ڕێگریکردن لە دووگیانی بە حەپی خێرا - levonorgestrel

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار - به‌روار: 2021-07-22-14:04:00 - کۆدی بابەت: 5991
ڕێگریکردن لە دووگیانی بە حەپی خێرا - levonorgestrel

ناوه‌ڕۆك

ڕێگریکردن لە دووگیانی

هەندێک کات دێتە پێشەوە کە بە هۆی ترس لەوەی کە لە کاتی جووتبووندا ئەگەری دووگیانی زۆر ببێت یاخود کەمتەرخەمی کرابێت لە یەکێک لە ڕێگاکانی ڕێگریکردن لە دووگیانی، بۆ نموونە بێ ئاگایی لەکاتی ڕێگریکردن بە ڕێگای سروشتی یاخود دڕانی کۆندۆم، لەم کاتەدا باشترین ڕێگا چارە بەکارهێنانی ئەم حەپەیە.

حەپی خێرای دژە دووگیانی (levonorgestrel) چییە؟

ئەم حەپه کە بە حەپی ڕۆژ و ڕۆژیش دەناسرێت کە بە شێوەیەکی خێرا ڕێگری دەکات لە دووگیانی کە پێکهاتووە لە ماددەی (Levonorgestrel) و تەنها ئەم ماددەیە لە پێکهاتنیدا هەیە، کە بە خێرای کاری خۆی دەکات و ڕێگری دەکات لە دووگیانی.

باشترین کات بۆ بەکارهێنانی (Levonorgestrel) کەیە؟

بەکارهێنانی ئەم حەپە لە ٧٢ کاتژمێری دوای جووتبوونەکە کە تێدا ڕێگری نەکراوە لە دووگیانی ئەوا باشترین ڕێگری دەکات و کاریگەری دەبێت، ئەم حەپە تا ٥ ڕۆژ دوای جووتبوونەکەش کاریگەری هەیە بەڵام زۆر کەمە و ئەگەری دووگیانی زۆر دەبێت بۆیە تاکوو کاتی جوتبوونەکە دوورتر بکەوێتەوە ئەگەری کارکردنی حەپەکە کەمتر دەبێتەوە.

چ هۆکارێک وا دەکات کە بەکارهێنانی حەپی (levonorgestrel) پێویست بکات؟

  • کاتێک کە ڕێگریت کردووە لە دووگیانی بە شێوازێک و بەڵام ڕێگاکە سەری نەگرتووە، بۆ نموونە لە کاتی بەکارهێنانی کۆندۆمەکەدا کۆندۆمەکە دڕاوە.
  • ئەگەر حەپی دژە دووگیانی یاخود دەرزی دژە دووگیانیەکەت دواکەوتبێت.
  • ئەگەر لەولەبەکەت جێ گۆڕکێی کردبێت و لە شوێنی خۆی نەمابێت.
  • دەستدێژی سێکسی
  • کاتێک ڕێگایەکی گونجاوت بەکارنەهێناوە بۆ ڕێگریکردن لە دووگیانی.

حەپی (levonorgestrel) چەند ژەمە و چۆن بەکاردێت؟

  • بە ژەمی 0.75 میلیگرامی 
  • بە ژەمی 1.5 میلیگرامی

ئەگەر ماوەی جووتبوونەکە کەمتر لە ١٢ کاتژمێری بەسەردا تێپەڕیبێت، سەرەتا حەپێکی 0.75 میلیگرامی دەخۆیت و ١٢ کاتژمێری دیکە دوای ئەوە حەپێکی دیکەی لێ دەخۆیت.

ئەگەر کاتی جووتبوونەکە زیاتر لە ١٢ کاتژمێری بەسەردا تێپەڕیبێت، حەپێکی 1.5 میلیگرامی بخۆ یان دوو حەپی 0.75 میلیگرامی پێکەوە.

ڕێگای کاریگەری حەپی (levonorgestrel) چۆنە؟

  • وەستاندنی بەرەڵابوونی هێلکە لە هێلکەدانەکانەوە
  • وەستاندنی گەیشتنی سپێرم بە هێلکە و ڕێگریکردنی لە پیتاندنی هێلکەکە.

