دێژاڤوو

له‌لایه‌ن: - سروشت ناجی - به‌روار: 2021-11-09-23:33:00 - کۆدی بابەت: 7146
دێژاڤوو

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

دێژاڤوو (déjà vu) دەستەواژەیەکی فەڕەنسییە و بە مانای (پێشتر دیومە) دێت، بریتییە لە هەستێکی سەیر کە وات لێدەکات هەست بکەیت پێشتر ئەزموونی شتێکت کردووە و لەکاتێکدا کە دڵنیایت نەتکردووە، دەچیت بۆ شارێک و لەناکاو لە کاتی ڕۆیشتندا بۆ کەمێک هەست دەکەیت پێشتر لە هەمان شەقام و بەژێر هەمان درەختدا ڕۆشتوویت، لە کاتێکدا یەکەمجارتە سەردانی ئەو شارە بکەیت، لەگەڵ هاوڕێکەت گفتوگۆ دەکەیت لە کافێیەک لەناکاو بۆ چرکەیەک هەست دەکەیت پێشتر ئەو گفتوگۆیەت بیستووە و ئەو کافێیەت بینیوە لە کاتێکدا کە دڵنیایت یەکەمجارتە لەگەڵ هاوڕێکەت لەو کافێیە پێکەوە دابنیشن و گفتوگۆ بکەن، ئەمە حاڵەتێکە و تووشی زۆربەی مرۆڤەکان دەبێت کە پێی دەوترێت دێژاڤوو، ئەم حاڵەتە لە زۆربەی کاتدا جێگەی نیگەرانی نییە.
تاکوو ئێستا بەڵگەیەکی تەواو سەلمێنراو نییە دەربارەی ئەوەی کە ئەم دیاردەیە تاکوو چەندێک باوە، بەڵام زۆربەی خەمڵاندنەکان پێشبینی ئەوە دەکەن کە نزیکی ٦٠٪ بۆ ٨٠٪ دانیشتووان ئەزموونی ئەم دیاردەیە دەکەن، لە کاتێکدا کە دیاردەی دێژاڤوو تا ڕادەیەک باوە بە تایبەت لەناو گەنجاندا، بەڵام تاکوو ئێستا شارەزایان هیچ هۆکارێکی دیاریکراویان پێناسە نەکردووە بۆ ئەم دیاردەیە، بەڵام چەند بیردۆزێک هەن کە چەند هۆکارێکی نادیاریان داناوە بۆ ئەم دیاردەیە.

هۆکارەکان

توێژەرەوەکان ناتوانن بە ئاسانی توێژینەوە لەسەر دێژاڤوو بکەن، چونکە دیاردەیەکە کە ئاگادارکردنەوەی پێشوەختەی نییە و لەناکاو ڕوودەدات، هەروەها زۆرجار لەو کەسانەدا ڕوودەدات کە هیچ کێشەیەکی تەندروستییان نییە تاکوو وەک هۆکاری دێژاڤوو دیاری بکرێت، هەروەها ئەم دیاردەیە بەخێراییەکی زۆر ڕوودەدات و کۆتایی دێت، ئەم هەستکردنە لەوانەیە ئەوەندە خێرابێت کە هەستی پێ نەکەیت و نەزانیت کە ڕووی داوە، هەست بە کەمێک شێواوی دەکەیت بەڵام بەخێرایی ئەو ئەزموونە تێدەپەڕێنیت.
شارەزایان پێشبینی چەند هۆکارێکی جیاواز دەکەن بۆ دێژاڤوو، بەڵام زۆربەیان لەسەر ئەوە کۆکن کە بە شێوەیەک پەیوەندی بە بیروەرەییەوە هەبێت.
ئەو بیردۆزانەی کە بە شێوەیەکی بەربڵاو قبوڵکراون بریتیین لە:

