتی بن وەك چیا و گردەكان، یان دەستكردبن وەك باڵاخانە و بینا بەرزەكان، ئەم بەربەستان دەبنە هۆی تێكدانی ئاڕاستەی هەواو دەیكەن بە چەند بەشێكی بازنەییەوە كە پێیدەوترێت (eddies).
كاتێك هەوای شێدار كە لە چیاكانەوە دروستبوون بەسەر ئەم هەوا بازنەییانەوە (eddies) دەڕۆن گەر بەشی سەرەوەی هەوایەكە سارد ببێتەوە بۆ پلەیەك كە وا بكات هەڵم دروستببێت، ئەوا ئەو شێیەی كە بەبۆنەی ساردبوونەوەكەوە ڕوودەدات دەكرێت شێوەكەی بگۆڕێت و هەوری هاوێنەیی دروستبكات.
زۆرجار هەوری هاوێنەیی بووەتە هۆی ئەوەی كە خەڵك وابزانێت كە تەنی فڕیوی نەناسراون (UFO)، هۆكارەكەی دەگەڕێتەوە بۆ شێوەكەی كە بازنەییە و پانە وەك ژێرپیاڵە یان هاوێنە وایە، هەروەها لەبەر ئەوەی كە ئەم جۆرە هەورانە لە ناوچە نزمەكاندا دروست نابن، بۆیە زۆرجار خەڵك نازانێت كە ئەم جۆرە هەورانە بوونی هەیە، هەروەها هەندێك جار لە قەراغەكانی ئەم هەورانەدا ڕەنگی بریقەدار دەردەكەون كە بەبۆنەی شكانەوەی تیشكی ڕووناكییەوەیە.

فڕین

فڕۆكەكان هەمیشە لەم جۆرە هەورانە دووردەكەونەوە چونكە هەوای دەوری هەورەكە دەبێتە هۆی دروستبوونی كێشە بۆ فڕۆكەكە، بەڵام ئەو كەسانەی كە وەرزشی (Gliding) دەكەن هەمیشە بەشوێنی ئەم جۆرە هەورانە دەگەڕێن چونكە یارمەتیان دەدات زیاتر لە ئاسی زەوی بەرز ببنەوە.


سەرچاوەکان



919 بینین