چەند تێبینییەک بۆ ڕزگاربوون لە هەڵامەت

چەند تێبینییەک بۆ ڕزگاربوون لە هەڵامەت

له‌لایه‌ن: - سروشت ناجی - به‌روار: 2022-01-25-00:15:00 - کۆدی بابەت: 7696
چەند تێبینییەک بۆ ڕزگاربوون لە هەڵامەت

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

پژمین و ئاو لێهاتنی لووت و چاو نیشانەکانی هەڵامەتن، بەتێکڕا کەسانی پێگەیشتوو ساڵانە نزیکەی دوو بۆ سێ جار تووشی ئەم پەتایە دەبن، نزیکەی ٢٠٠ جۆری جیاواز لە ڤایرۆس دەکرێت ببنە هۆی هەڵامەت و سەرمابوون، بۆیە دەرمانی دژەبەکتریا یارمەتیدەر نابێت بۆ چاکبوونەوەی لەو نەخۆشییە، چەند چارەسەرێک هەیە کە لە ماڵەوە دەتوانیت تاقییان بکەیتەوە بۆ باشترکردن یان نەهێشتنی نیشانەکانی هەڵامەت، ئەنجامدانی ئەم کردارانە یارمەتیدەرە بۆ پێدانی ئەو پێویستییانەی لەش دەیەوێت بۆ بەهێزکردنی سیستمی بەرگری.

بە شێداری بمێنەرەوە

هەرچەند ڕای جیاواز هەیە لەسەر ئەوەی شلەمەنی زۆر کاریگەری ئەرێنی هەیە لەسەر سەرمابوون، بەڵام ڕاستییەکە ئەوەیە کە شێداری یارمەتیدەر نییە بۆ چاکبوونەوە بەڵکوو لەش پێویستی بەو شێدارییەیە بۆ پاراستنی خۆی و بەردەوام بوون و کەمکردنەوەی چڵم.
ئەگەر لە کاتی هەڵامەتدا هەست بە وشکبوونەوەی دەم و لێوەکانت دەکەیت ئەوا شلەمەنی زۆر بخۆرەوە.

ئەو ڕێگایانەی دەتوانیت لە ڕێگایەوە شێداری لەشت زیاد بکەیت:

  • ئاوی باش بخۆرەوە تاکوو ڕەنگی میزەکەت ڕەنگێکی زەردی کاڵی هەبێت و دڵنیابیتەوە لەوەی تووشی وشکبوونەوە نەبوویت.
  • پارچە سەهۆڵ یان چلورەی سەهۆڵ یارمەتیدەرە بۆ کەمکردنەوەی ئازاری قوڕگ.

شلەمەنی گەرم و شۆربای مریشک

کاتێک بەهۆی سەرماوە تووشی هەڵامەت دەبیت شۆربای مریشک کاریگەری ئەرێنی دەبێت، شۆربای مریشک تایبەتمەندییەکانی دژەهەوکردنی هەیە کە ئەمەش یارمەتیدەرە بۆ ئاسانکردنی تێپەڕینی هەوا بە ڕێڕەوی لووتدا، هەناسەدان ئاسانتر دەکات لە کاتی هەڵامەتدا.
ئەو شۆربای مریشکەی کە ڕێژەی سۆدیۆم تێیدا کەمە و پێکهاتەی تری وەک گێزەر و کەرەوز و پیازی تێدایە، کاریگەرییەکی زۆر باشی هەیە لەسەر هەڵامەت، هەندێک کەسیش پێیان خۆشە لەگەڵ شۆرباکەدا ئاوی گەرم کە شەربەتی لیمۆ یان هەنگوین یان زەنجەفیلی تێکرابێت بخۆنەوە، ئەم خواردن و خواردنەوانە کاریگەری ئەرێنییان هەیە لەسەر ئازاری قوڕگ و هەڵامەت.

کەوچێک هەنگوین

کەوچکێکی پڕ لە هەنگوین یارمەتیدەرە بۆ کەمکردنەوەی کۆکە لە کاتی هەڵامەتدا، ئەم کاریگەرییەی هەنگوین بۆ منداڵانی سەروو یەک ساڵیش بەسوودە، چەندین توێژینەوە ئەوەیان سەلماندووە کە خواردنی هەنگوین لەلایەن منداڵانەوە پێش خەوتن دەکرێت کۆکە کەم بکاتەوە.

ئامێری شێ یان هەڵم

ئامێری شێ و هەڵم لە زۆربەی دەرمانخانەکاندا دەفرۆشرێن، ئەم ئامێرانە شێی هەوا زیاد دەکەن بەمەش هەناسەدان و کەم بوونەوەی چڵم ئاسان دەکەن.