پێزانینی جیاواز

بیردۆزی پێشبینی پێزانینی جیاواز ڕوودەدات کاتێک کە هەمان شت لە دوو کاتی جیاوازدا دەبینیت، یەکەمجار کە ئەو شتە دەبینیت لەوانەیە لە کاتی سەرقاڵیتدا بێت یان بە گۆشەی چاو بیبینیت، مێشکت دەست دەکات بە دروستکردنی یادەوەرەی دەربارەی ئەوەی کە بینیوتە هەتا ئەگەر ئەو زانیارییەشی کە پێی گەیشتووە دەربارەی سنووردار و کەم بێت، هەتا ئەگەر لەو کاتەشدا سەرنجت کەم بووبێت، کەواتە تۆ زانیاری لەوە زیاتر لە مێشکدا هەڵدەگریت کە تێبینیت کردووە، بەبێ ئەوەی خۆت سەرنجت لەسەر شتەکە بووبێت مێشکت تۆماری کردووە، کاتێک بۆ جاری دووەم ئەو شتە دەبینیت هەست دەکەیت کە پێشتر بینیوتە بەڵام چونکە جاری یەکەم سەرنجت لەسەری نەبووە گومان لەو بینینەی یەکەمجار دەکەیت.

کەمێک بەباشی کارنەکردنی سوڕی مێشک

بیردۆزێکی دیکە پێشبینی ئەوە دەکات کە دێژاڤوو کاتێک ڕوودەدات کە مێشک گرفتێکی بۆ دروست دەبێت، هەروەها ئەزموونی بەباشی کارنەکردنی کارەبایی مێشک کە وەک ئەوەیە لەکاتی پەرکەمدا ڕوودەدات، بە واتایەکی دیکە وەک جۆرێک لە تێکەڵکردن ڕوودەدات کاتێک ئەو بەشەی مێشک کە بەرپرسە لە تۆمارکردنی ڕووداوەکانی ئێستا و ئەو بەشەی کە بەرپرسە لە بیرهێنانەوەی یادەوەری پێکەوە چالاک دەبن، ئەم جۆرە بەباشی کارنەکردنەی مێشک جێگای نیگەرانی نییە تا کاتێک کە بە شێوەیەکی بەردەوام ڕوونەدات.
هەندێک لە شارەزایانی دیکە بڕوایان بە جۆرێکی دیکە لە بەباشی کارنەکردنی مێشک هەیە کە ببێتە هۆی دێژاڤوو، کاتێک مێشک دەست دەکات بە مژینی زانیارییەکان، بەشێوەیەکی گشتی ڕێگایەکی تایبەت دەبڕێت لە یادەوەری کورتخایەنەوە بۆ یادەوەری درێژخایەن، بیردۆزەکە پێشبینی ئەوە دەکات کە هەندێک کات یادەوەرییە کورتخایەنەکان دەتوانن ناوقەدبڕ بکەن بۆ کۆکراوەی یادەوەرییە درێژخایەنەکان، واتە ئەمە وات لێدەکات هەست بکەیت ئەو شتەی ئێستا بینیوتە ماوەیەکی زۆر پێشتر هەمان شتت بینیوە.

بیرهێنانەوە

هەندێک لە شارەزایان بڕوایان وایە کە دێژاڤوو پەیوەندی بە شێوازی تۆمارکردن و بیرهێنانەوەی یادەوەرییەوە هەیە، بەپێی توێژینەوەکانی ئەو شارەزایانە گەیشتوونەتە ئەو ئەنجامەی کە دێژاڤوو لەکاتی کاردانەوەی ڕووداوێکدا ڕوودەدات کە هاوشێوەی شتێکە کە پێشتر ئەزموونت کردووە بەڵام بیرت نەماوە، لەوانەیە لە منداڵیدا ڕووی دابێت بەڵام لەبەر چەند هۆکارێک بیرت نەماوە.
ئەم پڕۆسەی بیرەوەرییە شاراوەیە دەبێتە هۆی هەستکردن بە ئاشنایەتییەکی نامۆ، ئەگەر تۆ بتوانیت هەمان یادەوەریت بیربێتەوە ئەوا دەتوانیت پێکەوە پەیوەستییان بکەیت و تووشی دێژاڤوو نەبیت، بەڵام دێژاڤوو کاتێک ڕوودەدات کە بۆ نموونە دیمەنێکی تایبەت دەبینیت وەک ناوەوەی بینایەک یان دیمەنێکی سروشتی کە زۆر لەو بیرەوەرییە دەچێت کە تۆ ناتوانیت بیرت بکەوێتەوە.


سەرچاوەکان



606 بینین