ڕێگریکردن لە دووگیانی بە بەربەست

له‌لایه‌ن: - دەستەی نووسەرانی ئینسایکلۆپیدیای زانیاری - به‌روار: 2021-08-07-14:10:00 - کۆدی بابەت: 6209
ڕێگریکردن لە دووگیانی بە بەربەست

ناوه‌ڕۆك

بەربەستی دژە دووگیانی

یەکێکە لە ڕێگاکان بۆ ڕێگریکردن لە دووگیانی کە خانمان بەکاری دەهێنن، لەم ڕێگەیەدا ماددەیەکی لاستیکی یان سلیکۆنی لە شێوەی قاپێکی نیمچە قووڵ کە لاکانی چەماوە و کێش هاتوون کە پێی دەوترێت بەربەستی دژە دووگیانی (diaphragm contraceptive)، وەک و تامپۆن دەکرێتە بەشی سەرەوەی زێ، بە جۆرێک کە ملی منداڵدان دادەپۆشێت، کە ڕێگری دەکات لە گەیشتنی سپێرمەکان بە ملی منداڵدان، هەڵبەتە ئەم ڕێگایە خۆی بە تەنها ناتوانێت ڕێگری بکات لە دووگیانی، دەبێت ڕێگای سپێرم کوژیشی لەگەڵدا بەکاربێت.

جۆرەکانی بەربەستی دژە دووگیانی

ئەندازەی ستانداردی بەربەستی دژە دووگیانی بە گشتی ٧٥ میلیلیترە.

بەربەستی دیوار ئەستووری دژە دووگیانی

ئەم جۆرە بەربەستە باوترین جۆرە کە دانانی ئاسانە و بۆ ئەو خانمانە گونجاوە کە ماسولکەکانی ناوچەی زێ و حەوزیان لاوازە.

بەربەستی خڕی دژە دووگیانی 

ئەم جۆرە بەربەستە ئەڵقەیەکی چەماوەی هەیە و گونجاوە بۆ ئەو خانمانەی کە ماسولکەکانی زێ و حەوزیان نە لاوازە و نە ئەستوور.

بەربەستی تەختی دژە دووگیانی

ئەم بەربەستە ئەڵقەیەکی ناسک و چەماوەی هەیە، گونجاوە بۆ ئەو خانمانەی کە ماسولکەکانی زێ و حەوزیان بەهێزە

بەربەستی فراوانی دژە دووگیانی

ئەم بەربەستە ئەڵقەیەکی سلیکۆنییە کە بۆ ئەو خانمانە بەکاردێت هەستیارن بە لاستیک.

سوودەکانی بەربەستی دژە دووگیانی

  • لەبەرئەوەی هیچ هۆڕمۆنێکی تێدا نییە، تەندروستە و زیانی لاوەکی وەک، (گۆڕانی ڕەفتار، هەستیاری مەمک، دڵتێکچوون و ڕشانەوە، مەترسی جەڵتەی مێشک و جەڵتەی دڵ و هتد) لەگەڵدا نییە.
  • زۆرینەی خانمان دەتوانن ئەم ڕێگایە بەکاربهێنن
  • لە ماوەی شیرداندا دەتوانیت بەکاری بهێنیت
  • پێویستت بە یارمەتی پزیشک نابێت و خۆت دەتوانیت بە ئاسانی بەکاری بهێنیت
  • بە لابرددنی بەربەستەکە هەر کاتێک کە بتەوێت دەتوانیت دووگیان ببیت
  • هەڵگرتن و دانانی زۆر ئاسانە و تەنانەت دەتوانیت لە بۆنەکانیشدا بە ئاسانی سوود لەم ڕێگایە وەربگریت.
  • کاریگەری ناخاتە سەر حەزی سێکسی
  • کاتێک بەکاری دەهێنیت پێویست ناکات زوو زوو سەردانی پزیشک بکەیت
  • بۆ ئەو خانمانەی کە تەمەنیان لەسەرو ٣٥ ساڵەوەیە یاخود جگەرە دەکێشن ڕێگایەکی گونجاوە.
  • زیانە لاوەکییەکانی کەمە

کێشەکانی بەربەستی دژە دووگیانی

- بەوەی کە خۆت دەتوانیت بەربەستەکە دابنێیت بەڵام ئەگەر زۆر وریا نەبیت لە دانانیدا ئەگەری دووگیانی زۆرە

- بە هۆی چەند هۆکارێکەوە وەک بەرکەوتنی ئەندامی زاوزێی پیاو لەوانەیە بجوڵێت و لە شوێنی خۆیدا نەمێنێت بەمەش ئەگەری دووگیانی زۆرەبێت.

