پشت تەقاندن

له‌لایه‌ن: - زیلان ئازاد - به‌روار: 2021-11-08-02:16:00 - کۆدی بابەت: 7129
پشت تەقاندن

ناوه‌ڕۆك

زانیاری دەربارەی پشت تەقاندن

پشت تەقاندن کە بە ئینگلیزی پێی دەگوترێت (Back cracking) ئاماژە بە دەنگێکی وەک تەقە تەق یاخود زرنگانەوە دەکات کە لە بەشی پشتەوە دێت، ئەم دەنگە لەوانەیە دەنگێکی نامۆ و سەرسوڕهێنەر بێت، بەتایبەتی کاتێک کە ئەم دەنگە لە کەسێکدا پەیدا دەبێت کە پێشتر پێی ئاشنا نەبووە، لەگەڵ ئەمانەشدا پشت تەقاندن شتێکی ئاسایی و باوە و پێوست بە نیگەرانی ناکات، مەگەر تەنها کاتێک شایەنی نیگەرانی بێت کە پشت تەقاندنەکە ئازاری لەگەڵدا بێت و ببێتە هۆی ئاوساوی یاخود نیشانەکانی دیکەی نەخۆشی، هەروەها ئەو دەستەواژە پزیشکییەی کە بۆ پشت تەقاندن بەکاردێت بریتییە لە کرپیتوس (crepitus)، لەگەڵ ئەوەشدا شارەزایان هێشتا هۆکاری تەقاندنی پشتیان بۆ دەرنەکەوتووە و دڵنیا نین کە چی دەبێتە هۆی پشت تەقاندن، بەڵام تەنها یەک بیردۆز هەیە کە ئاماژە بەوە دەکات، لەوانەیە پشت تەقاندن ڕووبدات کاتێک کەسێک دەستکاری جومگەی نێوان بڕبڕەکان دەکات لە ناو یان دەرەوەی پێگەی ئاسایی خۆی، هەروەها جومگەی نێوان بڕبڕەکان بەستراوەتەوە بە بڕبڕەکانەوە، کە ئەو ئێسکانە دەگرێتەوە کە بە بڕبڕەکانەوە بەسراونەتەوە و ڕێگە بە مەودایەکی کەمی جووڵە دەدات، هەر بۆیە کاتێک کەسێک بەم شێوەیە دەستکاری ئەم جومگانەی نێوان بڕبڕەکان دەکات، لە ئەنجامدا دەبێتە هۆی دروستبوونی دەنگێکی بیستراو، هەر بۆیە ئەو کەسانەی کە پشتیان دەتەقێنن لەوانەیە لە هەمان کاتدا هەست بە بڵاوکردنەوەی فشار بکەن، هەروەها بیردۆزێکی دیکە ئاماژە بەوە دەکات کە هەوا لە نێوان جومگەکاندا دروستدەبێت و کاتێک کە کەسێک ڕادەکشێت یاخود ماسولکەکانی دەکشێت، بەم شێوەیە جومگەکانیش دەجوڵێن و دەبنە هۆی دروستبوونی دەنگێک بە هۆی نەمانی هەواکەوە. 

سوودەکانی پشت تەقاندن

- کەمبوونەوەی ئازار: ئەگەر کەسێک هەستی بە ئازار یاخود کرژبوونی ماسولکەکانی کرد لە پشتیدا، ئەوا دەستکاریکردن و تەقاندنی پشتی وا دەکات کە ئازارەکەی بڕەوێتەوە و کەمببێتەوە، بۆ هەندێک کەسی دیکە، ئەم ئازار ڕەواندنەوەیە لەوانەیە دەستبەجێ کاریگەری هەبێت، بەڵام بۆ ئەو کەسانەی کە ئازاری درێژخایەنیان لە بەشی پشتیاندا هەیە، ئەوا لەوانەیە ئەو کەسانە پێویسیان بە چەندین دانیشتنی پزیشکی هەبێت بۆ تەقاندنی پشت و دیاریکردنی هۆکارەکانی. 

- دڵخۆشکەر: توێژینەوەکان ئەوەیان ئاشکرا کردووە کە ئەو کەسانەی کە ئەزموونی پشت تەقاندن دەکەن هەست بە دڵخۆشی دەکەن، هەروەها توێژینەوەیەکی کۆنتر پێشنیاری ئەوەی کردووە کە خەڵک لەوانەیە دەنگی پشت تەقاندن تێکەڵ بکات لەگەڵ هەستکردن بە حەسانەوە و بڵاوکردنەوەی فشار.

