کاریگەرییەکانی سەرخەو شکاندن بە گوێرەی تەمەن

له‌لایه‌ن: - زیلان ئازاد - به‌روار: 2021-10-27-14:29:00 - کۆدی بابەت: 7008
کاریگەرییەکانی سەرخەو شکاندن بە گوێرەی تەمەن

ناوه‌ڕۆك

سەرخەو شکاندن

منداڵان لە هەرزەکاران زیاتر پێویستیان بە خەو هەیە، هەروەها هەرزەکارانیش لە گەنجان زیاتر پێویستیان بە خەو هەیە، ئەمەش ئەو ڕاستییە دەردەخات کە کاریگەرییەکانی سەرخەو شکاندن بەگوێرەی تەمەن دەگۆڕێت، کاتێک کە توێژینەوەکان ئامارەکانی کاریگەرییەکانی سەرخەو شکاندنیان بڵاوکردەوە، بۆیان دەرکەوت کە سەرخەو شکاندنی هەر تاکێک جیاوازە لە یەکێکی دیکە، هەروەها ئەگەر کەسێک کێشەیەک یان پرسیارێکی دەربارەی شێوازی خەوتن هەبێت ئەوا دەبێت قسە لەگەڵ پزیشک یاخود پسپۆڕێکی بواری خەو بکات.

کاریگەرییەکانی سەرخەو شکاندن بە گوێرەی تەمەن

سەرخەو شکاندن لە منداڵاندا

سەرخەو شکاندن دەتوانێت یارمەتی منداڵان بدات کە خەوی پێویست بەدەست بهێنن، چونکە خەو بۆ لایەنی جەستەیی، دەروونی و سۆزی منداڵەکان زۆر گرنگە، توێژەران توێژینەوەیەکیان لەسەر سەرخەو شکاندنی منداڵان ئەنجامداوە لە تەمەنی ساوایی تاکوو بەسەڵاچوان و بەگوێرەی توێژینەوەکە:

  • منداڵی ساوای کەمتر لە ١ ساڵ

بە گشتی زۆر ئاساییە کە منداڵی ساوا زۆرینەی کاتەکانی بە خەو بەسەر بەرێت، هەروەها لەوانەیە لە یەک ڕۆژدا نزیکەی ١-٤ جار سەرخەو بشکێنێت، کە ماوەکەی لە نێوان ٣٠ خولەک بۆ ٢ کاتژمێردایە.

  • منداڵانی تەمەن ١-٢ ساڵ

سەرخەو شکاندن لە دوای تەمەنی ١ ساڵییەوە دەست بە کەمبوونەوە دەکات، بەڵام هێشتا سەرخەو شکاندن بەشێکی گرنگە لەم تەمەنەدا و سوودی خۆی هەیە، لە توێژینەوەیەکدا دەرکەوتووە کە ئەو منداڵانەی سەرخەویان شکاندووە توانای زیاتریان هەیە بۆ ڕێکخستنی ڕەفتار و سۆزەکانیان بە بەراورد لەگەڵ ئەو منداڵانەی کە سەرخەویان نەشکاندووە، هەروەها چەندین بەڵگە ئەوە دەردەخەن سەرخەو شکاندن لەم تەمەنەدا توانای فێربوونی زمان زیاتردەکات. 

  • منداڵانی تەمەن ٣-٥ ساڵ

لەم تەمەنەدا منداڵان ڕۆژانە پێویستیان بە نزیکەی ١٠-١٣ کاتژمێر خەو هەیە، هەروەها هەندێک لەو منداڵانە تەواوی خەوی پێویستیان لە شەواندا بەدەست دەهێنن و لە هەمان کاتدا هەندێکی دیکەیان لە ڕۆژدا بڕی پێویستی خەو بەدەست دەهێنن، هەرچەندە ئەوانەی کە لە شەودا وەک پێوست دەخەون بەڵام، هێشتا پێویستیان بەوەیە کە لە ڕۆژدا دووبارە سەرخەو بشکێنن.

  • منداڵانی تەمەن ٦-١٢ ساڵ

پاش تەمەنی ٥ ساڵی، هەندێک لە منداڵان لە سەرخەو شکاندن دەوەستن، هەروەها لەم تەمەنەدا کاریگەرییەکانی سەرخەو شکاندن لەسەر جەستە جیاوازە لە کاریگەرییەکانی سیستەمی خەو.

هەرزەکارانی تەمەن ١٣-١٧

لە ژیانی کەسانی هەرزەکاردا چەندەها ئاڵنگاری هەیە کە دەبنە هۆی دروستبوونی کۆسپ لەبەردەم خەوی شەوان لەلایەن هەرزەکارانەوە، بەڵام سەرخەو شکاندن دەتوانێت قەرەبووی ئەو کاتانە بکاتەوە کە تێیدا وەک پێویست نەتوانیوە بخەویت، هەرچەندە لەگەڵ ئەوانەشدا توێژینەوەکان ئەوەیان سەلماندووە کە ئەو هەرزەکارانەی بە ڕۆژدا دەخەون و سەرخەو دەشکێنن، ئەوا لە شەودا کەمتر دەتوانن بخەون.

سەرخەو شکاندن لە کەسانی پێگەشتوو

کاریگەرییە ئەرێنییەکانی سەرخەو شکاندن تەنها لە منداڵاندا نییە بەڵکو، زۆرینەی ئەو کاریگەرییانە کەسانی گەنج و پێگەیشتوانیش دەگرێتەوە، هەروەها سەرخەو شکاندن لەم تەمەنەدا دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی ماندوویەتی و باشترکردنی توانای فێربوون و ڕێکخستنی هەستەکان، لەگەڵ ئەوەشدا مەرج نییە هەموو کەسێک سەرخەو بشکێنێت لە نیوەڕواندا، چونکە کارەکانی ڕۆژانە و ڕێگرییەکانی دیکە وا دەکەن کە کاتت بۆ سەرخەو شکاندن کەمبێتەوە یاخود هەر کاتت نەبێت.

سەرخەو شکاندن لە کەسانی بەتەمەندا

لە کەسانی بەتەمەندا درێژی ماوەی سەرخەو شکاندن لە نیوەڕواندا دەبێتەوە هۆی پەیدابوونی چەند کاریگەرییەکی خراپی تەندروستی بەتایبەت کاتێک ماوەکەی لە کاتژمێرێک زیاتر بێت، هەروەها شارەزایان ئاماژەیان بەوە داوە کە سەرخەو شکاندنێکی ماوە درێژ دەبێتە هۆی زیادبوونی مەترسییەکانی تووشبوون بە نەخۆشی شەکرە و نەخۆشییەکانی دڵ و خەمۆکی، هەروەها سەرخەو شکاندنێکی ماوە درێژ لە کەسانی بەتەمەندا دەبێتە هۆی تێکدانی شێوازی خەوتنیان بەتایبەت لە شەواندا، هەر بۆیە پێویستە کەسانی بەتەمەن تەنها کەمتر لە کاتژمێرێک لە ڕۆژێکدا سەرخەو بشکێنن تاکوو بەدووربن لە هەر کێشەیەکی تەندروستی.


سەرچاوەکان



297 بینین