- هەستکردن بە بێتاقەتی بە هۆی بوونی تەنێکی نامۆوە لە زێدا.

- هەمیشەیی نییە و ساڵێک یان دوو ساڵ جارێک دەبێت بیگۆڕیت و دەبێت دانەیەکی نوێ بکڕیت، بە پێی کێشی جەستەت دەبێت بیکڕیت

- تاکوو ٦ کاتژمێر دوای جووتبوونەکە ناتوانیت بەربەستەکە لاببەیت.

- ئەگەر بە ورییایەوە دابنرێت ٨٦٪ بۆ ٩٤٪ ئەگەری دووگیانی کەم دەکاتەوە، بەڵام وەک و ڕێگاکانی دیکە زۆر کاریگەر نییە و ڕێژەی سەرکەوتنی لە ئەوان بەرزتر نییە.

- نەک ئەوەی وەک کۆندۆم ناتوانێت ڕێگری بکات لە نەخۆشییە ڤایرۆسییەکان و نەخۆشییە سێکسییە گوازراوەکان، بەڵکوو بە هۆی ئەوەی لەگەڵ ڕێگای سپێرم کوژدا پێکەوە بەکاردێن و هەستیاری دروست دەکەن لە زێدا ڕێگا خۆشکەرە بۆ نەخۆشی و هەوکردنی زیاتر.

زیانەکانی بەربەستی دژە دووگیانی

  • هەوکردنی زێ
  • هەستیاری بە ماددەی سلیکۆنەکە
  • هەستیاری بە سپێرم کوژ
  • هەوکردنی کۆئەندامی میز و میزەڕۆ
  • هەستکردن بە ئازار و کزانەوە لە کاتی میز کردندا
  • بینینی پەڵە خوێن لە کاتی دانانی بەربەستەکەدا
  • خورانی زێ
  • تا
  • دەردراوی نائاسایی لە زێدا
  • دیاردەی ژەهراوی کتوپڕ (TSS) کە دیاردەیەکی دەگمەن و مەترسیدارە ئەگەری ڕوودانی کاتێکە کە بەربەستەکە دەرنەهێنیت بۆ ماوەی ٢٤ کاتژمێر و دەتونێت بکوژ بێت.

چ کەسانێک نابێت بەربەستی دژە دووگیانی بەکاربهێنن؟

- ئەو خانمانەی کە بە لاستیک و سلیکۆن و سپێرم کوژ هەستیاریان هەیە

- ئەو خانمانەی کە کێشەیەکی تایبەتیان هەیە لە منداڵدان و زێدا

- خانمانێک کە کەمتر لە ٦ هەفتە بێت منداڵیان بووبێت یان منداڵیان لەبارچووبێت

- ئەو خانمانەی کە بەم دوایانە نەشتەرگەری ملی منداڵدانیان بۆ کراوە

- ئەو خانمانەی بەردەوام هەوکردنی میز و میزەڕۆیان هەیە، یاخود پێشتر دووچاری دیاردەی ژەهراویبوونی کتوپڕ بوون

- ئەگەری دووگیانت بەرز بێت، تەمەنت کەمتر بێت لە ٣٠ ساڵ و لە هەفتەیەکدا سێ جار یان زیاتر جووتبوون ئەنجام بدەن

- پێشتر ئەو ڕێگایانەی دیکەشت تاقیکردووەتەوە کە ناوچەی زێ دەگرن و سوودی نەبووە

- کێشەی هاتنە خوارەوەی منداڵدانت هەبێت 

چۆنییەتی بەکارهێنانی بەربەستی دژە دووگیانی

- دەستەکانت جوان بشۆ

- کەوچکێکی چێشت خواردن لە سپێرم کوژ بکەرە ناو بەربەستەکەوە و بە باشی بڵاوی بکەرەوە

- دوای ئەوەی کە سپێرم کوژەکەت کردە ناویەوە بەربەستەکە لە ناوەڕاستدا بچەمێنەرەوە بە شێوەیەک کە هەردوو لاکەی بکەون بەسەر یەکدا و بەشە خڕەکەی لە خوارەوە بێت.

