ئاوریشم

له‌لایه‌ن: - سروشت ناجی - به‌روار: 2022-01-17-00:16:00 - کۆدی بابەت: 7617
ئاوریشم

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

ئاوریشم (بە ئینگلیزی: Silk) بریتییە لە ڕیشاڵی سروشتی پڕۆتین، جۆرێکە کە دەتوانرێت بچنرێت، ڕیشاڵی پرۆتینی ئاوریشم بەشێوەیەکی سەرەکی لە فایبرۆین پێکدێت، جۆرێکی مێروو بە ناوی کرمی ئاوریشم پاشکۆیەک بەرهەم دەهێنێت بە ناوی ماشۆت کە دەکرێت بە ئاوریشم، ناسراوترین جۆری ئاوریشم لە ماشۆتی جۆری کرمۆکەی کرمی ئاوریشمی ئەرخەوانی بەرهەم دەهێنرێت، دەرکەوتەی بریسکانەوەی ئاوریشم هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ پێکهاتەی سێگۆشەیی شێوە ئاوێزەی ڕیشاڵی ئاوریشم، کە ئەمەش وا لە قوماشی ئاوریشم دەکات کە ڕووناکی هاتوو بە گۆشەی جیاواز بداتەوە، بەمەش بە ڕەنگی جیاواز دەردەکەوێت.
ئاوریشم لەلایەن چەند جۆرێکی مێرووەوە بەرهەم دەهێنرێت بەڵام بەشێوەیەکی گشتی ئاوریشمی کرمی ئاوریشم بەکاردێت بۆ بەرهەمهێنانی قوماش، چەندین توێژینەوەی و بەدواداچوون ئەنجامدراوە لەسەر جۆرە جیاوازەکانی ئاوریشم کە لە ئاستی گەردیدا جیاوازن.

مێژوو

بەرهەمهێنانی ئاوریشم لە سەردەمی بەردینی نوێ لە وڵاتی چین سەری هەڵداوە، لە کۆتاییدا گەیشتە شوێنە جیاوازەکانی جیهان، بەرهەمهێنانی ئاوریشم تایبەت بوو بە چین تاکوو شەقامی ئاوریشم کرایەوە، شەقامی ئاوریشم تۆڕێکی ڕێگای بازرگانی بوو کە ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوای بەیەکەوە دەبەستەوە، هەر لەبەر ئەم هۆیە چین بەتەواوی دەستی گرت بەسەر بەرهەمهێنانی ئاوریشمدا بۆ هەزاران ساڵی دواتر.

تایبەتمەندی

تایبەتمەندیی فیزیایی

ئەو ئاوریشمەی لە پاشکۆی کرمی ئاوریشمەوە بەرهەم دەهێنرێت پانەبڕگەی سێگۆشەیی هەیە لەگەڵ گۆشەی هاوتا، ڕووکارە تەختەکەی ڕیشاڵۆچکەکان لە چەندین گۆشەی جیاوازەوە ڕووناکی دەدەنەوە، کە ئەمەش بریسکەدانەوەیەکی سروشتی دەبەخشێت بە ئاوریشم.
ئاوریشم ڕووکارێکی نەرم و لووسی هەیە کە خز نییە، یەکێکە لە بەهێزترین ڕیشاڵە سروشتییەکان، بەڵام کاتێک تەڕ دەبێت زیاتر لە ٢٠٪ بەهێزییەکەی لەدەست دەدات، شێدارییەکی باشی هەیە کە پێکدێت لە نزیکی ١١٪، جیڕییەکەی بەشێوەیەکی مامناوەند کەمە ئەگەر بە کەمیش کێشی بهێنرێت بە کێشهاتووی دەمێنێتەوە، دەکرێت لاواز ببێت ئەگەر تیشکی خۆر زۆر لێی بدات، هەروەها دەکرێت لەلایەن مێرووەکانەوە هێرشی بکرێتە سەر بەتایبەت ئەگەر بە پیسی جێبهێڵرێت.
ئاوریشم گەیەنەرێکی لاوازی کارەبایە، هەروەها بڵاوکەرەوەیەکی بەرزی تیشکی ژێرسوورە، کە وای لێدەکات هەستی ساردی ببەخشێت لە کاتی دەست لێدان.

تایبەتمەندیی کیمیایی

ئەو ئاوریشمەی لەلایەن کرمی ئاوریشمییەوە دەردەرێت لە دوو پڕۆتینی سەرەکی پێکدێت کە بریتیین لە سێڕیسین و فایبرۆین، فایبرۆین پێکهاتەی ناوەندی ئاوریشمە و سێریسین وەک ماددەیەکی لکێنەر چواردەوری داوە.
ئاوریشم بەرگری هەیە دژی زۆربەی ترشە کانزاییەکان، جگە لە ترشی گۆگردیک کە دەتوانێت ئاوریشم بتوێنێتەوە، هەروەها سپیکەرەوەی کلۆر دەتوانێت ڕیشاڵەکانی ئاوریشم تێکبشکێنێت.

بەکارهێنان

جلوبەرگ

فێنکی ئاوریشم وای لێکردووە کە لەبەرکردنی ئاسوودەبەخش بێت لە کەشی گەرمدا، هەروەها توانا کەمەکەی بۆ گەیاندنی گەرمی لە کەشی سارددا هەوای گەرم لە نزیکی پێستدا دەپارێزێت.

کەلوپەل

بریسکەی سەرنجڕاکێشی ئاوریشم و نەرمییەکەی وای لێکردووە گونجاو بێت بۆ بەکارهێنان لە کەلوپەلدا، وەک: قەنەفە، تایەی پاسکیل، داپۆشەری دیوار و جێگەی نووستن و چەندین کەلوپەلی تر.

پیشەسازی

ئاوریشم چەندین بەکارهێنانی پیشەسازی و بازرگانی هەیە، وەک: پەڕەشووت و تایەی پاسکیل.

دەرمان

لە پڕۆسەیەکی تایبەتی دروستکردنی ئاوریشمدا سێریسینی ڕووپۆشی دەرەوەی ئاوریشم لادەبرێت، کە ئەمەش وای لێدەکات گونجاو بێت بۆ دوورینەوەی برین.
ئەم پڕۆسەیە ڕێخۆشکەربوو بۆ داهێنانی جۆرێکی تایبەتی جلی ژێرەوەی ئاوریشم، کە بەکاردێت بۆ کێشەکانی پێستی وەک ئەگزیما.

جیاوازی نێوان سەتەن و ئاوریشم

ئاوریشم سەتەن
ڕیشاڵی سروشتییە چنراوە
هەردوو ڕووەکەی درەوشاوەیە ڕوویەکی درەوشاوەیە و ڕووەکەی تری تەڵخ و کەم ڕەنگە
ڕیشاڵێکی بەهێزە لاوازترە بە بەراورد بە ئاوریشم
مێژووەکەی کۆنە لە سەدەکانی ناوەڕاستدا دۆزراوەتەوە
لە پاشکۆی کرمی ئاوریشم دروست دەکرێت لە دەزووی ڕیشاڵی ئاوریشم یان نایلۆن یان پۆلی ئەستەرەوە دروست دەکرێت


سەرچاوەکان



1295 بینین