کێشەکانی پێست و چارەسەری لە ماوەی سوڕی مانگانەدا

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار - به‌روار: 2021-07-03-13:46:00 - کۆدی بابەت: 5730
کێشەکانی پێست و چارەسەری لە ماوەی سوڕی مانگانەدا

ناوه‌ڕۆك

نیشانەکانی سوڕی مانگانە

نیشانەکانی سوڕی مانگانە جۆراوجۆرن، بە تەواوەتی چەند کاتژمێرێک پێش دەستپێکردنی خوێنبەربوونەکە دەست پێ دەکەن، بەڵام دەکرێت ١٤ ڕۆژ پێش سوڕی مانگانەکەش دەست پێ بکەن و لە زۆرینەی کاتدا چەند ڕۆژێک دوای خوێنبەربوونەکە یان دوای تەواوبوونی سوڕی مانگانەکە ئەم نیشانانە نامێنن.

کێشەکانی پێست و چارەسەری لە ماوەی سوڕی مانگانەدا

بێ ڕەنگی و زیپکە و ئاوسانی ژێر چاو

خانمان جگە لە بەرگەگرتنی ئەو هەموو ئازارە لە ماوەی سوڕی مانگانەدا، دەبێت مانگی جارێک بەرگەی تێکچوونی ڕووخساریشیان بگرن، گۆڕانکاری هۆڕمۆنەکان هۆکارن بۆ زیپکەکردن و بێڕەنگی یاخود زەردبوونی ڕووخسار و ئاوسانی دەوروبەری چاو و ڕەشبوونی ژێرچاو.

ئاوسانی ژێر چاو 

کۆبوونەوەی شلەکان لە جەستەدا لە کاتی نزیکبوونەوە لە سوڕی مانگانە دەبێتە هۆی ئاوسانی بەشێک لە جەستە، یەکێک لەو بەشانە ژێرچاوە، چارەسەری ئاسانە و دەتوانیت ئەو کرێمانە بەکاربهێنیت کە ماددەی کافاینیان تێدایە و وادەکات کە ئاوسانەکە کەم ببێتەوە و وردە وردە نەمێنێت، جگە لەوەش ڕێگری دەکات لە چرچ و لۆچی ژێرچاو.

چەوربوونی پێست

گۆڕانی هۆڕمۆنەکان پێش سوڕی مانگانە، دەبێتە هۆی ئەوەی کە ڕژێنەکانی چەوری زیاتر دەربدرێن، و پێستت چەور و بریقەدار بببێت بۆیە واباشترە لەم ماوەیەدا ئەو پاککەرەوانە بەکاربهێنیت بۆ ڕووخسارت کە ٪٢ ماددەی کیمیایی (Salicylic acid)ـی تێدایە کە هۆکارێکە بۆ ئەوەی کە ڕزگارت ببێت لە چەورییە زیادییەکان و هەروەها پێستی مردووی ڕوخساریشت ناهێڵێت.

زیپکە و پەڵە

چەوری زۆری ڕووخسارت لەم ماوەیەدا جگە لەوەی وادەکات ڕووخسارت بریقەدار دەربکەوێت، وە کاتێک کە ئارایشت دەکەیت تێکیدەدات و ئارایشتەکەت دێتە خوارەوە، هۆکارێکیشە بۆ ئەوەی کە زیپکە بکەیت و ببێتە پەڵەی پێستت کە ئەمانە دوای سوڕی مانگانەکە نامێنن بۆیە لەم ماوەیەدا پێش مەیکئاپ کردن کرێمی شێدار کەرەوە بەکاربهێنە یاخود سیرەم بەکاربهێنە تاکوو چەورییەکە نەبێتە هۆکاری تێکدانی ئارایشتەکەت.

ئاگاداربن زۆر هەڵەیە بتەوێت ئارایشتی زیاتر و ڕەنگی تۆختر بەکاربهێنیت بۆ ڕووخسارت تاکوو زیپکە و پەڵەکان دەرنەکەون، چونکە بەمە زیاتر ڕووخسارت خراپتر دەکەیت و زیانی زیاتری پێ دەگات.

ڕەنگ زەردی و بێ ڕەنگی پێست

زۆرینەی خانمان لەم ماوەیەدا ڕەنگیان پێوە نامێنێت یاخود ڕەنگیان زەرد دەبێت، ئەویش بەهۆی ئازار و ئەو خوێنەیە کە لە دەستی دەدەن و هەندێک جار لەم کاتەدا تووشی کەمخوێنی دەبنەوە، بە تایبەت ئەو خانمانەی کە سوڕی مانگانەیەکی قورسیان هەیە و خوێنی زۆریان لێ دەڕوات، بۆ چارەسەری ئەم حاڵەتە زۆر گرنگە کە لەم ماوەیەدا خواردنی باش بخۆیت تاکوو ڕێگربێت لە کەمخوێنی و بێڕەنگی پێست، هەروەها دەتوانیت کرێمی ڤیتامین C بەکاربهێنیت بۆ پێستت لەم ماوەیەدا تاکوو بێ ڕەنگییەکەی نەمێنێت.

ڕەشی ژێر چاو

لەبەرئەوەی کە تەواوی جەستە ماندووە بە هۆی گۆڕانکاری هۆڕمۆنەکان و نیشانەکانی سوڕی مانگانە، ماندوو دەردەکەویت و ژێرچاوت ڕەش دەبێت بۆیە بە هەمان شێوە بەکارهێنانی کرێمی ڤیتامین C بۆ ژێر چاوت کە پێستت ڕوونتر دەکاتەوە، یاخود بەیانیان کە لە خەو هەڵدەستیت و ژێر چاوت ڕەشە دەتوانیت لەزگەی ژێرچاو بەکاربهێنیت، کە هۆکارێکە بۆ ئەوەی خوێنێکی زیاتر هاتوچۆ بکات و بەمەش ڕەشایی ژێر چاوت کەمتر دەبێتەوە.


سەرچاوەکان



1224 بینین