ڕووباری گانجیز

له‌لایه‌ن: - سازگار عومەر - به‌روار: 2021-11-05-23:55:00 - کۆدی بابەت: 7102
ڕووباری گانجیز

ناوه‌ڕۆك

زانیاری دەربارەی ڕووباری گانجیز

ڕووباری گانجیز (بە ئینگلیزی: The Gangesڕووباری گانجیز بە هیندی پێی دەگووترێت (گەنگا) و بە بەنگلادیشی پێی دەگووترێت (پادما)، ڕووبارێکی سنووریی ئاسیایە کە بە وڵاتانی هیندستان و بەنگلادیشدا تێدەپەڕێت، هەروەها بە درێژایی 2,525 کیلۆمەتر لە خۆرهەڵاتی چیای هیمالایە لە وڵاتی هیندستان دەستپێدەکات لە دەشتی گانجەوە لە باکووری هیندستان دەڕژێتە باشوور و خۆرهەڵاتی بەنگلادیشەوە، لەوێشەوە دەڕژێتە کەنداوی بەنگالەوە، ئەم ڕووبارە سێیەم گەورەترین ڕووباری جیهانە لەڕووی تێکڕای تێڕژان و قەبارەی ئاوەکەیەوە کە بە تێکڕایی 16,648 مەتر سێجایە و کەمترین قەبارەی 180 مەتر سێجایە و زۆرترین قەبارەی 70,000 مەتر سێجایە، هەروەها ڕووبەری ڕووەکەی 10,86,000 کیلۆمەتر دووجایە، ڕووباری گانجیز ڕووبارێکی گرنگە بۆ ملیۆنان کەس کە لە ناو حەوزەکەیدا دەژین و بۆ پێداویستییەکانی ڕۆژانەیان پشت بە حەوزەکەی دەبەستن، هەروەها ئەم ڕووبارە لەڕووی مێژووشەوە گرنگ بوو لەگەڵ زۆرێک لە هەرێمایەتی یان پایتەختی ئیمپراتۆریەتی پێشوو، ڕووبارەکە نیشتیمانی نزیکەی 140 جۆر ماسی و 90 جۆری گیاندار و ڕووەکی وشکاوەکی و هەروەها نیشتیمانی ژمارەیەکی زۆر لە خشۆکەکان و شیردەرەکانە، ئەو جۆرانەش دەگرێتەوە کە لەژێر مەترسی و هەڕەشەی لەناوچووندان وەکو گاریال و دۆلفینەکانی ڕووباری باشووری ئاسیاویی، هەروەها ڕووباری گانجیز پیرۆزترین ڕووبارە لەلای هیندییەکان و وەکو خواوەند گانگا دەپەرسترێت، ڕووباری گانجیز بەهۆی ڕێژەی زۆری پیسبوونییەوە هەڕەشەی لەسەرە، ئەمەش نەک تەنها بۆ مرۆڤ بەڵکو بۆ ئاژەڵەکانیش مەترسی دروست دەکات، ئاستی بەکتریای پاشەڕۆی مرۆڤ لە ڕووباری نزیک ڤاراناسی زیاتر لە سەد هێندەی سنووری فەرمی حکومەتی هیندستانە، پلانی کرداری گانگا کە دەستپێشخەرییەکی ژینگەییە بۆ پاککردنەوەی ڕووبارەکە بە شکستێک دادەنرێت کە بە چەند شێوەیەکی جیاواز شکستەکە دەخرێتە ئەستۆی گەندەڵی و نەبوونی ویست لەلایەن حکومەت و سستی شارەزایی هونەری و پلانی ژینگەیی و هەروەها نەبوونی پشتگیری دامودەزگا ئاینییەکان.

ڕووباری گانجیز لەڕووی ئابوورییەوە

حەوزی ڕووباری گانجیز بە خاکە بەپیتەکەیەوە فاکتەرێکی سەرەکییە لە ئابووری کشتوکاڵی هیندستان و بەنگلادیش، ڕووبارەکه و لق و پۆپەکانی سەرچاوەیەکی هەمیشەیی ئاودێری بۆ ناوچەیەکی زۆر دابین دەکەن، ئەو بەروبوومە سەرەکیانەی کە لە ناوچەکەدا گەشەیان کردووە بریتین لە برنج و شەکر و نیسک و دانەڕۆ و پەتاتە و گەنم، بەدرێژایی کەنارەکانی ڕووبارەکە، بوونی زۆنگاوەکان و دەریاچەکان ناوچەیەکی دەوڵەمەند دابیندەکات بۆ چاندنی بەروبوومەکانی وەک ڕووەکی پاقلەیی و ئاڵەت و خەردەل و کونجی و قامیشی شەکر، هەروەها چەندین دەرفەتی ماسی گرتن هەیە بەدرێژایی ڕووبارەکە، هەرچەندە ڕووبارەکە هێشتا زۆر پیسە و چەند پیشەسازییەکی سەرەکی شارۆچکەکان لەسەر ڕۆخی ڕووبارەکە دروستکراون.