بەم ڕێگایانە دەتوانیت سوودی لێ ببینیت:

  1. داگیرساندنی ئامێری شێ لە ئێواران و پێش خەوتن کاتێک هەستت لە خراپ کۆکە کرد دەکرێت سوودبەخش بێت.
  2. هەمیشە زانیاری دەربارەی چۆنیەتی خاوێن کردنەوەی ئامێری شێیەکەت بخوێنەوە و جێبەجێی بکە بۆ ئەوەی دووربیت لە مەترسی کۆبوونەوەی بەکتریا و کەڕوو تێیدا.

پرژێنەری گیراوەی خۆراکدەری لووت

  • بەکارهێنانی پرژێنەری گیراوەی خۆراکدەری لووت یارمەتیدەرە بۆ کەمکردنەوەی ئەو گیرانی لووت و هەڵئاوسانەی کە هۆکارەکەی هەڵامەتە، ئەم پرژێنەرە لە زۆربەی دەرمانخانەکاندا بوونی هەیە، بەڵام دەتوانیت خۆت لە ماڵەوە شتێکی هاوشێوە ئامادە بکەیت بەم شێوەیە:
  • کوپێک لە ئاوی بەلوعە یان کوپێک ئاوی خاوێنکەر لە ناو شتێکی خاوێندا بکوڵێنە.
  • نیو کەوچکی چا خوێ و نیو کەوچکی چا سۆدە بکەرەوە ئاوەکەوە.
  • تێکەڵییان بکە و بیکەرەو ناو سرنج یان پرژێنەرێکی خاوێنی لووتەوە.
  • ئەگەر ئاوی بەلوعەت بەکارهێنا، دوای کوڵاندنی دای بنێ تاکوو سارد دەبێتەوە.
  • سرنجەکە ببەرە ناو لووتەوە، سەری سرنجەکە ڕووی لە پشتی سەرت بێت و سەرت ڕێکی دەستشۆرەکە دابنێ.
  • پاشان ئاوەکە ئاڕاستە بکە بۆ کونی لووتت، تاکوو هەست دەکەیت ئاوەکە لە کونە لووتەکەی ترتەوە یان لە دەمتەوە دێتە دەرەوە.
  • بە هێواشی پەستان بخەرەوە سەر شلەی ناو لووتت بە هەناسە دانەوە.
  • دوای هەر بەکارهێنانێک دەستەکانت بشۆ و سرنجەکە پاک بکەرەوە.

گیراوەی خۆراکدەی دەکرێت سەرەتا هەستی سووتانەوەت پێ ببەخشێت، بەکارهێنانی ئەم گیراوەیە ڕۆژانە زیاتر لە جارێک دەکرێت یارمەتیدەر بێت لە ڕزگاربوون لە گیرانی لووت و چڵم.

غەرغەرەی خوێواو

گیراوەی ئاوی خۆراکدەر تەنها بۆ لووتی گیراو بەسوود نییە، بەڵکوو دەتوانێت بەسوود بێت بۆ کەمکردنەوەی قوڕگ ئێشە.

چۆنیەتی ئەنجامدان:

  1. هەمان ئەو گیراوەیەی لە بەشی پێشوو بۆ چارەسەری گیرانی لووت ئاماژەی پێدرا، دەتوانرێت بەکاربێت بۆ غەرغەرەی خوێواو.
  2. ئاوەکە بکە ناو دەمت و غەرغەرەی پێبکە، ئەو گەرمییەی کە دروستی دەکات یارمەتیدەرە بۆ نەهێشتنی ئازاری قوڕگ.
  3. گرنگە کە ڕەچاوی ئەوە بکەیت منداڵان ناتوانن غەرغەرەی ئاو و خوێ ئەنجام بدەن بۆیە باشترە منداڵانی سەروو حەوت ساڵ هەوڵیان لەگەڵ بدرێت بۆ غەرغەرە کردن بە خوێواو.

تەواوکەری خۆراکیی زینک

خواردنی زینک لەماوەی ٢٤ کاتژمێری سەرەتای دەرکەوتنی نیشانەکانی هەڵامەتدا دەکرێت یارمەتیدەربێت بۆ زوو چاکبوونەوە.
ڕۆژانە بڕی ٧٥ میلیگرام لە زینک هۆکارە بۆ کەمکردنەوەی ماوەی هەڵامەت و پژمین.
ئەوەت بیربێت کە ڕێژەی زۆری زینک دەکرێت ببێتە هۆی دڵتێکچوون و تامی ناخۆشی ناودەم، بۆیە دەبێت هاوسەنگی ڕابگریت لەنێوان سوودەکانی و کاریگەریی لاوەکی.

