ترس لە منداڵاندا

له‌لایه‌ن: - سۆز عطا - به‌روار: 2021-11-07-12:39:00 - کۆدی بابەت: 7115
ترس لە منداڵاندا

ناوه‌ڕۆك

ئاساییە منداڵ هەست بە ترس بکات

ئاساییە منداڵ هەندێک کات هەست بە ترس بکات، ترس هەستێکە وا لە منداڵ دەکات بە ئاگابێت، ئەو شتانەی نوێن یان گەورەن یاخود دەنگ بەرزن یان جیاوازن، ڕەنگە لە یەکەم جاردا تووشی ترسیان بکات، لەم کاتەدا خێزانەکان دەتوانن یارمەتی منداڵەکانیان بدەن و ڕزگاریان بکەن لەو هەستە و لەسەریان ئاسان بکەن.

منداڵان لە چی دەترسن

هەبوونی ترس لە چەند تەمەنێکی دیاریکراودا ئاساییە و هەندێک جۆری ترس هەن کە زۆر دیارن و منداڵان بە گشتی هەستی پێدەکەن، بۆ نموونە:

ترسی منداڵی ساوا لە قەرەباڵغی

منداڵانی ساوا، ئەوانەی تەمەنیان لە نێوان ٨-٩ مانگ دەبێت، دەتوانن ڕووخساری خێزانەکانیان بناسنەوە، بەوهۆیەوە ڕووخساری کەسانی بێگانە و نامۆ، دەیانترسێنن و دەبنە هۆی گریانیان و توند باوەشکردنیان بە دایکیاندا.

ئەو منداڵانەی گاگۆڵکێ دەکەن، لە دوورکەوتنەوەی دایک و باوکیان دەترسن

زۆرجار ئەو منداڵانەی تەمەنیان لە نێوان ١٠ مانگ بۆ ٢ ساڵ دەبێت، ترسیان لە دوورکەوتنەوە لە خێزانەکانیان هەیە، نایانەوێت خێزانەکانیان هیچ کات لێیان دووربن بەتایبەت لە کاتی خەوتندا و ویستیانە ڕۆژانە گرنگیان پێبدرێت،  ئەگەر دوورکەوتنەوە ڕووبدات ئەوکات دەگرین و زویر دەبن و بە نزیک بوونەوەی دایکیان ئارام دەبنەوە.

منداڵان لە شتی خەیاڵی ترسناکی دروستکراو دەترسن

ئەو منداڵانەی تەمەنیان لە نێوان ٤-٦ ساڵدایە دەتوانن وێنا و خەیاڵی ئەو شتانە بکەن کە پێیان دەوترێت بۆ ترساندیان و نازانن کە ڕاستییە یاخود تەنها خەیاڵییە، کاتێک پێیان دەوترێت “دێوەکە هات” پێیان وایە کە دێوەکان ڕاستین و لە ژێر جێگەی خەوتنەکەیانەوە دێنە دەرەوە، بە تایبەت لە کاتی خەودا، هەندێکی دیکەیان لە خەونی ترسناک دەترسن یان لە دەنگی بەرزی وەک هەورەگرمە و دەنگی یارییە ئاگرینەکان.

زۆرێک لە منداڵان ترسیان بەرانبەر ڕووداوە ڕاستییەکانی ژیان هەیە

منداڵان کاتێک دەگەنە تەمەنی ٧ ساڵی، زۆرجار دێوەکانی ژێر جێگەی خەوەکانیان نایان ترسێنیت چونکە دەزانن ڕاستی نییە و تەنها خەیاڵە، بەو هۆیەوە لەم تەمەنەدا زیاتر لە ڕووداوە ڕاستییەکان دەترسن، وەک کارەساتە سروشتییەکان بۆ نموونە لافاو و بومەلەرزە و هەورەبروسکە هەروەها ترسیان لە ڕووبەڕوو بوونەوە هەیە لەگەڵ ئازارە گەورەکانی وەک لەدەستدانی کەسانی ئازیز و خۆشەویست.
ئەو منداڵانەی لە خوێندنگەن زۆرجار ترسیان لە ئەرکەکانیان و لە نمرەکانیان، یاخود لە گونجاندنیان لەگەڵ هاوڕێکانیاندا هەیە, هەندێک لە منداڵان ترسیان بەرانبەر دەنگی گسکی کارەبایی هەیە، بۆ نەمانی ئەو ترسە دەکرێت یارمەتیان بدرێت دەستی لێبدەن و بزانن کە کەرەستەیەکی ئاساییە و ترسی پێویست نییە.