- دواتر بە دەستت بیبەرە ناوەوە بۆ ناو زێ، هەر بەو شێوازە چەماوەییەی بیکەرە ناو زێوە و تاکوو ئەو شوێنەی دەڕوات بیبە، دواتر بە یەک پەنجە ئەو لایەی بەربەستەکە کە لە پێشەوەیە پاڵی پێوە بنێ بەرەو ملی منداڵدان.

- ئەگەر بەربەستەکە لە شوێنێکی باشدا جێگیر بووبێت، کاتێک دەستی لێ دەدەیت دەبێت لە پشتییەوە هەست بە ملی منداڵدان بکەیت کە ڕەق و توندە بەڵام ئێسک نییە.

- ئەگەر بە جوانی بەربەستەکە جێگیر نەبوو دەریبهێنەوە و دووبارە بیکەوە ناوەوە بەڵام ئاگاداربە کە دەبێت دووبارە سپێرم کوژی تێ بکەیتەوە

- دەتوانیت دوو کاتژمێر پێش ئەنجامدانی جووتبوون بەربەستەکە لە زێدا جێگیر بکەیت، بەڵام تاکوو ٦ کاتژمێر دوای تەواوبوونی جووتبوونەکە نابێت دەریبهێنیت، هەروەها نابێت زیاتر لە ٢٤ کاتژمێر لە زێدا بمێنێتەوە.

- ئەگەر بڕیارە کەسێک جووتبوونەکەی لە ٦ کاتژمێر زیاتر بخایەنێت، دەبێت بە بێ ئەوەی کە بەربەستەکە دەربهێنێت سپێرم کوژی زیاتر بکاتە ناوەوە

دەرهێنانەوەی بەربەستی دژە دووگیانی

- ڕاوەستە تاکوو دوای ٦ کاتژمێر لە جووتبوونەکە و دواتر دەریبهێنە تاکوو ئەگەری دووگیانی زۆر نەبێت

- بۆ دەرهێنانەوەی پەنجەی دۆشاو مژەت بکەرە ناوەوە و ڕایبکێشە.

- دوای هەر جارێک لە بەکارهێنانی کە دەرت هێنا بە جوانی و بە ئاو و سابوون بیشۆ و داینێ تاکوو وشک دەبێتەوە و هەڵیگرە لە شوێنکی پاکوخاوێندا

- واباشە کە لە شوێنکی وشکدا هەڵیگریت و کاتێک دەریدەهێنیتەوە بۆ ئەوەی بەکاری بهێنیت بیپشکنە بزانە هیچ جۆرە کون و دڕاوییەکی تێدا نییە، ئەگەر کاتی دەست لێدان لکا بە دەستتدا ئەوە بەکاری مەهێنە چونکە نیشانەیەکە بۆ تەواوبوونی سلیکۆنەکەی

لە چ کاتێکدا پێویستە سەردانی پزیشک بکرێت

  • کاتێک بە ڕێگادا دەڕۆیت یاخود دەکۆکیت و دەپژمیت بەربەستەکە لە شوێنی خۆیدا بجوڵێت
  • دوای دەرهێنانی بەربەستەکە خوێن ببینیت کە خوێنی کاتی سوڕی مانگانە نەبێت
  • خۆت یاخود هاوسەرەکەت دوای بەکارهێنانی بەربەستەکە ئازارتان هەبێت
  • نیشانەکانی دیاردەی ژەهراویبوونی کتوپڕت هەبێت وەک، تای بەرزی لەناکاو، سکچوون، سەرگێژخواردن، ڕشانەوە، سووربوونەوەی پێست کە وەک سوتان بێت لەبەر خۆر.
  • کاتێک ناتوانیت بەربەستەکە دەربهێنیت
  • چەورکەر بدە لە بەشی سەرەوەی بەربەستەکە تاکوو بە ئاسانی بچێتە ناوەوە


سەرچاوەکان



1507 بینین