میز ڕانەگرتن 

له‌لایه‌ن: - ڕابەر محەمەد - به‌روار: 2021-11-04-18:55:00 - کۆدی بابەت: 7088
میز ڕانەگرتن 

ناوه‌ڕۆك

میز ڕانەگرتن چییە؟

حاڵەتێکە ئەو کەسەی بەسەریدا دێت ناتوانێت ڕێگربێت لە میزکردنەکە، میزکردنێکی خۆنەویستانەیە واتە کەسەکە میز دەکات بەبێ ئەوەی خۆی ویستی لەسەر بێت، هۆکاری ئەم حاڵەتەش ئەوەیە کە دەرچەی میز بوونی نەماوە یاخود لاواز بووە، حاڵەتەکە لە ئافرەتاندا زیاتر باوە وەک لە پیاوان و ٣٠٪ـی ئافرەتان لە نێوان تەمەنی سی بۆ شەست ساڵیدا پێوەی دەناڵێنن.

جۆرەکانی

جۆرەکانی میز ڕانەگرتن پەیوەندییەکی زۆری هەیە بە هۆکارەکانی حاڵەتەکەوە:
- میز ڕانەگرتن بەهۆی فشارەوە: باوترین جۆری حاڵەتەکەیە، ڕوودانی ئەم حاڵەتە و هاتنەدەرەوەی میز پەیوەستە بە بوونی فشاری وەکو کۆکە، پێکەنین، ڕاکردن یان بازدان.
- میز ڕانەگرتنی کتوپڕ: دووەم باوترین جۆرە و هاندەرێکی کتوپڕ هەیە بۆ میزکردنی خۆنەویستانە.
- میز ڕانەگرتنی لێڕژان: بێ توانایی لە بەتاڵکردنەوەی میزڵدان بەتەواوی.  
- میز ڕانەگرتنی گشتی: میزڵدان ناتوانێت میز بگرێتە خۆی و بەمەش کەسەکە بێ توانا دەبێت لە ڕاگرتنی میز.
- میز ڕانەگرتنی تێکەڵ: تێکەڵەیەکە لە هەموو جۆرەکان.

هۆکارەکان

میز ڕانەگرتن بەهۆی فشارەوە

ئەو هۆیانەی ئەم جۆرە دەگرێتەوە: 
- سکپڕی و منداڵبوون.
- تەمەنی نائومێدی کە کەمبوونەوەی هۆڕمۆنی ئیسترۆجین ماسولکەی فرمانەکە لاواز دەکات.
- ئەنجامدانی هەندێک نەشتەرگەری بۆ نموونە دەرهێنانی منداڵدان.
- تەمەن.
- قەڵەوی.

میز ڕانەگرتنی کتوپڕ

- هەوکردنی ناوپۆشی میزڵدان.
- هەندێک نەخۆشی کۆئەندامی دەمار وەک نەخۆشی پارکینسۆن و جەڵدەی مێشک و هتد
- هەڵاوسانی پرۆستات کە ئاستی میزڵدان دادەبەزێنێت و کاردەکاتە سەر میزەڕۆ و تێکی دەدات.

میز ڕانەگرتنی لێڕژان

ئەم جۆرەیان لە کاتی داخران یان قەپاتبوونی میزڵداندا ڕوودەدات، ئەمانەی دێن لەوانەیە هۆکاری داخستنەکە بن: 
- هەڵاوسانی ڕژێنی پڕۆستات.
- گرێیەک کە فشار بخاتە سەر میزڵدان.
- بەردی ناو میزەڕۆ.
- قەبزیی.

میز ڕانەگرتنی گشتی

ئەم جۆرە لەوانەیە ئەنجامی یەکێک لەمانەی خوارەوە بێت: 
- گرفتێکی جەستەیی زگماکی.
- بەرکەوتنی زیان بە دڕکەپەتک و نەمانی نیشانەی کارەبایی نێوان مێشک و میزڵدان.
• کاتێک ناسۆرێک (ڕێڕەوێکی) زیادە لە نێوان میزڵدان و دەرەوەدا دروست دەبێت، زۆر جار ڕێڕەوەکە لەگەڵ (زێ)ـدا ڕێڕەوی زیادە دروست دەکات.
- بەکارهێنانی هەندێک دەرمان، بەتایبەت میزپێکەرەکان و ئەو دەرمانانەی دژی پەستانی خوێن بەکاردەهێنرێت هەروەها دەرمانە خەوێنەرەکان و ماسولکە خاوکەرەوەکان.
- خواردنەوی کحول.
- میکڕۆبەهەوکردنی میزەڕۆ.