سوودەکانی بەکارهێنانی حەپی (levonorgestrel) چییە؟

  • ئەم حەپە هەرگیز نابێتە هۆی لەبارچوون و دەرمانێک نەبووە بۆ لەباربردنی منداڵ، تەنها ڕێگری دەکات لە پیتاندن و چەقین، واتە کاتێک خانمەکە دووگیان بووبێت و ئاگادار نەبێت کە دووگیان و ئەم حەپە بەکاربهێنێت هیچ زیانێکی نییە و نابێتە هۆی لەبارچوونی منداڵەکە.
  • بە پێچەوانەی ئەو خانمانەی کە بە هۆی هەر نەخۆشییەکییەوە ناتوانن حەپی ڕێگریکردن لە دووگیانی بەکاربهێنن، وەک نەخۆشی شەقیقە، لێرەدا دەتوانن حەپی (levonorgestel) بەکاربهێن و بێ کێشەیە.
  • لەبەرئەوەی بە شێوەی حەپە و دەخورێت بەکارهێنانی زۆر ئاسانە
  • بەکارهێنانی هیچ کێشەیەک دروست ناکات بۆ دووگیان بوون لە داهاتوودا
  • کاریگەریییەکی زۆر باشە

زیانەکانی بەکارهێنانی حەپی (levonorgestrel)

ئەم زیانانە لە هەموو خانمێکدا ڕوونادات و تەنها لە چەند خانمێکدا دەردەکەوێت و نیشانەی سووک و بێ کێشەن وەک:

  • ٪١٨ـی ئەو خانمانەی ئەم حەپە بەکاردەهێنن تووشی دڵتێکچوون دەبن.
  • ٪٤ـی خانمان تووشی حاڵەتی ڕشانەوەش دەبن، ئەگەر ٣ کاتژمێر دوای بەکارهێنانی ئەم حەپە دووچاری ڕشانەوە بوویت ئەوا باشترە بۆ دۆزی دووەمی پرس بە پزیشک بکەیت و لە خۆوە بەکاری نەهێنیت.
  • هەندێک حاڵەتی تریش وەک: خوێنبەربوونی ناڕێک، بینینی پەڵە خوێن، سەرئێشە، هەستیاربوونی مەمک، ئازاری گەدە.

چەند تێبینییەک لە کاتی بەکارهێنانی حەپی (levonorgestrel)

  • واباشترە کە بە سکی خاڵی ئەم حەپە نەخۆیت و پێش ئەوە شتێکت خواردبێت.
  • لە ئەگەری بوونی هەر حاڵەتێکی نامۆدا دوای بەکارهێنانی حەپەکە سەردانی پزیشک بکەیت و بە بێ پرسی ئەو بەکاری نەهێنیتەوە.
  • ئەگەر دووگیانیت نابێت بەکاری بهێنیت، هەرچەندە ئەگەر ئاگادار نەبیت لە دووگیانیت و بەکارت هێنابێت نابێتە هۆی لەبارچوون، بەڵام گرنگە کە ئەگەر زانیت دووگیانیت بەکاری نەهێنیت.
  • لە هەر سوڕێکی مانگانەکەتدا تەنها دەبێت یەکجار ئەم حەپە بەکاربهێنیت.
  • بەکارهێنانی لەوانەیە ببێتە هۆی گۆڕانکاری لە سوڕی مانگانەکەتدا و ئەگەر سوڕی مانگانەت تاکوو ٧ ڕۆژ دواکەوت ئەوا ئەگەری زۆرە دووگیان بووبیت، بۆیە پێوستە پشکنین بکەیت.
  • لە ماوەی شیرداندا بە تێپەڕبوونی شەش هەفتە بەسەر منداڵبووندا بەکارهێنانی ئەم حەپە بێ کێشەیە.
  • ئەگەر هەر یەکە لەم نەخۆشیانەت هەیە نابێت بەکاری بهێنیت (شێرپەنجەی مەمک، شێرپەنجەی منداڵدان، گرێی جگەر، خوێنبەربوونی زێ، بەرزی فشاری خوێن، (thrombophlebitis) هەوکردنی خوێنهێنەری پەیوەست بە خوێن مەین، جەڵتەی دڵ و جەڵتەی مێشک.
  • ئەم حەپە ناتوانرێت وەک حەپی ڕێگریکردن لە دووگیانی بۆ ماوەیەکی درێژ بەکاربهێنرێت، و تەنها بۆ ڕێگریکردنێکی خێرایە.
  • دوای بەکارهێنانی ئەم حەپە بینینی پەڵە خوێن ئاساییە.


سەرچاوەکان



4589 بینین