ڕووباری گانجیز لەڕووی گەشتوگوزارەوە

گەشتوگوزار یەکێکی ترە لە چالاکیە پەیوەندیدارەکان، بەلای هیندۆکانەوە سێ شار پیرۆزن ئەوانیش شارەکانی هاریدوار و ئەڵڵائاباد و ڤاراناسینن، سەرنجی ملیۆنان دیدەنیار بۆ ئاوەکانیان ڕادەکێشن بۆ ئەوەی بچنە ناو قوڵایی ڕووباری گانجیزەوە، کە باوەڕیان وایە خۆیان لە گوناهەکان پاک دەکەنەوە و یارمەتی گەیشتن بە ڕزگاری دەدات، هەروەها ئەو بەشانەی ڕووباری گانجیز کە لێشاوەکەیان خێرایە بەناوبانگە بۆ کەڵەک‌سواری لە ڕووبارەکە، کە لە مانگەکانی هاویندا سەرنجی سەرکێشخوازان بۆ لای خۆیان ڕادەکێشن، هەروەها زۆرێک لەشارەکانی وەک کانپور و کۆلکەتا و پاتنا بۆ سەرنج ڕاکێشانی گەشتیارەکان ڕێڕەوی کەناری ڕووبارییان دروستکردووە.

ڕووباری گانجیز لەڕووی ژینگەزانییەوە

ژمارەیەکی زۆر باڵدار بەدرێژایی حەوزی ڕووبارەکە دۆزراونەتەوە، وەکو ماین و قەلەڕەش و مشک گرە و سوێسکە و مریشک، هەروەها مراوی و ماسیگرەکانیش لە وەرزی زستاندا بەسەر شاخی هیمایالادا کۆچ دەکەن و بە پۆلی گەورە گەورە دەڕۆن بۆ ناوچە زەلکاوییەکان، لەگەڵ ئەوەشدا 350 جۆر ماسی لەم ڕووبارەدا خەمڵێنراوە کە لە تەواوی جۆگەکانی گانجیزدا دەژین، هەروەها ئەم ڕووبارە نیشتیمانی گاریال و تیمساحی ڕووباری و جۆرە تیمساحەکانی تر و جۆرە جیاوازەکانی کیسەڵە، هەروەها  دۆلفینەکانیش نیشتەجێی ئەم ڕووبارەن و بەهۆی پیسبوونی ئاوی ڕووبارەکەوە ژیانی ئەم دۆلفینانە لەمەترسیدایە و ژمارەیان بۆ 1/4 کەمی کردووە لەچاو پازدە ساڵ پێش ئێستادا و لە لق و پۆپە سەرەکییەکانی گانجیزدا لەناوچوون و مردوون.

ئەفسانەی پیرۆزی ئاوی ڕووباری گانجیز

لەبەرئەوەی هیندۆسییەکان پێیانوایە ڕووباری گانجیز لە ئاسمانەوە هاتۆتەخوارەوە بۆ زەوی، بۆیە وادادەنێن کە هۆیەکی گوێزەرەوەیە بۆ سەرەوە و بۆ ئاسمانەکان، بۆیە ئەو کەسانەی کە بەبەختن و لە شاری ڤاراناسی بمرێت ئەوا لە ڕۆخی ڕووباری گانجیزدا دەسووتێندرێت و دەستبەجێ ڕزگاریان پێدەبەخشرێت، بەڵام ئەگەر کەسەکە لە شوێنێکی تر بمرێت ئەوا بۆ بەدەستهێنانی ڕزگارییەکە دەبێت خۆڵەمێشی مردووەکه لەناو ڕووبارەکەدا نووقم بکرێت، خۆ ئەگەر خۆڵەمێشی مردووەکە لە هەر تەنێکی تری ئاویدا نووقم کرابێت ئەوا کەسوکاری کۆچکردووەکە دەتوانن ڕزگاری بۆ دەستەبەر بکەن لە ڕێگای گەشتکردن بۆ ڕووباری گانجیز، ئەگەر بگونجێت لە مانگی ئەیلوول یان تشرینی یەکەم و نەریتە ئاینییەکان (شرادها) جێبەجێ بکەن، هیندۆسییەکان ئاوی ڕووباری گانجیز بە پیرۆز و خاوێنکەرەوەی گوناهـ دادەنێن بێگوێدانە تێگەشتن لە زانستی ئاوەکە، ڕووباری گانجیز هەمیشە هێمای خاوێنکەرەوەیە لە کەلتووری هیندییەکاندا چوونکە پێیانوایە جووڵانی ئاوی ڕووبارەکه ناخاوێنی پاک دەکاتەوە و چڵک و گوناهـ لەگەڵ خۆیدا دەبات، هیندوسییەکان لەو بڕوایەدان ئەو کەسەی کە بچێتە ناو ئاوەکە و خۆی پێ بشووات ئەوا پاک دەبێتەوە لە چڵک و پیسایی نا بەڵکو بەشێوەیەکی هێمایی لە گوناهـ نەک تەنیا ئەو گوناهەی کە تازە کردوویەتی بەڵکو گوناهەکانی تەواوی ژیانی خاوێن دەکاتەوە، هەروەها پێیانوایە ژیانیان کەم‌وکوتی هەیە ئەگەر لانی کەم یەکجار لەم ڕووبارەدا خۆیان نەشۆن، وە زۆربەی هیندۆسییەکان لەناو قۆرییەکدا ئاوی ئەم دەریایان هەڵگرتووە و پێیانوایە هەر کەسێک لەکاتی سەرەمەرگدا قومێک بخواتەوە ئەوا ڕۆحی دەچێت بۆ بەهەشت، لەگەڵ ئەوەشدا هەندێکیان پێیان وایە کە خواردنەوەی ئەم ئاوە چارەسەری نەخۆشیش دەکات.


سەرچاوەکان



402 بینین