سەردانکردنی دەروونناس

له‌لایه‌ن: - ئیلهام ئەنوەر - به‌روار: 2021-11-20-17:50:00 - کۆدی بابەت: 7229
سەردانکردنی دەروونناس

ناوه‌ڕۆك

پێویستە لە چ کاتێکدا سەردانی دەروونناس بکەین؟

هەندێک کات هەیە له ژیاندا کە وەرگرتنی کاتێک بۆ چاوپێکەوتن لەگەڵ دەروونناس پێویستە، بەڵام مەرج نییە تەنها کاتێک بێت کە کێشەیەکی زۆر گەورە لە ژیانتان ڕوویدابێت و تێیدا نوقم بووبن، کەواتە چ کاتێک پێویستمان بە سەردانی کردنییان هەیە:

  1. ڕووداوێک ڕوویداوە: یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی سەردانی کردنی دەروونناس، ڕوودانی ڕووداوێکە کە کاریگەری لەسەر ژیانی ئاسایی کەسەکە هەبێت و گۆڕانی بەسەردا بهێنێت یان باوەڕ پێکردن و بەرگە گرتنی بۆی سەخت بێت وەک، هەواڵی ئەوەت پێبدرێت کە تووشی نەخۆشییەک بوویت، کەسێکی ئازیزت لەدەست دابێت، کارەکەت لەدەست دابێت، لە خۆشەویستەکەت جیابووبیتەوە، ڕوودانی ڕووداوێکی گەورە لە شوێنی کارەکەت یان ناوماڵ و خێزاکەت یان هاوڕێکانت، بێگومان زۆر ئاساییە کە لەم جۆرە کاتانەدا سەردانی بکرێت.
  2. خەمباری و بێتاقەتی: ئەگەر بۆ ماوەیەکی زۆر (دوو هەفتە و زیاتر)، هەموو ڕۆژێک خەمبار و بێتاقەت بی، ئەوا باشترە وردتر بیر له هۆکارەکانی بکەیتەوە و سەردانی دەروونناس بکەیت.
  3. بە شێوەیەکی بەرچاو وزەت کەمی کردبێت: بێ باکی و بێزاری و شکست هێنان لە سەرنجدان، هەموو ئەم نیشانانە ڕەنگە خەمۆکیت نیشان بدات، خەمۆکیش یەکێکە لە باوترین نەخۆشییە دەروونییەکان له جیهاندا.
  4. نیگەرانییەکانت هیچ سنوورێکی نییە: ئەگەر هەمیشە نیگەرانی و نەرێنی بیر دەکەیتەوە و دەجەنگیت لەگەڵ بیرکردنەوەی بێزارکەر، ئەوا سەردانی کردنی دەروونناس یارمەتیت دەدات.
  5. کارداناوەی نەرێنی: هەندێک کات هەست دەکەیت کە تەواوی دونیا دژی تۆیە.
  6. ئەو شتانەی کە پێشتر زۆر حەزت لێیان بووە، ئیتر بەلاتەوە سەرنجڕاکێش نییە: ئەگەر ئەو شتانەی پێشتر چێژت لێ وەردەگرت ئیتر چێژبەخش نین لات، وەکوو ڕۆشتنە دەرەوە لەگەڵ هاوڕێکانت و سەیر کردنی فیلم، کتێب خوێندنەوە...
  7. خۆت چارەسەری خۆت بکەیت: ڕەنگە جگەرە و خواردنەوە کحولییەکان و دەرمان یان هەر شتێکی تر بەکار بهێنیت بۆ لەبیر کردنی خەمەکانت و پشتیان پێ ببەستیت، بە دڵنیاییەوە ئەوە کاتی سەردانی کردنی دەروونناسە.
  8. تێکچوونی خەو: تەنها کارێک کە دەتەوێت بیکەیت ئەوەیە کە بخەویت و ناتوانیت لە جێگاکەت هەڵسیت یان بەدەست بێ خەوییەوە دەناڵێنیت، لە هەر حاڵەتێکدا کە جەستەت لەسەر باری ئاسایی خۆی نەماوە باشترە گرنگی پێ بدەیت.
  9. جەستەت پێت دەڵێت کە باش نییە: ئەمەش تەنیا خەو ناگرێتەوە، لەگەڵ ئازاری گەدە و سەرئێشەی بەردەوام و هەست کردن بە ماندوویەتی، ئەمانەش زیاتر بەهۆی سترێس و شڵەژان و خەمۆکییەوە دەبێت.
  10. دوور دەکەویتەوە لە کەسانی چواردەورت.
  11. ترسانی زۆر (فۆبیا): زۆرێک لە کەسەکان لە شتێکی تایبەت دەترسن بۆ نموونە ترس لە مار یان بەرزایی زۆر، بە یارمەتی دەروونناس چارەسەری ئەمانە دەکرێت.
  12. هەبوونی خووی خراپ و ناتەندروست.

 چۆن دەروونناسێکی باش هەڵبژێرین؟

  • پرس و ڕاوێژ بکە لەگەڵ کەسانی بە ئەزموون.
  • گەڕان و بەدواداچوون لە ئینتەرنێت.
  • سەیرکردنی پێگەی دەروونناس و خاوەن کارەکان لە تۆڕە کەمەڵایەتییەکان.
  • سوود وەرگرتن لە ڕای سەردانیکەرەکانی (لە ڕێگای کۆمێنتەوە).
  • یارمەتی وەربگرە له ڕاوێژکارێک کە لێت نزیک بێت یان ڕاوێژکاری تەلەفۆنی.
  • پسپۆڕی دەروونناسەکە بزانە.
  • بەدواداچوون بۆ بڕوانامەی دەروونناسەکە بکە.
  • پشکنینی نرخەکان.
  • گرنگی بدە بە تەمەن و ڕەگەز.
  • سەرنجدانی تەواو و پێویست لە یەکەم بینیندا.
  • هەست بکەیت لێت تێدەگات و ڕێزت لێ دەگرێت و دەتوانێت یارمەتیت بدات.


سەرچاوەکان



840 بینین