ئەوانەی مەترسی بوونی حاڵەتەکەیان تێدا زۆرترە

- قەڵەوی: بەهۆی بوونی فشارێکی زۆر لەسەر میزڵدان و دەوروبەری، ماسولکەکانی ئەو ناوچەیە لاواز دەکات، کە ڕەنگە لە کاتی پژمین یاخود پێکەنین یان کۆکەدا میز بێتە دەرەوە.
- جگەرەکێشان: هۆکارە بۆ کۆکەی درێژخایەن وەک ئاماژەمان پێیدا هۆکارێکی سەرەکیە بۆ میز ڕانەگرتن بەهۆی فشارەوە.
- ڕەگەز: حاڵەتەکە لە ئافرەتاندا زیاتر باوە وەک لە پیاوان بەتایبەت ئەگەر ئافرەتەکە منداڵی بووبێت.
- هەندێک نەخۆشی و حاڵەتی تایبەت: شەکرە، نەخۆشیەکانی گورچیلە، بەرکەوتنی زیان
 بە دڕکەپەتک و نەخۆشیەکانی کۆئەندامی دەمار بۆ نموونە جەڵدەی مێشک.
- نەخۆشیەکانی پڕۆستات: پێدەچێت میز ڕانەگرتن دوای نەشتەرگەری پەنکریاس ڕووبدات یاخود پاش چارەسەر بە تیشک.

دیاریکردن

- پێوانی توانای میزڵدان: کەسەکە ژمارەی هاتنەدەرەوەی میز تۆمار دەکات تاکو پزیشکی پسپۆڕ شیکردنەوە بۆ حاڵەتەکەی بکات.
- پشکنینی فیزیایی: واتە پزیشکەکە بۆ نەخۆشی ئافرەت ناوچەی حەوز دەپشکنێت بە دەستی بۆ دڵنیابوونەوە لە بێ کێشەیی ماسولکەکان، بۆ پیاوانیش لە کۆمەوە پشکنین بۆ پرۆستات دەکات تاکو بزانێت گەورەتر بووە لە ئاستی ئاسایی خۆی یاخود نا. 
- پشکنینی میز: بۆ زانینی هەر کێشەیەک، میکڕۆبەهەوکردنێک، حاڵەتێکی نائاسایی.
- پشکنینی خوێن: لە ڕێگەی ئەم پشکنینەوە دەزانین گورچیلەکان تا چەندێک کاردەکەن.
- سۆنەری حەوز.
- پشکنینی فشار.
- ناوبینی میزڵدان.
- ناوبینی میزەڕۆ.

چارەسەر

چارەسەری حاڵەتەکە بە پێی هۆکار و جۆرەکەی دەگۆڕێت، لە کاتی بوونی هۆکاری دیکەی بێجگە لە میز ڕانەگرتنەکەدا هەوڵدەدرێت چارەسەری هۆکارەکە بکرێت و ئەم ڕێگایانەی دیکەش دەگیرێنە بەر وەکو چارەسەر بۆ حاڵەتەکە:
- تەکنیکی مامەڵەیی: کۆمەڵە تەکنیکێکە بۆ کۆنترۆڵکردنی حاڵەتەکە بەکاردەهێنرێت گرنگترینیان ڕێکخستنی خواردنەوەی شلەمەنیەکانە.
- ڕاهێنانی ماسولکەی حەوز.
- دەرمان: وەک دژە ئەسیتایلکۆلینەکان وەکو Ditripan، یان ئەلفا بلۆکەر زیاتر بۆ پیاوان بەکاردێت وەک Tamsulosin، هەروەها مەڵهەمی ئیسترۆجین: زیاتر بۆ ئافرەتان بەکاردێت.
- هاندەری کارەبایی.
- نەشتەرگەری.


سەرچاوەکان



942 بینین