ڕیفراندۆمی هەرێمی کوردستان

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-09-25-02:30:00 - کۆدی بابەت: 6705
ڕیفراندۆمی هەرێمی کوردستان

ناوه‌ڕۆك

ڕیفراندۆم

گشتپرسی هەرێمی کوردستان یان ڕیفراندۆم، هەڵمەتێکی هەڵبژاردن بوو لە مانگی ئەیلوولی ساڵی ٢٠١٧ بە مەبەستی جیابوونەوەی هەرێمی کوردستان لە کۆماری عێراقی فیدراڵ، ئەمەش دوای ئەوەی بەهۆی شەڕی دژی داعشەوە هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان ناوچەیەکی زۆری ناوچە دابڕێنراوەکانیان گرتبوویەوە، لە ڕۆژی ٢٠١٧/٦/٧ هەریەک لە مەسعوود بارزانی سەرۆکی ئەوکاتی هەرێمی کوردستان بە نوێنەرایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان و سەرۆکایەتی هەرێم لەگەڵ یەکێتی نیشتمانی کوردستان و یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان و بزووتنەوەی ئیسلامی کوردستان و حیزبی سۆسیالیستی کوردستان و حیزبی شیوعی کوردستان و حیزبی زەحمەتکێشانی کوردستان و بەرەی تورکمانی کۆبوونەوە و بڕیاری ئەنجامدانی گشتپرسی سەربەخۆیی کوردستانیان دا و ڕۆژەکەی لە ٢٠١٧/٩/٢٥ دیاریکرا.

ڕیفراندۆم بەبێ وتووێژ و گفتوگۆی ئاشتییانە لەگەڵ دەسەڵاتی ناوەندی عێراق و وڵاتانی زلهێزی ئەوکات بڕیاری لەسەردرا و مەسعوود بارزانی ڕایگەیاندبوو کە دوای ئەنجامی ڕیفراندۆم لەگەڵ عێراق دەکەونە ڕێککەوتن.

مێژوو

ساڵی ٢٠١٤ هەرێمی کوردستان و حکوومەتی ناوەندی عێراق تووشی کێشە هاتن و لە مانگی پێنجی ئەو ساڵە کوردستان دەستی کرد بە فرۆشتنی نەوت لەڕێگای بۆرییەوە بۆ تورکیا بەبێ گەڕانەوە بۆ عێراق، لە مانگێک دواتردا ڕێکخراوی ئیسلامی هێرشی کردە سەر عێراق و زۆربەی ناوچەکانی مووسڵ و تکریتی داگیرکرد و هێرشێکی بەرفراوانیان هێنا بۆ شاری کەرکووک، بەڵام لەلایەن هێزی پێشمەرگەوە ڕێگری لێکرا و شارەکە پارێزرا و پێشمەرگە دەسەڵاتی بەسەر ناوچە دابڕێنراوەکان و کەرکووکدا گرتەوە.

لە ڕۆژی یەکەمی تەمووزی ٢٠١٤ مەسعوود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان ویستی کوردی بۆ جیابوونەوە باسکرد لە وڵاتی عێراق بەهۆی ئەوەی وڵاتەکە شپرز بووە و مەزهەبییە، بەڵام بەهۆی هاتنی سەرۆک وەزیرانی نوێی عێراق و جەنگی داعش دواخرا بۆ کاتێکی نادیار، هەرچەند دواتر ڕاگەیەندرا کە بە سەرۆکی هەرێم داوای کردووە لەپێش گۆڕانی سەرۆکی ئەمریکا گشتپرسی ئەنجام بدرێت بەڵام سەرۆکی حکوومەتی هەرێم ئەوەی ڕەتکردەوە و ڕایگەیاند کە تاوەکوو مووسڵ ئازاد نەکرێتەوە ئەنجام نادرێت.

لە مانگی حوزەیرانی ساڵی ٢٠١٧ حیزبی دەسەڵاتداری هەرێم لەدوای کۆبوونەوەی لەگەڵ لایەنە کوردییەکان بڕیاریان دا بە ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لە ٢٠١٧/٩/٢٥ و بڕیارەکە بەوشێوەیە بوو کە ناوچە دابڕێنراوەکانیش بگرێتەوە کە هەریەک لە کەرکوک و مەخموور و خانەقین و شنگال بوون.

