مۆساد

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-08-28-20:29:00 - کۆدی بابەت: 6420
مۆساد

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

مۆساد (بە ئینگلیزی: Mossad) کە کورتکراوەی "دەزگای هەواڵگری و ئۆپەراسیۆنی تایبەت"ـە دەزگایەکی هەواڵگری دەرەکی ئیسرائیلییە، لە ١٣/١٢/١٩٤٩ دامەزراوە و کاری کۆکردنەوەی زانیاری و ڕاپەڕاندنی ئەرکەکانی وڵاتە لە دەرەوەی وڵات، مۆساد لەلایەن سەرۆک وەزیرانەوە بەڕێوەدەبرێت و سەرۆکەکەی دیاری دەکرێت، مۆساد بەرپرسی زۆرێک لە ڕێککەوتنە نهێنییەکانی ئیسرائیلە و ئەرکی پاراستنی دۆزەکانی ئیسرائیل و هاوڵاتیانی ونبوو و دەستبەسەری لەسەرە.

مۆساد لە زۆرێک لە کەیسی تیرۆرکردنەکاندا تێوەگلاوە کە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کراون و دەڵێت کە ئەو کەسانە دژی حکوومەتی ئیسرائیل بوون، جیا لەوەش سیخوڕی بەسەر هەموو وڵاتێکەوە دەکات چ دۆست و چ دوژمنی بن، تەنانەت ئەو وڵاتانەش کە پەیوەندی دیبلۆماسی لەگەڵیاندا نییە.

مۆساد دەزگایەکی مەدەنییە و وەک بەشێکی سەربازی و سوپا سەیرناکرێت، هەرچەند بودجەکەی لە سوپاوە دێت، هەموو کارمەندەکانی پێشتر سەرباز بوون و زۆرێکیان فەرماندەن، بەڵام لەوێ پلەی کارمەندیان هەیە نەک پلەی سەربازی.

مێژووی مۆساد

مۆساد کورتکراوەی "موساد لعلیاھ بت"ـە کە یەکێکە لە دەزگاکانی کۆچی نایاسایی جولەکەکان و یەکێک بوو لە دەزگاکانی ئاسایش و هەواڵگری کۆن، لە ساڵی ١٩٣٧ بە مەبەستی کۆچپێکردن بە جولەکەکان دروستکرا و یەکێک بوو لە دەزگاکانی هاگانا.

بەشەکان

  • بەشی زانیاری: ئەرکی کۆکردنەوەی زانیاری و شیکردنەوە و وەرگرتنی ئەنجامە لێیان.
  • بەشی ئۆپەراسیۆن: ئەرکی جێبەجێکردن و داڕشتنی پلانی کوشتن و دەستگیرکردن و ڕفاندنی لایەنێکی مەبەستە لە چوارچێوەی بڕیار و ویست و قازانجەکانی دەوڵەتی ئیسرائیل.
  • بەشی جەنگی دەروونی: ئەرکی بڵاوکردنەوەی ترس و بیم و هەواڵی ناڕاست و پڕوپاگەندەیە بە پشت بەستن بە دوو لایەنەکەی پێشوو.

سەرۆکەکان

  • ڕئوفین شیلواھ  ١٩٤٩ – ١٩٥٢
  • ئیسەر هێریل ١٩٥٣ – ١٩٦٣
  • مائیر عامیت ١٩٦٣ – ١٩٦٨
  • تسفی زامیر  ١٩٦٨ – ١٩٧٣
  • ئیسحاق حوفی ١٩٧٣ – ١٩٨٢
  • ناحوم ئێدمونی ١٩٨٢ – ١٩٨٩
  • شەبتای شافیت ١٩٨٩ – ١٩٩٦
  • دانی یاتوم ١٩٩٦ – ١٩٩٨
  • ئیفراهیم هلیفی ١٩٩٨ – ٢٠٠٢
  • موئیر داغان ٢٠٠٢ – ٢٠١١
  • تامیر باردو ٢٠١١ – ٢٠١٦
  • یوسی کوهین ٢٠١٦ – ٢٠٢١
  • داڤید بەرنیاع ٢٠٢١ – ئێستا

دەستەواژەکانی نێو مۆساد

  • کاستا: کارمەندی مەیدانی مۆساد
  • کیدون: کارمەندی کوشتن
  • مابواھ: هەواڵگرێک کە جولەکە نەبێت
  • مەیمون: بەڕێوبەری دەزگای مۆساد
  • فالاش: کارمەندی مۆساد لە لوبنان
  • سیانیم: هەر جولەکەیەک کە لە دەرەوەی ئیسرائیل دەژی و یارمەتی دەوڵەتی ئیسرائیل دەدات بە خۆڕایی.

کارەکانی مۆساد

  • بەڕێوبردنی تەواوی تۆڕەکانی سیخوڕی لە تەواوی ناوچەکانی دەرەوەی وڵات و دامەزراندنی کارمەند و کەسی تایبەت لە هەموو پێگەکانی وڵاتان.
  • کۆکردنەوەی تەواوی زانیارییەکانی نێو ڕۆژنامە و گۆڤار و میدیاکانی دەوڵەتانی تر
  • دانانی پێوەر بۆ هەڵوێست و کاری سیاسی نێو دەوڵەتە عەرەبییەکان.
  • کۆکردنەوەی زانیاری لە دەرەوەی وڵات
  • نەهێشتنی پەرەپێدانی چەک لەلایەن دەوڵەتانی دژی ئیسرائیل و ڕێگری لە چەکداربوونی وڵاتانی دوژمن.
  • تێکشکاندنی تەواوی هێرشە سیخوڕی و زانیارییەکانی دەرەوەی وڵات کە دژی ئیسرائیل بکرێن.
  • دروستکردنی پەیوەندی نهێنی لەگەڵ کەسانی گەورەی وڵاتانی دیکە، هەروەها بەستنی پەیوەندی و ڕێککەوتننامە، چ سیاسی بێت یان ئابووری.
  • یارمەتیدانی ئەو جولەکانەی کە دەیانەوێت کۆچ بکەن بۆ ئیسرائیل بەڵام ناتوانن.


سەرچاوەکان



1607 بینین