هۆکاری قیژاندنی منداڵ و چارەسەری

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار - به‌روار: 2021-07-12-14:10:00 - کۆدی بابەت: 5858
هۆکاری قیژاندنی منداڵ و چارەسەری

ناوه‌ڕۆك

قیژاندنی منداڵ

قیژاندن و گریان یەکێکە لە ڕێگاکانی منداڵ بۆ ڕازیکردنی دایک و باوکیان، تاکوو بگەن بە ئامانجەکەیان، زۆرێک لە دایک و باوکانیش بێزارن لەم قیژە قیژ کردنە، هەندێک کات ئەوەندە زۆر دەکات منداڵەکە کە کۆنتڕۆڵکردنی قورس دەبێت.

هۆکاری قیژاندنی منداڵ 

برسییەتی و ماندوویەتی

هەندێک کات منداڵەکە برسییە و جگە لە برسێتی لەوانەیە هەستێکی باشی نەبێت تەواوی ڕۆژەکە و ماندوو بێتاقەت بێت.

ئیرەیی

زۆر جار کاتێک دایکەکە کە بە تەلەفۆن قسە دەکات، منداڵەکە دەست دەکات بە قیژە قیژ، چونکە ئیرەیی دەبات و وادەزانێت کە گرنگی نادەیت بە ئەو.

سەر لێشێواوی

لەوانەیە منداڵەکەت خۆشی دڵنیا نەبێت لەو شتەی کە دەیەوێت و نەزانێت بە تەواوی چی دەوێت و بۆچی دەقیژێنێت.

نەخۆشی 

ڕەنگە نەخۆشییەک ببێتە هۆی بێزارکردنی منداڵەکە و هاوار بکات

دەرنەبڕینی هەندێک وشە

زۆر جار منداڵەکەت ناتوانێت هەندێک وشە دەرببڕێت و بۆی نایەت، ناچارە قسەکانی مێشکی بە قیژەکردن دەربکات.

ڕاکێشانی سەرنجی دایک و باوک

منداڵ لە تەمەنی ٢ بۆ ٣ ساڵیدا، کە تەمەنی داواکاری ئەوانە و هەست دەکەن دەبێت هەموو دونیا چاوی لەسەر ئەوان بێت و چییان ویست بۆیان بکرێت، بۆیە بۆ ئەوەی کە سەرنجی دایک و باوکیان ڕابکێشن دەقیژێنن.

لە بەرامبەر قیژەی منداڵدان چی بکەین؟

گوێی پێ مەدە

کاتێک منداڵەکەت دەقیژێنێت، ئیهمالی بکە و گوێی پێ مەدە خەریکی کاری خۆتبە و وایدانێ کە هیچ نابیستیت، زۆر گرنگە ئەو دایک و باوکانەی کە منداڵی ٢ بۆ ٣ ساڵیان هەیە زۆر ئارامگربن، گوێ مەدەنێ و بهێڵن خۆی قیژەکەی تەواو بکات، زۆر گوێ پێدان و سەرزەنشت کردن و لێدانی وادەکات کە قیژەکەی لەلا خۆشەویست ببێت و بەردەوام بێت لەسەری.

سزای مەدە

زۆرێک لە دایک و باوکان کاتێک منداڵەکە دەقیژێنێت، لێی دەدەن و توندوتیژی بە کاردەهێنن بەرامبەری، بەڵام ئەمە هیچ سودێکی نییە و خراپتر دەبێت.

مەقیژێنە بەسەر منداڵەکەتدا

هەرچەند لە ژێر پەستانی دەروونیشدا بیت و باش نەبیت، هەرگیز مەقیژێنە بەسەر منداڵە بچوکەکەتدا، چونکە ئەمە وادەکات کە ئەویش لە تۆوە فێری قیژە و هاوار ببێت.

قسەی لەگەڵدا بکە

منداڵەکەت ڕێک بگرە و سەیری چاوی بکە و بە هێمنی و قسەی خۆشەوە پێی بڵێ کە چی دەوێت، پرسیاری لێبکە بزانە بۆچی دەقیژێنێت و فێری بکە کە داواکارییەکی هەبوو پێویست ناکات بقیژێنێت، پێویست دەکات کە قسە بکات.

خۆت هەست بکە بزانە چی دەوێت

زۆر جار دایکەکە دەزانێت هۆکاری قیژەی منداڵەکە چییە، کاتێک دەقیژێنێت پرسیاری لێبکە بڵێ چیت دەوێت، یاخود بڵێ بۆ نموونە چێشتت دەوێت، پرسیاری لێبکە.

سەرقاڵی بکە

کاتێک دەقیژێنێت، قسەی خۆشی بۆ بکە و یاری لەگەڵ بکە تاکوو سەرقاڵ ببێت، منداڵ زۆر زوو شتی بیردەچێتەوە و کاتێک دەست دەکەیت بە یاریکردن لەگەڵی زوو قیژەکردنەکەی بیرەچێتەوە.

لە شوێنە گشتیەکاندا خۆت بە دەستەوە مەدە لە بەرامبەر قیژەی منداڵەکەت

کاتێک لە شوێنێکی گشتیدا منداڵەکەت دەقیژێنێت، بیبە شوێنێک و بە هێمنی پێی بڵێ کە ئێرە شوێنی ئەو شتانە نییە و ئەگەر هەر چارەسەر نەبوو ئەو شوێنە جێبهێڵە و بڕۆ شوێنێکی تر، بەڵام هەرگیز خۆت بە دەستەوە مەدە بۆی و گرنگی بەوە مەدە کەسانی دەووروبەرت چۆن بیردەکەنەوە.

بە منداڵەکەت بڵێ کە دەبێت چ ڕەفتارێکی هەبێت

بە شێوەیەک مامەڵەی لەگەڵ بکە کە وابزانێت گرنگی پێ دەدەیت و بە گەورەی دەزانیت، کاتیک دەقیژێنێت پێی بڵێ کە عەیبە و چاوەڕێی ئەمەم لێ نەدەکردیت.

گوێبگرە بۆ داواکارییە بەجێکانی منداڵەکەت

پێویست ناکات هەمیشە بە منداڵەکەت بڵێیت نەخێر، ئەمە خراپتر و کەللە ڕەقتری دەکات، هەندێک جار گوێی بۆ بگرە و ئەگەر شتێکی باش بوو بۆی جێبەجێ بکە.

وزەی نەرێنی مەدە بە منداڵەکەت

کاتێکیش دەقیژێنێت پێی مەڵێ کەلێی بێزاریت، یاخود ئیتر خۆشت ناوێت، ئەمە وادەکات کارەکە قورستر ببێت و منداڵەکە کەللە ڕەقتر ببێت.

دەست خۆشی بکە لە منداڵەکەت

ئەگەر ڕۆژێکیش داواکارییەکی هەبوو و نەیقیژاند و بە هێمنی وتی، ئەوا دەستخۆشی لێ بکە و پێی بڵێ کە چەند جوانە نەقیژاندووە و داواکارییەکەی بەرز ڕاگرە.

پێش چوونە دەرەوە لەگەڵ منداڵەکەت ئاگاداربە که

مناڵەکەت بە پێی پێویست پشووی دابێت، برسی و خەواڵوو نەبێت، هەمیشە هەوڵ بدە ئاو خۆراکت پێ بێت بۆ ئەوەی لە شوێنێک داوای کرد بیدەیتێ و قیژەی لێ نەکەوێتەوە.


سەرچاوەکان



2313 بینین