هەڵوێستی حیزبەکان

بەرەی بەڵێ

هەریەک لە حیزبەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان و  یەکێتی نیشتمانی کوردستان (زۆرینە) و حیزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان و شیوعی و بزووتنەوە و زەحمەتکێشان بە ئاشکرا ڕایانگەیاند کە لەگەڵ ڕیفراندۆمن و لە هەڵمەتی بانگەشەی (بەڵێ) بەشدارییان کرد، هەڵمەتەکە هەریەک لە مەسعوود بارزانی و سەڵاحەدین محەمەد بەهادین و کۆسرەت ڕەسوول و محەمەد حاجی مەحموود ڕابەرایەتییان دەکرد بە یاوەری چەند کەسایەتییەکی سیاسی دیکە.

بەرەی گومان

هەریەک لە حیزبی بزووتنەوەی گۆڕان و کۆمەڵی دادگەری کە ئەوکات بە کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان دەناسرا تاوەکوو کۆتا ڕۆژی پێش دەنگدان بڕیاری یەکلاکەرەوەیان نەدا و بەهۆی ئەمەشەوە تووشی ڕەخنەیەکی زۆر بوونەوە، ئەمە جگە لە هەندێک لە سەرانی گەورەی یەکێتی نیشتمانی کوردستان کە لە کۆتا شەوی بانگەشە لە ڕاگەیاندنە تایبەتەکانیانەوە بانگەشەی بەڵێیان دەستپێکرد، بزووتنەوەی گۆڕانیش لایەنگرانی سەرپشک کرد لە دەنگدان و ئەوەش ئەندامانی حیزبەکەی کرد بە دوو بەشەوە. 

بەرەی نەخێر

تاکە دەنگی کوردی نەخێر هەڵمەتی (نەخێر لە ئێستادا) بوو بە ڕابەری شاسوار عەبدولواحید کە تا ئەوکات سەربەخۆ بوو و خاوەن کەناڵێکی ئاسمانی بوو کە دژی دەسەڵات دادەنرا، لەم بەرەیەدا ئەو کەسانەی کە لەگەڵ ڕیفراندۆم نەبوون کۆبوونەوە کە یەکێک لەوان فەرهاد سەنگاوی ئەندام پەرلەمانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بوو، بەهۆی ئەوەشەوە مەکتەبی سیاسی حیزب لە ئەندامێتی حیزبەکەی دوورخستەوە.

دەنگدان

ڕۆژی ٢٠١٧/٩/٢٥ گشتپرسی هەرێمی کوردستان ئەنجامدرا و بە چوار زمانی ناوخۆیی لەسەر پەڕەی دەنگدان ئاماژە بە پرسیاری "ئایا دەتەوێت هەرێمی کوردستان و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم سەربەخۆ بن؟" کرابوو.

ئینگلیزی Do you want the Kurdistan Region and the Kurdistani areas outside the region's administration to become an independent state?
کوردی ئایا دەتەوێ ھەرێمی کوردستان و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ھەرێم ببێتە دەوڵەتێکی سەربەخۆ؟
Aya detewê herêmî Kurdistan u nawçe Kurdistaniyekanî derewey herêm bibête dewlletêkî serbexo?
عەرەبی ھل ترید أن یصبح اقلیم کوردستان و المناطق الکوردستانیة خارج الاقلیم دولة مستقلة؟
تورکی Kürdistan Bölgesel Yönetimi ve tartışmalı bölgeleri de içerisinde alan bir bağımsız Kürdistan devletinin kurulmasını istiyor musunuz?
ئاشووری ܐܵܪܵܐ ܒܥܹܐ ܐܵܢܬ ܕܐܸܩܠܹܝܡܵܐ ܕܟܘܼܪܕܸܣܬܵܢ ܘܦܸܢ̈ܝܵܬ݂ܵܐ ܟܘܼܪ̈ܕܸܣܬܵܢܵܝܹܐ ܠܒܼܲܕܲܪ ܡܕܲܒܪܵܢܘܼܬ݂ܵܐ ܕܐܸܩܠܹܝܡܵܐ ܕܦܲܝܫܝܼ ܐܲܬ݂ܪܵܐ ܫܲܠܝܼܛ ܒܝܵܬܼܵܐ؟

