سوود و زیانەکانی دایبی بۆ منداڵ

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار - به‌روار: 2021-11-10-23:22:00 - کۆدی بابەت: 7154
سوود و زیانەکانی دایبی بۆ منداڵ

ناوه‌ڕۆك

زیانەکانی دایبی بۆ منداڵ

لەگەڵ ئەوەی ئێستا دایبی بووەتە پێویستییەکی گرنگ بۆ منداڵان و ئاسانکارییەکی تەواو باشە بۆیان، بەڵام کۆمەڵێک زیانی هەیە بۆ منداڵەکە و بۆیە واباشترە ئەو جۆرە دایبییە بکڕیت کە بە منداڵەکەت دەکەوێت تاکوو زیانەکەی کەمتر بێت.

دروستبوونی هەستیاری

یەکێک لە کێشەکان ئەوەیە کە دەبێتە هۆی هەستیاری لە منداڵاندا، جەستەی منداڵ بەتایبەت شوێنی هەستیاریشی زۆر ناسکە و هەندێک لە کۆمپانیاکانیش ڕەنگ و بۆنی زیان بەخش دەکەنە ناو دایبییەوە و یاخود هەندێک لە ماددەکانیان خراپە و زۆر ماددەی کیمیایی بەکاردەهێنن، هەموو ئەمانەش زیانێکی زۆر دەدات لە منداڵەکە، دەبێت دایبییەک هەڵبژێریت بۆ منداڵەکەت کە زۆر نەرم بێت و دوور بێت لە بۆن و ڕەنگی جیاواز و دڵنیابیت لەوەی کە منداڵەکەت تووشی هەستیاری نابێتەوە پێی.

سووربوونەوەی قاچی منداڵ

کاتێک کە دایبی زیاد لە کاتی خۆی بمێنێتەوە بە منداڵەکەوە یاخود زۆر بە تەڕی و پیسیی بمێنێتەوە پێوەی جگە لە هەستیاری و سووربوونەوەی ناوچەی هەستیاری منداڵەکە دەبێتە هۆی سووربوونەوەی ڕان و قاچی منداڵەکەش، بۆیە گرنگە دایکان زوو زوو دایبی منداڵەکەیان بگۆڕن.

ژەهراویبوون

بە هۆی ئەوەی ماددەی کیمیایی زۆر هەیە لەناو دایبیدا و کاتێک ڕۆژانە نزیکەی ٧ بۆ ٨ دایبی بگۆڕیت بۆ منداڵەکەت بە واتای ئەوە دێت کە ڕۆژانە زۆر دایبی پێوە دەبێت هەر بۆیە ماددەی کیمیایی ناو هەموو دایبییەکان دەچێتە ناو جەستەی منداڵەکەوە و تووشی ژەهراویبوون دەبێت بەهۆی ئەو ماددە کیمییایانەوە.

هەوکردن

توند بەستنی دایبیەکە و یاخود هەندێک ماددەی کیمیایی ناو دایبییەکە هۆکارن تاکوو منداڵەکە تووشی هەوکردن ببێت ئەویش بەهۆی ئەوەی کە بەهۆی نەچوونی هەوا بۆ ناو دایبییەکە بارێکی لەبار دروست دەکات بۆ گەشەکردنی هەندێک بەکتریا و میکرۆب.

گرانی نرخی دایبی

ناچاریت کە بڕە پارەیەکی زۆر بدەیت بە دایبی مانگانە بەتایبەت ئەگەر ئەگەر بێت و منداڵەکەت تووشی سکچوون ببێت پێویست دەکات دایبی زیاتریش بکڕیت.

زیانگەیاندن بە ژینگە

ڕۆژانە هەموو منداڵێک بڕێکی زۆر دایبی خەسار دەکات و دوای ئەوە دەکرێتە سەتڵی زبڵەوە و دەبرێت لە شوێنێکدا فڕێ دەدرێت کە ژینگەیە، ڕۆژانە بڕێکی زۆری میز و پیسایی دەکرێتە ژینگەوە، هەروەها زۆرینەی دایبییەکان لە پلاستیک و ماددەی کیمیایی دروست کراون کە هەموو ئەمانە زیانن بۆ ژینگە، و ٪٧٠ـی دایبی لە کاغەز دروست دەکرێت، کە دەبێت ساڵانە درەختانێکی زۆر ببڕدرێنەوە بەو هۆیەوە.

درەنگ فێربوونی چوونە تەوالێت

ئەو منداڵەی کە هەمیشە دایبی لە پێدا بێت، هەرگیز ناتوانێت بەخێرایی فێری چونە تەوالێت ببێت و تەمەڵ دەبێت و پێی باشترە کە هەر بیکاتە ناو دایبییەکەوە.

زیانی مەترسیداری دایبی بۆ منداڵی کوڕ

تەسکبوونەوەی بۆری میز لە منداڵای کوڕدا کێشەیەکی باوە کە لەم ساڵانەی دوایدا دەرکەوتووە بەهۆی دایبیەوە ئەوە ڕوودەدات، چونکە سەری بۆری میز لە ئەندامی نێرینەی منداڵاندا چەند خانەیەکی هەستیارە کە بەهۆی بەرکەوتن و پەستان لەسەرکردن و هەندێک ماددەی کیمیاییەوە دەبێتە هۆی هەوکردنی و تەسکبوونەوەی، زۆر توند بەستنی دایبی کوڕ بە تایبەت دوای سوننەتکردنی منداڵەکە مەترسیدارە و ئەم کێشەیەی لەدواوە دەبێت، وە گرنگە کە ئەگەر منداڵەکەت تووشی هەوکردن بوو بەخێرایی سەردانی پزیشکی پێ بکەیت.

سوودەکانی دایبی

لەپاڵ هەموو زیانەکانیدا دایبی کۆمەڵێک سوودیشی هەیە لەوانەش:

  • بەکارهێنانی دایبی زۆر ئاسانە و ئاسانکارییەکی تەواوە بۆ دایکەکە، لەکاتێکدا لە گەشت یاخود شوێنێکی گشتیدایت بەکارهێنانی دایبی زۆر ئاسانترە لە بەکارهێنانی پەڕۆ و دایبی نایلۆن کە زوو هەبووە، هەروەها دایبی بەباشی هەڵدەگیرێت و ئاسانە و شتێکی قورس نییە.
  • بڕێکی باشی میز هەڵدەمژێت و بە دەگمەن میزی لێوە دێتە دەرەوە، ئەگەریش میزی لێوە هاتە دەرەوە ئەوا بەهۆی درەنگ گۆڕین و زۆر تەڕبونییەوەیەتی.
  • دایبی کەمتر منداڵ تووشی سووتانەوە و سووربوونەوە دەکات بە بەراورد بە پەڕۆ ئەویش چونکە زوو میزەکە هەڵدەمژێت و پاکە، بەڵام بەو مەرجەی کە نەهێڵیت منداڵەکەت زۆر بە تەڕی بمێنێتەوە و بۆن و ڕەنگی زۆر لەناو دایبییەکەدا نەبێت.
  • بەکارهێنانی ئاسانترە بۆ دایکەکە و دوای هەر پیسبوونێکی فڕێ دەدرێت و وەک دایبی نایلۆن نییە کە دەبوایە هەموو جارێک پەڕۆکەی ناوی بشۆردرایە.


سەرچاوەکان



1292 بینین