گەلی عاد و شاری ئیرەم

له‌لایه‌ن: - بەختەوەر بەهادین - به‌روار: 2021-07-27-20:17:00 - کۆدی بابەت: 6065
گەلی عاد و شاری ئیرەم

ناوه‌ڕۆك

گەلی عاد

دوای ئەوەی کە خودای گەورە پێغەمبەر نوح و ئەوانەی لەگەڵیدا بوون ڕزگاری کردن لەناو کەشتیەکەدا و هەموو بێباوەڕانی لەناو برد لەسەر زەویدا, ماوەیەکی زۆر یەکتاپەرستی خودای گەورە بەردەوام بوو لە زەویدا, تا ئەوەی نەوەیەک هات کە خراپەکار بوون و هاوەڵیان بۆ خودای گەورە پەیدا کرد, هەر بۆیە خودای گەورە پێغەمبەر هود ـی بۆ ناردن (سەلامی خودای لەسەربێت), بۆ ئەوەی خەڵکی بگێڕێتەوە بۆ یەکتا پەرستی, پێغەمبەر هود ناوی تەواوی هود کوڕی عەبدوڵا کوڕی ڕەباح کوڕی جەلود کوڕی عاد کوڕی عەوص کوڕی ئیرەم کوڕی سام کوڕی نوح پێغەمبەر ـە (سەلامی خودای لەسەربێت).

گەلی عاد بنچینەکەیان دەگەڕێتەوە بۆ عاد عەوص ـی کوڕی ئیرەم کوڕی سام کوڕی نوح پێغەمبەر, دەوترێت عاد دوو لە کوڕەکانی کە ناویان شەداد و شەدید بووە, بونەتە پاشا دوای باوکیان, زۆر خراپەکار بوون و خەڵکیان دەچەوساندەوە.

لە دۆڵی ئەحقافدا دەژیان, کە دەوترێت ئەویش دۆڵێکە دەکەوێتە نێوان عومان و زەوی موهرە, یا لە عومانەوە درێژ دەبێتەوە بۆ حەزرەمەوت, دوای گەلی عاد کەسانێک هاتن کە سێ بتیان دەپەرست, ئەوانیش هوباء و صەمود و صوداء, ژماری هۆزەکانی گەلی عاد لە دە هۆز پێکهاتبوو, خودای گەورە هێزێکی جەستەیی گەورەی پێ بەخشیبوون, ئەمەش وای لێکردبوون کە شارستانیەت و شارێکی بێ وێنە درووست بکەن, هەر بۆیە زۆر بە خۆیان و هێز و توانایاندا دەنازین و لەسەر ڕێگەی کوفر و خراپەکاری بەردەوام بوون تا ئەو کاتەی کە خودای گەورە سزای خۆی بەسەریاندا ڕژاند, ئەم گەلە بینا و کۆشکی تایبەت بە خۆیان هەبوو, ئامێریان هەبوو کە بەردی دا ئەتاشی, لە ناو شاخەکاندا بەرزکەرەوەی گەورەیان دروست دەکرد بە بە درێژی شاخەکە, کۆشکەکانیان لەسەر ئەمە دەبوو, خۆ بەگەورە زانین و بە درۆخستنەوەی پێغەمبەرەکەیان کە پێغەمبەر هود بوو (سەلامی خودای لەسەربێت) لەلایەن گەلی عادەوە لە قورئانی پیرۆزدا تۆمار کراوە, وەک لە سورەتەکانی (الشعراء, هود, المؤمنون, الذاریات, الأحقاف, هەندێکی تریش)

پێغەمبەر هود بانگی کردن بۆ ئەوەی خودای گەورە بپەرستن و هیچ هاوەڵێکی بۆ بڕیار نەدەن و سوپاسی خودای گەورە بکەن لەسەر ئەو هێز و توانایەی کە پێی بەخشیوون, هەروەها واز بهێنن لە خۆ بەگەورە زانین, بەڵام گەلی عاد زۆر بە توندی و خراپی وەڵامی پێغەمبەر هودیان دایەوە و داوایان لێکرد کە داوا لە خودای گەورە بکات سزایان بەسەردا بهێنێت, ئەوان دڵنیا بوون لەوەی کە هیچ سزایەکیان بەسەردا نایەت, تا ئەوەی کە بۆ ماوەی سێ ساڵ خودای گەورە بارانی لێ گرتنەوە, ئەوانیش پەنایان بۆ بتەکانیان دەبرد و لە ژێر تیشکی خۆردا لێیان دەپاڕانەوە بۆ ئەوەی بارانیان بۆ ببارێنن,  چونکە ئاو سەرەکیترین شت بوو لە شارستانیەتەکەیاندا,

پاش ئەوە خودای گەورە هەورێکی ڕەشی بۆ ناردن کە ئەوان پێیان وابوو ئەو هەورە بارانی پێیە بۆیان, وایان دەزانی کە بتەکان وەڵامیان داونەتەوە, بەڵام ئەو هەورە ڕەشە ئەو سزایە بوو کە پەلەیان تێدا کرد و داوایان دەکرد, خودای گەورە بایەکی زۆر توندی هەڵکردە سەریان بۆ ماوەی حەوت شەو و هەشت ڕۆژ بەردەوام بوو وەک لە قورئانی پیرۆزدا لە سورەتی پیرۆزی (الحاقة) ـدا باسی لێوە کراوە, لەو ماوەیەدا لە ترسا ئەو ستەمکارانە ڕایان دەکرد بۆ هەموو شوێنێک لە ترسی ئەو با بەهێزە, تەنانەت وای لێهات کە زەویان هەڵدەکەند بۆ ئەوەی لەو با بەهێزە ڕزگاریان بێت, بەڵام ئەو (با) ـیە هەر هەموویانی لەناو برد بێجگە لە پێغەمبەر و هود و بڕوادارەکان.

