دەریای ئەرجەنتین

له‌لایه‌ن: - سازگار عومەر - به‌روار: 2022-01-10-15:00:00 - کۆدی بابەت: 7551
دەریای ئەرجەنتین

ناوه‌ڕۆك

زانیاری دەربارەی دەریای ئەرجەنتین

دەریای ئەرجەنتین بە ئینگلیزی (Argentine Sea)، بە ئیسپانی (Argentinian March)، ئەم دەریایە دەکەوێتە نزیکی باشووری ڕۆژهەڵاتی کەناری بەشی سەرەکی وڵاتی ئەرجەنتین لە ئۆقیانووسی ئەتڵەسی باشوور، بە نزیکەیی 500 میل لە باکووری ئەنتارکتیکایە و یەکێکە لە گەورەترین دەریاکانی جیهان کە ڕووبەری 390,000 میل دووجا داگیردەکات، هەروەها دوورگەکانی فۆڵکلاند (Falkland Islands) دەکەوێتە ناو دەریای ئەرجەنتینەوە، ئەم دەریایە بە یەکێک لە دەریا مامناوەندەکانی جیهان دادەنرێت بەهۆی تەوژمە گەرمەکەی بەڕازیلەوە کە لە باکوورەوە دێت و تەوژمە ساردەکەی فۆڵکلاند کە لە باشوورەوە هەڵدەکات.

چەند ڕاستییەکی سەرنجڕاکێش دەربارەی دەریای ئەرجەنتین

  • تێکڕای قوڵایی دەریای ئەرجەنتین 3,952 پێ و زۆرترین قووڵایی 7,296 پێیە، هەروەها ڕێژەی سوێری ئاوی دەریاکە بریتییە لە %3.5.
  • ئەو ڕووبارانەی کە دەڕژێنە ناو دەریای ئەرجەنتینەوە بریتین لە ڕووباری ڕیۆ دو لا پلاتا و ڕووباری کۆلۆرادۆ و ڕووباری چوبوت و ڕووباری ڕیۆ نیگرۆ و ڕووباری دیسیادۆ.
  • ئەو وڵاتانەی کە حەوزی دەریای ئەرجەنتین لەخۆی گرتوون بریتین لە چیلی و ئەرجەنتین و ئۆرۆگوای، لەگەڵ ئەوەشدا دوورگەکانی فۆڵکلاند کە دەکەوێتە دەریای ئەرجەنتینەوە چەند دوورگەیەکی کێشە لەسەری نێوان شانشینی بەریتانیا و ئەرجەنتین بوون، بەهۆی هەبوونی مشتومڕ لەسەر دۆزینەوە و داگیرکاری دوورگەکانەوە، هەروەها چەندین ساڵە بەریتانیەکان و فەرەنسیەکان و ئیسپانیەکان و ئەرجەنتینیەکان لە ناوچەکانی دەوروبەری دەریاکە نیشتەجێ بوون.
  • لە ساڵی 1833دا، بەریتانیا داخوازییەکەی بۆ دوورگەکانی فۆڵکلاند دووپات کردەوە، بەڵام ئەرجەنتین هەتا ئێستا مافی خۆی بەسەر دەریاکەوە دەپارێزێت، لە ناو دەریای ئەرجەنتیندا 12 ناوچە هەن کە بە زیندەفرەجۆرییەکی زۆر ناسراون، یەکێک لەو ناوچانە لە ئاستی نەتەوەییدا پارێزراوە و دووانیان لە ئاستی نێودەوڵەتیدا پارێزراون و نۆیان لە ئاستی هەرێمیدا پارێزراون.
  • ژیانی زیندەوەرانی دەریایی و ئەو جۆرانەی کە لەناو دەریای ئەرجەنتیندا دەژین بریتین لە بەتریقەکان، تێرنەخۆرەکان، قرشەکان، نەهەنگەکان، بەرازە دەریاییەکان "جۆرە نەهەنگێكە لە دۆلفين دەچێت"، بەرازەئاوی کەوڵییەکان "هەریەک لە دوو توخمی بەرازە ئاوی‌یە گوێ‌دارەکان کە دوو پێست یان کەوڵیان هەیە"، دۆلفینەکان، شێری دەریا، فیلەبەرازی ئاوی باشوورییەکان "جۆرێکی زلە کە لە کەناری ڕۆژاوای ئەمریکای باکووری و دەوروبەری ناوچەکانی جەمسەری باشووری، نێرەکەی ملی زۆر ئەستوورە و لمۆزێکی نەرمی هەیە".
  • دەریای ئەرجەنتین جۆرەها قەوزە، پڵانكتۆن "گيانەوەر يان ڕووەكي بچوكی لە ئاو هەڵواسراو"، گیانەوەرە توێکڵدارە جیاوازەکانی وەکو قرژاڵی دەریایی، ڕۆبیان، ماسی سەردین و جۆرە ماسییەکی بچووکی دەریایی زۆر بچووکی تێدایە.
  • کەنارە هێڵی دەریای ئەرجەنتین 3100 میل درێژە.
  • کارە بازرگانییە ناجێگیرەکانی ڕاوەماسی لە دەریای ئەرجەنتیندا بووەتە هۆی ڕووخانی زۆرێک لە ڕاوگەکانی ماسی لە ساڵانی 1990کان و لە ئەنجامی کار و چالاکییەکانی ڕاوەماسی ناجێگیرەوە شەش ڕاوگەی ماسی ڕووخاون.
  • کەناری دەریای ئەرجەنتین شوێنی هێلکەکردن و زاوزێ کردن دابین دەکات بۆ ژمارەیەکی زۆر لە باڵندە دەریاییەکان و گیانەوەرە شیردەرەکان.
  • نەهەنگەکان لە دەریای ئەرجەنتین بریتین لە نەهەنگی ئۆرکا و نەهەنگی پشت‌چەماو و نەهەنگی سەرزلی باشوور و نەهەنگی شین.
  • زۆرترین جۆری زەباتی دەریایی فیلەبەرازی ئاوی باشوورییەکانن کە دەتواندرێت لە دەریای ئەرجەنتیندا بدۆزرێنەوە، هەروەها بەرازەئاوی کەوڵییەکانی‌ ئەمریکای باشوور و شێری دەریایی ئەمریکای باشوور و دۆلفینەکان و چەندین جۆری تر دەتواندرێت لە دەریای ئەرجەنتیندا بدۆزرێنەوە.
  • (Tierra del Fuego) نیمچەدوورگەیەکە لە دەریاکەدا‌ کە  وڵاتانی ئەرجەنتین و چیلی لەیەکتری جیاکردۆتەوە.
  • دووەم پارکی نەتەوەیی کە دەکەوێتە درێژایی دەریای ئەرجەنتینەوە پارکی نەتەوەیی مۆنتی لیۆنە کە لەساڵی 2004 دامەزراوە، چەندین شوێنی بەردینەزانیی تێدایە کە بە شوێنی بەهای بەرز و هەروەها شوێنەوارە گرنگەکان دادەنرێن، قەبارەی 165,000 هێکتار دەگرێتەوە.


سەرچاوەکان



449 بینین