ئەو دەرمانانەی کە پێویستیان بە ڕەچەتەی پزیشک نییە بۆ بەکارھێنان

ئازارشکێنەکانی وەک (ئیبوپڕۆفین - ibuprofen)، (پاراسیتامۆڵ - acetaminophen) یان (ناپڕۆکسین - naproxen) دەتوانن یارمەتیدەربن بۆ کەمکردنەوەی ئازاری لەش و سەر کە زۆرجار یەکێکن لە نیشانەکانی سەرمابوون.
هەریەک لەم دەرمانانە بە تەنها لەیەک کاتدا وەک چارەسەر بەکاربهێنە و هەوڵ بدە بەیەکەوە بەکاریان نەهێنیت.
ئەگەر منداڵەکەت سەرمای بوو و ویستت دەرمانی پێ بدەیت بۆ چاک بوونەوەی، حەپی ئەسپرینی پێ مەدە تاکوو تەمەنی دەبێت بە ١٨ ساڵ.

دەرمانی لووت‌بەردەر بەرکاربهێنە بۆ گیرانی لووت

حەپ یان پرژێنەری لووت‌بەردەر یارمەتیدەرە بۆ وشککردنەوەی چڵمی زۆر، ئەمەش دەکرێت کاربکاتە سەر کەمکردنەوەی گیرانی لووت و کۆکەی زۆر و تەڕ، زانیاری سەر بوتڵی دەرمانەکە بخوێنەرەوە چونکە ئەو پرژێنەری لووت‌بەردەرانەی کە پێکهاتەی وەک oxymetazoline یان تێدایە نابێت لە سێ ڕۆژ زیاتر بەکاربێن، هەروەها ئەگەر لەماوەی بەکارهێناندا کاریگەریی لاوەکی وەک تەمبەڵی یان کێشەکانی خەوت بۆ دروست بوو واز لە بەکارهێنانی بهێنیت.

پشوو بدە

هەرچەند ئەم پێشنیازە وەک پێشنیازێکی سادە دەردەکەوێت، بەڵام یەکێکە لە باشترین کارەکان کە بتوانیت لە کاتی هەڵامەتدا ئەنجامی بدەیت، ڕێخۆشکردن بۆ لەشت تاکوو بە خەوتن و پشوودان کاتی پێویستی هەبێت بۆ چاکبوونەوە، چەند ڕۆژێکی کەم پشوودان هۆکارە بۆ زووتر هەستانەوە و خێراتر چوونەوە دۆخی ئاسایی.

ئەو شتانەی سوودبەخش نین

  • دژەبەکتریاکان: ڤایرۆس هۆکاری باوی نەخۆشی هەڵامەتە، دژەبەکتریاکان ناتوانن ڤایرۆسەکان بکوژن، کەواتە خواردنی دژەبەکتریا بۆ هەڵامەت تەنها بەکتریا سوودبەخشەکانی لەشت لەناو دەبات، ئەگەر دوای دە بۆ چواردە ڕۆژ لە نەخۆشییەکەت چاک نەبوویتەوە یان تایەکی بەرزت هەبوو، ئەوا لەوانەیە پزیشکەکەت پێشبینی تووشبوونی بەکتریایی بکات لەبری سەرمابوون.
  • سیر: هیچ توێژینەوەیەکی زانستی نییە بۆ پشتڕاستکردنەوەی ئەو بیرۆکەیەی کە باس لە سوودی سیر دەکات بۆ نەهێشتنی نیشانەکانی هەڵامەت.
  • کێشانی جگەرە: جگەرە زیان بە سییەکان دەگەیەنێت بەمەش کۆکەی هەڵامەت خراپتر دەکات، هەروەها پێویستە لە کاتی هەڵامەتدا دووربیت لە ماددە پاککەرەوە کیمیاییەکان و کێرۆسین.

پوختە

هەڵامەتی باو دەکرێت بێزارکەر بێت، بەڵام نەخۆشییەکی سنووردارە و دەکرێت لە ماوەی چەند ڕۆژێکی کەمدا نەمێنێت.
ئەگەر دەرمانەکانی وەک شروبی کۆکەت خواردەوە، زانیارییەکانی سەر بوتڵەکەی بخوێنەرەوە تاکوو ئاشنابیت بە پێکهاتەکانی و ژەمی دروستی بەکارهێنان بۆ ئەوەی لە ڕۆژێکدا لە بڕی پێویست زیاتر وەرنەگریت.
لە هەمان کاتدا دڵنیابە لەوەی کە دەستەکانت زوو زوو بشۆیت و لە کاتی پژمین و کۆکەدا دەم و لووتت دابپۆشیت تاکوو دڵنیابیت لەوەی ڤایرۆسەکە بڵاو نەکەیتەوە بۆ کەسانی چواردەورت.


سەرچاوەکان

327 بینین