نۆرەی خەو

له‌لایه‌ن: - سروشت ناجی سروشت ناجی - به‌روار: 2021-09-01-14:36:00 - کۆدی بابەت: 6462
نۆرەی خەو

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

نەخۆشیی نۆرەی خەو یان گیرۆدەیی خەو یان نۆرەخەو (بە ئینگلیزی: Narcolepsy) نەخۆشییەکی درێژخایەنی کەمخەوییە کە بە نیشانەی توندی وەک وەنەوز و حەزی لەناکاوی خەو لە ڕۆژدا دەناسرێتەوە، ئەو کەسانەی تووشبووی نەخۆشی گیرۆدەیی خەون زۆرجار لایان قورسە کە بۆ ماوەیەکی زۆر لە ئاگاییدا بمێننەوە، نەخۆشی نۆرەی خەو زۆرجار دەبێتە هۆی ناڕێکی جدی لە خوی ڕۆژانەی کەسی تووشبوودا.
هەندێک جار ئەم نەخۆشییە دەکرێت لەگەڵ نەخۆشی (کاتاپلێکسی)دا تووشی کەسەکە ببێت، کە لەدەستدانی کتوپڕی هێزی ماسولکەکان دەگرێتەوە بەهۆی پاڵنەرێکی سۆزی بەهێزەوە، ئەو نۆرەی خەوەی کە لەگەڵ کاتاپلێکسیدا تووشی کەسەکە دەبێت پێی دەوترێت نەخۆشی نۆرەی خەوی جۆری یەک، بەڵام ئەو نۆرەی خەوەی کە بەبێ کاتاپلێکسی تووشی کەسەکە دەبێت ئەوا پێی دەوترێت جۆری دووەمی نەخۆشی نۆرەی خەو.
نەخۆشی نۆرەی خەو یەکێکە لەو حاڵەتە درێژخایەنانەی کە هیچ چارەسەرێکی پزیشکی تەواوی نییە، بەڵام هەرچۆنێک بێت تێڕامانی قووڵ و گۆڕینی شێوازی ژیان دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە کەمکردنەوەی نیشانەکانی، بە دڵنیاییەوە کە پشتگیری خێزان و هاوڕێ و هاوپیشە و مامۆستاکانی دەورووبەری کەسی تووشبوو زیاتر یارمەتیدەرە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی نەخۆشییەکە.

نیشانەکان

نیشانە و دەرکەوتەکانی نەخۆشی نۆرەی خەو دەکرێت لە چەند ساڵی سەرەتادا بەرەوە خراپتربوون بچن و دواتر تا کۆتایی تەمەن بەردەوام بن:

خەواڵوویی زۆری ڕۆژانە 

ئەو کەسانەی تووشی نەخۆشی نۆرەی خەو دەبن بەبێ ئاگاداربوون و لە هەر شوێنێک و هەر کاتێکدا بن خەویان لێ دەکەوێت، بۆ نموونە، لەوانەیە خەریکی ئەنجامدانی کارێک بن یان لەگەڵ هاوڕێیەکیاندا قسە بکەن و لەناکاو خەویان لێ بکەوێت، ئەم خەولێکەوتنەش دەکرێت ماوەی چەند خولەکێک تاکوو نیو کاتژمێر بخایەنێت، دواتر کاتێک کەسەکە بە ئاگا دێتەوە هەست بە نوێبوونەوە دەکات، بەڵام سەرەنجام دیسانەوە هەست بە خەواڵوویی دەکات.
هەروەها دەکرێت بەدرێژایی ڕۆژ ئەزموونی کەمبوونەوەی ئاگایی و سەرنج بکرێت، خەواڵوویی لەڕادەبەدەری ڕۆژانە زۆرجار یەکەم نیشانەیە کە دەردەکەوێت و یەکێکە لە هەراسان‌کەرترین نیشانەکان، چونکە سەرنج خستنەسەر کار و دەوروبەر و ئەنجامدانی کاری ڕۆژانە قورس دەبێت.

