ڕێگریکردن لە دووگیانی بە دەرزی سێ مانگی

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار - به‌روار: 2021-08-05-17:07:00 - کۆدی بابەت: 6190
ڕێگریکردن لە دووگیانی بە دەرزی سێ مانگی

ناوه‌ڕۆك

دەرزی دژە دووگیانی سێ مانگی (DMPA)  چییە؟

یەکێکە لە ڕێگاکانی ڕێگریکردن لە دووگیانی بە دەرزی، کە ئەم دەرزییە هەر سێ مانگ جارێک لێدەدرێت، ڕێگری دەکات لە هێلکەدانان و هەروەها دەردراوەکانی ملی منداڵدان خەستتر دەکاتەوە تاکوو سپێرم نەتوانێت بگات بە هێلکە و بیپیتنێت، هەروەها دیواری منداڵدان ناسک دەکاتەوە تاکوو ئەگەر هێلکەیکی پیتێنراویش هەبوو نەیگرێتە خۆی و نەبێتە منداڵ، ڕێژەی سەرکەوتنی دەرزی دژە دووگیانی ٩٩.٧٪ـە و ڕێگرییەکی باش دەکات لە دووگیانی.

چۆنیەتی لێدان و کاتی لێدانی دەرزییەکە

دەبێت ئەمپولێکی ١٥٠ میلیگرامی هەر سێ مانگ جارێک بدرێت لە خانمەکە، ئەگەر کاتەکەی دوو هەفتە نزیکتر یاخود دوو هەفتە دورتر بوو کێشەیەکی وا دروست ناکات بەڵام تاکوو لە کاتی خۆیدا بدرێت ئەگەری سەرکەوتنی زیاترە، پێش لێدانی دەرزییەکە دەبێت ئەمپولەکە بە باشی بشڵەقێنرێت، نابێت دوای لێدانی دەرزییەکە شوێنەکەی مەساج بکەیت و بیجوڵێنیت.

ئەم دەرزییە لە ڕۆژێکی پێنج ڕۆژی سەرەتای سوڕی مانگانەکەوە دەدرێت لە خانمەکە و تاکوو هەفتەیەک دوای ئەوەش دەبێت بە ڕێگایەکی دیکەش ڕێگری بکەن لە دووگیانی وەک ڕێگریکردن لە دووگیانی بە کۆندۆم.

دەرزی دژە دووگیانی بۆ ئەو خانمانەی کە شیری خۆیان نادەن بە منداڵەکەیان

دوای منداڵبوون، دەتوانیت یەکەمین دەرزی دژە دووگیانی بدەیت لە خۆت، دوای سێ هەفتە لە دووگیانی و پێویست ناکات کە چاوەڕێ بکەیت تاکوو سوڕی مانگانەت دێت.

دەرزی دژە دووگیانی بۆ ئەو خانمانەی کە شیری خۆیان دەدەن بە منداڵەکەیان

کاتێک کە سوڕی مانگانەکەت دەستی پێ نەکردووەتەوە و شیری خۆشت دەدەیت بە منداڵەکەت، یەکەمین دەرزی دەبێت ٦ هەفتە دوای منداڵبوون بێت، وە ئەگەر سوڕی مانگانەکەت دەستی پێکردووەتەوە یەکەمین دەرزی دەبێت لە ٥ ڕۆژی سەرەتای سوڕی مانگانەکەتدا بێت و تاکوو هەفتەیەکیش بە کۆندۆم ڕێگری بکە لە دووگیانی.

سوودەکانی ڕێگریکردن لە دووگیانی بە دەرزی سێ مانگی

  • بەکارهێنانی ئاسانە
  • نێوان دەرزییەکان دوورە و بێزارت ناکات
  • کەمکردنەوەی مەترسی تووشبوون به شێرپەنجەی منداڵدان و هێلکەدان
  • کەمکردنەوەی نیشانەکانی پێش دەستپێکردنی سوڕی مانگانە، سکپڕی لە دەرەوەی منداڵدان، کیسی هێلکەدان، کەمخوێنی، ڕیشاڵە لووی منداڵدان، کەمکردنەوەی ئازاری کاتی سوڕی مانگانە.
  • گونجاوە بۆ کەسانی توشبوو بە شەکرە
  • گونجاوە بۆ کەسانی توشبوو بە نەخۆشییەکانی سایرۆیدە ڕژێن
  • بەکاردێت لە کاتی شیرداندا
  • زیادکردنی شیری دایک

زیانە باوەکانی ڕێگریکردن لە دووگیانی بە دەرزی سێ مانگی

کێشەکانی سوڕی مانگانە

کێشەکان وەک، بینینی پەڵە خوێن، وەستانی سوڕی مانگانە، خوێنبەربوونی نائاسایی، خوێنبەربوونی نائاسایی لە مانگەکانی سەرەتادا زیاتر ڕوودەدات هەڵبەتە دوای ٢ بۆ ٣ مانگ کەمتر دەبێتەوە، بەڵام هەندێک کات بۆ تێپەڕاندنی ئەم کێشەیە ٦ بۆ ١٢ مانگی پێویستە، لەم کاتەدا دەتوانیت حەپی مێفینامیک ئەسید (پۆنستان) بەکاربهێنیت بۆ کەمکردنەوەی خووێنەکە و ئەگەر ئەم ناڕێکی سوڕی مانگانە تاکوو ٥ مانگ زیاتر بەردەوام بوو پێویستە سەردانی پزیشک بکەیت.