- باشترکردنی مەودای جووڵە: لە توێژینەوەیەکی ساڵی ٢٠١٧ ئەوە سەلمێندراوە کە پاش تەقاندنی پشت، بەرزبوونەوەیەکی بچوک لە مەودای جووڵە ڕوودەدات، هەروەها لایەنگرەکانی پشت تەقاندن پێشنیاری ئەوە دەکەن کە ئەم زیادبوونی جووڵە کەمە بەسودە بۆ چارەسەرکردنی ئەم بارودۆخانە:

  • ئازاری مل
  • ئازاری بەشی خوارەوەی پشت
  • سەرئێشە
  • ئازاری شادەمار

مەترسییەکانی پشت تەقاندن

لەگەڵ ئەوەی کە پشت تەقاندن چەند سوودێکی گرنگی هەیە بەڵام، لە هەمان کاتدا چەند مەترسییەکیشی هەیە کە هەندێک لەو مەترسییانە بریتین لە:

- ئازار: پشت تەقاندن بە هۆی دەستکاری کردن و جوڵاندنی جومگەکانەوە ڕوودەدات کە ئەمەش لە هەندێک کەسدا دەبێتە هۆی دروستبوونی ئازار و ناڕەحەتی.

- جیابوونەوەی ماسولکە: جیابوونەوەی ماسولکەکان ڕوودەدات کاتێک کەسێک زیاد لە پێویست ماسولکەکانی دەکشێنێت، چونکە کاتێک کەسێک هەوڵدەدات کە پشتی بتەقێنێت پێوست دەکات کە ماسولکەکانی بکشێنێت و هەر لەبەر ئەم هۆکارە هەندێکجار لە ڕادەبەدەر کشانی ماسولکە دەبێتە هۆی جیابوونەوەی ماسولکەکان لە یەکتری.

- جەڵتە: پشت تەقاندن و جوڵاندن و دەستکاریکردنی بڕبڕە و جومگەکانی پشت هەندێک جار وەک هۆکارێک و مەترسییەکی بچوکی جەڵتە هەژمار دەکرێت، چونکە  جوڵاندن و تەقاندنی بڕبڕەی پشت کە بە زۆری کاریگەری دەکاتە سەر بەشی مل لەوانەیە هۆکارێکی شارەوەی مەترسیداری جیابوونەوەی دەمارەکانی خوێنی مل بن، هەروەها پزیشکەکان ئەمەیان وەک هەڵوەشانەوەی خوێنبەرەکان ناوبردووە، کە هۆکارێکی باوی جەڵتەیە.

- ناجێگیری هەمیشەیی: پشت تەقاندن لەوانەیە ببێتە هۆی ناجێگیری بەستەرەکان بۆ هەمیشە، کە ئەمەش بە ناجێگیری هەمیشەیی ناو دەبرێت، کە وردە وردە دەبێتە هۆی زیاد تەنکبوونی ئێسک.

- کورتە ژانی دەمار: ئەگەر کەسێک بە شێوەیەکی زۆر خێرا پشتی بتەقێنێت یاخود هێزێکی لە ڕادەبەدەر بەکاربێنێت بۆ تەقاندنی پشتی، لەوانەیە ئەم کردارە بە پەیدابوونی کورتە ژانێکی دەمار کۆتایی بێت، هەروەها ئەم بارودۆخە دەکرێت ئازاربەخش بێت و لەوانەیە پێویستی بە سەرنج تێڕامان بێت لە پزیشکی پیشەگەرەوە.

بەهۆی ئەم مەترسییانەوە، خەڵکی دەبێت لەلای پزیشکێکی پسپۆڕ هەوڵی تەقاندنی پشتیان بدەن.

ئایا دەکرێت لە ماڵەوە پشت بتەقێنیت؟

تەقاندنی پشت لە ماڵەوە کارێکی گونجاو نییە، تەنها ڕاهێنەرێکی باش و پزیشکێکی بەتوانا بۆیان هەیە جوڵە بە جومگە و بڕبڕەکانی پشت بکەن ئەویش لە ژینگەیەکی گونجاودا ئەگەر نا، لەوانەیە ڕووبەڕووی ئەو مەترسییان ببیتەوە کە پێشتر ئاماژەی پێدراوە. 


سەرچاوەکان



701 بینین