قسەکردن لە خەودا

له‌لایه‌ن: - سروشت ناجی - به‌روار: 2021-11-11-22:24:00 - کۆدی بابەت: 7166
قسەکردن لە خەودا

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

قسەکردن لە کاتی خەودا یەکێکە لە کێشەکانی خەو و کەمخەوی کە پێشی دەوترێت خەوبێژی، پزیشک و شارەزایان زانیاری تەواویان نییە دەربارەی قسەکردن لە خەودا، کە بۆچی ڕوودەدات و چی بەسەر مێشکدا دێت کاتێک کەسێک لە کاتی خەوتندا قسە دەکات، خەوبێژەکان ئاگاداری ئەوە نین کە قسە دەکەن، هەروەها کە خەبەریان دەبێتەوە بیریان نەماوە.
ئەو کەسانەی لە خەودا قسە دەکەن، دەکرێت ڕستەی تەواو مانادار دەرببڕن یان وڕێنە بکەن یان بە دەنگ و زمانی جیاواز قسە بکەن وەک ئەوەی کە لە کاتی بەئاگاییدا دەیکەن، هەروەها قسەکردن لە خەودا بێ زیانە.

قۆناغ و توندی

قسەکردن لە خەودا بە قۆناغ و توندی پێناسە دەکرێت:

قۆناغ

  • قۆناغی ١ و ٢: لەم قۆناغانەدا ئەو کەسەی قسە دەکات لە خەودا نەکەوتووتە خەوی قووڵەوە، هەروەها قسەکردنەکەی ئاسانە بۆ تێگەیشتن، دەتوانێت گفتوگۆیەکی تەواو و مانادار بکات.
  • قۆناغی ٣ و ٤: لەم قۆناغەدا قسەکەر لە خەوی قووڵدایە، هەروەها قورسە بتوانیت لە قسەکانی تێبگەیت، وەک ناڵین یان وڕێنەکردنێک دەردەکەوێت.

توندی

توندی قسەکردن لە خەودا بەپێی ئەوەی کە چەند جار دووبارە دەبێتەوە دیاری دەکرێت:

  • نیان: قسەکردن لە خەودا مانگانە کەمتر لە جارێک ڕوودەدات.
  • مامناوەند: قسەکردن لە خەودا حەفتەی جارێک ڕوودەدات، بەڵام هەموو شەوێک نییە، قسەکردنەکە نابێتە هۆی بێزارکردن و خەبەرکردنەوەی ئەو کەسانەی لە ژوورەکەدا لەگەڵت خەوتوون.
  • توند: قسەکردن لە خەودا هەموو شەوێک ڕوودەدات، هەروەها دەکرێت خەوی ئەو کەسانەی دیکە تێکبدات کە لە ژوورەکەدا لەگەڵتن و خەبەریان ببێتەوە.

چی مەترسی قسەکردن لە خەودا زیاد دەکات؟

قسەکردن لە خەودا دەکرێت لە هەر کاتێکدا بەسەر هەر کەسێکدا بێت، بەڵام زیاتر لە منداڵان و پیاواندا باوە، هەروەها دەکرێت قسەکردن لە خەودا بۆماوەیی بێت، کەواتە ئەگەر دایک و باوک یان کەسێکی دیکەی خێزانەکەت زۆر قسە دەکەن لە خەودا، کەواتە دەکرێت تۆش مەترسی قسەکردنت هەبێت لە خەودا، هەروەها ئەگەر خۆت لە خەودا قسە بکەیت و منداڵت هەبێت ئەوا دەکرێت تێبینی ئەوە بکەیت کە منداڵەکەشت لە خەودا قسە بکات.
دەکرێت قسەکردن لە خەودا لە هەندێک کاتی تەمەندا زیاد بکات، هەروەها بەهۆی ئەمانەی خوارەوە زیاتر ببێت:

ئەو کەسانەی کێشەی دیکەی خەویان هەیە بە هەمان شێوە مەترسی زیادبوونی قسەکردنیان لە خەودا هەیە، وەک:

کەی پێویستە سەردانی پزیشک بکرێت؟

قسەکردن لە خەودا بە شێوەیەکی گشتی حاڵەتێکی جدی پزیشکی نییە، بەڵام چەند کاتێک هەیە کە تێیدا پێویستە سەردانی پزیشک بکرێت، ئەگەر قسەکردنەکە ئەوەندە زۆربوو کە بوو بەهۆی تێکدانی خەو، هەروەها ئەگەر هەمیشە هەستت بە ماندوویەتی کرد و نەتتوانی لە ڕۆژدا سەرنجت کۆبکەیتەوە، ئەوا قسە لەگەڵ پزیشک بکە، لە هەندێک حاڵەتی دەگمەنیشدا دەکرێت قسەکردن لە خەودا لەگەڵ چەند کێشەیەکی جدیدا ڕووبدات، وەک پەرکەمی شەوانە.
ئەگەر پێت وایە کە قسەکردنەکەت لە خەودا پەیوەندی بە کێشەیەکی دیکەی خەوەوە هەیە، وەک ڕۆیشتن لە خەودا و هەناسە توندی لە خەودا، گرنگە کە سەردانی پزیشک بکەیت تاکوو پشکنینی پێویستت بۆ بکات، ئەگەریش یەکەم جارتە لە خەودا قسە دەکەیت و تەمەنت سەروو ٢٥ ساڵە، ئەوا سەردانی پزیشک بکە چونکە قسەکردن لە خەودا لە تەمەنێکی زۆردا دەکرێت هۆکارەکەی کێشەیەکی دیکەی تەندروستی بێت.

چارەسەر

هیچ چارەسەرێکی ناسراو بوونی نییە بۆ قسەکردن لە خەودا، ئەگەر هاوبەشێکی ژیانت هەیە کە بێزار بووە لە قسەکردنت لە خەودا، قسەکردن لەگەڵ کەسێکی شارەزا یارمەتیدەرە بۆ ئەوەی بزانن چۆن هەردووکتان خەوی پێویست ڕێک بخەن، ئەو شتانەی کە دەتوانیت تاقی بکەیتەوە بریتیین لە:

  • خەوتن لەسەر دوو جێگە خەوی جیاواز یان لە دوو ژووری جیاوازدا.
  • هاوبەشەکەت کپکەری گوێ بەکاربهێنێت.

هەروەها گۆرانکاری لە شێوازی ژیاندا یارمەتیدەرە، گۆڕانکارییەکان بریتیین لە:

  • دوورکەوتنەوە لە خواردنەوە کحولییەکان.
  • دوورکەوتنەوە لە خواردنی ژەمی قورس پێش خەوتن.
  • ڕێکخستنی کاتی خەوتن و هەستان لە خەو.


سەرچاوەکان



3379 بینین