هەریەک لە شاری هەڵەبجە و سلێمانی کەمترین ڕێژەی دەنگدانی هەبوو بە ڕێژەی %٥٥ و بەرزترین ڕێژە پارێزگای دهۆک بوو بە ڕێژەی %٩٠ و ناوچە دابڕێنراوەکان %٨٠ـیان تۆمار کرد، تەواوی پڕۆسەکە بە بەشداری %٧٢ـی هەرێمی کوردستان ئەنجامدرا.

ئەنجامەکان

  دەنگەکان ٪
 بەڵێ ٢٬٨٦١٬٤٧١ ٩٢٫٧٣%
 نەخێر ٢٢٤٬٤٦٤ ٧٫٢٧%
دەنگە دروستەکان ٣٬٠٨٥٬٩٣٥ ٩٣٫٣٥%
دەنگە یان واڵا ھەڵەکان ٢١٩٬٩٩٠ ٦٫٦٥%
دەنگدانە گشتییەکان ٣٬٣٠٥٬٩٢٥ ١٠٠.٠٠٪‏
دەنگدەرە تۆمارکراوەکان/دەرکەوتنەکان ٤٬٥٨١٬٢٥٥ ٧٢٫١٦%

کاردانەوەکان

لە ڕۆژی دەنگدان هەریەک لە عێراق و ئێران و تورکیا و ئەمریکا و بەریتانیا لەسەر هێڵ بوون و بەردەوام ڕاگەیاندنەکان هەواڵی وتەی سەرۆکی وڵاتان و نوێنەرەکانیان بڵاودەکردەوە کە دژی دەنگدانی هەرێم بوون، پێشتریش هەریەک لە بولگاریا و ئوستوڕالیا و فەڕەنسا و ئەڵمانیا و چین و ئیسپانیا و سوید بەیاننامەیان دەرکرد.

هەریەک لە ئوستوڕالیا و چین و سوریا و ئیسپانیا و ئەڵمانیا دژی گشتپرسی وەستانەوە و بولگاریا و هەرێمی کەتەلۆنیا و فەڕەنسا (نیمچە بەڵێ) و سوید و ئیسرائیل پشتگیری خۆیان بۆ ویستی گەلی کورد دەربڕی.

ڕاگەیاندن

ئێران: وڵاتی ئێران لە ڕۆژێک پێش گشتپرسی تەواوی گەشتە ئاسمانییەکانی بە ڕووی کوردستاندا داخست و ڕایگەیاند کە لەسەر داوای حکوومەتی عێراقە

تورکیا: لە ڕۆژی دەنگدان ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی لە ئەستەنبووڵ ڕایگەیاند کە دژی ڕیفراندۆمی هەرێمی کوردستانن و بێ بنەمایە و ئێمە هەموو ڕێگاکان بەرەو کوردستان دادەخەین و هەناردەی نەوتی هەرێمیش ڕادەگرین، لە ئەگەری هەڕەشە لەسەر تورکیا دەستپێشخەری دەکەین و ڕێگە بە هیچ هەڕەشەیەک لەسەر تورکیا نادەین، ئێمە دەتوانین بۆرییە نەوتەکانی باکووری عێراق ڕابگرین، ئایا گەر ئێمە نەینێرین لە چ ڕێگەیەکەوە نەوت هەناردەی دەرەوە دەکەن.