ئەگەر لە کاتی لێدانی یەکەم دەرزیدا سوڕی مانگانەت وەستا و خوێنت نەبینی ئاساییە و چونکە زۆرینەی ئەوانەی ئەم ڕێگایە بەکاردەهێنن وایان بەسەر دێت، بەڵام ئەگەر دوای لێدانی دەرزی یەکەم سوڕی مانگانەت ڕێک و بە بێ کێشە بوو بەڵام دواتر تووشی نەمانی سوڕی مانگانە بوویت پێویستە سەردانی پزیشک بکەیت.

زیادبوونی کێش

بەهۆی کاریگەری پڕۆجیسترۆنەوە حەز بۆ خواردن زیاد دەبێت و خاردنی زیاتر دەخورێت، بە گشتی لە ساڵی یەکەمدا تاکوو ٢ٚ کیلۆگرام کێشت زیاد دەکات، بەڵام بە وەرزش کردن و خۆراکی تەندروست دەتوانیت ئەم کێشە داببەزێنیت.

هەستیاربوونی مەمک

مەمک هەستیار دەبێت لەم کاتەدا بەڵام ئەگەر ستیانی گونجاو لەبەر بکەیت ئەم کێشەیە زوو چارەسەر دەبێت، ئەگەر زوو چارەسەر نەکرا سەردانی پزیشک بکە.

زیانە ناباوەکانی ڕێگریکرددن لە دووگیانی بە دەرزی سێ مانگی

ئەم نیشانانە بە دەگمەن ڕوودەدەن لە هەندێک کەسدا یاخود هەرگیز ڕوونادەن، بەڵام ئەگەر ئەم نیشانانەت هەبوو بە خێرایی سەردانی پزیشک بکە:

  • گۆڕانکاری دەروونی، بێ خەوی، خەمۆکی
  • سەرئێشە و سەرگێژخواردن
  • بای سک
  • کەمبوونەوەی حەزی سێکسی
  • گوومان کردن لە توشبوون بە شێرپەنجەی مەمک
  • هەستیاری بەدەرزییەکە، هەرچەندە ئەم نیشانەیان زۆر دەگمەنە بەڵام ماوەیەک دوای لێدانی دەرزییەکە لەوێ بمێنەرەوە بۆ ئەوەی ئەگەر هەستیاریت بۆ دروست بوو خێرا چارەسەرت بۆ ئەنجام بدەن.

مەترسییەکانی بەکارهێنانی دەرزی دژە دووگیانی

بە بینینی ئەم نیشانانە بە زووترین کات سەردانی پزیشک بکە:

  • بەرزبوونەوەی فشاری خوێن فشاری خوێن بەرزتر بێت لە ١٦٠/١٠٠
  • زەردبوونی پێست و چاو
  • خوێنبەربوونی توند
  • خوێنبەربوونی درێژ خایەن لە ماوەی سوڕی مانگانەدا یان جگە لەو کاتەش

ڕێگریکردن لە دووگیانی بە دەرزی سێ مانگی بۆ ئەم کەسانە قەدەغەیە

  • خانمانی دووگیان
  • خانمانی توشبوو بە شێرپەنجەی مەمک
  • بوونی کێشەی خوێن مەین
  • خوێنبەربوونی زێ بە بێ هۆکارێکی دیاریکراو
  • گیرانی خوێنبەر بە کڵۆی خوێن
  • بوونی گرێ لە جگەردا
  • پێشینەی جەڵتەی مێشک
  • فشاری خوێنی کۆنتڕۆڵ نەکراو

چ کەسانێک دەبێت بە وریاییەوە دەرزی دژە دووگیانی بەکاربهێنن؟

  • ئەوانەی توشبووی نەخۆشیەکانی جگەرن
  • پێشینەی نەخۆشییەکانی دڵ و بۆری خوێن
  • جگەرەکێش
  • بەرزی فشاری خوێن
  • تەمەنی خانمەکە زیاتر بێت لە ٤٥ ساڵ
  • ئەو کەسانەی حەز دەکەن دوای ئەم ڕێگایە زوو دووگیان ببن
  • ئەوانەی لە دەرزی دەترسن
  • قەڵەوی
  • خەمۆکی توند
  • توشبووی شەکرە کە ماوەیەکی درێژ بێت
  • پێشینەی توشبوون بە حاڵەتی (molar pregnancy) هەبێت، کە حاڵەتێکی دەگمەنە بۆماوەی ڕوودەدات، هێلکە پیتێنراوەکە یان هەرگیز نابێت بە منداڵ یان ئەگەریش بوو بەشێوەیەکی نائاسایی گەشە دەکات و ناتوانێت بە زیندوویی بمێنێتەوە.
  • خانمەکە تەمەنی کەمتر بێت لە ١٦ ساڵ (بە هۆکاری کاریگەری نەرێنی لەسەر ئێسکەکان)
  • ڕوودانی دووگیانی بەسەر ئەم ڕێگرییەوە
  • ئەگەر هاوکات لەگەڵ ڕێگریکردن لە دووگیانی بەم دەرزییە دووگیان بوویت، ئەگەری مردنی منداڵەکە زۆرە بە هۆی کەمی کێشی لە کاتی لەدایکبوونیدا


سەرچاوەکان



2084 بینین