لەدەستدانی لەناکاوی هێزی ماسولکەکان

ئەم حاڵەتە پێی دەوترێت (کاتاپلێکسی)، دەتوانێت ببێتە هۆی چەندین گۆڕانی جەستەیی کە لە تێکچوونی قسەکردنەوە تاکوو لاوازیی تەواوی زۆربەی ماسولکەکانی لەش دەگرێتەوە، و دەکرێت ماوەی چەند خولەکێک بخایەنێت.
کاتاپلێکسی کۆنتڕۆڵ نەکراوە و هۆکارە پاڵنەرەکەی هەستێکی سۆزداریی بەهێزە، کە زۆرجار ئەم هەستە ئەرێنییە وەک پێکەنین و هەژان، بەڵام هەندێک جار ترس و شۆک و توڕەییش دەگرێتەوە، بۆ نموونە کاتێک کەسێک پێدەکەنێت سەری بەشێوەیەکی کۆنترۆڵ نەکراو دادەنەوێنێت یان بەرەو پشتەوەی دەبات، یان هێزی ئەژنۆکانی نامێنێت.
ئەو کەسانەی تووشبووی نۆرەی خەون لە ساڵێکدا تەنها یەک بۆ دووجار ئەزموونی کاتاپلێکسی دەکەن، هەروەها مەرج نییە هەموو تووشبوویەکی نۆرەی خەو ئەزموونی کاتاپلێکسی بکات.

ئیفلیجی خەو

کەسانی تووشبووی نۆرەی خەو زۆرجار کاتێک کە خەویان لێدەکەوێت یان بەخەبەرن ئەزموونی نەمانێکی کاتی لە توانای جووڵە یان قسەکردندا دەکەن، ئەم ماوەیە ئاساییانە کورتە و چەند چرکە یان چەند خولەکێک دەخایەنێت، بەڵام دەکرێت ترسێنەر بێت، دەکرێت کاتێک کەسەکە دەکەوێتە دۆخەکەوە ئاگای لێبێت، هەتا ئەگەر هیچ کۆنترۆڵێکیشی بەسەر دۆخەکەدا نەبێت دواتر بیرکەوتنەوەی دۆخەکەی بۆ قورس نەبێت.
ئەم ئیفلیجییەی خەو وەک ئەو ئیفلیجییە کاتییەی دۆخێکی کاتی خەولێکەوتنی ئاسایی وایە کە پێی دەوترێت خەوی خێرا جووڵاندنی چاو، خەوی خێرا جووڵاندنی چاو ئەو جۆرەی خەوە لە ماوەی خەوتندا کە ٩٠ خولەک دوای خەولێکەوتن و تێپەڕین بە خەوی خێرا نەجووڵاندنی چاودا ڕوودەدات، یەکەمین ماوەی ئەم خەوە ١٠ خولەک دەخایەنێت، وردە وردە ماوەی ئەم جۆرەی خەو زیاد دەکات بە زیادکردنی ماوەی خەوتن، نەمانی توانای جووڵە لەم قۆناغەی خەودا یارمەتیدەرە بۆ ڕێگریکردن لە دووبارەکردنەوەی کردارییانەی ئەو خەونەی کە مرۆڤ لەو کاتەدا دەیبینێت.
مەرج نییە هەموو کەسێک کە تووشی ئیفلیجی خەو دەبێت تووشی نۆرەی خەو بووبێت، چونکە زۆربەی خەڵکی بەبێ ئەوەی تووشی نۆرەی خەو بووبن ئەزموونی هەندێک حاڵەتی ئیفلیجی خەو دەکەن.

گۆڕان لە خەوی خێرا جووڵاندنی چاودا

زۆربەی خەونەکان لە خەوی خێرا جووڵاندنی چاودا دەبینرێن، ئەو کەسانەی تووشبووی نۆرەی خەون دەکرێت لە هەر کاتێکی ڕۆژدا بکەونە ئەم دۆخەی خەوەوە، هەروەها زۆرجار بەخێرایی دەچنە دۆخی خەوی خێرا جووڵاندنی چاوەوە، ئاساییانە چوونە ئەم دۆخەی خەو لەو کاتانەدا زیاترە کە لەماوەی ١٥ خولەکدا کەسەکە خەوی لێدەکەوێت.