لە هەمان کات سەرۆک وەزیرانی تورکیا بن عەلی یەڵدرم ڕایگەیاند کە وڵاتەکەی دان بە ئەنجامی ڕاپرسیەکەدا نانێت و وەزارەتی دەرەوەی تورکیاش داوای لە هاوڵاتیانی کرد بە زووترین کات بگەڕێنەوە، مەولود چاوش ئۆغلۆی وەزیری دەرەوەی تورکیا ڕایگەیاند گەر تورکمانەکانی ناوچەکە هەڕەشەیان لەسەر بێت ئێمە هێزی سەربازی دەنێرینە عێراق.

عێراق: وەزارەتی بەرگری عێراق لەگەڵ هەریەک لە ئێران و تورکیا لە ڕۆژانی بانگەشە و دەنگدان چەندین مانۆری سەربازییان لە سنوورەکان ئەنجامدا، لە ڕۆژی ٢٠١٧/٩/٢٦ سەرۆک وەزیرانی عێراق بڕیاری دا بە سزادانی هەرکەس کە دەستی لە ئەنجامدانی ڕاپرسیدا هەبووە، و گشتپرسییەکەی بە نادەستووری و نایاسایی وەسفکرد، دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامەکانی گشتپرسی عەبادی رایگەیاند کە هەموو سنوورە ئاسمانی و زەمینییەکان لەگەڵ هەرێم دادەخەن.

ئەمریکا: ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەهۆی ئەوەی چەندین جار سەرانی هەرێمی ئاگادارکردبوویەوە لە ئەنجامنەدانی گشتپرسی، لە ڕۆژی گشتپرسی ڕایگەیاند کە بێئومێد بوون لەوەی ڕوویداوە و ئەم ڕیفراندۆمە دەبێتە هۆی کێشە و سەرئێشەی زیاتر لە ناوچەکە، بەڵام پەیوەندییەکانی ئەمریکا و هەرێم وەک خۆیان دەمێننەوە، بەڵام ئەوان حەزدەکەن عێراق بە یەکپارچەیی بمێنێتەوە.

بەریتانیا: وەزیری دەرەوەی بەریتانیا بۆریس جۆنسۆن ڕایگەیاند کە وڵاتەکەی ئامادەیە ببێتە نێوەندگیر بۆ چارەسەری کێشەکانی دوای ڕیفراندۆمی هەرێم.

ڕووداوەکانی دوای ڕیفراندۆم

کاردانەوەی دوای ڕیفراندۆم

تورکیا: ڕەجەب تەیب ئەردۆغان ڕۆژێک دوای گشتپرسی ڕایگەیاند : "گشتپرسی ئاگرێکە ئەو کەسە دەسووتێنێت کە دایگرساندووە، ئێمە هەموو یارمەتییەکی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستانماندا بەڵام ئەوان هەر سوور بوون لەسەر گشتپرسی و ئەمە هێرشە بۆ یەکڕیزی نەتەوەکانی ناوچەکە و دەبێتە هۆی هەڵگیرسانی شەڕی نەتەوەیی، لە ٢٠١٧/١٠/٢ ڕۆژنامەی ئەنقەرەی تورکی ڕایگەیاند کە وڵاتەکە ١٢,٠٠٠ سەرباز دەنێرێتە باکووری عێراق.

عێراق: سەرۆک کۆماری عێراق فوئاد مەعسووم ڕایگەیاند کە گشتپرسی شتێکی یاساییە بەڵام جیابوونەوە نایاساییە، حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی عێراقیش بەردەوام بە وتارەکانی دژی سەرۆکایەتی هەرێم دەردەکەوت و چوار ڕۆژ دوای گشتپرسی تەواوی گشتەکانی ئاسمانی هەرێم ڕاگیرا.

کوەیت: وەزارەتی دەرەوەی کوەیت پاڵپشتی خۆی بۆ عێراقێکی یەکگرتوو ڕاگەیاند.

ئێران: لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان چەندین کەس لە شاری سنە و مەهاباد و چەند شارێکی دیکە ڕژانە سەر شەقام بۆ پشتگیری لە کوردستان و گشتپرسییەکەی کە بەهۆیەوە چەند کەسێکیان دەستگیرکران.

ئەمریکا: وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەکە ڕایگەیاند کە ئەنجامی گشتپرسی لای ئەوان قبووڵکراو نییە.