لە تەفسیرێکی ئیبن عەباسدا هاتووە کە (إرم ذات العماد) کە لە ئایەتەکەی سورەتی پیرۆزی (الفجر) ئاماژەی پێدراوە مەبەست پێی درێژی جەستەی گەلی عادە.

موفەسیرەکان ئەوەیان باس کردووە کە گەلی عاد گەورەترین مرۆڤ بوون لە ڕووی قەبارەوە, دەوترێت کە درێژیان گەیشتووەتە 12 باڵ واتە نزیکی شەش مەتر یاوەخود نزیکی 400 باڵ, کە ئەوەش وایکردبوو کە پیاوێک لەوان یەک بەردی گەورەی چیاکانی هەڵدەگرت, هەندێک لە موفەسیرەکان دەڵێن کە شارەکەی گەلی عاد شەدادی کوڕی عاد بنیاتی ناوە, کاتێک کە بیستی خودای گەورە بەهەشتی بۆ ئیمانداران داناوە بڕیاری دا کە هاوشێوەی بەهەشت لەسەر زەویدا دروست بکات, هەر بۆیە کەسانێکی زۆری ڕاسپارد بۆ ئەوەی ئەو کارە بەڕێوە بەرن کە ماوەی 300  یان 500 ساڵی پێچووە کە تێیدا لە زێڕ و زیو و کۆشکی دروست کردووە کە ژمارەیان نزیکی 300 هەزار کۆشک بووە, دار و درەختی تێدا ڕواندووە و ڕووباری دەستکردی بۆ دروست کردبوو.

لە هەموو شوێنێکی بەرزدا کۆشکێکیان دروست دەکرد بۆ ئەوەی دەسەڵاتی خۆیان نیشان بدەن نەک بۆ ئەوەی پێویستیان بێت, هەر بۆیە پێغەمبەر هود ئاگاداری کردنەوە لەوە, لەبەر ئەوەی دروست کردنی کۆشکێک بێ هۆ و بۆ ئەوەی بە دەسەڵاتیان بنازن کاتێکی زۆر دەبات و جەستە هیلاک دەکات و وایان لێدێت کە ڕۆژی دواییان بیر نامێنێت و تەنیا خەمی دونیایان بێت, بورجی گەورەیان دروست دەکرد بۆ ئەوەی بە نەمری تێیدا بمێننەوە.

شوێنی شاری ئیرەم 

ڕاجیایی هەیە لەوەی کە شاری ئیرەم بە دیاریکراوی دەکەوێتە کوێ, لەبەر ئەوەی هیچ نوسراو لێکۆڵراوێک لەبەردەسدا نیە کە شوێنی شارەکە بە دیاریکراوی باس بکات.

ڕای مێژوونووسان

لە قورئاندا ئاماژە بەوە دراوە کە گەلی عاد لە ئەحقاف نیشتەجێ بوون, زۆربەی موفەسیرەکان دەڵێن کە ئەحقاف دەکەوێتە وڵاتی یەمەن, لە هەندێک سەرچاوەی تردا ئاماژە بەوە دراوە کە ئەو شارە دەکەوێتە نێوان عومان و زەوی موهرە, وتراویشە کە ئیرەم دەکەوێتە نێوان یەمەن و حەزرەمەوت, لە ساڵی هەشتاکان و نەوەدەکانی سەدەی پێشووتر لە نزیک شاری صەلالە لە باشوری وڵاتی عومان هەندێک پاشماوە دۆزرانەوە کە لێکۆڵینەوەکان ئەوەیان دەوت کە ئەم پاشماوانە دەگەڕێتەوە بۆ شاری ئیرەم.

ڕای ئیبن خەلدوون

ئیبن خەلدوون ڕای وایە کە ئەحقاف دەکەوێتە نێوان عومان و حەزرەمەوت, وە ئاماژەی بەوە داوە کە ئیرەم ئاماژەیە بۆ هۆزێک نەک بۆ شارێک, ئیبن خەلدوون دەڵێت کە ئەو ڕیوایەتەی کە دەڵێت ئیرەم شارەکەیە ڕایەکی لاوازە, ئەوەشی باس کردووە کە ئەحقاف شاخێک بووە لە شام وە ئیرەم لە یەمەن نیە.

هەندێک ڕاوبۆچوونی تر

هەندێکی تریش پێیان وایە کە شاری ئیرەم دەکەوێتە وڵاتی شام, هەندێکی تر وتویانە دەکەوێتە ئەسکەندەریە, ئەوەش پەسەند کراوە کە گەلی عاد لە لەبەشی خۆرئاوای زنجیرە دورگەی عەرەبی ژیاون, کە لە باکوری حیجازەوە درێژ دەبێتەوە بۆ نەجد و لەوێوە بۆ وڵاتی شام, لێکۆڵەرەوەکان بۆ ئەوە دەچن کە گەلی ثەموود بە گەلی هادەوە نزیک بوون, هەر بۆیە ئەو ڕایەی کە لە نێو لێکۆڵەرەوەکاندا پەسەندە ئەوەیە کە دەڵێت شاری ئیرەم دەکەوێتە نزیک عەقەبە نەک لە وڵاتی یەمەن.


سەرچاوەکان



1864 بینین