هەلوەسەکردن

ئەو هەلوەسەکردنانەی پێیان دەوترێت هەڵوەسەکردنی خەولێخەر کە ڕوودەدات کەسەکە خەوتووە، و هەڵوەسەکردنی خەوزڕێنیش کاتێک ڕوودەدات کە کەسەکە لە دۆخی ئاگاییدایە، بۆ نموونە هەستێکە کە کەسەکە وا هەست دەکات شتێکی نامۆ لە ژوورەکەیدایە، ئەم هەڵوەسەکردنانە زیاتر ڕوون و ترسێنەرن لەبەر ئەوەی کەسەکە بە تەواوی خەوی لێنەکەوتووە و خەون دەبینێت و خەوەکەش وەک شتێکی ڕاست دێتە پێشچاوی.

نیشانەکانی تر

ئەو کەسانەی تووشبووی نۆرەی خەون دەکرێت نیشانەی تری کێشەکانی خەویان هەبێت وەک هەناسەتوندی لە کاتی خەودا، حاڵەتێکە کە تیایدا هەناسەدان دەوەستێت لە کاتی خەودا، یان کێشەی خەوزڕان.
هەندێک کەس کە تووشبووی نۆرەی خەون لە ئەو ماوە کەمەی خەولێکەوتندا ئەزموونی هەڵسوکەوتی خودکارانە دەکەن، بۆ نموونە دەکرێت کەسەکە خەوتبێت، بەڵام خەریکی ئەنجامدانی کارێک بێت و وا دەرکەوێت کە لە دۆخی ئاگاییدا بێت، وەک نووسین و شۆفێریکردن، هەروەها کاتێک کەسەکە خەبەری دەبێتەوە بیری نییە کە چی کردووە.

هۆکارەکان

هۆکاری سەرەکی نەخۆشی نۆرەی خەو نەزانراوە، ئەو کەسانەی تووشبووی جۆری یەکەمی نۆرەی خەون ئاستێکی نزمی ماددەی کیمیایی هایپۆکریتینیان هەیە، کە ماددەیەکی دەمارە کیمیاییە لە مێشکدا یارمەتیدەرە لە ڕێکخستنی ئاگایی و خەوی خێرا جووڵاندنی چاودا.
ئەو کەسانەی کە ئەزموونی نۆرەی خەو دەکەن ئاستی هایپۆکرێتین تیایاندا نزمە، هۆکاری ئەم نزمبوونەی ئاستی بەرهەمهێنانی هایپۆکرێتین لەلایەن خانەکانی مێشکەوە بە تەواوی نەزانراوە، بەڵام شارەزایان پێشبینی ئەوە دەکەن کە بەهۆی کاردانەوەی خۆپارێزییەوە بێت.
هەروەها باس لەوە دەکرێت کە هۆکاری بۆماوەیی ڕۆڵی هەیە لە گەشەکردنی نەخۆشی نۆرەی خەودا، بەڵام مەترسی گواستنەوەی ئەم نەخۆشییە لە باوانەوە بۆ وەچە زۆر کەمە و ڕێژەکەی دەکاتە نزیکەی ١٪.

ئەو هۆکارانەی کە مەترسی تووشبوون زیاد دەکەن

  • تەمەن: نەخۆشیی نۆرەی خەو بەزۆری لەو کەسانەدا ڕوودەدات کە تەمەنیان لەنێوان ١٠ بۆ ٣٠ ساڵدایە.
  • مێژووی خێزان: مەترسی تووشبوون بە نەخۆشیی نۆرەی خەو ٢٠ بۆ ٤٠ جار لەو کەسانەدا زیاترە کە ئەندامێکی خێزانەکەیان تووشبووی نەخۆشییەکەیە.