ئیسرائیل: وڵاتی ئیسرائیل هەموو ئەو تۆمەتانەی ڕەتکردەوە کە دەزگای مۆساد لە ڕیفراندۆمی هەرێمدا بەشداربووبێت و ڕایگەیاند کە لەگەڵ ئەوەی پەیوەندییەکی باشیان لەگەڵ کوردەکان هەیە بەڵام دەستیان لەو گشتپرسییەدا نییە.

میسڕ: زانکۆی ئەزهەر لە ڕاگەیاندراوێکیدا یەکڕیزی وڵاتی عێراقی دووپات کردەوە و ڕیفراندۆمی ڕەتکردەوە، و عێراقیش دەستخۆشی لێکرد.

هەریەک لە پاکستان و حیزبوڵای لوبنانیش پاڵپشتی خۆیان بۆ عێراقێکی یەکگرتوو دووپات کردەوە و ئەمینداری گشتی حیزبی ئازادیخوازی فەڵەستین ڕایگەیاند کە "جیابوونەوەی کوردستان شمشێرەکە لە دژی عەرەب".

ڕووداوەکان

  • دوای چوار ڕۆژ لە گشتپرسی عێراق گەشتەکانی بۆ هەرێم ڕاگرت، بەڵام گەشتی مرۆڤایەتی و دیبلۆماسی و سەربازی نەگرتەوە، هەروەها هەڕەشەی ناردنی هێزی کرد بۆ کەرکوک و ناوچە دابڕێنراوەکان، وڵاتی ئێران سنوورەکانی بە ڕووی کوردستان داخست و پێنج ڕۆژ دوای گشتپرسی چەند مانۆرێکی سەربازی بە هێزەکانی دژەتیرۆر لە سنوورەکانی کوردستان ئەنجامدا.
  • لە ڕۆژی ٢٠١٧/١٠/١٥ و ٢٠١٧/١٠/١٦ هێزە عێراقییەکان و حەشدی شەعبی هێرشیان کردە سەر شاری کەرکوک و ناوچە دابڕێنراوەکان و دەستیان بەسەرداگرتنەوە، بەهۆی خیانەتی کۆمەڵێک لە سەرانی کوردستان ناوچەکەی ژێر دەسەڵاتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان چۆڵکرا و کۆمەلێک لە یەکەکانی پێشمەرگە بەتەنیا مانەوە و بەو هۆیەوە هێزەکانی عێراق بە ئاسانی توانییان کەرکوک بگرنەوە، بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا ئەو هێزە کەمەی بەرگری لە شارەکە کرد زیانێکی زۆری بەرکەوت و چەندین پێشمەرگە شەهید بوون و سوکایەتییان پێکرا لەلایەن حەشدی شەعبییەوە.
  • لە ناوچەکانی باکوور و ڕۆژئاواش لە شەنگال و دەوروبەری پێشمەرگەی پارتی دیموکراتی کوردستان کشایەوە و ناوچەکە کەوتەوە دەست هێزەکانی عێراق.
  • لە ٢٠١٧/١٠/٢٥ حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەنجامی گشتپرسی سڕکرد و دانوستان لەگەڵ عێراق دەستی پێکردەوە و مەسعوود بارزانی داوای کرد کە بەغداد دەرگای گفتوگۆ دانەخات.
  • لە ٢٠١٧/١٠/٢٩ مەسعوود بارزانی وازی لە پۆستی سەرۆکی هەرێمی کوردستان هێنا.
  • لە ٢٠١٧/١١/٢٠ دادگای باڵای فیدراڵی عێراق فرمانی هەڵوەشاندنەوەی گشتپرسی هەرێمی ڕاگەیاند.

