زیانەکانی لەپێکردنی پێڵاوی پاژنە بەرز

له‌لایه‌ن: - زیلان ئازاد - به‌روار: 2021-10-27-12:35:00 - کۆدی بابەت: 7004
زیانەکانی لەپێکردنی پێڵاوی پاژنە بەرز

ناوه‌ڕۆك

چەند زیانێکی لەپێکردنی پێڵاوی پاژنە بەرز

پێڵاوی پاژنەبەرز سەرەڕای جوانی و کەشخەییان، چەندین کێشە بۆ خانمان دروست دەکەن:

ئازاری پشت

پێڵاوی پاژنە بەرز وەک بەشێک لە بنچینەی ڕێکپۆشی لەلایەن خانمانەوە بەکاردەهێنرێت، لە ئەنجامدا شێوەیەکی جوان و شیک بە شێوازی جل و بەرگی خانمان دەبەخشێت، بەڵام پێڵاوی پاژنە بەرز بە تەواوی ناتوانێت پاڵپشتی قاچەکانت بکات، لەبەرئەوەی پێڵاوی پاژنە بەرز دەبێتە هۆی دابەشبوونی کێشی لەش بە نایەکسانی بۆیە لە ئەنجامدا، مەترسییەکانی تووشبوون بە زامداری و هەوکردن و ئازاری بەشی خوارەوەی پشت ڕوو لە زیادبوون دەکات.  

ئازاری پوز

ئازاری ماسولکەی پوز یەکێکی دیکەیە لە کاریگەرییە لاوەکییەکانی لەپێکردنی پێڵاوی پاژنە بەرز، و هەروەها دەبێتە هۆی ئاوسانی دەمارەکان، کە نەک تەنها کاریگەرییەکی خراپە بەڵکو، زۆر بە ئازاریشە.

ئازاری قاچ

پێڵاوی پاژنە بەرز بە شێوەیەک نەخشێنراوە کە زۆر جوانتر نیشانت بدات، بەڵام پاش لەپێکردنی پێڵاوی پاژنە بەرز بە درێژایی ڕۆژ هەست بە نائاسوودەیی دەکەیت، و ئەمە دەبێتە هۆی دروستبوونی ئازار لە قاچەکانتدا، جگە لەمەش دەکرێت هەست بە ئازاری پەنجە گەورەی قاچ و پشتی قاچ و پاژنەی پێ بکەیت. 

ئازاری قولە پێ

ڕاستە هەبوونی پێڵاوی پاژنە بەرز جوانی دەبەخشێت بە ڕێکپۆشییەکەت، بەڵام تەنها کاتێک دەتوانیت پێڵاوی پاژنە بەرز لەپێبکەیت کە لەسەر شوێنێکی ساف بڕۆیت، چونکە لە شوێنی بەرزی و نزیم و کەند و کۆسپ و لەسەر ڕێگای بەردین لەپێکردنی پێڵاوی پاژنە بەرز دەبێتە هۆی کەوتن و زیان گەیاندن بە قولە پێ، هەروەها جگە لە ئازاری قولە پێ، ئەم کەوتنانە دەبێتە هۆی شکانی قولە پێ.

چەمانەوەی بڕبڕەی پشت

پێڵاوی پاژنە بەرز دەبێتە هۆی چەمانەوەی بەشی خوارەوەی پشت زیاتر لە کاتی ئاسایی، بەرزی پاژنەی پێڵاوەکە ڕاستەوخۆ هاوتا دەبێت لەگەڵ پلەی چەمانەوەی بەشی خوارەوەی پشت، هەروەها چەمانەوەی بڕبڕەی پشتیش دەبێتە هۆی پەیدابوونی ئازارێکی زۆر لە بەشی سەرەوە و خوارەی ناوچەی پشت.

تەسکبوونەوەی دەماری خوێن

پێڵاوی پاژنە بەرز وادەکات کە قاچەکانت لاوازتر و درێژتر دەربکەون، شێوەی پێڵاوەکە لە بەشی پێشەوەی قاچ دەبێتە هۆی گوشینی قاچ و بەمەش پەستان دەخاتە سەر پەنجەکانی قاچ و دەبێتە هۆی تەسکبوونەوەی دەماری خوێن و لە هەندێ حاڵەتدا دەبێتە هۆی شکانی دەمارەکان.

گوشینی قاچ

گوشینی پەنجە گەورەی قاچ یەکێکە لە مەترسیدارترین کاریگەرییە لاوەکییەکانی لەپێکردنی پێڵاوی پاژنە بەرز، هەروەها شێوازی وه‌ستانی نائاسایی قاچەکان ده‌بێته‌ هۆی شێواندنی ماسولکەی پوز به‌هۆی دروستبوونی په‌ستان له‌سه‌ر لووله‌ی خوێن و بڕبره‌ی پشت.

لاوازبوونی بەستەرە شانەکان

پێڵاوی پاژنە بەرز دەبێتە هۆی لاوازبوونی بەستەرە شانەکان، هەروەها دەبێت لەگەڵ زیادبوونی تەمەندا وردە وردە لە لەپێکردنی پێڵاوی پاژنە بەرز دووربکەویتەوە، تاکوو قاچەکانت لە هەموو جۆرە ئازار و بریندارییەک بپارێزیت.

ئازاری ئەژنۆ

چەمانەوە و نا ڕێکی و نائاسوودەیی قاچ لە کاتی لەپێکردنی پێڵاوی پاژنە بەرز دەبێتە هۆی دروستبوونی پەستانێکی زۆر لەسەر جومگەی ئەژنۆ، هەروەها لە زۆرینەی خەڵکدا دەبێتە هۆی داخورانی ئێسک (صەوەفان).

ڕێکردن بە شێوەیەکی جیاوازتر

لە کاتی لەپێکردنی پێڵاوی پاژنە بەرز کێشی جەستە ناهاوسەنگ دەبێت و ناوەندی کێشکردنت دەگۆڕێت، لە ئەنجامدا هەندێک جار دەبێتە هۆی ئەوەی کە بە شێوەیەکی جیاوازتر بتوانیت ڕێ بکەیت.

چۆن پێڵاوی پاژنە بەرز بە شێوەیەکی تەندروست لەپێبکەین؟ 

- بەکارهێنان و لەپێکردنی پێڵاوی پاژنە بەرز تەنها لە بۆنەیەکی تایبەتدا، بەڵام ئەگەر ویستت پێڵاوی پاژنە بەرز بۆ کاتی کارکردنیش لەپێبکەیت ئەوا، پێڵاوە پاژنە بەرزەکان لە جانتاکەت هەڵگرە و کە گەشتیە شوێنی کارەکەت ئەوکات لەپێیان بکە.

- بە درێژای ڕۆژ پێڵاوە پاژنە بەرزەکان لەپێ مەکە، بەڵکوو دایانکەنە و کەمێک پشوو بە قاچەکانت بدە.

- هەوڵبدە بەزۆری پێڵاوی تەخت لەپێبکەیت، یاخود ئەو پێڵاوانە لەپێبکە کە بەرزییەکەیان زۆر کەمە.


سەرچاوەکان



907 بینین