کەی سەردانی پزیشک بکرێت؟

ئەگەر ڕۆژانە بە توندی ئەزموونی خەو لێکەوتن دەکەیت و ئەم خەولێکەوتنە لەناکاوە ناڕێکی دروست کردووە لە ژیانی کەسێتی و پیشەگەریتدا، ئەوا سەردانی پزیشک بکە.

کێشەی تەندروستی پەیوەست

هەندێک دۆخی دەروونی و کێشەی تەندروستی ئاڵۆز هەن کە پەیوەستن بە نۆرەی خەوەوە، وەک:

  • ئەو کەسانەی تووشبووی نەخۆشی نۆرەی خەون زۆرجار تووشبووی دڵەڕاوکێ و خەمۆکیین، بەڵام ڕوون نییە کە ئەمانە یەکێکن لە نیشانەکانی نەخۆشی نۆرەی خەو یان نیشانەکانی ئەم کێشە دەروونییانەن کە کاردەکەنە سەر شێوازی ژیان.
  • لەبەر خەوی لەناکاو و کاتاپلێکسی دەکرێت ژیانی کۆمەڵایەتی کەسەکە کاری تێبکرێت، بۆ نموونە قورس دەبێت کە لەماوەی کۆبوونەوەیەکی کۆمەڵایەتیدا بە ئاگایی بمێنێتەوە، یان لەماوەی پێکەنیندا لەوانەیە کۆنترۆڵی ماسولکەکانی لەدەست بدات.
  • دەکرێت بەهۆی کەمی ئاستی چالاکی یان خاوبوونەوەی کرداری زیندەپاڵەوە، هەندێک لەو کەسانەی تووشبووی نۆرەی خەون کێشیان زیاد بکات.
  • توێژینەوەیەکی ساڵی ٢٠١٧ باسی لەوە کردووە کە ئەو کەسانەی تووشبووی نەخۆشی نۆرەی خەون مەترسی ئەنجامدانی کرداری خۆکوژیان زیاترە.

تەنها لەبەر ئەوەی کەسێک تووشبووی نەخۆشی نۆرەی خەوە واتای ئەوە نییە کە تووشبووی هەموو ئەم کێشە تەندروستییانەیە.

چارەسەر

نەخۆشی نۆرەی خەوحاڵەتێکی درێژخایەنە، هەروەها چارەسەرێکی هەمیشەیی نییە، بەڵام چەند چارەسەرێکی هەڵبژاردە هەن کە نیشانەکان کەمتر دەکەنەوە، کە بریتیین لە:

دەرمان

بەپێی نیشانەکان و جۆری حاڵەتەکە پزیشک دەکرێت پێشنیازی دەرمانی گونجاو بکات.

گۆڕینی شێوازی ژیان

  • مامۆستا یان خاوەن کارەکەت لە حاڵەتەکەت ئاگادار بکەرەوە بۆ ئەوەی ئەگەر لە کاتی وانە یان کاردا خەوت لێکەوت لێت تێبگەن.
  • هەوڵبدە پێش خەوتن دووربیت لە خواردنی ژەمی قورس، چونکە وات لێدەکات بە قورسی خەوت لێ بکەوێت و بە درێژایی ڕۆژەکە هەست بە خەواڵوویی بکەیت.
  • هەوڵبدە دوای ژەمەکان بۆ ماوەی ١٠-٢٠ خولەک سەرخەو بشکێنیت.
  • تا دەتوانیت با کاتی خەوتن و لە خەو هەستانت دیاریکراو بێت.
  • دووربە لە جگەرە و خواردنەوە کحولییەکان چونکە نیشانەکانی نەخۆشییەکەت خراپتر دەکەن.
  • بەشێوەیەکی ڕێکوپێک وەرزش بکە، چونکە وەرزش یارمەتی خەوێکی باش دەدات لە شەودا، هەروەها یارمەتی مانەوەی زیاتر لە ئاگاییدا و ڕێکخستنی کێش دەدات.


سەرچاوەکان

472 بینین