قۆناغی پێش هەرزەکاری و هەرزەکاری، ڕەنگە ترسیان بەرانبەر کۆمەڵایەتی بوون هەبێت

لەم قۆناغەدا ترس بەرانبەر چۆنییەتی دەرکەوتنیان لای کەسانی دیکە تێدا دروست دەبێت، لەبەر ئەم هۆکارەش ڕەنگە لە پۆلدا ترسیان لە پێشکەشکردنی ڕاپۆرت یاخود وەڵامدانەوەی پرسیاری مامۆستا هەبێت، زۆرێک لە منداڵان ترسیان لە گۆڕینی خوێندنگەکەیان و لە تاقیکردنەوەی زۆر هەیە و توشی دوودڵی دەبن.

یارمەتیدانی ئەو منداڵانەی تووشی هەستکردن بە ترس بوون

کاتێک منداڵێک تووشی هەستکردن بە ترس بووە، دەکرێت بە کردنی ئەم شتانە یارمەتییان بدرێت:

  • ئارام کردنەوەی منداڵەکە بە وشەی نەرم و جوان، وەک” ئاساییە گیانەکەم، تۆ پارێزراویت، من لێرەم بۆ تۆ.” وا لە منداڵەکە دەکات هەست بکات بۆ پارێزگاریکردن لە ئەو لەلای دەمێنیتەوە، ئامێز و وشەی جوان و دڵگەرم یارمەتی ئارامبوونەوەی منداڵ دەدات.
  • تاکوو منداڵ گەورەتر بێت زیاتر دەبێت گوێیان بۆ بگیرێت و ئارامتر و نەرمتر هەڵسوکەوتیان لەگەڵ بکرێت و یارمەتی منداڵان بدرێت هەستەکانیان بکەن بە وشە و دەریان ببڕن و شتی نوێ تاقی بکەنەوە.
  • یارمەتی منداڵەکان بدرێت کەسانی نوێ ببینن و نزیکیان ببنەوە تاکوو کەسانی نوێ وەک بێگانە نەبینن و نەبنە هۆی ترس بۆیان.
  • پێویستە منداڵەکان جار جار دووربخرێنەوە و لە کاتی ڕۆشتندا پێیان بوترێت کە دەگەڕێمەوە و لە ئامێز بگیرێن و پێکەنین بە ڕوویاندا بکرێت پاشان دووربکەویتەوە، بۆ ئەوەی منداڵەکە بزانێت کە هەمووکات دەگەڕێیتەوە لای.
  • ئەو منداڵانەی لە تاریکی دەترسن، جێگەیەکی نەرم و خوویەکی باشی پێش نووستن وەک چیرۆک خوێندنەوە و گۆرانی وتن بۆیان یارمەتیدەر دەبێت لەوەی منداڵەکان هەست بە پارێزراوی و خۆشەویستی بکەن، پێویستە دایک و باوک لایان بن تا ئەو کاتەی خۆیان بڕیاردەدەن کە چیتر پێویستیان پێیان نییە و بە تەنها دەتوانن بخەون.
  • بەنەرمی یارمەتی منداڵان بدرێت ڕووبەڕووی ترسەکەیان ببنەوە، بۆ نموونە پێیان بوترێت، با پێکەوە سەیری ژێر جێگەکەت بکەین بزانین دێوی لێیە، ڕێگە بە منداڵان بدرێت خۆیان بیبینن هیچ شتێکی لەو شێوە لەژێر جێگەکەیاندا نییە و یارمەتیان بدرێت هەست بە بەهێزی بکەن.
  • ئەو فیلم و وێنە و زنجیرانەی منداڵ تەماشایان دەکات پێویستە سنوردار بکرێن چونکە ڕەنگە سەیری فیلمێکی ترسناک بکەن و ببێتە هۆی ترساندنیان.
  • یارمەتی منداڵان بدرێت ئامادەبن بۆ هەموو جۆرە ئاڵنگارییەک لە ژیانیاندا، بۆ نموونە تاقیکردنەوەیەک یاخود ڕاپۆرت پێشکەشکردن لە پۆلدا و نیشانیان بدرێت کە باوەڕت پێیانە.


زۆرێک لە منداڵان مامەڵە لەگەڵ ترسی ئاساییدا دەکەن لەگەڵ یارمەتییەکی دڵسۆزانەی خێزانەکانیان کە هاوکارە لە کەمکردنەوە و نەهێشتنی ئەو هەستە بە تێپەڕبوونی کات بەڵام هەندێک لە منداڵان کاتێکی سەختتر تێدەپەڕێنن و یارمەتییەکی زۆرتریان پێویستە، بۆ نموونە ئەگەر ترس بووە هۆی ئەوەی منداڵەکە دووربخاتەوە لە کردنی شتانێکی ئاسایی ئەوکات ئەگەری هەیە نیشانەیەک بێت لە نیشانەکانی خەمۆکی و پێویستە سەردانی پزیشک بکرێت بۆ چارەسەر.


سەرچاوەکان



1481 بینین