پترۆدۆلار

له‌لایه‌ن: - ئەلەند ئەکرەم - به‌روار: 2021-07-10-03:07:00 - کۆدی بابەت: 5825
پترۆدۆلار

ناوه‌ڕۆك

وشەی پترۆدۆلار

پترۆدۆلار زاراوەیەکی ئابوورییە بۆ وەسفکردنی بەهای نەوتی کڕدراو بە دۆلاری ئەمریکی، یەکەمین کەس کە ئەم وشەیەی بەکارهێنا پڕۆفیسۆر ئیبراهیم عوێس مامۆستای زانستی ئابووری لە زانکۆی جۆرج تاون بوو لە ساڵی 1973.

وشەی پترۆدۆلار وەک لە خوێندنەوەیدا دیارە: پێكهاتووە لە دوو وشەی ''پترۆ'' کە مەبەست لێی نەوتە، هەروەها ''دۆلار'' کە دۆلاری ئەمریکییە، بە پوختی پترۆدۆلار ئەو داهاتەیە کە وڵاتانی بەرهەمهێنی نەوت دەستیان دەکەوێت و بە دۆلار هەژمار دەکرێت.

پترۆدۆلار

لە دێر زەمانەوە مرۆڤ نەوتی ناسیووە، لە مێژووی هاوچەرخیشدا نەوت یەکێکە لە پایەکانی پێشکەوتنی نوێی مرۆڤایەتی، نەوت بەهۆی گرنگییەکەیەوە هۆکارێکی کۆنترۆڵ و جیاکردنەوە و جەنگ بووە و بزوێنەری کارە سیاسی و ئابوورییەکان بووە.

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هەر زوو بەم گرنگییەی نەوتی زانی کە نەوت چەکێکی ئابوورییە، لە گرنگیدا زۆر لە چەکە سەربازییەکان لەپێشترە، ئەمریکا زیاتر ئەم ڕاستییەی بۆ دەرکەوت لە دوای جەنگی ئۆکتۆبەری 1973، کاتێک وڵاتانی عەرەبی بە کرداری سەلماندیان کە تاوەکو ئەم چەکە (نەوت) لە دەستی ئەواندا مابێتەوە و بەرهەمهێنان و فرۆشتن و دانانی نرخ لەسەری لە دەستی خۆیاندا بێت دەسەڵاتێکی زۆر گەورەیان هەیە.

بیردۆزی پترۆدۆلار کە لەلایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە دانراوە و مەبەستی کۆنترۆڵکردنی ئابووریی جیهانە کە لە سەرەتاکان ساڵەکانی 1970ـوە کاری پێدەکرێت، لە سەردەمی سەرۆک نیکۆندا وڵاتانی بەرهەمهێنی نەوتی ڕێکخراوی ئۆپیک لەگەڵ ئیدارەی ویلایەتە یەکگرتووەکان ڕێککەوتن کە دەبێت هەر بەرمیلە نەوتێک کە دەفرۆشرێت بە بەکارهێنانی دۆلار مامەڵەکە ئەنجام بدرێت و دەبێت بەرامبەری نەوت هەمیشە دۆلار بێت، بەم پێیەش هەر وڵاتێک بیەوێت نەوت بکڕێت سەرەتا دەبێت دراوە خۆجێییەکەی خۆی بگۆڕێت بە دۆلار و پاشان دەتوانێت نەوتی پێ بکڕێت، لێرەدا حکومەتی ویلایەتە یەکگرتووەکان بە ئەندازەی نزیکەی 95٪ـی ئەو بڕەی دۆلار کە ئاڵوگۆڕی پێکراوە قازانج دەکات، لەبەر ئەوەی دروستکردنی هەر دۆلارێکی ئەمریکی تەنها 5 سەنتی تێدەچێت بۆ حکومەتی ویلایەتە یەکگرتووەکان، بەڵام لە بەرامبەردا بە نرخی تەواوەتی مامەڵەی پێوە دەکات و دراوی بیانی یان نەوتی پێ دەگۆڕێتەوە.

لە ساڵی 1973ـدا پادشای کۆچکردووی سعودی  ''مەلیک فەیسەڵ ـی کوڕی عبدالعزیز'' ڕازیبوو بە بەکارهێنانی دۆلار وەک تاکە دراو بۆ فرۆشتنی نەوت و ئەمریکاش لە بەرامبەردا لە ڕووی سەربازییەوە ئاسایشی کێڵگە نەوتییەکان دەپارێزێت.

دووبارە بەکارهێنانەوەی پترۆدۆلار

ئەو حاڵەتەیە کە وڵاتانی خاوەن نەوت تیایدا پارەی نەوتیان بەکارهێناوە بۆ وەبەرهێنان لە بانکە ئەوروپی و ئەمریکییەکاندا، لەبەر ئەوەی داهاتەکانی نەوتیان زیادەیە لە ئەو بڕەی کە پێویستیانە لە ناوخۆدا، لە بەرامبەردا ئەم پارەیە دەخەنە بانکە ئەمریکییەکان و ئەو بانکانەش ئەم پارەیە دەدەنە دەوڵەتە تازە گەشەسەندووەکان بە سوویەکی بەرز، وڵاتە قەرزدارەکانیش بەهۆی سووەوە کەڵەکەبوونێکی زۆری قەرز لەسەریان دروستبووە و پارەی وڵاتانی خاوەن نەوت بەردەوام زیاد دەکات.


سەرچاوەکان



892 بینین