ئەو خاكەی لەدەستدراوە

كۆی گشتی سنووری باشوری كوردستان ٨٦,٢٦٩ کیلۆمەتری دووجایە، تاوەكوو ساڵی ٢٠٠٣ (٤١,٩٣٩ کم٢)ـی لەژێر دەستی هەرێمی كوردستاندا بووە، بەڵام دوای ڕووخانی ڕژێمی سەدام لە ساڵی ٢٠٠٣ دا، دواتر لە دوای هێرشی داعش لە ساڵی ٢٠١٤ دا زۆرینەی ناوچە دابڕاوەكان كەوتنەوە دەستی حكومەتی هەرێمی كوردستان و هێزەكانی پێشمەرگە، كە ڕووبەرەكەی ٤٤,٩٣٩ کم٢ بوو،  لەدوای ڕووداوەكانی ١٦ـی ئۆكتۆبەر هێزی پێشمەرگە لەهەموو ئەو ناوچانە كشانەوە كە دەكاتە ٥٢% خاكی باشووری كوردستان، ئەو خاكە لەدەستدراوە، بێجگە لە شاری كەركوك هەشت شارۆچكە و 21 شارەدێی تێدابوون.

ئابووری

سەرۆكی لیژنەی پیشەسازی و وزەی خولی چوارەمی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند لە دوای ڕووداوەكانی ١٦ی ئۆكتۆبەرەوە هەرێمی كوردستان ٥٥٪ ی هەناردەی نەوتی لەدەست داوە، پێش ڕووداوەكانی ١٦ ی ئۆكتۆبەر، حكومەتی هەرێمی كوردستان، ١٢ بیرە نەوتی لە ژێردەستدا بووە، كە بریتی بوون لە كێڵگەكانی (هاڤانا، بای حەسەن، بابەگوڕگوڕ، خەباس، جەمبور، خۆرمەڵە، عەین زالە، بەتمە، تەق تەق، حەسیرە، شێخان، تاوگێ‌) كە لە كۆی ئەو بیرە نەوتانە ٧٢٦  هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە بەرهەم دەهێندرا.

دواتر هەریەك لە بیرەنەوتەكانی هاڤانا و بای حەسەن و بابەگوڕگوڕ و خەباس و جەمبور و عەینزالە و بەتمە، کەوتنەوە دەستی حكومەتی ناوەندی، كە كۆی كشتی بەرهەمیان ٤٤٥ هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانەیە.

بێجگە لە نەوتی كێڵگەكانی هاڤانا و بای حەسەن، حكومەتی هەرێم بەرهەمی غازی سروشتی ئەو كێڵگانەشی لەدەست داوە، كەكۆمپانیای دانەغاز بەرهەمهێنانی تێدا دەركرد.

لە هەرێمی كوردستاندا پێنج خاڵی سنووری هەیە كە بریتین لە (برایم خەلیل، فیشخاپور، پەروێزخان، باشماخ، حاجی هۆمەران)، كە داهاتێكی زۆری بۆ هەرێمی كوردستان هەیە و خاڵی بەستنەوەی هەرێمی كوردستانە بە دەرەوە، بەدەر لە فشارەكانی حكومەتی عێراق بۆ ڕادەستكردنی خاڵە سنوورییەكان، حكومەتی عێراق داوای ڕادەستكردنی سەرچاوە ئاوییەكان و بەنداوەكانی هەرێمی كوردستانیشی دەکرد، كە هەریەک لە بەنداوەكانی دەربەندیخان و دوكان و بێخمەن، هەروەها داوای کرد کە هێزی پێشمەرگە بخرێتە سەر سوپای عێراق و فەرمان لەوێوە وەربگرێت و داوای ڕادەستکردنی هەموو نەوتی هەرێمی کوردستانیشی کردەوە.

ئەو کۆمپانیای گەشتی فڕۆکانەی گەشتەکانیان ڕاگرت

  • فلای دوبەی ئیماڕات
  • هێڵی فڕۆکەوانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی لوبنان
  • ئەتڵەس گڵۆباڵ، هێڵە ئاسمانییەکانی تورکیا، هێڵەکانی بیگاسۆسی تورکیا
  • هێلە ئاسمانییەکانی قەتەڕ
  • هێڵی میسڕ بۆ فڕۆکەوانی
  • هێڵە ئاسمانییەکانی ئوردن
  • هێڵی ئاسمانی ئێران


سەرچاوەکان



8931 بینین