سوودەکانی سەرخەو شکاندن

له‌لایه‌ن: - زیلان ئازاد - به‌روار: 2021-10-24-00:37:00 - کۆدی بابەت: 6957
سوودەکانی سەرخەو شکاندن

ناوه‌ڕۆك

سەرخەو شکاند

سەرخەو شکاندن کە بە ئینگلیزی پێی دەگوترێت (Nap) بریتییە لە چوونە ناو خەو بۆ ماوەیەکی کورت، هەروەها زۆرینەی جار لە ڕۆژدا ڕوودەدات، سەرخەو شکاندن تەنها بۆ منداڵان نییە، چونکە توێژینەوەکان ئەوەیان بۆ دەرکەوتووە کە سەرخەو شکاندن کاریگەرییەکی باش لەسەر تەندروستی گەنجان بەجێدەهێڵێت، هەروەها خەوێکی کورت لە نیوەڕواندا دەکرێت ببێتە هۆی بەهێزکردنی یادەوەری، باشترکردنی بەڕێوەبردنی کار و چالاکییەکان، بەرزکردنەوەی میزاج و چەندین سوودی دیکەی تەندروستی.

سوودەکانی سەرخەو شکاندن

بەهێزبوونی یادەوەری

توێژینەوەکان ئەوەیان سەلماندووە کە خەو ڕۆڵێکی بەرچاو و گرنگی لە کۆکردنەوە و بەهێزکردنی یادەوەرییەکاندا هەیە، هەروەها سەرخەو شکاندنێک دەتوانێت یارمەتیت بدات کە ئەو شتانەت بیر بکەوێتەوە کە پێشتر لەو ڕۆژەدا فێر بوویت و بە ئەندازەی خەوی شەوێکی تەواو کاریگەری هەیە، هەروەها سەرخەو شکاندن یارمەتیت دەدات و دەتپارێزێت لە زوو لەبیرچوونەوەی ئەو شتانەی کە لەماوەی ژیانتدا فێریان بوویت وەک پاسکیلسواری و ماتۆڕسواری. 

ئاسانتر پەیوەستکردنی شتەکان پێکەوە

سەرخەو شکاندن نەک تەنها یارمەتیت دەدات تاکوو خێراتر ئەو شتانەت بیربێتەوە کە فێریانبوویت، بەڵکو ده‌توانێت هاوكاری مێشك بكات له‌ كێشانی په‌یوه‌ندی نێوان ئەو شتانەی كه‌ ده‌یدۆزێته‌وه‌، هەروەها لە توێژینەوەیەکدا دەرکەوتووە ئەو کەسانەی کە سەرخەو دەشکێنن ئاسانتر دەتوانن ئەو زانیاریانەی کە پێشتر بەدەستیان گەشتووە پێکەوە ڕێکیبخەن.

باشترکردنی میزاج

دەتوانیت سەرخەو شکاندن وەک هۆکارێکی باشترکردنی میزاج بەکاربێنیت، لەکاتێکدا کە هەست بە بێتاقەتی دەکەیت، سەرخەو شکاند یاخود تەنانەت پشوودان بەبێ ئەوەی بخەویت بۆ ماوەی یەک کاتژمێر، دەتوانێت توانای بیرکردنەوەکانت باشتربکات، شارەزایان باس لەوە دەکەن کاتێک کە ئەو ئارمییەی بەهۆی پشوودان و پاڵکەوتنەوە دێت دەبێتە هۆی باشترکردنی میزاج، تەنانەت ئەگەر خەویشت لێ نەکەوێت.

توانای فێربوون

کاتێک هەست بە ماندوویەتییەکی زۆر دەکەیت بە هۆی ئەنجامدانی کارێکی زۆر یاخود خوێندنەوە، ئەوا باشترە لە جیاتی ئەوەی پەنا بەریتە بەر خواردنەوەیەک کە ماددەی کافایینی تێدابێت، سەرخەوێک بشکێنیت، چونکە بە بەراورد بە کافایین، سەرخەو شکاندن دەتوانێت باشتر توانای فێربوونت پێبدات و درەنگتر شتەکانت لەبیر بچێتەوە. 

کەمبوونەوەی پەستان

ئەگەر بە هۆی  هەر هۆکارێک بکەویتە ژێر کاریگەری پەستانێکی زۆرەوە، ئەوا باشترین چارەسەر بریتییە لە سەرخەو شکاندن، چونکە سەرخەو شکاندن دەتوانێت یارمەتی کەمبوونەوەی پەستان بدات و توانای بەرگری جەستە باشتر بکات، هەروەها شارەزایان دەڵێن کە ٣٠ خولەک سەرخەو شکاندن دەتوانێت فێڵی خۆی لە جەستە بکات.

تەندروستی دڵ باشتر دەکات

لە توێژینەوەیکدا دەرکەوتووە کە ئەو کەسانەی بۆ ماوەی ٤٥ خولەک سەرخەو دەشکێنن ئەوا ئاستی پەستانی خوێنیان کەم دەبێتەوە و لە ئەنجامدا تەندروستی دڵیان باشتر دەبێت، پاش ئەوەی کە بە فشارێکی دەروونیدا تێپەڕیوون، هەر بۆیە سەرخەو شکاندن دەتوانێت یارمەتی باشتربوونی جەستە بدات پاش ئەوەی کە ڕووبەڕووی بارودۆخێکی پڕ لە فشار بووەتەوە. 

باشتربوونی خەوی شەو

هەرچەندە لەوانەیە ئەمە کەمێک نالۆژیکی بێت، بەڵام لە ڕاستیدا سەرخەو شکاندن لە ڕۆژدا یارمەتی باشتربوونی خەوی شەوانی گەنجان دەدات، هەروەها توێژینەوەکان سەلماندوویانە کە سەرخەو شکاندنێک لە نێوان کاتژمێر ١-٣ــی پاش نیوەڕۆ، لەگەڵ ئەنجامدانی ڕاهێنانە ئاست مامناوەندەکانی وەک پیاسەکردن لە ئێواراندا، یارمەتی باشترکردنی خەوی شەوان دەدات، و هەروەها یارمەتی بەرەوپێشچوونی تەندروستی دەروونی و جەستەیی دەدات.

باشترین ڕێگا چییە تاکوو سەرخەوێکی باش بکەیت؟

- کورتی ماوەی سەرخەو شکاندنەکە: با ئامانجی سەرخەو شکاندنەکە تەنها ١٠ بۆ ٢٠ خولەک بێت، چونکە ئەگەر ماوەی سەرخەو شکاندنەکە زیاتر بێت ئەوا لەوانەیە زیاتر هەست بە خەواڵوویی بکەیت.

- سەرخەو شکاندن لە نیوەڕواندا: سەرخەو شکاندن لە پاش کاتژمێر ٣ دەکرێت ببێتە ڕێگر لە خەوی شەوان و وادەکات درەنگتر بە شەودا بخەویت، هەروەها کێشە تاکە کەسییەکان، خشتەی خەو، تەمەن، دەرمان دەتوانن ڕۆڵی بەرچاو ببینن لە دیاریکردنی باشترین کاتەکانی ڕۆژ بۆ سەرخەو شکاندن.

- دابینکردنی ژینگەیەکی ئارامبەخش: سەرخەو شکاندن لە ژوورێکی بێدەنگ و تاریک و پلەی گەرمی گونجاودا زۆر زیاتر کاریگەرتر و ئارامبەخشترە.


سەرچاوەکان



1050 بینین